"an independent online kurdish website

دوا نیوەڕۆی پێنج شەممە ڕێکەوتی ٧ی جولای ٢٠١٦ی زایینی بە بەشداری نوێنەرانی هێز و لایەنە سیاسییە کوردستانییەکان و کۆمەڵێک لە کوردستانییانی نیشتەجێی وڵاتی سوید،xopeshandan-dji-iran-20160707_0

خۆپێشاندێکی ناڕەزایەتی لە بەر دەرگای پەرلەمانی ئەو وڵاتە بەڕێوەچوو.

مەبەستی سەرەکی خۆپێشاندانەکە شەرمەزارکردنی کۆماری ئیسلامی ئێران بوو کە لە سێ حەفتەی ڕابردوودا چەندین جار هەڕەشەی بۆمبابارانی کەمپەکانی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێرانی لە ناو خاکی حکومەتی هەرێمی کوردستانی ئێراقدا کرد و هاوکاتیش دەستی کردووە بە تۆپ بارانکردنی ناوچە سنوورییەکانی نێوان باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە بەهۆیەوە زۆربەی گوندەکانی ئەو سنوورە چۆلکراون و زەرەر و زیانێکی زۆریش بە دارستان و ژینگەی ئەو ناوچانە کەوتووە.

لەگەڵ ناڕەزایەتی دەربڕینەکەشدا خۆپێشاندەران پشتیوانی خۆیان بۆ خەباتی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و سەرجەم ئەو پەنابەرە سیاسییانەی لە کەمپەکاندا لە باشووری کوردستان دەژین دەربڕی.

 

سەرەتا خۆپێشاندانەکە بە سروودی نەتەوایەتی ” ئەی ڕەقیب” دەستی پێکرد، دواتر پەیامی ناڕەزایەتی حیزبی دێموکرات لەلایەن بەڕێز ” ئەنوەر کاکایی” بەرپرسی کومیتەی حیزب لە سوید، بە زمانی ئینگلیسی خوێندرایەوە.

کاکایی لە پەیامەکەیاندا داوای لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ کرد کە ئەو دەستدرێژی و هەڕەشانەی کۆماری ئیسلامی ئێران مەحکوم بکەن و پشتگیری خۆتان بۆ گەلی بندەست و چەوساوەی کورد دەرببڕن.

لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەدا ئاماژە بە دەرەنجامی تێکهەڵچوونی چەکداری لەنێوان پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و سوپای پاسداران لە شاری شنۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کرابوو. هەر لە درێژەی ئەو باسەدا ئیشارە بە بەرپرسە باڵا و سەربازییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران کرابوو کە چەندین جار هەڕەشەی بۆمبابارانی کەمپەکانی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران و ئاوارەکان لە ناو خاکی هەرێمی کوردستانی ئێراق.

بەرپرسی کومیتەی حدکا لە سوید، لە کۆتایی پەیامەکەیدا وتی دانیشتوانی ئەو کەمپانە خەڵکی مەدەنین وەک ژن ومنداڵ و بەساڵاچوو و هاوکات کەمپەکانیش نەک بنکەی سەربازی نین بەڵکوو نەخۆشخانە و قوتابخانە و باخچەی ساوایان و شوێنی بەساڵاچووانی تێدایە، هەر بۆیە داوا لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی  و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ دەکەم ڕێگری لەو هەڕەشانەی کۆماری ئیسلامی ئێران بکەن و لەو پێوەندییەدا هەڵوێستی خۆتان دەرببڕن.

پاشان کومیتەی هاوکاری هێزە سیاسییە کورد و کوردستانییەکان لە وڵاتی سوید، کە زۆرینەی حیزبە سیاسییەکانی هەر چوارپارچەی کوردستان تێیدا بەشدارن لە سوید ، لەو خۆپێشاندانەدا بەشدار بوون و لایەن ” هەڤاڵ نیهاد ئاکار”ەوە پەیامێک خوێندرایەوە کە تیایدا وێرای مەحکوم کردنی هەڕەشەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ سەر هەرێمی کوردستان و ئاوارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، پشتیوانی خۆشیان لەو قۆناغە نوێیەی خەباتی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەربڕیبوو.

 

لە درێژەدا چەند پەیام و برووسکە خوێندرانەوەکە بریتی بوون لە:

پەیامی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران لە لایەن هاوڕێ خەلیل عەبدوڵاهی زاد.

پەیامی سازمانی دێموکراتیکی یارسان لەلایەن بەڕێز فەرشید سوڵتانی.

برووسکەی فیدراسیۆنی کۆمەڵە کوردستانییەکان لە وڵاتی سوید، لەلایەن بەڕێوەبەرانی خۆپێشاندانەکەوە خوێندرایەوە.

لەسەرجەمی پەیامەکاندا هەڕەشەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران کە وەک سیاسەتی تیرۆر و تۆقاندن ناویان دەهێنا شەرمەزار دەکرد و وێڕای دەربڕینی هاوخەمی لەگەڵ حیزبی دێموکرات و بنەماڵەی شەهیدانی قۆناغی نوێی خەبات، هاوکات پشتیوانی خۆیان بۆ هەر جۆرە هاوکارییەکیش نیشاندا.

لە کۆتاییدا ” کوردۆ باکسی”  ئەندامی پەرلەمانی سوید چەند وتەیەکی بە زمانی سویدی پیشکەش کرد و ئاماژەیدا بە سیاسەتی دڕندانەی کۆماری ئیسلامی ئێران لەهەمبەر کورد و هەر چەشنە هەڕەشە و دەستدرێژییەکی ئەو ڕێژیمەشی بۆ سەر کەمپەکانی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران مەحکوم کرد و وتی لە هەموو پارچەکانی کوردستاندا کوردەکان لەگەڵ دوژمنێک بۆ داوای مافی ڕەوای خۆیان دەجەنگن.

ناوبراو لە درێژەی باسەکەیدا تیشکی خستەسەر کۆماری ئیسلامی ئێران و هەڕەشەکانی ئەو ڕێژیمە بۆ سەر گەلانی ئێران و بە تایبەت گەلی کورد و گوتی، سەرکوتی خەڵکی ئازادیخواز، ئێعدامەکان، زیندانی کردنی چالاکانی سیاسی و مەدەنی، چەوساندنەوەی ژنان، لەناوبردنی ژینگەی کوردستان، ئاگرتێبەردانی دارستانەکان و تۆپبارانی شاخەکان و ‌هتد…….  کە لەلایەن ئەو ڕێژیمەوە دەکرێن بۆ ترساندنی خەڵک و درێژەدان بە داگیرکاریی کوردستانە بە شێوەیەکی ئامانجدار و پلان داڕێژراو.

 

شایانی وتنە کە خۆپێشاندەران دوای ٢ کاتژمێر لەگەڵ وتنەوەی درووشمی شۆڕشگێڕی دژ بە کۆماری ئیسلامی ئێران کۆتاییان بە خۆپێشاندانەکە هێنا و دەقی ناڕەزایەتی نامەکە لە لایەن هاوڕێیان پێکهێنەرانی خۆپێشاندەرانەکە درایە دەستی وەزارەتی دەرەوەی سوید.


نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی