"an independent online kurdish website

پرسیار: پێتان وایە بە سەردانێکی نەمایشی یان چەند گۆتەی نەمایشی رژیم دەتوانێ زۆڵم و زۆری کۆماری ئیسلامی ئێران بەرامبەر بە کورد بشارێتەوە؟baghi12

وڵام: لە مێژووی خۆیدا نەک سەردان و هاتن و ڕۆیشتن بە هەموو توانای خۆیانەوە چ ئابووری چ سەربازی و چ سیاسی نەیانتوانیوە زوڵم و زۆری خۆیان بشارنەوەو کورد بە گشتی چەواشە بکەن.

پرسیار: یەکەم قسەی ڕۆحانی لە شاری مەهاباد ئەوە بوو کە ئەوان لە نێوان مەزهەبەکانی دیکەی ئێران جیاوازی ناکەن ،راتان لەم بارەوە چییە؟جیاوازیە مەزهەبیەکان چیین لە ئێران؟کێ هۆکاری ئەو جیاوازیانەیە؟

وڵام:ئەمە بەس قسەی پێش  خەڵکە بۆ بە درۆ خستنەوەی قسەکەی ئەی بۆ پارێزگار (ئوستاندار) یا خود وەزیرێکی مەزەبەکانی تری دانیشتووی ئێران نابینرێت،سەرکوتی مەزەبی لە ئێراندا شتێکی سیستەماتیکە یانی پێویستی بە شرۆڤە نیە کاتێک کە یاسای بنەڕەتی ئێران دەڵێت مەرجەکانی بوون بە سەرۆک کۆمار شيعەی ئەسناعەشەری یا دوازدە ئیمامیە هیچ پاساوێک نامێنێتەوە بۆ ئەوەی بڵێین هەڵاواردنی مەزەبی نیە بەڵێ هەیە و زەقیشە بە ئاشکرا لە هەموو داموو دەزگاکانی دەوڵەت دا دەبینرێت.

پرسیار:قازانجەکانی سەفەری ڕۆحانی بۆ کوردستان چییە؟؟؟؟

وڵام: لە ڕاستیدا ڕۆحانی تەنیا بۆ قازانجی حکوومەتی ئێران سەفەر دەکات و هیچیتر، کورد هیچ کات لەو جۆرە سەردانانەدا قازانجی نەبینیوەو نابینێت چوون هەبوونی خۆیان لەوەدا دەبیننەوە کە خەڵکی سەرکوت و چەواشە بکەن. من هیچ قازانجێک نابینم.

پ: ڕۆحانی لە قسەکانیدا ئیشارە بە ئارام بوونی خۆرهەڵاتی کۆردستان کرد!!ئەمە لەحاڵێک دایە پێش هاتنی ڕۆحانی بە هەزاران لە هێزە ئەمنیەکان لە کوردستان جێگیر کرا بوون،پێت وایە ڕۆخانی مەبەستی لەم چەشنە قسانە چییە؟؟؟

و: خودی هاتنی ڕۆحانی لە کاتەدا دەرخەری دڵەڕاوکەی حکوومەتی ئێرانە بە نیسبەت ئەو ناوچەوە هەموو دەست و پێوەندیەکانی ئەو سەفەرە چ پێشوازی کەران و چ ڕێکخەرانی سەر بە سوپای پاسدارانن. مێژوو پێمان دەڵێت کە ئەو ناوچە هەموو کات لە لایەن هەموە حکوومەتەکانی ئێرانەوە بە چاوی ئەمنیەتیەوە سەیری کراوە و سەرچاوەی زۆر کێشەو گیر و گرفت بوە بۆ ئەوان.

پ: حەسەن رۆحانی لە قسەكانیدا لەبەردەم خەڵكی مەھاباد كۆمەلێك بەڵێنی كولتووریی دا،ئایا کێشەی کورد لە خۆرهەڵاتی کوردستان کێشەی کۆلتوورییە؟لە ئەساسدا کێشەکانی کورد لە خۆرهەڵاتی کوردستان چین؟؟

و: کێشەی کورد لە خۆرهەڵات دا بە چەند بەڵێنی بێ بنەما و سەرسەری جێبەجێ نابن. وای دابنین کە بەڵێنەکانی ڕاستن کە وا نیە. ئەو نەیگووت ئەم بەڵێنانە کە داویەتی بە چ میکانیزمێک جێبەجێی دەکات.هەر لە بنەڕەتدا ئەوان میکانیزمیان بەدەستەوە نییە چوونکە ویستیان ئەوە نییە.کێشەی کوردیش کێشەیەکی نەتەوایەتیە. کورد بە درێژایی مێژوو لە ژێر چەوساندنەوە و هەڵاواردن و سەرکوت زەبر و زەنگ و ئێعدام دا بووە و هەیە. لە زۆرێک لە وڵاتانی دونیا ئەو پارێزگایانەی کە بە هەر هۆکارێک دواکەوتوو بن،  لە بواری ئابووری و سیاسی و تەکنۆلۆژیاوە یارمەتی دەدرێن تا بگەنە ئاستی پێویست،جا کەوایە ئەو مێژوە کە من وەکوو کورد هەوڵی سڕینەوەم دراوە بە درانی چەند بەڵێنی بێ بنەما قەرەبوو دەکرێتەوە؟ نەخێر.

کێشەی کورد لە ئێران دا تا ئەو کاتەی وەکووو قەوارەیەکی سیاسی دیاریکراو کە لە هەڵبژاردنێکی ئازاد و دێمۆکراتیک دا باری جوگرافی و سیاسی و مێژووی لەبەر چاونەگیردرێ هیچ بەڵێنێک ناتوانێت چارەسەری بکات یا خود بۆ پێشەوەی ببات.خۆ مهاباد جیا لە شارەکانی تری کوردستان نیە چۆن دەتوانی بەڵێنی کلتووری تەنیا بە شارێک بدەیت ئەمە چەواشەکردنە و هیچی تر.

پ: بەو شێوەیەی کە ئێوە ئیشارەتان پێکرد”رژیم لە هیچ جۆرە ئەزیەت و ئازار و هەوڵدان بۆ سرینەوەی شۆناسی نەتەوەی کورد دریغی نەکردووە” لەبەرچی ئەو خەڵکە دیسان پێشوازییان لێ کرد؟پێت وا نییە کە بشداری خەڵک لە پێشوازی ڕۆحانی یانی رازی بوون لەو رژیمە ؟

و:  هەموومان دەزانین و بینیومانە کاتی سەردانی دەسەڵاتدارانی ئێران بۆ کوردستان لە هەموو شارەکان خەڵکیان کۆ دەکردەوە بە بیانووی جۆرواجۆر هەرکەس کاری حکوومەتی هەبا هەڕەشەی دەرکردنی لێ دەکرا، هەر کەس لە خوێندنگە بێت بیانووی تری پێ دەگیرا و ئەو خەڵکەش کە دەڵێن زۆرن نە بە هیچ شێوە زۆر نین و تەنیا دەست و پێوەندیەکانی خۆیان لە شارەکانی دەورووبەرەوە بە تێچووی خۆیان بردوەتە ئەوێ، هەر بۆ ئاگاداریتان پێش هاتنی بۆ مهاباد لە مزگەتەکانی شارەکانی ترەوە بانگەوازیان دەکرد کە بە تێچووی خۆمان دەتانبەین خواردن و ئەوانەش پێدەدەین. سەیرکە ئاستی لاوازی حکوومەت چەندە کە سەرۆکی شارەوانی شارەکان بە ناو شار دا بگەڕێت و بە پاڕانەوە و قەول و بەڵێنی دان، خەڵکی ڕاکێشی مهاباد بکات.

پ: پێتان وایە کە ڕژیم دەتوانی بە سەردانێکی بەرپرسێکی باڵا یان چەند خزمەتگوزاری لاوەکی بدەتوانێ خەڵکی کوردستان بە لارێدا بەرێ؟؟؟

و: پێشتر ئاماژەم پێ کرد تا ئێستە کورد بە هۆی سرووشتی ناوچەوە شەڕی مان و نەمانی کردوە، لێرە بە دواوەش پتر خەباتی کورد گەشە دەسێنێت،کەواتە نەک ناتوانێت بە لاڕێیدا بەرێت بەڵکوو هەتا کوردێک چەکی لە شانە،هەوڵی بەکارە بۆ فێربوون و زانست، نەتەنیا ناتوانێ بەلارێیدا بەرێ بگرە زیاتر لە جاران دەکەوێتە پەراوێزەوە و خەڵکی زیاتر دەنگی نارەزایەتی بەرز دەکەنەوە.

پ: زۆربەی هەرە زۆری قسەکانی ڕۆحانی بەلێنەیە تکرایەکان بوون کە پێشتر دابوونی و خۆدزینەوە لە بابەتەکان، راتان لەم بارەوە چییە؟بۆ بەپرسانی ئێران هەموو کات بەرانبەر بە کورد لە مەسەلەکانی ڕۆژ خۆیان دەبوێرن؟

و: خودی ئەم بەڵێنە دووبارە و چەند بارانە بەڵگەیە بۆ چەواشەکارییان، بۆ جارێک باس لە بەڵێنێکی تر ناکات؟ ئەمە دەرخەری ئەوەیە کە ناخی ڕژیم بە نیسبەت کوردەوە نەگۆڕاوە و هەمان بۆچوون و کرداریان دووبارە دەبێتەوە .ئەمە دەرخەری ئەوەیە کە ڕؤحانی لە بەر خەڵکی کورد و لە بەر گرینگی کورد  نەهاتوە بەڵکوو لە بەر شتی تر هاتوە بگرە پێوەندی بە جمووجۆڵی پێشمەرگەوە هەبێت نەک بەڵێنی کلتووری و ئابووری و شتی تر.

پ:لە ماوە رابردوودا حێزبی دێمۆکرات پیامی تێکەڵ کردنەوەی شاخ و شاریدا پێت وانییە کە ئەم سەفەرەی ڕۆحانی بۆ چەواشەکردنی بیری خەڵکی ناوچە و ئارام بوونی ناوچەکە بووە؟

پارێزگای ورمی یەکێک لەو پارێزگایانەیە کە ڕاستەوخۆ بە دەستی سوپای پاسداران دەسووڕێت، ئەگەر سوپا بە پێویستی نەزانێت ڕۆحانی ناتوانێت سەردانی ئەوێ بکات چوونکە هەر جووڵەیەک لەو پارێزگایە دەکرێت،پێویستە لە ژێر چاوەدێری و بۆ بەرژەوەندی سوپا و هێزە ئەمنیەکانی ئەوێ بێت و ئەو ناوچەیەش بە درێژایی مێژوو هەر لە سەرهەڵدانی شێخ عوبەیدوڵلاوە تا بگاتە سمکۆ و هەتا ئێستەش مەکۆی شۆڕش و بەرەنگار بوونەوەی حکوومەتەکانی ئێران بوە و سوپا و دەسەڵاتدارانی ئەو ناوچەیەش بێ شک بە وردی ئاگاداری گەشەی ڕەوتی ناسیونالیزمی کوردی هەن بۆیە بۆ مانۆڕ دان و چەواشە کاری پێویستیان بە وەها سەردانێک هەبوو بێ شک و حیزبی دیموکراتیش لە کەس شاراوە نیە کە بنکە و پایەگای ناو دڵی خەڵکی کوردستانە بۆیە پەیام و جووڵەی هەڕەشەیە لە مان و هەبوونی ئەوان.

پ:لەم سەفەردا  ڕووحانی دروشمی دژایەتیی تیرۆر و شەڕی دەدا ئەمە لە حاڵێکدایە کە ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە ناوچەدا بە گەورەترین ڕێژیمی پالپشتی تیرۆر و گەورەترین سەرچاوەی تیرۆریزم دەناسرێ. هاوکات ۲۳ ساڵ لەمەو پێش رژیمی کۆماری سێدارەی ئیسلامی ٥۹ لاوی مەهابادی لە یەک شۆێندان تیرباران کرد.ئەمە لە حاڵێکدایە کەڕووحانیی سەرۆک کۆماری ڕێژیم کە زیاتر لە ٣٠ ساڵ بەرپرسی دەزگا ئەمنیەتی و سەرکوتکارانەکانی ڕێژیم بووە و ئێستا لە ژێر ناوی ئێعتداڵدا خەریکی چەواشەکارییە، سەردانی مەهابادی کرد و برینی ئێعدامی ٥٩ لاوی مەهابادی بۆ جارێکی دیکە کولاندەوە.راتان لەم بارەوە چییە؟هاوکات بوونی سەفەری ڕۆحانی لەگەڵ ئەم کۆمەڵ کۆژیەی کوماری ئیسلامی چۆن پێناسە دەکەن؟

و: لە پێش دا ڕێز و حورمەتی بێ پایانم بۆ گوڕی ئەو شەهیدانە ڕۆحیان شاد،ئەمە یەکێک لە قیزەونترین کارەکانی ئەمرۆی مرۆڤایەتیە کە لە لایەن تیروریسمی دەوڵەتی کۆماری ئیسلامیەوە کراوە و برینێکی قووڵە لە جەستەی کورد دا و لە جێگای خۆیدا مەحکوومە و تاوانبارانی ئەو کردەوە تیروریستیە دەبێت بە سزای خۆیان بگەن. هەتا کەسێک لە دەزگا ئەمنی و سەرکوتکەرەکان دا دەستی نەبێت لە کوشتن و ئەشکەنجەی دژبەرانی خۆیان ناکرێتە کاربەدەست، ڕۆحانیش لەم مەسەلە بێبەری نیە،ئەم ڕێکەوتە دەتوانێت پەیامی هەمیشەیی ئەوانی پێ بێت بۆ گەلی کورد کە بریتیە لە سێدارە و زیندان و ئەشکەنجە و ئازار و…هتد

 

پ: ئەرکی چالاکانی سیاسی و مەدەنی ناوخۆی کوردستان لە کاتی ئەم هاتنەی ڕۆحانی چۆن هەڵدەسەنگێنن؟پێت وایە هۆکاری چییە کە چالاکانی سیاسی مەدەنی ناوخۆ  خۆیان لە وەزعی نالەباری کەبوودوەند  دزیەوە؟

و: من وەکوو خۆم هیچم لێ نەدیتن و وای بۆ دەچم هەروا کە پێشتر باسم کرد ئەم سەردانە لە ژێر ئەمر و چاوەدێری سوپادا کراوە بۆیە ڕێگا نەدراوە و چالاکێکیش کە بیەوێت پەیامی جگە لە ویستی دەسەڵاتداران بگەیەنێت ڕێگای پێ نادرێت و ئەم بەناو چالاکانەش خۆیان لە کاری وا نادەن ئەگینا ئەگەر بیانویستایەت تەنیا دەیانتوانی بڵێن لانی کەم هێسترەکان مەکوژن.

پ: بەڕێز کەبوودوەند بەهۆی مانگرتنەوە لە دۆخێکی زۆر مەترسیدار دایە و ئەم خۆڕاگرییە بابەتی ڕۆژەڤی کۆمەڵگای کوردییە. هەر بۆیە چالاکانی مافی مرۆڤ و حێزبە سیاسیەکان بەشێک لە چالاکانی ناوخۆش تەنانەت هاو وەڵاتیانی کوردستان لە سەرجەم وەڵاتەکان لە دەرەوە پشتیوانی خۆیان بۆ بەڕێز کەبوودوەند ڕاگەیاندووە و هاوکات خوازیاری ئازادبوونی بێ مەرجی ئەو بەڕێزەیان کردووە. هۆکاری چییە کە بابەتی ڕۆژەڤی کوردستان لە گوتەکانی ڕۆحانیدا جێگایەکی نەبوو و هیچ ئاماژەیەکی پێنەکرا؟

و: لێرەدا بە ڕوونی دژایەتی ویست و داخوازی زۆرینەی کۆمەڵگای کوردی لە گەڵ ویست و ئامانجی دەسەڵاتی ئێران دەردەکەوێت. نابەجێ بوونی درێژ کردنەوەی ماوەی زیندانی بەڕێز کاک سدیق تا ئەو ئاستە نا ئینسانیە کە گشتیەتی کۆمەڵگای کوردی بە هەموو ناکۆکیە سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئایینی و هەرچی لە سەر ئەم مژارە هاوڕا بوون، بەڵام لای دەسەڵاتدارانی ئێران نەک تەنیا باس کردن لێی بەڵکوو بیرکردنەوەشی ئەستەمە. خۆیان بە یارمەتیدەری (لە ڕاستیدا تێکدەر)زۆرینە دەزانن خێرە لە وڵاتی خۆتان کەسێک لە بەر ناعەداڵەتی مان لە خواردن دەگرێت تا ئەو ئاستە گیانی بکەوێتە مەترسیەوە. ئەوەی شارەزای بیری کۆماری ئیسلامی بێت مرۆڤەکان زیاتر لە بەر جۆری بیرکردنەوەیان تاوانبارن لای ئەوان بۆیە ئەگەر پێمان وا بێت ڕۆحانی دەبوایە باسی کاک سدیقی بکردایە تۆزێک بیرکردنەوەی ساویلکانەیە.

پ: هەروەها کە ئاگادارن لە ڕۆژهەڵات پرسی زمانی کوردی یەکێک لە کێشە بنەڕەتییەکانە.

ڕۆژنامە و گۆڤار و … بە زمانی کوردی (یەک زمانە) مۆڵەت پێدراو نییە، لە قوتابخانە و زانکۆکانی ئێران خوێندن بە زمانی کوردی بوونی نییە، کاسبکاران و دووکانداران ئیجازەی ئەوەیان نییە تابلۆ و ڕیکلامی خۆیان بەکوردی بنووسن، وبەبڕوای ئێوە ڕۆحانی لەم ماوەیەی دەوڵەتی خۆیدا، چ گۆڕانکارییەکی لەم بوارەدا دروست کردووە؟ لە کاتێکدا کە باسی زمانی دایکی لە سەفەری ڕۆحانی بۆ کوردستان و بەتایبەت ورمێ نەکرا.

پ: کۆماری ئیسلامی لە ناخی خۆیدا دژی کوردە و بنەمای بیرکردنەوەیان دژایەتی کوردە چۆن؟ ئەوان باش دەزانن کورد داخوازی خۆی هەیە و لە ئەگەری دابین کردنی ئەو داخوازیانەش دا گەلانی تری ئێران هان دەدرێت بۆ هەمان شت و ئەمەش نەمانی دەسەڵاتی ئەوانە، کاتێک دەتوانین داخوازی وا بێنینە گوڕ کە دەسەڵاتی سیاسی لە ئێراندا گوڕانی ڕێيشەیی تێدا کرابێت نەک گوڕینی کەسەکان. کەسێکی وەک ڕۆحانی ئەگەر لە ژێر پاڵاوتن دا دەر نەچێت ناکرێ ببێتە سەرۆک کۆمار و بە هیچ شێوەش دەسەڵاتی ئەوەی نیە کاری وا بکات. دیسان خەڵکی وا دەزانن هاتنی کەسێک نوێ لە ئێراندا کە سەرۆک کۆمارە لەوانەیە هیوا بەخش بێت، کە خەیاڵێکی زۆر خاوە چوون سەرۆک کۆمار هەر وەک لە یاسای ئێراندا هەیە ئەرکی جێبەجێ کاری هەیە ناتوانێت یاسا بنووسێت ناتوانێت یاسا دەرکات ئەی مادام یاسا هەر ئەو یاسایەیە چ جیاوازی هەیە کە کەسەکە کێ بێت .ئەمە لە پێوەندیە نێو دەوڵەتیەکاندا ناتوانێت درووست بێت و سەرۆک کۆمار دەوری هەیە لەو مەسەلەدا.

پ: ڕۆحانی لە قەسەکانیدا ئاماژەی بەوە کرد ئێمە نەماهێشتووە کە هۆلێر بکەوێتەدەستی داعش!!و ئەمنییەتی عراق،افغانستان،سوریەشمان پاراستوو.بەراستی کێ بوو کە نەیهێشت هۆلێر بەکەوێتە دەستی داعش کێ هۆلێری پاراست لە شەری دژە تێروور؟ چی وای کردووە کە بەرپرسانی ئێران لە ماوە یەک دوو ساڵەدا لە هەر کۆروو کۆبونەوەیەک دلێن ئێمە هۆلێرمان پارست؟؟

و: بۆ بزەی لێو : پیاو ئەگەر موفلیس بوو قەرزی کۆن و خزمی دووری بیر دەکەوێتەوە.

لەوەتی داعش هاتووە دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی ئەوە دەدەنەوە بە چاوی کورد دا کە ئێمە هەولێرمان پاراست ، نە کەس چەکدارێکی ئێرانی بینیوە نە یەک ڕاگەیاندن باسی کردوە نە تەرمی ئێرانیەکی کوژراو دیتراوە نە فڕۆکەی ئێران بینراوە ئەم پاراستنە چۆن کراوە دیار نیە.لە ڕاسیتدا ئەوان زۆریان پێ خۆش بوو هەولێر بکەوێت و چیتر گەشە و بەرەو سەربەخۆیی چوونی کوردستان نەبینن بەڵام بە خۆشیەوە پێشمەرگە کوردستانی پاراست .ئەوەی کە لە لایەن ئێرانەوە هاتبێت باشوور ئەوەندەی من بزانم تەنیا هێزێکی سەر بە دەزگای سیخوڕی کۆماری ئیسلامی هاتوونەتە ئەوێ بۆ چاودێری کردنی جووڵەی حیزبەکانی خۆرهەڵات کە تازە چووبوونە بەرەی شەڕی دژ بە داعش .

پ: لەپاش ڕاگەیاندنی ڕاسانی نوێ لەلایەن حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە و جێگیرکردنی هێزی پێشمەرگە لەناوچە سنوورییەکانی ڕۆژهەڵاتدا، هەواڵەکان باس لەوە دەکەن کە ڕێژەی هێزە ئەمنی و چەکدارەکانی ئێران ڕووی لە زیادبوون کردووە و بنکە و بارەگای نوێ لەسەر سنوورەکان دادەمەزرێنن. بەبڕوای ئێوە هیچ پێوەندییەک ( نهێنی) لەنێوان ئەم هەلومەرجە و هاتنی ڕۆحانی بۆ کوردستان و ناوچە سنوورییەکان هەیە؟

و: وەک پێشتریش ئاماژەم پێ کرد چوون پارێزگای ورمێ لە بەر هەستیار بوونی بۆ حکوومەت لە لایەن سوپاوە بەڕێوە دەچێت و سوپای پاسداران تەواوی جومگەکانی دەسەڵاتی ئەو پارێزگایەی بەدەستە، ئەم هاتنەش لەم کاتەدا وەکوو مانۆڕێک دەچێت کە بیەوێت هێزی خۆی دەربخات بەڵام بە ئاکام ناگەن. زیاد بوونی ژمارەی چەکدارەکانی شتێکی ئاشکرایەو تەنانەت بنکەو و بارەگای زیاتریشی کردوەتەوە تەنانەت بنکەی مووشەکی ئەمانەش هەمووی لە ترسی ئەو جووڵەو پەیامەیە. هاتنی ڕۆحانی دەتوانێت بۆ ورە بەخشین بە چەکدارەکانیان بێت کە بە لێشاو لێیان جیادەبوونەوە

پ: باسی سۆتاندنی قۆتابخانە شێناوێ لە ماوەی یەک دوو ساڵی رابردوودا گەشتەگۆێی دنیا کەچی ڕۆحانی داوای ئەوانی  بۆ دە دەقە چاو پێکەوتن رەدکردەوە.راتا لەم بارەوە چییە ؟

لەبەرانبەر ئەو کچانەی کە لەو ئاگرکەوتنەوە بەشێکی لە لەشیان و  جوانی ڕۆخساریان لە دەستداوە کێ مەسئوولە؟

و: بۆ خۆی لە ناو چوونی کورد بە هەر بیانوویەک بۆ ئەوان دەسکەوتە .

بێبایەخ بوونی ڕۆحانی وەک سەرۆک کۆمار لێرەدا دەر دەکەوێت چوون لە دەسەڵاتی ئەودایە. ئاشکرایە بۆ مەبەستی تر و ئامانجی تر کە زیاتر سیاسیە و بە ویستی دەزگا سەرکوتکەرەکان هاتووە خۆی لە باسی وا کە دەسەڵاتی ئەو بەرپرسە لێی، خۆ لێ نادات. هەر وەها ورووژاندنی ئەو مەسەلەیە لە ویستەکانی سوپا نەبوە.

پ: ڕۆحانی باسی لە دیواری تەفرەقەو ناکۆکی نێوان نەتەوەکان کرد کە پیلانی دوژمنانە خەڵکی کوردستان لەوە چاوکراوەترن و دەبینن لە ناو حەشیمەتێکی دە میلیۆن کەسی کورد، کوردێک وەک ئۆستاندار  دیاری ناکەن و لە شارەکانی سمنان ، ئەسفەهان و باقی شوێنەکانی دیکەی ئێران  بەڕێوەبەریە گشتیەکان و  پۆست و پلە باڵاکان لە فارسەکان دیاری دەکەن کێ هۆکاری بەرز بوونەوەی ئەو دیوارە بەرزە تەفرەقەیە کە ئەوان ناوی دەبەن؟

و: نەک هەر لە ناو خۆی ئێراندا بگرە لە زۆر شوێنی ئەم دونیایەدا هەر کوێ دەستی دەسەڵات دارانی ئێرانی پێ گەیشتبێت وەها ئاڵۆزی کردوە کە ئەو شوێنانە ئەگەر هەر ئێستەش ئارام بنەوە تا چەن ساڵیتر ناگەنەوە حاڵەتی ئاسایی خۆیان. لە ناوخۆدا یانی لە ئێراندا مەسەلەکە بە خۆمانە و ئەوان کردن لە ئێستەدا سەرپۆش نراوە و لە ژێر هەیمەنەی دەزگا ئەمنیە کاندا شاراوەتەوە بەڵام نابێت لە بیر بکەین کە گەلانی دانیشتووی ئێران کلتوورێکی جوانی پێکەوە هەڵکردنیان تێدا دەبینرێت .

پ: پترۆشیمی مەهاباد تەنیا ۲۰ لەسەدی لە نیروی کاری کوردن، ئەمە چون ئەبینن؟ئەمە لە حاڵێکدایە کە سەرجەم ناوچەکانیتری کوردستان ئەو پرۆسە هەر وایە .

و: کۆماری ئیسلامی هەتا بۆ بەرژەوەندی ئایدۆلۆژی و سیاسی خۆی نەبێت لە کوردستان کارێک ناکات . دانانی پتروشیمی لە مهاباد وەک دەرگایەکە بۆ هاتنە ناو خەڵکی مهاباد و دانانی مۆرەکانی خۆیان لەوێ وەکوو کاربەدەست ئامانجە سیاسی و ،…. تری خۆیان دەبەنە پێشەوە ئەو ڕێژەیەش کە باس دەکرێت خەڵکی ئەوێ بن زۆربەیان لە پاڵاوتنە کانی دەزگا ئایدۆلۆژی و فکریەکان تێ دەپەڕن و ئەوجا کاریان پێ دەدرێت. مهاباد وەکوو شوێنێکی زۆر هەستیار لە ڕەوتی ناسیونالیزمی کوردی دەبینرێت و زۆر کاری تر لەو شێوەیان بەدەستەوەیە بۆ بەرو پێش بردنی فکری خۆیان .

ئەو وتوێژە لە لایەن کاک سەعید باغی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تێلگرام ئامادەکراوە و بۆ ماڵپەری پێشمەرگەکان نێردراوە

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی