بەناوی خوای دڵاوای دلۆڤان
(شهر رمضان الذی انزل فیە القرآن هدی للناس وبینات من الهدی والفرقان.)
سوپاس و پێزانین بۆ خوا ،پەسنی گەورەیی و دەسەڵات و بەزەییەکەی دەدەین. داوای یارمەتی و توانای لێدەکەین . لە شەڕی شەیتان و شۆفارو دەغدەغەی نەفسی تەماعکارمان بپارێزێی . تواناو بەر چاو ڕونیمان بداتێی تا لە کردەوە نەشیاوو نەفرین لێکراوەکان خۆمان لابدەین. شارەزای ڕاستە ڕێیمان بکا ، چونکە ئەوەی خوا خستبیەتە سەر شاڕێگا هەر گیز توشی هەڵەو هەڵدێر نابێی.
ئەوا دیسان ڕەمەزانی پیرۆزمان میوانە .جێگای ڕیزو حورمەتی موسوڵمانانە. مانگی خوا ناسینە بۆ ناسینی گرینگی ئەرکو ئیمان بەوەزیفەکانە. مانگی ڕازو نیازە دەگەڵ خوا بۆ داوای لێبوردن لە تاوانەکانو بەخشینی هیزو توانا بۆ خزمەتی مرۆڤەکانە. مانگی کۆتڕۆڵ کردنی چاوو زمانە ، بۆ گێڕانەوەیان لە تێڕوانینی قەدەغە کراوەکانو خۆ پاراستن لە درۆو دوو ڕووییو غەیبەتو بوختانە. مانگی پاککردنەوەو پشودانی گەدەو ڕیخۆڵەکانە . مانگی دەسگیرۆیی فەقیرو هەژارو لێقەڵماوانە . مانگی خوگرتن بەئاکاری چاکو خۆ پاراستن لە ئاکاری قێزەونو دور لە ئەخلاقی ئینسانە. مانگی بیرکردنەوە لە کەرەسەو ئامرازی پێشکەوتنی مەشڕوع بۆ کۆمەڵگاو دروست بەکار هێنانیانە. لەو مانگەدا خوای مەزن موسڵمانانی ئەرکدار کردوە کە دەبێی هەمو ئـەوانەی ئیمانیان بەو دینە هەیەو عوزری شەرعیان نیە ، بە رۆژو بن. ئەوانەی بڕوایان پێهیناوە دەبێی بەیەکێک لە گرینگترین ئەرکە پێئەسپێراوەکانی خوایی بزاننو لە بەڕێوە نەبردنیدا بەر پرسیارن. مەرجە سەرەکیەکانیشی وەک هەمو ئەرکە واجبەکان (باڵغ و عاقڵو ئازاد بونە دەگەڵ توانای جەستەیی ) مانگی ڕەمەزان پیرۆزیەکەی لەوەدایە کە [ ئەبو هوڕەیڕە (ر) لە پێغەمبەری (ص) گیڕاوەتەوە کە فەرمویە { خوا دەفەرموێێ: گشت کردەوەی مرٶڤ بۆ خۆیەتی جگە لە ڕۆژو ئەویان بۆ منەو پاداشتەکەشی خۆم دەیدەمەوە } ڕەمەزان پێرۆزیەکەی لەوە دایە کە خوا لە سوڕەی بەقەڕە ئایەتی ١٨٥ دا فەرمویە: { شهر رمضان الذی انزل فیە القرآن ، هدی للناس وبینات من الهدی والفرقان .} ڕەمەزان مانگێکە قورئان لەودا ناردراوە ؛ ڕێی نیشاندەرە بۆ خەڵکو بەڵگەی شارەزاییو لێک هـەڵاواردنی پـاکـو پـیسانە . گەورەییەکەی لەوەدایە کە ناردنی قانونی خـوایی لـەودا دەستی پێکراوە ، هەمو ڕێگاو یاساو ڕاساکانی پیداویستی دنیاو قیامەتی تیدا نوسراوە . بـۆ مـرۆی دەسنیشان کردوە بـەکام ڕیگادا بڕوا دەگاتە ئـامانجو بێی خەترە و بەکامەشدا بڕوا توشی هەلەو هەڵدێر دەبێی. خۆ لەهەمو قانونی دنیاشدا وایە بە پێی یاساو ڕاسا کردەوەکان هەڵدەسەنگێندرێنو ئاکار چاکو خراپەکار لێک جیا دەکرێنەوە .
مرۆڤ بە پێی سروشتی خۆی خاوەنی حەزو ئارەزوو ویستو داخوازەو بە وشەیەکیتر چاوچنۆکو تەماعکارە . ئەگەر بـۆ وەدەست هێنانی ئـەو حەزانەی خۆی لە یاسای دیاریکراو لای دا تاوانبارە ، بۆیە خوای مەزن لەو مانگە دا لە هەمو ئەوانە خۆش دەبێی کە لەلای خوا لە دڵەوە ددان بەتاوانەکانیان دادێننو داوای لێبوردن دەکەن ، چونکە خوا خاوەن دەسەڵاتێکی بەخشندەیە . یەکیتر لە تایبەتمەندیەکانی ئەو مانگە خۆ ڕا هێنانە بۆ سەبرو خۆ ڕاگری، وازهێنانە لە گوێلەمستی بۆ نەفسی هەوەسبازی سەرەڕۆ. ئەو مانگە بـۆیە پێرۆزە کە مرۆڤ برسیەتی بچێژێی تا هەست بەوە بکا ئەوانەی بـەردەوام برسین حاڵیان چۆنە. بـەکورتی ڕەمەزان ئـەو کاتە هەقی خـۆی پێدراوە ، کە هەمو مەرجەکانی ڕەچاو بکرێنو هەمو ئەندامانی لەش وەک خوائەمری پێکردوە کۆنتڕۆڵ بکرێن . هەرچەندی لـە تـوانادایە بـە هـەمـو شێوەیەک یارمەتی ئاتاجو موحتاجان بدرێی . ئەگەر تەنیا نانو ئاو نەخۆینو چیتر، ئەوە نەک خێرمان پێناگا ، بەڵکو دوسەرە زیانمان لە خۆمان داوە . لە لایەک فەرمانەکەمان وەک هاتوە بەجێی نـە هێناوە ، لـە لایەکیتریش بـە خۆڕایی دەمی خۆمان گرێی داوە. مرۆی موسوڵمان بە پێی ئەو بڕوایەی بۆ خۆی هەڵی بژاردوەو بەدڵخوازی خۆی بەر پرسایەتی ئەنجامدانیانی وەئەستۆ گرتوە دەبێی بەڕێوەیان بەرێو پاداشی چاکەکانیشی لە خوا وەر گرێی . ئەوانەش کە خۆیان پەسندی دەکەنو بە بێهۆ ئەنجامی نادەن تاوانبارنو لێیان دەپرسرێتەوە. خۆ ئەوانەش کە هەر بڕوایان پێی نیە ئەوە وەباڵی خۆیان لە ئەستوی خۆیانەو لێپرسینەوەو سەزادانیشیان هەر بەدەست خوایە و هیچ مرۆیەکی موسوڵمان بۆی نیە لە سەر باوەڕەکەی زۆری لێبکاو ئازاری بدا. کەوابو ترسەکە لەخوا لەوەڕایە کە تۆ بروات پێهێناوەو دەزانی نەکردنی ئەو فەرمانە سەزای هەیەو نەشت کردوە. خوای مەزن لە سوڕەی :زومەر دا فەرمویە : { قل یا عبادی الذین آمنوا اتقوا ربکم ، للذین أحسنوا فی هذە الدنیا حسنة ، وأرض الله واسعة انما یوفی الصابرین أجرهم بغیر حیساب .} بە عەبدەکانی من بڵێی : لە خوا بترسن، ئەوانەی لەو دنیا پانو بەرینەی خوادا چاکەیان کردوە دڵنیابن خوا پاداشی ئاکار چاکانی خۆڕاگر بەبێی حیساب دەداتەوە. هـیـوادارم خوای مەزن لەو مانگە پیرۆزەدا موسوڵمانان لە خەوی غەفڵەت ڕاپەڕێنێو لەڕاستە قینەی مەبەستو بەڕێوەبردنی ئەو ئەرکو کارانەمان بگەێنێو تـوانـاو هەلو دەرفەتی بەڕێوە بردنمان بـۆ بـڕەخسێنێ، بە زانستو مەتیق شارەزامان بکاو ئەو شتە خۆڕافیو دورە مەنتیقو نا زانستیانەمان لە مێشکو دڵو دەرون دەر بێنێ . دیسان ڕەمەزان بە خیر بێو بەخیر تەواو بێ . بپاڕێنەوە با ئەو کوشتارە بێبەزەییانەو دورە ئەخلاقی دینیو ئینسانیانە لە ناوچەکە دوایی پێبێنن. با ئاسەواری جینایەتکارانی دڵ ڕەش نەمێنێ و حیزبە کوردستانیەکانیش لەخەوی غەفڵەت ڕاپەڕنو واز لە ناکۆکیو شەڕی خۆخۆری بێننو چیتر راستەو خۆ یان ناڕاستەو خۆ بەقازانجی دوژمنانی گەلەکەمان بازاڕی گەلی کورد نەشێوێنن. کوردە بەسیە چیدی نەبیە دار دەستی دوژمنت
دوژمنت نەتباتە مەیدان بۆ برای خۆ کوشتنت .
لە ئێمە حەرەکەت و لە خواش بەرەکەت
براتان مەلا برایمی مەجید پور ٦ / ٦ / ٢٠١٦