Hoppa till innehåll
Hem » نە ڕاسان وەها دەبێت و نە یارمەتی بە ڕاسانیش بە پارەیەکی کەم دەکرێت ـ فەرامەرز ئەڵماسی

نە ڕاسان وەها دەبێت و نە یارمەتی بە ڕاسانیش بە پارەیەکی کەم دەکرێت ـ فەرامەرز ئەڵماسی

بەر لە هەموو شتێک لە بەرانبەر گەورەیی هەموو شەهیدانی ڕێگەی ڕزگاری گەلی کورد کە بەو پەڕی لە خۆبوردووییەوە گیانی خۆیان بۆ ڕزگاری گەلەکەیان بەخت کرد،Faramarz-Almassy

سەری ڕێز دادەنەوێنم و سڵاو دەنێرم بۆ ڕۆحی پاکیان و خۆم بە هاوخەمی بنەماڵە و دۆست و هاوسەنگەرانیان دەزانم. ڕێزی تایبەت بۆ شەهیدانی ڕاسانی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران و ئاسوودەیی بۆ ڕۆحی پاکیان. بە پیویستی دەزانم لێرەدا ڕایەکی جیاواز لەوەی لەسەر ڕاسانی حیزب باس دەکرێت دەربڕم.

لەبەر ئەوەی ڕاسانەوە جووڵەیەکی چەکداری گرنگە کە لە لایەن حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێرانەوە دەستی پێکردووە، ڕووی قسەی من لەم حیزبە و لە ئەندامەکانیەتی. هیوادارم ئەندامانی حیزب ڕخنەکەم بە دلسۆزی وەرگرن و نەکەونە پاساو هێنانەوە و دژایەتیی کردنی ڕەخنە و ڕای جیاواز.

نزیکەی ٣٧ ساڵە کۆماری ئیسلامی دەسەڵاتی نگریسی خۆی بەسەر گەلانی ئێراندا سەپاندووە. گەلی کورد هەر لە سەرەتاوە ناڕازی بوونی خۆی لەم دەسەڵاتە ڕاگەیاند و بەم هۆکارەوە کەوتە بەر پەلاماری دڕندانەی هێزەکانی کۆماری ئیسلامی. ڕێکخراوە سیاسییەکانی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە شێوەیەکی قارەمانەنە داکۆکییان لە گەلەکەیان کرد و دوای چەند ساڵێک ناچار کران هەموو هێزەکانیان بۆ پشت سنوورەکان بگوێزنەوە. دوای ئەوە بەهۆی فشارهێنانی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر دەسەڵاتی هەریـمی باشووری کوردستان جموجووڵەکانیان تا ڕادەی نەبەزاندنی سنوورەکان و ڕاگرتنی جووڵەی چەکداری بەرتەسک کرانەوە. لە ماوەی ئەو چەن ساڵەدا جیا لەە بەرتەسک بوونەوەیە، حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان تووشی قەیرانی جیابوونەوە و لێکدابڕان و دژایەتی کردنی یەکتر هاتن. ئەوان دوای ٣٧ ساڵ بە دەسەڵات گەیشتنی کۆماری ئیسلامی، سەرەڕای خواستی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵات و تەنانەت ئەندامانی خۆشیان، نەک ئەوەی نەیانتوانیوە بەشە لێکدابڕاوەکان بکەنەوە بە یەک حیزبی بەهێزتر، بەڵکوو لانیکەم نەشیانتوانیوە بەرەیەکی کوردستانی وەک ئەوەی باشووری کوردستان لە سەرەتای ساڵانی ٩٠ پێکبێنن.

لەو ساڵانەدا زۆربەی هێزەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەر کامەیان بەجیا و بە شێوەی خۆیان پێشمەرگەیان ناردووەتەوە ناوخۆی کودستان. بەڵام ئەوەی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران بە لێدانی چەخماخەی ڕاسان لە شنۆ دەستی پێکردووە جووڵەیەکی زۆر گرنگتر و جیاوازترە. زۆر کەس بە خۆشبینیەوە دەڕواننە ئەم جووڵەیە و باشترین سناریو بۆ ئاکامەکانی وێنە دەکێشن و هیوای زۆریان پێی هەیە. بەپێچەوانەی ئەوانەوە زۆر کەسی تریش پێیانوایە مادام حیزبەکانی ڕۆژهەڵات نەیانتوانیوە لەو هەموو ساڵەدا بەریەکی یەکگرتوو و بەهێز پێک بێنن و ببنە خاوەنی هەموو ‌یان زۆربەی هێز و توانای کوردانی ڕۆژهەڵات لە دەرەوە و ناوەوەی کوردستان، ئەوا ئەم جووڵەیە لە لایەن تەنیا یەک حیزبەوە ناتوانێ سەرکەوتن بەدەست بێنێت.

ئەندامێکی حیزب لە ڕووی دڵپاکی و هیوای بەرز بۆ سەرکەوتنی گەلەکەیەوە دەڵێ: داواتان لێ ئه‌که‌م با پێکه‌وه‌ بێ جییاوازی فکری و ئایینی به‌شدار بین له‌ خه‌باتی ڕه‌وای گه‌له‌که‌مان به‌ هه‌ر شێوه‌یه‌ک بۆمان ئه‌کرێ. به‌ڕێزان پێشمه‌رگه‌ و بنه‌ماڵه‌ی شه‌هیدانی پێشمه‌رگه‌ مڵکی هیچ هێز و لایه‌نێک نیین به‌ڵکو ئه‌وان مڵکی هه‌موو پانتایی خاکی کوردستان‌ و سه‌رجه‌م نه‌ته‌وه‌ی کورد، بۆیه‌ ئه‌رکی هه‌موومانه‌ له‌ هه‌ر بارێکه‌وه‌ بۆمان ئه‌لوێ یارمەتی بدەین. ئەم وتەیە کاتێک دەیتوانی ڕاست بێت کە پێشمەرگە هێزی بەرەیەکی یەکگرتوو و هێزی هەموو ڕۆژهەڵاتی کوردستان بێت، نەک هێزی پێشمەرگەی یەک حیزب.

ئەوەی سەرەوە هیوایەکی زۆر جوان و پیرۆزە، بەڵام ئاخۆ حیزب بە کردەوە چی کردووە بۆ ئەوەی ئەو حیزبەکانی تر لەم جووڵە گرنگەدا بەشدار بن؟ یان ئاخۆ کاتێک حیزبەکانی تر لە ئاستی نزمتردا دەستیان دایە جووڵەی چەکداری، پشتیوانی ئەندامانی حیزب بۆ ئەوان چی بوو؟ ئایا زیاتر لەوە بوو کە ئەوانیش چاوەڕێی هەڵوێستی بەڕێوەبەری حیزبەکەیان بکەن و مادام حیزبەکەیان بەشداری ئەو جووڵەیە نەبوو ئەوانیش پشتگوێیان خست؟

بنەمای هەر جووڵەیەکی چەکداری بە لێکدانەوەی قووڵ و هەوڵی سیاسیی زۆرەوە بەندە و، پێویست بوو حیزبەکان بەر لە هەر جووڵەیەکی چەکداری لە باری سیاسییەوە زۆر خۆیان ماندوو بکەن و بە دڵفراوانییەوە یەکتر وەرگرن، نەک ئەوەی بیانوو بۆ یەکنەگرتن و لێک دوورکەوتنەوە داتاشن. مادام دوای ٣٧ ساڵ، بەڕیوەبەری حیزبەکان نەیانتوانیوە لانیکەم بەرەیەکی یەکگرتوو پێک بێنن و نەشتانتوانیوە بۆ خەڵکی ڕوون بکەنەوە کە ئەوان چ هەوڵێکیان بۆ ئەو کارە داوە و ئەگەر هەوڵەکان سەریان نەگرتووە گرفتەکە چییە، ئەوا ناکرێ چاوەڕوانی پشتیوانی بەرینی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ ڕاسانەوەی حیزبێک بە تەنیا بین. ڕاسانەوەی گەلێک پێویستی بە بەشداری هەموو یان زۆربەی حیزبە سیاسییەکانی ئەو گەلە هەیە و بە تەنیا حیزبێک ناکرێت. ئەگەر قەرارە حیزب قۆناغێکی تازە لە خەباتی چەکداری لە دۆخێکی زۆر ناسکدا دەست پێ بکا، پێویستە بە هەوڵەکانی بۆ پێکهێانی بەرە بڕوا و متمانە لە ناو خەڵکا دروست بکات و خواستی خەڵک نەخاتە پشت گوێ. هیوادارم من لەم لێکدانەوە و تێگەیشتنەمدا بە هەڵە چووبم و ڕاسانەوەی حیزب ئاکامی باشی لێ بکەوەێتەوە.

کۆکردنەوەی یارمەتی بۆ ڕاسانەوە

دوای دەستپێکردنی ڕاسانەوە کومیتەکانی حیزب لە دەرەوەی وڵات، بەتایبەت لە سکاندیناوی، داوای یارمەتییان لە ئەندامان و دۆستان و کوردی ڕۆژهەڵات بە گشتی کرد. بەپێی ئەو بارودۆخەی حیزب هەیەتی و ئەوەی ڕاسانەوە و خەباتی چەکداری جیا لە خوێن و قوربانی پێویستی بە توانایی ماڵی زۆر بەهێز هەیە. بەپێی سووربوون و ئەو هەموو دەستخۆشی و پشتیوانییەی بەشێک لە ئەندامان و دڵسۆزانی حیزب لەسەر تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان بۆ ڕاسانی حیزب بڵاویان دەکردەوە، وەها چاوەڕوانی دەکرا کە بۆ یارمەتی بە ڕاسان هەر بنەماڵەیەکی ئەندامی حیزب لە دەرەوەی وڵات لانیکەم لە 10.000 کرۆن (1000 دۆلار)ەوە دەست پێ بکات. بەپێی داهات و دەرکەوتەکان ئەوە پارەیەکی زۆر نییە، چونکە دەزانین کە زۆربەی بنەماڵە کوردەکانی دانیشتووی وڵاتانی ئەورووپی لە کاتی پشووەکاندا یەک یان چەند سەفەری وڵاتانی تر دەکەن و هەر سەفەرێکیان نزیکەی ئەو ڕادەیەی تێدەچێت. دەکرا تێچووی یەک سەفەریان بۆ یارمەتی بە ڕاسان تەرخان بکردایە. بەڵام بەپێی ئەوەی ئێستە لە تۆڕەکۆمەڵایتییەکان بڵاو دەبێتەوە، ڕادەکە زۆر لەوە کەمترە. وەها دەردەکەوێت کە بەشێکی زۆر لەوانەی یارمەتی دەدەن، تەنیا دەیانەوێت بەو یارمەتییە خۆیان لە گلەیی و توانج ڕزگار بکەن، دەنا دەزانن ئەو یارمەتییە لە کوێ و تێچووی ماددی ڕاسانی حیزبێک یان گەڵیک لە کوێ؟

دڵنیام زۆر کەس بۆیان دەبێتە پرسیار کە من چەندە یارمەتیم کردووە کە مافی دەربڕینی ئەم رایە بە خۆم دەدەم. سەرەڕای ئەوەی من ئەندامی حیزم نیم و ڕەخنەم لە ڕاسانی بەم شێوەیە و بەشێکی تر لە سیاسەتەکانی حیزب هەیە و چاوەڕوانی ئاکامێکی زۆر ئەرێنییان لێ ناکەم، چاوەم برییە هیممەتی ئەندامانی حیزب و بۆ ئاسوودەکردنی ویژدانی خۆم ڕادەی 2000 کرون یارمەتیم دا.

بەهیوای هەرچی خێراتر پێکهێنانی بەرەیەکی یەکگرتوو بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ڕاسانی هەموو گەلی کورد لە ڕۆژهەلاتی کوردستان

بەهێوای ئەوەی تا ئەو کاتە پێشمەرگەکانی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران پارێزراو و بێوەی بن.

فەرامەرز ئەڵماسی 30.06.2016