هەڵۆکانی زاگڕۆس لە ڕاگەیەندراوێکدا بە سەزا گەیاندنی دوو جاش لە ناوچەی بۆکان یان ڕاگەیاند.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە کە :” لە درێژەی هەڵمەتی نەگۆڕی هەڵۆکانی زاگرۆس، دوو جاش بە ناوەکانی عوسمان خەبات و عەبدوڵڵا کەربەلایی لە ناوچەی بۆکان کەوتنە بەر چنگی هەڵۆ تیژباڵەکانی خۆرهەڵات و بە سزای تاوانە دژی گەلییەکانی خۆیان گەیشتن. کاتژمێر ١٢.١٠خولەکی شەو جاش عوسمان خەبات لە ئاوایی ناچیت کەوتە بەر پەلاماری گورچووبڕی هەڵۆکان. هەروەها کاتژمێر ١٠،٣٠شەو لە ئاوایی سەرچنار، جاشی دژی گەلی عەبدووڵا کەربەلایی کەوتە بەر پەلاماری هەڵۆکان و بە سزای خیانەتەکانی بە خاکی پیرۆزی نیشتمان و ڕێبازی کوردایەتی گەیشت“.
هەڵۆکانی زاگڕۆس بە هۆی هەستیاربوونی شوێنەکە و پاراستنی گیانیان لە چوونە سەر کەلاکی بەکرێگیراوان خۆیان پاراستووە و لە مان و نەمانیان دڵنیا نەبوونەوە.
هەروەها حدک لە ڕاگەیەندراوێکی جیاوازدا و لە ناوچەی سەردەشت شەهید بوونی دوو پێشمەرگەی ڕاگەیاند.
لە ڕاگەیەندراوەکەی حدک هاتووە کە:” دەستەیەک لە پێشمەرگەکانیان لە ناوچەی بوڵفەت لە شوێنێک لە نێوان ئاواییەکانی کانی زەرد، وەردێ و گڵکەند لە گەڵ تەڵەی ئینفیجاری و کەمین بەرەوڕوو بوون. بە دوای تەقینەوەی تەڵە ئینفیجارییەکە کە لە ژمارەیەک مینو گوللە تۆپ پێک هاتبوو، هێزەکانی ڕێژیم لە پێگە نیزامییەکانو ئەو شوێنانەی پێشتر لێیان جێگیر ببوون، شوێنی ڕووداوەکە و مەسیرەکانی دەورو بەریان دایە بەر دەسڕێژ و تۆپ و خومپارە باران. پێشمەرگەکان لە مەسیری دوورکەوتنەوە لە شوێنی تەقینەوەکە، لە هێزەکانی ڕیژیم وەدەست هاتنو، بەرپەرچی دەسڕێژو تەقەی ئەوانیان دایەوە. بە هۆی تەقینەوەی تەڵەی ئینفیجاری، بە داخێکی گرانەوە، دوو پێشمەرگەی بەوەج و لێهاتوو بە ناوەکانی ئازاد ئاڵی خەڵکی گوندی “دۆڵەگەرم”ی سەردەشت و ئەمیر قادریان ناسراو بە ئەمیر نەستانی خەڵکی نەستانی ناوچەی ڕەبەت، گیانیان لە دەست دا و چوونە ڕیزی کاروانی سەربەرزی شەهیدان“. 
هەر لە درێژەی پێکدادانەکان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و لە ناوچەی بۆکان شەوی چوارشەممە هێرش کراوەتە سەر دوو مۆڵگەی رێژیم لە ئاواییەکانی سەرچنار و ناچیت.
بە پێی هەواڵێک کە ڕۆژی کورد لە زار سەرچاوەیەکی باوەر پێکراو بڵاوی کردۆتەوە، ئەو هێرشانە لە لایەن پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە ئەنجام دراوە و دەگوترێ کە ژمارەیەک لە هێزەکانی رێژیم کوژراو و بریندار بوون کە ژمارەیان روون نەبۆتەوە.
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ئەو دوو چالاکییەکی ناوچەی بۆکانی پشت ڕاست کردۆەوە.
