لەو کاتەوە، لە کوردستان و بە تایبەت لە باشووری وڵاتەکەم، ڕیکخراو سەری هەڵداوە و بۆ ڕاماڵینی ستەم و گەیشتن بە ئازادی، هەوڵیداوە،
کێشە و ململانی دەروونی ڕێکخراو، بەشێوەی نەرێنیی، لە ئارادابووە! دوای کارەساتەکەی١٩٧٥و گەلەکۆمە بۆ تێکشکانی شوڕشی ئەیلوول و سەرهەڵدانی ڕێکخراوێکی نوی بە ناوی ”یەکیەتی نیشتمانی کوردستان” و تێکەڵ بوون لەگەل”کۆمەڵەی ڕەنجدە ران”، کێشەی قیادە موەقەت و ئەو ریکخراوە، گەیشتە چڵەپۆپە و ئەوەی نەدەبوو پێش بێ، بەداخەوە پیشهات! ئەوکارەساتانە، وەک هەمیشە بە قازانجی داگیرکەران شکایەوە وکورد بۆ ماوەیەکی درێژ، هاوکات لەگەل خۆبەخشین و قوربانیدان، بێ دەسکەوت و ماڵویران و ئەنفال وشیمیابارانکراو وگوند کاول وهەناسە سەرد مایەوە!
کات بەم شیوە و بەم کارەساتانە تێپەڕی و بە هەڵکەوت، سەدام لەخۆ بایی بوو و هێرشی کردەسەر”کوەیت” و زلهێزەکان بە تایبەت ئەمریکا، هاتنە مەیدان و پەڕوباڵی سەدامیان قرتاند ودەرفەتێکی نەک زێرین، مام جەلال وتەنی”دەرفەتێکی ئەلماسین” بۆکورد ڕەخسا. بەڵام برینی پەترۆکەبەستراوی شەڕی براکوژیی، سەری هەڵدایەوە و ململانی بۆ وەدەست هێنانی دەسەڵاتی زیاتر، تەشەنەی کرد و خەریک بوو، جارێکیتر دەستیان بەخوینی یەکتردا بچێتەوە، بەڵام دەستی دەرەکی، بۆ پاراستنی بەرژەوەندی خۆی لە ناوچەکە، دەسڵاتێکی پەنجاپەنجای لەو دوو ڕێکخراوە دروست کرد. سەرەرای ئەوە، ماوەیەک و دەکرێ بێژین ئیستایشی لەگەڵ بێ، دوو ئیدراە لەو کەمۆکە خاکەدا، هاتەئاراوە!!
هەرچەند هەردووکیان لەودەسەڵاتەدا بەشداربوون، بەڵام لە ژیرەوە بۆ بنکۆلکردنی یەکتر تێدەکۆشان! ئەم رەوتە وایکرد لە جیاتی هەوڵدانی هاوبەش بۆ سەقامگیریی و هەنگاونان بەرەو دامەزراندنی دام ودەزگا حکومییەکان و زەمینەسازی بۆ گەیشتن بە سەربەخۆیی، کەوتنە تانە و توانجدان لە یەکتر و شەڕی میدیایی و پچڕینی سامانی نەتەوەیی و پاشاگەردانی لە دەسبردن بۆ کانگاژێرزەوییەکان! دەستی پێکرد و لەو پێوەندییەدا، هەرلایەن و لە سنوورێکەوە، خەریکی کۆکردنەوەی پارە و هەرزان فرۆشتنی سامانە سرۆشتییەکانی خەڵک بوون! هەرلایەنە لەگەڵ داگیرکەرێک، کاکە و لالەیە و لە رقی ئەویتر، ڕیگابە داگیرکەردەدا، تائیسقان،بەهیزی سەربازی وسیاسی دەس بخاتە نێوکاروباری هەرێمەوە! بە تایبەت لایەنی سولەیمانی، تامل لەوپێوەندییەدا چەقیوە و بێ داگیرکەری دراوسێ، ئاویش ناخواتەوە! ئەگەر بێژیین، شاڕەگی ژیانی خەڵکی هەرێم بە لوولەنەوتەکانەوە گرێ دراوە و ئەویش لە تورکییەوە، تێپەڕ دەبێ و ئەمەش پاساوێک بێ بۆ پێوەندی لەوچەشنەی لایەنێک بەو وڵلاتەوە، ئەدی لایەنی سلێمانی کە زیاتر لە پاراستنی دابی دراوسێگری، پشووی لێهەڵکێشاوە تەنانەت بە فیتی ئەم دراوسێیە’ سەعدیە و خورماتوی رادەستی”حەشدی شەعبی” کردووە، چ پاساوێک لە ئارادایە؟!
لە پێوەندی لەگەل، ململانێ پارتی و یەکیەتیدا، کاتێک مامە لە بەغداد بوو و لە رەوتی کاتدا، پارتی بەهێزتربوو، و لەهەمان کاتدا دوای کونگرەی٢٠١١ی یەکیەتی، ناڕەزایەتی بەرفروانی ئەندامەکانی گەیشتە ئەوپەڕی خۆی. هەربۆیە مامە وکاک نوشێروان بە دوومەبەست، بەرنامەی پێکهاتنی ڕێکخراوێکیان بە ناوی”گوڕان” داڕشت و کاک نوشێروان بە ڕواڵەت لە یەکیەتی جیابووەوە!
یەکەم- گوڕان وەک ماش، پیش بە پەریوەبوونی ناڕازییەکان بگرێ و ئامیزیان بۆ بکاتەوە و دواتر بە درۆشمی چاکاسازی وگوڕان، ئەندامی تازەش وەربگرێ.
دووەم- وەک وتم، لەبەرئەوە یەکیەتی بەرەولاوازبوون و پارتی بەرەو بەهێزبوون ئەچوو، ئەم ڕێخراوەتازە دواتر لەگەڵ یەکیەتی یەکبگرێتەوە و بە بەرپرسیاری کاک نەوشیروان، بتوانێ، لە ململانی سیاسیدا، پارتی بخاتە پەراوێزەوە!(من سێساڵە، ئەم بۆچوونەم هەیە). ئەوەتا دەبینین، دووڕێکخراو، هەمووهێلکەکانیان بە قازانجی یەکیەتی، خستە سەبەتە یەکەوە و هاتنە مەیدان، ویەکیان گرتەوە.
وەک دیتمان، لە ڕەوتی ڕاپەڕینی گوڕاندا، دژی ئەودەسەڵاتە کە خۆی تیایدا بەشداربوو، بنکەکانی پارتی کەوتنە بەرهێڕش و تاکە پەلە پیتکەیکیش لە بنکەکانی یەکیتی نەدرا! ئەمە لە خۆیدا ئەوە دەگەینێ، کە تەور دەستەی خۆی نابڕێ. بێجگە لەوەش هەتا هەنووکە نەدیتراوە و نەبیسراوە، ڕێکخراوێک خۆی بەشێک لە دەسەڵات بێ و وەک دژەبەر، دژی ئەودەسەڵاتە راپەڕێ!
گەلۆ، مەبەست لەم یارییەسیاسییە زیرەکانە چییە؟
ئەگەر بە کارهێنانی ئەم بیرۆکە، بۆ بەهێزکردنی بیری نەتەوەیی و پەرەدان بە دێموکراسی وزیاتربەشدارکردنی خەڵکە لە خۆ بەریوەبەریدا، هەنگاونانێکی وەها، بە واتای هەستکردن بە بەرپرسیارییە لە بەرانبەر، چارەنووسی خەڵکدا و گەلێک پیرۆزە. بەڵام ئەگەر ئەم یارییە لە بۆ ململانێ لەگەڵ لایەنی دیکە و بەزاندنیەتی و پەرەدان بەو قەیرانە خۆ کردەیە کە ئێستا لە ئارادایە، ئەم یارییە، بەری دەبێتە، قووڵترکردنی قەیرانە ئابووری و سیاسییەهەبووەکان لە هەرێمدا و ئاکامەکەشی بە زیانی ئەو بارودۆخەیە کە ئیستا بەرۆکی خەڵکی باشووری گرتووە و ئەمەش، داگیرکەرانی کوردستان ئەخاتە شایلۆخان و باشتردەتوانن لە ئاژاوەی نێوخۆیی، بۆ بە فیڕۆدانی ئەوکەمۆکە دەسکەوتە کە بە خوینی سەدانهەزارهاووڵاتی، هاتووەتەئاراوە، کەڵک وەربگرن. ئێستا، پیشمەرگە و خاک، دابەشکراوە! سوپایەکی نەتەوەیی پێک نەهاتووە، بنکەوبنیاتی نەتەوەیی لەدایک نەبووە، هەرڕێکخراوە خاوەن چەکداری خۆیە و هەر سەروەرییەک لە پێوەندی شەر لەگەڵ دوژمندا دەسکەوێ، دەچێتە خانەی ئەو ڕێکراوە کە پێشمەرگەکانی لە فڵانە دەڤەر تۆماریان کردووە! هەر رێکخراوە، ئەتوانێ لە بۆ پاراستنی گۆیا بەرژەوەندی خۆی(نەک بەرژەوەندی نەتەوە) لەگەڵ ئەملاوئەولادا، تەنانەت ئەگەر بە زیانی گشتی و ڕێکخراوی بەرانبەریشی بێ، پێوەندی بگرێ! ئەمەش وەک وتم” پاشاگەردانی”یە، نەک دەسەڵاتی هاوبەش! کەچی لەجیاتی هەوڵدان بۆ کەمکردنەوەی ئەم بێسەرەوبەرییە، هەوڵ دەدەرێ بۆ شێواندنی زیاتری و گەرمکردنی بازاری ململانێ بۆ بەفیڕۆدانی ئەو کەمۆکە دەسکەوتە!!
تێکۆشان بۆ یەکگرتوویی و یەک دەنگی و یەکڕەنگی بۆ پاراستنی بەرژەوەندی نەتەوە و خاکی کوردستان، ئەرکی سەرشانی هەرتاک و کۆیەکی کوردە و ئەم ئەرکە زیاتر لە سەرشانی ڕێکخراوە خاوەن دەسەڵاتە سیاسییەکانی کوردە. لەوانەیە زۆرکەس ئەوە بزانێ، کە سەرخستنی دۆزی خەبات بەرەو سەربەخۆیی و دیاریکردنی چارەنووس بەدەستی کورد نەک بێگانە، بە لەبەرچاگرتنی، بیرکردنەوەی داگیرکەران و نەبوونی ڕێگای ئاویی لە کوردستان لەکاتی سەربەخۆییدا، گەلێک دژوارە. بەڵام بەکاربردنی ئێرادەی نەتەوەیی ویەکگرتن ویەک کاسەکردنی داخوازییەنەتەوەییەکان ، ئەرکی سەرشانی ئەوڕێکخراوانە یە کە ئێستا جڵەوی دەسەڵاتی هەرێمیان بەدەستە. با بە یەکگرتوویی، بۆ راگەیاندنی سەربەخۆیی، هەول بدەن و بەم جۆرە لە گشتپرسی گشتیدا، رەوایی وشەرعییەتێکی نەتەوەیی بە دۆزەکە بدەن و تۆپەکە بخەنەداوێنی نەتەوەیەکگرتووەکان و زلهیزەکانەوە و ئەگەر بەم جۆرەش، و بە هۆی دڕندەیی ئێران و تورکییە و عێراق و سوورییەوە، سەرکەوتن وەدەس نەهات! و کەوتینە تەنگەژە و دۆزەکە سەرنەکەوت و جیهان بە هانامانەوە نەهات، دواڕۆژ و ڕۆڵەکانی بەرەی داهاتوو، سەرکونەمان ناکەن و رووسووری میژوودەبین، نەک شەرمەزاری، بێ ئێرادەیی و ئاژاوەگیڕیی بە قازانجی دوژمن و بە زیانی بیری نەتەوەیی.
خەلێقی٢٧/٥/٢٠١٦، سوید