لەکاتی سەرقاڵبونم بە سرنجدانی ئەو شەڕەفڕەو وتار نوسینی دژبەیەکەو دروشمدان و هێندێک جار جنێوو قسەی سوک و تیرو توانج، ماندو ببموم ڕاوەستام و بیرم دەکردەوە.
لە پڕ تەلەفونەکەم زەنگی لێدا، برایەک لە ناوخوی وڵاتەوە دوای چاک و چۆنی لێیپرسیم : ئەرێ بۆ لەسەر ئەو بابەتەی ئەمڕۆ قسە ناکەی؟ کوتم : براگیان ئەوانە بەلای منەوە شتێکی تازەو نەبیستراو نین . چارەسەرێک نین کە تازە دۆزرابنەوە. لە کۆنگرەی چوارەوە تا ئەوڕۆ ، بەشێوەی جۆراو جۆر، هەرجار نا جارێک لە ناو حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستاندا هاتونە ئاراوە، شتی تاقیکراوەن. کەسیش قازانجی لێنەکردون وهەر گەلەکەمان زیانی لێ دیون و جەورەکەی کێشاوە. ئەوەش هەر دەبێی، هەتا من منو تۆ تۆ ماوە! وەک ڕۆژ لە بەر چاومانە ، لە خۆ تەوحویلدانەوەو وتـووێژیشدا فێڵمان لـێـکراوەو کڵاوی خەڵکمان لەسەر نراوەو قوربانی بەنرخمان داوە، کە چی مەسەلەکە هەروا بە چارە نەکراوی ماوە.
کەس نیە نەیەوێ کە لە ڕێگای وتووێژی ئاشتیانە مافە زەوت کراوەکانی وەرگرێتەوە، کەسمان نیە ئاشقی مەرگ بێ و بەپیریەوە بچێێ، بەڵام زیندان و ئـەشکـەنجە و گـیـان بـەختکردنـ و لـە هەنـدەران مـردن، گـەلێک بـاشتـرو شەڕافەتمەندانەترە لە سەر بۆ دوژمن دانەواندن و دۆڕانـدن. من ئەگەر زۆر شتیش نەزانم ئەزمونی نیزیک بە (٤٠) ساڵ تێکۆشانم دۆست و دوژمنی پێناساندوم ، کەوتن و هەستانەوەی زۆرم دیوە، هەر یەکەیان شتێکی فێر کردوم. من کوردم و بڕوای تەواوم بە مافی نەتەوایەتی دورلە هەرتئوری و لێکدانەوەیەک هەیە، بە قەدەر خۆم بۆ وەدەست هێنانی هەوڵم داوەو ناشوەستم. ناچمە ژێر کارتێکەری هیچ ئیدەو ئایینێک و قەول و بەڵێنیەک کە مافی گەلی تێدا مسۆگەر نەکرابێ. ئێمە پێویستیمان بە بەخۆداچونەوەیەکی وردوو قووڵ هەیە، ڕاستە کاروانی خەباتەکەمان ڕاگیراوە، بەڵام ئەوە جەبرە ، ئەگینا ویست و ئامانج و ئیرادەکە هەروەک خۆی ماوە. ڕاستە لە مێژە چەقبەست کراوین، بەڵام هەر بە ئومێدی ڕۆژێک دەگەڕێینەوە ژیاوین. برای دڵسۆزم : دەزانم ئەتۆش وەک ئێمە بە برینی ئەو خەنجەرانە دەناڵێنی کە بۆ خۆمان لە خۆمانی دەدەین. هەر چۆنێک بێ خەبات بۆ ڕزگاری گەلێکی مافخوراوی نیشتمان داگیر کراوی بێدۆستی ڕاستە قینەو پشتیوان، کە لـە ژێر دەستەییدا ژیـاوە و هـەڵیداوە و بەردەوام بەفێڵ فریو دراوە، کارێکی گەلێک سەختە، هەورازێکی گەلێک ڕژد و لێژە، ڕیگایەکی پڕ مەترسی و درێژە، بەڵام هیوا ژیانە، ژیانیش بۆ جوڵەو تەکانە، بڕوا بەمافیش ئیمانە، کێی بەئەقەست یان بۆ مەبەست لەبیری کا بە بێگومان شەرمەزارو پـەشیمانە. هـەڵە و پـەڵەش هەر دەبن چونکە ئـەوە خەسڵەتی ئینسانە. مێژو زۆری بۆهەڵگرتوین و لەبەر دەستی داناوین، کەچی چاوی لێناکەین بەهێندی ناگرین، دەمانەوێ بیان گۆڕێن یان لەبرەویان بخەین، ئەوەی ئاوا بیر بکاتەوە بێگومان نەزانە.
هیوادارم سەر قافڵەکان ڕێگاکان جوان تاقیکەنەوەو شارەزاکان وەپیش بخەن و دڵینا بن، جا ئەوجارە کاروان وەڕێبخەن، نەک لە گۆترە بڕون و بە سەربۆسەی دوژمن دابکەون و بەشەل و کوتی بگەڕینەوە، چونکە دوژمن بەردەوام بۆ ئێمە لە بۆسەدایە تا بۆی بلوێ زەبرمان لێدەداو ڕێگانادا بەسڵامەتی و بەهێزەوە تێپەڕین. ئەگەر بە بریندارو بێهێزیش بچینە لای، ئەوە بەدوکتۆری خۆیان چارەسەرمان دەکەن و دەرزی سڕکردنمان لێدەدەن.!!
براتان مەلا برایمی مەجید پور ١٤ / ٦ / ٢٠١٦
ىابەتی پەیوەندی دار
وڵام بۆ برایەک لەناوخۆی وڵات، مەلا برایم مەجیدپوور
هێندێک بەرچاوڕوونی دەربارەی دروشمی ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی، مستەفا هیجری
تیڕوانینێكی ڕەخنەگرانە لە تێگەیشتنی خالید عەزیزی لە سیاسەتی واقعگەرایی، رێباز كوردۆ
فرەدەنگی و رێبەری، مەجید حەقی
بە بێ ئومێد بەسەرکەوتن، چۆن خەبات دەرواتە پێش؟، برایم لاجانی
وتووێژ بۆ کرانەوەی دەروازەی بەشداریکردن لە خەباتی مەدەنیدا!!!، حەسەن ماوەرانی
ناسنامهی رێبازێکی خۆبهدهستهوهدهرانه،له پهڕاویزی وتووێژهکهی خالیدی عهزیزی دا. ئەیووب ئەیووب زادە
وێكچوونی دوو هەڵوێست و پەند وەرنەگرتن لە مێژوو، تەیموور مستەفایی