ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٥ی پوشپەڕی ١٣٩٥ی هەتاوی، کومیتەی گشتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی سوید بە هاوکاری کومیتەی هەرێمی ئورێبرۆی حدکا،
بۆ بەرز نرخاندنی خەبات و تێکۆشانی شەش پێشمەرگەی حیزبی دێموکرات بە تایبەت ” سەید عومەر حوسێنی” کە یەکێک لە ئەندامە چالاکەکانی تەشکیلاتی سویدی حیزبی دێموکرات بووە، کۆڕێکی ماتەمینی بە ڕێوەبرد.
لەو کۆڕە ماتەمینییەدا وێرای ئەندامان، لایەنگران و بنەماڵەکانی سەر بە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، نوێنەرانی حیزب و لایەنەسیاسی، کۆمەڵایەتی و فەرهەنگییەکان و کۆمەڵێ کەسایەتی سیاسی و بەرچاو کە لە نێوێیاندا مەلا موحەممەد جوانرۆیی ئەندامی سەرکردایەتی حیزبی شوعی کوردستان، زاگرۆس خوسرەوی ئەندامی کومیتەی ناوەندی کۆمەڵەی شۆڕشگێری زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران و مەلا عومەر عەسری و چەندین کەسایەتی دیکە و هەروەها بەڕێوەبەرانی چەندین ماڵپەڕی حیزبی و شەخسی وێرای دەستەگوڵی وەفاداری بە خەبات و بەرخۆدانی شەهیدان پەیام و برووسکەی ماتەمینی و هاوخەمی خۆیان دەربڕی.
هەر لەو پێوەندییەدا نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە ڕێگای تەلەفۆنییەوە هاوخەمی خۆی دەربڕی و داوای لێبووردنی کرد کە بەهۆی کۆمەڵێ کاری تایبەتەوە نەیان توانیوە بەشداربن.
پاش خوێندنەوەی هۆنراوەیەک لەژێر ناوی شەهید و پێشمەرگە لەلایەن بەڕێوەبەری بەرنامە عەزیز مورادپەرەست، ڕێوڕەسمەکە بە سروودی نەتەوایەتی ” ئەی رەقیب” و هەستانە سەرپێ و ڕاگرتنی خۆلەکێک بێ دەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی کورد و کوردستان و بەتایبەت دواین شەهیدانی حدکا، کە شەهیدی ڕێگای ڕزگای کورد و کوردستانن دەستی پێکرد.
دواتر خاتوو ” هەمینە ڕەسووڵی” بەرپرسی کومیتەی هەرێمی ئورێبرۆی حیزبی دێموکرات بەخێرهاتنی بەشدارار بووانی کۆڕیادەکە کرد و سەبارەت بەو ڕووداوە و شەهیدانی حیزب و گەل چەند وتەیەکی پێشکەش کرد.
کورتە باسێک لە سەر کۆڕیادەکە لەلایەن بەڕێوەبەری بەرنامە کاک عەزیز مورادپەرەست و پاشان بەڕێز و تێکۆشەر کاک حەسەن شەرەفی ئەندامی دەفتەری سیاسی و جێگری سکرتێری گشتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران کە ڕاستەوخۆ لە ڕێگای سکایپەوە بەشداری کرد، باسەکەیان پێشکەش کرد.
بەڕێز کاک حەسەن شەرەفی لە باسەکەیدا ئاماژەی بە ڕووداوەکانی ئەم دوایانەی شاری شنۆ و دڕندەیی کۆماری ئیسلامی ئێران بەرانبەر بە خەڵکی بێ تاوان و بێ دیفاکی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کرد و دواتر ئیشارە بەو شەش پێشمەرگە نەمرەی حیزب کرد و تیشکی خستەسەر دڵسۆزی، بوێری و وەفاداریان بۆ خاک و گەلەکەیان، بە تایبەت سەید عومەر حوسێنی کە سەرەڕای ئەوەی لە ئورووپا دەژیا و لە بواری وەزعییەتی ژیانەوە ئارام و بێ کێشە بووە، ناوبراو بۆ بەرگیری کردن لە خاک و نیشتمانەکەی ” خۆرشید”ی هاوسەر و کچە تاقانەکەی بەجێ دەهێڵی و دەگەڕێتەوە نێو پێشمەرگەکانی حدکا و خوێنی پاک و گەشی خۆی دەکەڵ بە خوێنی شەهیدانی کوردستان دەکات.
لە بەشێکی دیکەی باسەکەدا بەڕێز شەرەفی سەبارەت بە خۆڕاگری و بوێری هێزی پێشمەرگەی کوردستان قسەی کرد و وتی خەباتی ئێمە خەباتێکی ڕەوایە و ئێمە تەعدا لە هیچ کەس و لایەنێک ناکەین و جگە لە داخوازییە ڕەواکانی خۆمان هیچی دیکەشمان نەویستووە و هیچ کاتیش بۆ گەشتن بەو مافە ڕەواییەی خۆمان کۆڵ نادەین و لە خەبات بەردەوام دەبین.
لە بڕگەیەکی دیکەی قسەکانیدا جێگری سکرتێری گشتی حیزبی دێموکرات باسی لە پێکدادانێکی دیکی هێزەکانی حیزبی دێموکرات و ڕژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران کرد و ڕایگەیاند کە پاش شەڕێکی قارەمانانە و کوشتن و بریندار بوونی چەندین کەس لە سپای پاسداران و چاش و خۆفرۆشانانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران، بە داخەوە تا ئیستا پێشمەرگەیەکی دیکەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەناوی ” شۆڕش مینبەری” شەهید بووە.
جێگری سکرتێری گشتی حیزب، لە کۆتایی باسەکەیدا ئاماژەی بە سیاسەتی ڕوون و ئاشکرا و هەڵوێستی ڕاست و دروستی حیزبی دێموکرات کرد و لەو پێوەندییەدا بە تێرو تەسەلی بۆ بەشداربووان دوا.
کورتەیەک لە ژیاننامەی شەهیدی نەمر “سەید عومەر حوسێنی” لەلایەن کاکەبرا ئەلیاسی خوێندرایەوە.
پاش پەیامی کومیتەی گشتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی سوید لەلایەن ” ئەنوەر کاکایی ” بەرپرسی کۆمیتە
ئەم پەیام و بروسکە ماتەمینییانەی خوارەوە خوێندرانەوە.
پەیامی یەکێتی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە دەرەوەی وڵات لەلایەن هەمینە ڕەسووڵی.
پەیامی یەکێتی لاوانی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران لە دەرەوەی وڵات لەلایەن ڕۆژین ئەشرەفی.
پەیامی پارتی دێمۆکراتی کوردستان لێژنەی ناوجەی سوید ڕێکخراوی ئورەبرۆ لەلایەن سۆران قەرەداغی.
پەیامی کۆمەلە سازمانی کوردستانی حیزبی کومونیستی ئێران ڕێکخراوی ئورەبرۆ لەلایەن گەلاوێژ ڕۆستەمی.
پەیامی پارتی کرێکارانی کوردستان ” پەکەکە” لەلایەن ” ڕێدوان ئالتۆن” ئەندامی مەجلسی گەل.
پەیامی بزۆتنەوەی گۆران بازنەی شاری ئورەبرۆ و ڤێستەرۆس لەلایەن هیوا ئیسماعیل.
پەیامی کومەلەی کولتوری شاری ئورەبرۆ لەلایەن فەرهاد.
پەیامی ناوەندی ئاشتی لە شاری ئورەبرۆ لەلایەن فەرعان.
پەیامی بەرێوەبەری ناوەندی گشتی یەکێتی کوردان لە وڵاتی سوید لەلایەن ساڵح پالانی.
برووسکەی هاوخەمی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران لە سوید. برووسکەی هاوخەمی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە سوید.
برووسکەی هاوخەمی حیزبی شۆعی کوردستان لە سوید.
برووسکەی هاوخەمی کونگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فیدرال لە سوید.
برووسکەی هاوخەمی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان کومیتەی سوید.
برووسکەی هاوخەمی سایتی خاکەلێوە، کە هەڵگری چەندین هەزار وێنەی شەهیدانە لە سوید.
پارچە شیعرێک بە ناوی ” بۆ شەش گۆڵاڵە سوورەکەم” لەلایەن عارف عەزیزی.
سروودی مەڕێژن بۆم فرمێسکی خەم بە دەنگی عەلی ئاسوەند.
پەخشانێک لەلایەن عەلی پالانی.
باسێک لە سەر کەسایەتی شەهید ” سەید عومەر حوسێنی” لەلایەن کاکەبرا ئەلیاسی.
بابەتێک لەژێر ناوی هاورێی شەهید سەید عومەر حوسێنی، لەلایەن عەزیز مورادپەرەست. چەند دێڕێک بۆ پيشمەرگە لەلایەن کەلسوم بەرزەکاو.
پەیامی بنەماڵەی شەهید سەید عومەر حوسێنی و پێنج هاوڕێکەی لەلایەن هاوسەری شەهید سەید عومەر حوسێنی خاتوو ” خۆرشید ئایینفەر” پێشکەش کرا.
خاتوو خۆرشید لە پەیامەکەیدا، داوای لە بەشداربووان کرد کە وەک سەید عومەر پێویستە ژیانی ئورووپا وەلا بنێن و بچنە سەنگەر لەگەڵ ڕۆڵەکانی دێموکرات بەرەنگاری کۆماری سێدار و کۆنەپەرستی ئیسلامی ئێران ببنەوە.
خاتوو خۆرشید لەبەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا ئاماژەی بە یەکڕیزی و یەکگرتووی گەلەکەی کرد و گوتی ئێستا کاتی ئەوەیە کە هەموومان بگەڕێینەوە شاخ و چیاکانی کوردستان و لە نزیکەوە لەگەڵ حیزبەکەمان شۆڕش بکەین، سەنگەرەکانی بەرگری چاوەڕێمانن، خۆشک و برا پێشمەرگەکانمان چاوەڕێمانن.
ناوبرا، سەرەڕای ئەو کۆستە گەورەیە و بێ نازی کچە تاقانەکەی، زۆر بە وورە و خۆڕاگر بوو، بەردەوام داوای لە بەشداربووان دەکرد کە پشتگیری ئەم خەباتەی حیزبی دێموکرات بکەن، داوای دەکرد کە تۆڵەی سەید عومەر و هاوڕێیانی بکەنەوە.
خاتوو خۆرشید ئایینفەر لە کۆتایی پەیامەکەیدا وێرای سوپاس و پێزانین بۆ بەشداربووان و هەموو ئەو کەسانەی کە لەو پێوەندییەدا هاوخەمییان دەربڕیوە، دووپاتی کردەوە کە ڕۆحی شەهیدان بە درێژەپێدانی ڕێبازەکەیان ئارام دەبێت، حیزبی دێموکرات و ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ئێستادا پێویستییان بە ئێوە و پشتگیری ئێوە هەیە.
لە بەشی دووهەمی کۆڕیادەکەدا بەڕێز دوکتور ” حوسێن خەلیقی” ئەندامی پێشووی کومیتەی ناوندی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، نووسەر و سیاسەتمەداری کورد، باسێکی گرینگ و گشتی پێشکەش کرد، کە تیایدا بەوردی ئاماژەی بە گەورەیی و لەبیرنەچوون و نەمری شەهیدان کرد.
دوکتۆر خەلیقی لە بڕگەیەکی دیکی باسەکەیدا تیشکی خستە سەر شۆڕشەکانی گەلی کورد لە هەموو بەشەکانی کوردستان و دیکتاتوری و خوێنمژی وڵاتانی داگیرکەری کوردستان بە گشتی و جمهوری ئیسلامی ئێران بەتایبەتی.
ناوبراو لە کۆتایی قسەکانیدا وێرای کۆمەڵێ خاڵی گرنگ، باسی لە یەک ڕیزی و تەبایی گەلی کورد کرد و ئەو خاڵەی بە نوقتەیەکی گرنگ بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی گەل وەسف کرد.
شایانی باسە دوای پێنج کاتژمێر کۆڕیادەکە بە سروودی ئەی شەهیدان و هەستانە سەر پێ بۆ ڕێزگرتن لە هەموو شەهیدانی کورد و کوردستان کۆتایی پێ هات.
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ـ سوید
٥ی پوشپەڕی ١٣٩٥ی هەتاوی،
٢٥ی ژونە ٢٠١٦ی زایینی،