Hoppa till innehåll
Hem » قۆناخی دوای داعش، قۆناخی رێنسانسە!، رەوف گوڵبەدەن

قۆناخی دوای داعش، قۆناخی رێنسانسە!، رەوف گوڵبەدەن

خاڵی بە یەک گەیشتنەوەی ئێران و تورکیا و هەروەها لەتە دەوڵەتە بندەستەکانی عێراق و سووریا کورد و کوردستانە کە بووەتە هۆی گۆڕان لە هاوکێشەکانی ناوچەکەreuf-golbeden-01

بە جۆرێک کە ئەمریکا و رووسیاش لەم هاوکێشەیەوە هەوڵی قۆستنەوەی دەرفەتە ئابووری و سەربازی و سیاسییەکان دەدەن!

نزیکبوونەوەی ئێران و تورکیا بە زلهێزێکی وەک روسیا دەتوانێت بە یەک پەیامی رواڵەتی ئاسایی ئەوە بێت کە تورکیا ئامادەیە لە سەر نەگەیشتنی کورد بە سەربەخۆیی و مافی چارەی خۆنووسین هاوپەیمانەتی لە گەڵ شەیتانیش بکات ( شەیتان وەک سیمبۆل لێرەدا بە کار هاتووە ئەگینا لە ئێران و تورکیا شەیتانترم پێ شک نایە).

بەم واتایە دەکرێت وای لێک بدەینەوە کە ئامانجی سەرەکی هاوپەیمانییەکە لە روانگەی تورکەوە تێکدانی بار و دۆخی کورد و سەرکوتکردن و خنکاندنی جووڵانەوەی رەوای کوردە!

ئەمە یەکێ لە ئامانجەکانی تورکیایە کە لە گەڵ ئامانجەکانی ئێران لە پێوەندی لە گەڵ کێشەی کورد لە رۆژهەڵات و باشووردا وەک ناوچەی ژێر هژموونی ئێران یەکدەگرێتەوە!

ئەمریکا و رووسیاش لە ناوچەکدا شەری بەرژەوەندی خۆیان دەکەن، لە پێناوی ئەم شەڕەدا هەموو کەس دەکەنە قوربانی و هەر بۆیە بادانەوەی تورکیا بۆ لای رووسیا و پێشوازی کردنی رووسیا لە ئەردۆغان دەبێت لە چوارچێوەی بەرژەوەندی باڵای رووسیا لێک بدرێتەوە لە پێوەندی لە گەڵ رۆژئاوا واتە ئەمریکا و ئورووپا و ناتۆ و هەروەها تورکیاش کە ئەندامێکی ناتۆیە!

هەتا چەند ئەندامێکی ناتۆ دەتوانێت ببێتە هاوپەیمانی رووسیا لە کاتێکدا بوونی ناتۆ لە بنەڕەتدا بۆ پاراستنی بەرژەوەندی ئەمریکا و ئورووپایە بەرانبەر بە رووسیا؟

ئەمە ئەو خاڵەیە کە ئەمریکا دەبێت بیری لێ بکاتەوە بۆ دەرهاویشتنی تورکیا لە ناتۆ لە ئەگەری بوونی هاوپەیمانەتی جیدی لە نێوان رووسیا و تورکیا و ئێراندا!

هەر هاوپەیمانییەک لەم کاتەدا بە بێ شک دەرئەنجامێکی لێ دەکەوێتەوە ئەگەر تەنانەت ئەو هاوپەیمانییە تاکتیکی واتە بە شێوەی کاتەکیش بێت!

رووسیا ناتوانێت لە گەڵ کورددا کێشەی هەبێت بەڵام رووسیاش وەک هەموو زلهێزێک لە ناوچەکەدا دەیهەوێت لە ئاکتەری چالاکی کورد بە قازانجی خۆی کەڵک وەربگرێت هەر وەک ئێرانیش دەیهەوێت لە ئاکتەری کورد لە باشوور و لە باکوور و تەنانەت لە رۆژئاواش بە قازانجی خۆی کەڵک وەربگرێت!

دیارە بە هۆی چالاک نەبوونی کورد لە رۆژهەڵات هەتا ئەم دواییانە ئێران هەستی بە هیچ مەترسییەک نەدەکرد بەڵام بەم چالاکییانەی دوایی و هاتنە کایەی دۆکترینێکی نوێ دژ بە دیکتاتۆری و بووژاندنەوە درۆشمی رووخاندنی کۆماری ئیسلامی ئێران دەکرێت لێگەڕێک بێت بۆ بە خۆدا چووەنەوە کە ناوبژیوانی کردن لە نێوان تورکیا و رووسیا لەم بازنەدا یەکدەگرێتەوە!

هەتا ئێرە دەسەڵاتدارانی تاران بەم هاونزیکبوونەوەیە چەترێکیان کێشاوە بە سەر ئەو هەموو جیاوازی و کێشانەی کە لە نێوان تورکیا و ئێراندا لە ئارادایە و تەنانەت شەڕی بریکاری ئەم دوو دەوڵەتە لە سووریا بۆ هەموو لایەک ئاشکرایە! شەڕی عێراقیش با بمێنێت کە هەر یەکەو لە بەرەیەکدا خەریکی کێبڕکێی هێزن!

کوا کێشەی نێوان تورکیا و ئێران چارەسەر کراوە؟

بە رای من هیچکام لە کێشەکانی ناوچەکە چارەسەرنەکراوە و ئێستا کورد وەک ئاکتەری چالاکی ناوچەکە لە هەموو بەرەکاندا ئامادەیی هەیە و شکانی یەک لە دوای یەکی داعش و داعشییەکان بووە  بە هۆی ئەوەی تورکیا هەست بە مەترسی بەهێزبوونی کورد بکات و ئیتر تورکیا لە ترسی کورد خۆی هاویشتووەتە ناو ئەم ریسکەوە و بەو جۆرە تورک چاوەڕێی ئەوەش دەکات کە لەوانەیە ئەمریکاش بکەوێتە ژێر کاریگەری ئەو هاوپەیمانییە و ئیتر لەوە زیاتر پشتیوانی لە هێزە کوردییەکان نەکات!

ئایەکوو ئەو چاوەڕوانییە لە جێگەی خۆیەتی؟

قۆناخی دوای داعش و کورد

کورد وەک یەکێ لە کاراترین ئاکترەکانی دژە ترۆر و بە تایبەتی دژە داعش ئیتر لەوە دەرچووە کە کەس بتوانێت بار و دۆخەکە بگەڕێنێتەوە بۆ سەردەمی پێش داعش، هەر بۆیە هەر هاوپەیمانەتییەک لە ناوچەکەدا بە بێ کورد بێتە کایەوە بە دڵنیاییەوە تووشی شکان دەبێت!

کورد لەم قۆناخەدا پێویست دەکات لە چوارچێوەی بەرژەوەندی باڵای نیشتمانی و کوردستانی لە گەڵ یەکدا کۆ ببنەوە و بەو هێزە کە هەیانە خۆیان بۆ قۆناخی دوای داعش ئامادە بکەن کە لەوانەیە دوا قۆناخی شەڕی ساخکردنەوەی ناسنامەی کورد بێت!

قۆناخی دوای داعش و ئێران

ئێران وەک یەکێ لە دواکەوتووترین سیستمەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست گەورەترین قازانجی لە دەرکەوتنی داعش کردووە و هەتا ئەم ساتەش لە هیچ کوێیەکدا داعش نەبووە بە مەترسی بۆ  سەر ئێران، هەرگیز داعش بەرەی شەڕی دژی ئێران نەکردووەتەوە و ئەمە یەکێ لە سەرنجڕاکێشترین هۆیەکانە کە بۆچی ئێران لە بوونی داعش قازانج دەکات !

لە دوای شکستی یەکجارەکی داعش، هێزە هەناردەکانی وەک سپای قۆدس و کلکەکانی لە عێراق و سووریا و لۆبنان و یەمەن و کوێ و کوێ، چییان بە سەر بێت؟

قۆناخی دوای داعش لە راستیدا قۆناخی گەڕانەوەی ئاژاوە و شەڕە بۆ ئێران و ئیتر هەناردەکان پێچەوانە دەبنەوە و نۆرەی ئێرانە کە دەبێ خۆی بۆ شەپۆلی گۆڕانکاری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئامادە بکات!

ئێران پۆتانسیەلی گۆڕانی تێدایە و هەر بۆیە دەسەڵاتدارانی ئێران لە راستیدا رێک لەو پۆتانسیەلە تۆقیون کە قۆناخی دوای داعش بە دوای خۆیدا دەیهێنێت!

قۆناخی دوای داعش و ئیسلامی سیاسی

قۆناخی دوای داعش دەبێتە هۆی کزبوونی ئیسلامی سیاسی لە ناوچەکەدا و بە جۆرێک کە دەسەڵاتەدارەکانی ناوچەکە ناچار دەبن روو بکەنە رێفۆرم بۆ ئەوەی دەسەڵاتی خۆیان بپاریزن بەڵام لەوە دەچێت قۆناخی دوای داعش شەپۆلەکەی لەوە بەهێزتر بێت کە دەسەڵاتدارە کۆنە پاریزەکان بیری لێ دەکەنەوە و ئیتر داعش رەنگەکان یەک لە دوای یەک دەبێ خۆیان بۆ قۆناخی دوای داعش ئامادە بکەن کە سەرەنجامی زۆرێک لەوانە باشتر لە مۆحەمەد مۆرسی یان سەدام و قەزافی نابێت!

قۆناخی دوای داعش و کوردستانی سەربەخۆ

کوردستانی سەربەخۆ وڵاتێکە لە ناخی کۆنەپەرەستانی سەدەی بیست و سەدەی بیست و یەکدا سەری هەڵداوە!

کوردستان بەشێکە لەو رێنسانسەی کە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەبێ چاوەڕێی بکات!

کوردستان ئەو ” میناکە ”یە کە دەبێ وڵاتانی قۆناخی دوای داعش لە بەری بگرنەوە!

قۆناخی دوای داعش، قۆناخی رێنسانسە!

رەوف گوڵبەدەن

21.8.2016 ز