"an independent online kurdish website

ساڵانێکی دوور و درێژ، ئەنگوستە چاو!  

دوای سێدارەی کۆمارەکەت،   mejid-kakeweisi

ئازایانە دەستت دایەوە بەرخۆدان!

شار و دێ و کۆسارت بڕی،

دەرکەوتنەوەت تروسکەی ھیوا دایساند

چاوان، دڵان بوژانەوە،

ھۆرێزانەوە؛ ژیان ڕووناکایی تێزایەوە،

باڵات بەرز بوو؛ ئەوجارەیان بڵندتر بوو،

لە ھەر چوارلاوە ئەبینرا؛

ڕۆژ و ساڵ ھات و ڕۆیین و، تۆ؛

ھەر بەرزتر خۆتت نوواند،

بە بڕشت و ھیواو ھەڵمەت

شەپۆل شەپۆل وەکو دەریا

ھەروەک زەریا ئەکشایت، و

کوردستانت ئەتەنیەوە.

ئازادی؛ ژینی سەربەستی،

لە ھزر و دەستی قایمت،

ڕۆژ لە دوای رۆژ باڵای ئەکرد..

ئەزانی بۆ؟ ئەزانی چۆن؟

ئاخر؛ ئەو کات، ئەو ڕۆژانە

تۆ خاوەنی سەردارێک بوویت

تۆ خاوەنی فەرماندە یەک،

زانایەکی ناودار بوویت،

پیاوێکی ژیر و دانا بوو؛

ئەو؛ باڵای ھزر و باڵای دەستی،

زۆر بڵند بوون،

لە سیاسەت کەم ھاوتا بوو

لە وزە و ورەدا کێوەکانی کوردستان بوو.

ڕیبەرەکەت پارتیزانێکی شارەزا،

لە رێچارەی نەخشە ڕێگا، بەرچاو ڕوون بوو،

بەر پێ ڕەوان، بە پێنوس و  وزە و بزە،

ئەیجوڵاندی بەرە و ژوان.

ئەو ئەیزانی چۆن و بۆ کوێ ھەنگاو ئەنێی،

ئەو ئەیزانی گەشانەوەی ناو و دەنگت،

ھێز و بازووی دەست و چەکت

ھەنگاوی بەرەو لوتکە نان،

شۆڕ بوونەوە بۆ ڕێی ھەرمان،

دەنگ و ڕەنگت لە بەیانی ئاخی بەیان

بۆ باکور، باشور، ڕۆژئاوا، لێک ئە ئاڵاند.

ھەنگاوەکان لەو ڕێبەرە بە بڕشت کارزانەوە

وزە و ھیوای بەردەوامی پێ ئەدران.

ئەی ھات! ھەی داد! سەد مخابن!

لە دەست زوڵم و فێڵ و پیلان

چۆن ئەو ھەموو ھیوایانە لە بار بران؟!،

ئەژنۆکانی تۆیشیان شکاند!

زەبرێکی قورس و ھەژێنەر

لە پەیکەری جوڵانەوەی ھیوا دران،

بۆیە شکای، لاواز بووی تۆ!،

ساڵانێک دوور لە دوورەوە کپ کرایت، و

چاوەڕێی ھەل و مەرجێک بوویی.

خۆشبەختانە، بەھارت دیسان شکۆفا

پاش مت و مۆن؛ بەتاڵ بوونی ڕەقیبانت،

لە ھزر و ھۆش، دوای خاو بوونەوەی تەونەکان،

لە بازنەی تەلیسمی تاری تاوان،

دیسانەوە ھەلێک ھەڵکەوت، بەرەو ژوان.

زەمان ھات و گوزەری کرد، ئەزمون کۆ بوون

دوای ساڵانێک ھەستانەوە، ڕابوون چێ بوون،

دەنگی، دەنگی، مەترسن؛ ھاتینەوە،

ئامێزەکان، ژووانەکان بکەنەوە! ھاتینەوە!.

دەنگی دەستی ڕێبوارانی ڕێگای ھەرمان،

دیسانەوە ڕاسانەوە؛

ڕێگران و گوێ، گران؛

نەژنەوایانی ئازادی،

لە ناو خەوی ئاشۆ و پاشۆی خۆیان تاران.

 

مەجید کاکەوەیسی. بەھاری 2016 ز.

 

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی