Hoppa till innehåll
Hem » بەناوی خوای بێهاوتا ، خوشکو برای موسوڵمانی ڕۆژوو وانم، مەلا برایم مەجیدپوور

بەناوی خوای بێهاوتا ، خوشکو برای موسوڵمانی ڕۆژوو وانم، مەلا برایم مەجیدپوور

سڵاوی خواتان لێبێو هیوادارمو لەخواش داواکارم یارمەتیتان بدا لە بەجێهێنانی ئەو ئەرکە پیرۆزەدا .remezan-G

خۆشەویستان منیش یەکێک لەخۆتانم ، فرشتە نیمو ئینسانم ، هەمو شتێکیش نازانم . لە هەڵەو پەڵانیش بـەدور نیمو بـەدڵنیایەوە لـەخراپەکانم حاشا ناکەم بەڵام بە خراپیان دەزانمو هەوڵیشم داوە دوپاتیان نەکەمەوە . حەزدەکەم وەک برایەکی دڵسۆزتان لێتان داواکاربم کە لە پیرۆزی ئـەومانگەو لەو دەرفەتە ڕەخساوە کەڵک وەرگرنو ئاوڕێک لـە ڕابردوی خۆتـان بـدەنەوەو چـاکەو خراپەکانتان بەسەر کەنەوەو بێی سێودوو لـە ناحەزەکان دور کەونەوەو خـەتێکی سوریـان بـەسەردا بـکێشن ، بەسەداقەتەوە لێیان پە شیمان ببنەوەو بە ڵێن بەخواو ویژدانی خۆتان بدەن دوپاتیان نەکەنەوە . ئەگەر ئەوکارەبکەن بەدڵنیایەوە بەئاکام دەگەنو داوای لێبوردنتان لەلای خوا قبوڵکراوە. چونکە خوای مەزن هەم ڕێنوێنەو هەم خاوەن دەسەڵاتو بەزەییو ڕەحمانە.

بەڕێزان مانگی ڕەمەزان ئەگەر بەدەقی قورئانی واجبی سەرشانمانە ، دەرسێکی بەنرخو بەرنامەیەکی پڕ ناوەرۆکی ژیانو ڕاهێنانیشمانە. زمان ئەو پارچە گۆشتەی ناو زارمان ئامرازی ئامۆژگاریکردنو ڕینوێنیو قسەی پڕ ناوەرۆکو دوعاو دەربڕینی هەرچی باشەو بەقازانجی مرۆڤەکانە. نەک بۆ جنێودانو دڵ ئێشاندنو هەڵبەسنتی درۆو غەیبەتو بوختانو دوڕوویی کردنو ناحەز کردنی مرۆڤەکانە. چاو بۆ تێڕوانینی زەویو عاسمانو مانگو ڕۆژو ئەستێرەکانە تا بزانی ئەو سەنعەتکارە دەسکردەکانی چەندە بایخدارو جوانە. بۆ دێتنو دۆزینەوەی ڕاستیەکانە ، بۆ خۆبواردنو لادان لە کەندو لەندو هەڵدێرەکانی ژیانە. بۆ دۆزینەوەی نـەزاندراوەکان، بـۆ دەکـارهێنانیان بـەقازانجی کۆمەڵگاکەمانە . نـەک بـۆ تێڕوانینی چاوچنۆکانەو گەڕان بەدوای عەیبو عاری کەسانیترولە قاودانو فریودانیان. بـۆ دیتنی جوانی سروشتو دروست کەڵک لێوەرگرتنیانە. ئەم دەستە بـۆ کـار کردنو ڕەهایی گیرو گرفتەکانی خۆتو کۆمەڵگاکەتە، بۆ ڕاستکردنەوەی لاباری بارکەوتوانە ، نـەک بـۆ کوشتنو درێژکردن بـۆ مافی کەسانیتر، بـەکورتی بـۆ خراپ بەکار نە هێنانە. لاقەکان بۆ ڕۆیشتن بە ڕاستە رێیداو بۆ لەسەر پێی خۆ ڕاوەستانو بەڕێوە بردنی ئەرکە شیاوەکانی ژیانە ، نەک بـۆ هەنگاو نـان بـەرەو هەڵدێرو ڕۆیشتن بـۆ کاری د زێوو بەکورتی بۆ خراپ دەکار هێنانو بۆ ژیر پێی خستنی کەرامەتی ئینسانەکانە . بـزانن هەرچی بۆ قازانجو بەرژەوەندی خۆتو خەڵکو لەڕێگای مەشڕوعـو ئیزندراو بێی، ئـەوە چاکەیە. هەرچیش بەزیانی خۆتو خەڵک تەواو بێی ئەوە خراپەیە، بۆیە باش تێبگە کە ئەرکەکەت چەندە قورسو گرانە.

پاشاو سەروەرو سەردارو فەرماندەی لەش مێشکەو دڵیش ڕاوێژکارو فەرمانبەرەکەیەتی، بـۆیە دەبێی مرۆی خاوەن مێشکی ساغو دڵـپـاک بـەردەوام بیر لـە خۆشیو بـاشیو تێگەیاندنو پێگەیاندنی مرۆڤەکان بکاتەوە، بۆ ئەوەی بەرەو ڕاستیەکانیان بڕۆنو کار بۆ دروستکردنی دنیایەکی ئازادو ئاوەدانو خاوەن ئیمانو ویژدانو راست بێژو ئاکار جوان بکەن. مرۆڤ ئەگەر بەوردیو لیزانانە سرنجی فەلسەفەی دروستبونی خۆیو پێکهاتەی جەستەی بداوخاوەنی ویژدانێکی پاکو بێگەردبێی دەزانێ بۆچی دروستکراوە، ئەو هەمو ئەندامەی کە هەریەکەیان کاری تایبەت بەخۆی دەکا ، نابێی بۆ ڕۆژ ڕەشیو بێبەشی کەسانیتر دەکاریان بێنێ. نابێی دنیای ئاوەدانیان پێی ویران بکەی، تۆوی دژایەتیوپێکەوە نەحاوانەوە بچێنێ ، بەڵکو بە پێچەوانە ئەرکیان ئەوەیە دنیایەک دروست بکەن جێگای هەمویانی تیدا ببێتەوە ، بەهاری ژیانی کۆمەڵگا بەخۆشیو شادیو برایەتیو هاوکاری بڕازێتەوە .

بەڕێزان : ڕەمەزان دەبێی وەبیرتان بێنێتەوە کە ئێۆە ئەو هەمو ئەرکەتان لەسەر شانە ، نابێی فەرامۆشیان بکەنو پشتگوێیان بـخەن ، دەبێی بـۆ مـاەوەی مـانگێک تـەمرینی چاکەکان بکەنو لە درێژایی ساڵدا لەسەریان بەردەوام بنو درێژەیان بدەن. نابێی دوای تەواو بونی ڕەمەزان ڕێشمە لەسەر ئەسپی سەرکێشی نەفستان داماڵنو هەرچی هاتە پێشتان ڕای ماڵن .

دزیو درۆ ، غەیبەتو بوختان ، فزولیو نەمامیو دوڕویی ، چاوچنۆکیو تەماعکاری، فرتو فێڵو زوڵمو زۆر داریو خۆبەزلزانیو ، بێئەخلاقیو نەناسینی سنورەکانی ئینسانیوو… هەر هەمویان خوا لەگشت مرۆڤەکانی قەدەغەکردونو کتێبو پێغەمبەری بۆ ناسینو تێگەیاندنیان نـاردون. تۆی موسوڵمان کە سەلماندوتەو ئێمانت پێهێناوە ، نەک هەرمانگێک بـەڵکو بەدرێژایی ساڵ لە بەرانبەریاندا بەر پرسیاریو ئەگەر بە ئەنقەستو بێبەڵگە نەیان کەی قەرزدارو شەمەزاری. کوتمان مانگی راهێنانە ،ڕاهێنانیش بۆ بەردەوامیە. بڕواهێنان خۆ تەنیا هەر بـەقسە نیە بـەڵکو کردەوە دەیسەلـمێنی چەنـدی ڕاستەو چەندی درۆیە. قەدەغەکرانوسەزا دانی بکەرەکانیان قورئان دەلێی، نەک منوتۆ ، ڕوی بەرپرسایەتیەکەش لە هەمومانە نەک لە ئەمو ئەو. ئەوەش بزانن خوا هیچی لە ئێمە نەویستوە بەقانجی ئەو بیکەین ، بەڵکو هەرچی بیکەین لەچاکو خراپ قازانج یان زیانەکەی هەر بۆ خۆمانە.

کردەوەی مرۆڤ لەو سەر زەویە کارنامەیەتی لە ڕۆژی سەڵادا خوا لە ڕوی ئەونمرەکانت چاو لێدەکاو حیسابت بۆ دەکاو چیت شیاو بێی ئەوەت پێدەدا. با دوو قسەی بـرایانەش دەگەڵ مامۆستایانی بەڕێزی ئایینی بکەمو بڵێم: بـرایان دینەکەمان زۆر گرینگو جوانـو کارنامەو بەرنامەی ژیانە. ئەگەر بمانەوێی بەڕێوەی بەرین زۆر لە شانان سوکوهاسانە. خواش فەرمویە ( بۆم هاسان کردونو نامەوێی لێتان گران بکەمو بتان خەمە تەنگانە. ) دەبا عیبادەتو ئـەرکەکان نـەکەینە بـێگارو بـەزۆر بـەسەر خەڵکیان دابسەپێنین . بـا موسوڵمانان حاڵی بکەین ئەوە ئەرکە، نەک کالای بدەو بستێنەیە ! با نەیکەینە بەرتیلو بەخەیاڵ بەهەشتی پێبستێنین! با لێگەڕێین خەڵک خۆیان ئازادانە هەڵبژێرنو ئەنجامی بدەن . بەوتەیەکیتر با بۆ خوا عیبادەت بکەن نەک لەبەر منو تۆ، خوا دژی زوڵمو زۆرەملیو زاڵمانە ، ئازادیش خۆی مەرجی سەرەکی قبوڵکردنی بـڕواو ئیمانە. خواش ئیمانی بەزۆری گەرەک نیە.

هیوادارم لە ماناو ناوەرۆکی مرۆڤ بونو ئیسلامو ڕاسپاردەو ئەرکەکانیان تێبگەینو ئەوەندەی لەتواناماندایە ئەنجامیان بدەینو ئەوەش کە لە توانای ئێمە دانیە لێی بەرپرسیار نین، چونکە خواش تەکلیفی لەتوانابەدەر لەکەس ناکا. هیچ شتێک لە ڕۆژی لێیپرسینەوەدا بەکەڵکمان نایە جگە لەکردەوەی خۆمان { لیس للأنسان الا ماسعی } خۆ لەم دنیایەش هەر ئاکارەکانمانن وەبیر خەڵکمان دێننەوە. کۆتا قسە : {کێی ئاکار چاک بێی بەقازانجی خۆیەتیو کێش خـراپـەکار بێی زەرەری لـە خۆی داوە ، خواش زوڵـم لـە عەبدەکانی خۆی ناکا } .

بەئیمان بەخواو بەردەوامیتان هەوڵ بدەنو لە خواش داوا بکەن ئەو زوڵمو زۆرو بێبەشیەمان تەواو بکا ، دنیایەکی ئازادو ئاوەدانمان بۆ بخوڵقێنێ. سڵاو لەو کەسانەی ڕاستە ڕێیان دۆزیوەتەوە.

 براتان مەلا برایمی مەجید پور ٢٠ / ٦ /٢٠١٦ ــــ ١٥ ڕەمەزان