پێناسەی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە چوارچێوەی هیچ چەمک و دەستەواژەیەکی سیاسیدا بە واتای حکوومەت خۆ نابینێتەوە و ئەوە دەکەوێتە دەست و مێشکی هەر کەسێک 
کە تەنیا دەسەڵاتێکی تەواو میلیشایی لە جوگرافیایەکی دیاریکراودا بە ناوی ”ئێران” و ئاڵایەک بە شوناسی ”عەرەبی”ییەوە کە ئەویش خۆی لە هەر بوارێکدا قسە و باسی خۆی لەسەرە، خۆ دەردەخات و ئاشکرا دەبێت.
لە ماوەی نزیک بە سێ دەیە لە دەسەڵاتداریی ”کۆماری ئیسلامیی ئێران” کە هیچ واتایەکی نیە جگە لە تیرۆر و کوشتن، بەرپرسانی ئەو ڕێژیمە یەک لە دوای یەک لە هەموو کۆڕ و کۆبوونەوەیەکی خۆیاندا لە هەر ئاستێکی سیاسیدا، تەنیا باس لە وێران کردن و سڕینەوەی دوژمنانی دەرەوە دەکەن کە ئەویش پێناسەی بۆ نەکراوە، کامەیە دوژمن و لەبەرچی دۆژمنایەتی؟. لە دەسەڵاتی ئێستای ڕێژیمی ئێراندا، ئەوەی کە جڵەوی دەسەڵاتداریی لەدەستە، گرووپێک یان باشتر وایە بگوترێت تاقمێکی دیاریکراون کە لە بازنەیەکی تەواو داخراو و ئەمنییەتیدا کار دەکەن و لە ڕەوتی کارەکاندا تەنیا مۆرەکانی جێگۆڕکێیان پێ دەکرێت و هیچیتر. ئەوگرووپە یا تاقمە لە ئێران گرووپێکی تەواو سەربازی و سەکوتکەرە کە بۆ ڕاگرتنی دەسەڵاتەکەی خۆی لە هیچ کارێک ناپرینگێتەوە و ئەوەی لە بەرژەوەندی و قازانجی خۆیدا بێت ئەنجامی دەدات، ئەوەش ناوی ”سپای پاسدارانی ئێران”ـە کە لە نێو هەموو وڵاتانی جیهاندا بە ئاژاوەچی، شەڕئەنگێزی، تیرۆزیزمی نێودەوڵەتی و پشتیوانی لە گرووپە توندڕەوەکان و دەستێوەردان لە کاروباری وڵاتانی ناوچەکەدا دەناسرێتەوە. سپای پاسدرانی ئێران، هێزێکی نیزامی و خوێنڕێژە کە بە کەڵک وەرگرتن لە هێز و کەرەستەی نیزامی، بە زۆر و کوشتوبڕ خۆی لە جوگرافیای ئێراندا بەسەر هەموو نەتەوەکانی ئێراندا سەپاندووە و هیچ جۆرە ئوسوول و یاسایەکی لە بواری ئاسایش و گوزەران و مافی نەتەوەکانی ئێراندا قبووڵ نیە و باسکردن لە ماف و ئازادی بە هاوردەی ئیستکبار و ڕۆژئاوا دەزانێت و کەسانێک یا ئەو نەتەوانەی نێو ئێران باس لە هەر مافێکی میللی، ئایینی و ڕەگەزی بکەن، بە توندترین شێوە سەرکوتیان دەکات.
سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێسلامیی ئێران، ساڵی ١٣٥٩ لەسەر بڕیاری خومەینی بەشێوەی ”جیهادی” دامەزرا و تا ئێستا خۆی بە نوێنەر و جێبەجێکەری بڕیارەکانی خومەینی دەزانێت و لە کاروباری خۆیدا چەند قسەی خومەینی کردووەتە سەردێڕی کارەکانی و لە ڕوانگەی ئەو هێزە میلیشاییەی سپای پاسدارانەوە، هەر کەسێک یان لایەنێک ڕووی لە سیاسەتەکانی ئێران وەرسووڕێنێت، تیرۆریست و سەهیۆنیستە، تەنانەت ئەگەر ئەو کەس یان لایەنە پێشتر هاوکاری بە ئەمەگی ئەو ڕێژیمە بووبێتن.
سپای پاسداران ئەگەر زۆر بە ساکاری و ئاسانی هەڕەشەی لەناوبردن و کوشتوبڕ و شەڕ دەکات، زۆر ئاساییە و ئەوەش بۆ چەند هۆکار دەگەڕێتەوە کە هەر لە سەرەتاوە ئەو ڕێژیمە بەمجۆرە هەڵسوکەوتی کردووە و هیچ بۆی گرینگ نەبووە.
یەکەم هۆکار بۆ لابردنی توندتیژی لە ئەدەبیاتی خومەینیدا دەگەڕێتەوە، خومەینی ئەدەبیاتی توندوتیژ، گوتاری پڕ لە شەڕ و هەڕەشە و لەناوبردنی هەموو ڕوانگە جیاوازەکانی بەکار هێنا و بۆ شەڕ دژی جیابیران و هەموو ئازادیخوازن، خۆی لە ناو ئایینی شیعه و دینی ئیسلامدا وەک نوێنەری خودا لە سەر زەوی دیاری کرد و بە کەیفی دڵی خۆی و لە ڕووی ڕوانگەی شەڕئەنگێزی و ئاژاوەچییەتی و جینایەتکارانەدا شرۆڤەی دینی و یاساکانی دینی دەکرد و خەڵک و نەتەوەکانی ئێرانی کوشتوبڕ دەکرد.
بەشێکی دیکە کە بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران لە هەموو دام و دەزگا ئەمنیەتی و نیزامییەکانی خۆیان بە ساکاری و ڕاشکاوانە هەڕەشەی سەربازی لە خەڵکی خۆیان و هەموو وڵاتانی جیهان دەکەن، بۆ پێوەندیی چڕ و پڕی ئەو ڕێژیمە لەگەڵ گرووپە توندڕەوکان وەک ”جەماعەتی ئیسلامی لە میسر، ڕێکخراوی تیرۆریستیی ئەلقاعیدە، داعش و حیزبوڵڵای لوبنان، حوسییەکانی یەمەن” و هەموو ئەو تاقم و لایەنە توندڕەوانە لە جیهان و بەتایبەت وڵاتانی دراوسێ دەگەڕێتەوە.
ئەوەی کە ڕوونە و ناوەرۆک و فەلسەفەی بوونی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران دەردەخات و سەرجەم بەرپرسانی ئەو ڕێژیمە بە هەموو هێز و تواناوە درێژە بە سیاسەتی کوشتار و تیرۆر لە نێوخۆ و دەرەوەی وڵاتانی دیکەدا دەدەن، سەلمێنەری ئەوەیە کە ئەو ڕێژیمە بە هیچ یاسایەکی نێودەوڵەتی و تەنانەت یاسای داڕێژراوی خۆیان پابەند نین.
ئەو ڕێژیمە تەنیا وڵاتێکە لە جیهاندا کە سیستمێکی کاری و ئیداری بۆ خۆی داڕشتووە و پێڕەوی لێ دەکات کە هێزێکی لە تیرۆریستانی فیرقەگەرا و میلیشایی چەکدار پێکهێناوە و گەورەترین جینایەتەکانی لەژێر ناوی وەک پشتیوانی لە هەژارانی جیهان، هەناردەکردنی شۆڕش کە بیرۆکەی چەوت و دزێوی خومەینە، ئەنجام دەدات، بەرپرسانی ئەو ڕێژیمە لەو باوەڕەدان کە ئەنجامدانی ئەو کار و ئەو کردەوە جینایەتکارانە لە ئیمامی زەمانیان نزیکتر دەکاتەوە.
لە دوایین هەڕەشەکانی ڕێژیمی ئێران بۆ لە ناوبردنی کوردستان و تۆپبارانکردنی هەرێمی کوردستان و هەروەها لە نێوبردنی وڵاتی ئیسراییل، لێدوانێکی تیرۆریستانە بوو کە هەر کام لە بەرپرسانی ئەو ڕێژیمە باسیان لێ دەکرد و لە دوای بەرپەرچدانەوەی یەکدەنگی گەلی کورد لەهەمبەر ئەو لێدوانانەی بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران، بەرپرسانی نیزامی و ئەمنییەتی ئەو ڕێژیمە، ئاسانتر لەوە بە چۆکدا هاتن کە تەنانەت خۆشیان باوڕیان بێت. ئەوەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە گەلی کورد و خەڵکی کورد ئەمڕۆ وشیارتر لە سەردەمی پێشوو لە پیلان و کردەوەکانی ڕێژیمی ئێران ئاگادارە و پرسی کورد لە ئاستی جیهاندا ڕۆژەڤی کۆڕ و کۆبوونەوە سیاسییەکانی جیهان.