ئەگەر بمانەوێی بەوردی سرنجێکی دەسکەوت و زیانەکانی ڕاسان بدەین دەبێی ئاوڕێکی ورد لە رابردو بدەینەوە و بزانین بۆچی کۆماری ئیسلامی ئێران هەر لە سەرەتاوە هێندە بەوحیزبەوە هەراسان بووە.
ڕاستیەکەی ئەوەیە بە بۆچون و لێکدانەوەی ئەوان تەنیا حیزبێکی کوردی لە ڕۆژهەلاتی کوردستان بەرەو ڕوو بونەوەکەی دەگەڵ ئەوڕێژیمە بەرەنگاریـەکی جەماوەری بێی ئەو حیزبەیە. نازانێی بە چ بارێکدا لێیبداو چۆن بێهێز یان لە ناوی بەرێ، چونکە ئامانجی ئەو حیزبە هی هەموو گەلی کوردەو پێکهاتەی حیزبەکەش لە هەموو چینو توێژو ئیدەو ئایینەکانی کوردە. کەوابوو لە ڕاستیدا دەبینێ دەگەڵ هەموو گەلی کورد بەرەو ڕوویە. گەورەترین و کارگەرترین چەکی کە تائێستا ئـەو ڕێژیمە دەگەڵ گەلی کورد شەری پێکردوە چەکی ئایین و مەزهەبە. هۆیەکەشی ئەوەیە زۆرینەی زۆری خەڵکی کوردستان خاوەن ئیدەو ئایینی مەزهەبین و بـە پێی سروشتی خۆیان حیزبی دژە ئـایینیان خـۆش گەرک نیە . حیزبی دێمۆکڕات دەگەڵ ئەوەی خۆی حیزبێکی ئایینی نیە بەڵام چونکە لەسەر بناغەی بەرژەوەندی گەل و ڕێزدانان بۆ ئیدەو ئـایینی گەل دامـەزراوەو ، ڕێـبەری دامـەزرێنەری مەزنە پێشەوایەکی ئایینی بـووە زۆرینەی گەلەکە ئەگەر ئەندامیش نەبن، هاوکاریشی نەکەن دژی نابن و بێگومان لە بەرانبەر ئەوانەدا کە دژی باوەڕە ئایینیەکەیانن ئـەو هەڵدەبژێرن. شاراوە نیە ئەو چەکەی ئەو ڕێژیمە تا ئـەوڕۆش شەڕی کورد بـەگشتی و حیزبەکانی ڕۆژ هەڵاتی کوردستانی بە تایبەتی پێکردوە هەر ئایین بووە. لە بیرمانە کە فتوای جیهادی بەسەر ئەو گەلەدا داوە ، کە بەهێزەوە هەرماوەو تەنیا شێوەی کار پێکردنەکەی گۆڕاوە. هەمیشە تۆمەتی کافرو دژە شۆڕشی داوەتە پاڵیان. نایشارمەوە هەڵە و هەڵویستی هەڵنەسەنگێندراوی خۆشمان لێرو لەوێی ناڕاستەو خۆ یارمەتی داوە. زۆر جار نەزانانە لە ڕوی ئیحساساتەوە هێرشمان کردۆتە سەر هێندێک لـە پیرۆزیـە ئـایینیەکان و جـاروبـار پەلاماری ئیسلامیشمان داوە، کە دڵنیام ئەوە لە بەرنامەی ئەو حیزبەدا نیە. ئەوەش لە خۆیدا کاری لە هێندێک خاوەن بـڕوا ئایینیەکان کردوەو کەڵکی خراپیشی لێوەر گیراوە، بـۆیە ئێمە دەکرێ و ئاساییشە بڕوای ئایینیمان نەبێی ، بـەڵام بـەباوەڕی من لـە هیچ حاڵەتێکدا دروست نیە بێحورمەتی بە ئیدەو ئایینی هیچ حیزب و گروه و کەسو کەسانێک و زۆرینەی گەلەکەمان بکەین. ئێمە دەبێێ هەمو بیرۆکەیەکی خۆمان بەشێوەی زانستی و مەنتیقی و ئازادانە بە خەڵک بسەلمێنین.
ڕێژیمی ئێران بە تەرفەند و پیلانە دژەکوردیەکانی و بە هاوکاری دۆستانی ڕواڵەتی ئێمە بەبێی شەڕو شووڕو زۆر بەهاسانی لە سنورەکانمان دوری خستینەوە ولە شوێنێکی دەور لێدراودا قەتیسی کردین و زۆر بە توندیش خستینیە ژێر چاوەدێری و هەموو جمو جۆڵیکمان چ سیاسی و چ نیزامی ڕاستە و خۆو ناڕاستەوخۆ لە ژێر کۆنتڕۆڵ دایە. ئێمە وەک ئوسول و پڕەنسیپ ئەوەمان بە خاتری بەرژەوەندی باشوری کوردستان قەبوڵ کرد، بـۆ ماوەی (٢٠ ) ساڵ زیاتر وازمان لە بەرگری ڕەواو بەرەنگاری هێنا. لەوماوەیەدا جەماوەرێکی زۆرمان بە ناچاری ڕویان لە هەندەران کرد لەو ماوەیەدا ڕیژیمی ئێران بەشیوەی تێرۆڕ و ڕەشە کوژی دەستی لێ نەپاراستین و داموو دەزگای دەسەڵاتداری دەرەوەش لە سەرەخۆشی سەرزارەکی زیاتر هیچیان بۆ نەکردین !! ڕۆڵەی زۆر بە نرخمان بـەو شێوە نـامرۆڤانەیـە شەهید کران . لەوانەش گرینگتر هەوڵی ئەوە دەدرا و دەدرێ کەسایەتی و ئیعتیباری حیزب بێننە ژێر پرسیارو تەپڵی نەمان و بەستراوەیی و چی و چیمان بۆ لێدەدەن ، هێندێک لە دۆستانیش بەخشکە تەوسو پلارمان ڕێدەهاڵێنن !! جیا لەوانەش لە ناوخۆشدا لە ژێر ناوی جۆراو جۆرو بەتۆمەتی ناڕەواو هەڵبەستراوهەوڵی ئەوەیان داوە حیزب و گەڵ لە بەرانبەر یەکتر ڕابگرن و پێکەوە بە شەڕیان بدەن. حیزبی دێمۆکڕات بۆ نـە شێواندنی مێژوی پـڕ لـە شازی خۆی و ڕابون بە ئەرکە مێژوییەکەی دەبو هەڵویستی ژیرانە بگرێو بەرپەرچی ئەو هەمو نەخشەو پیلانانە بداتەوەو ئەو تەون و بەستانە پوچەڵ بکاتەوە. تەنیا ڕێگا بۆ ئەو کارەش (ڕاسان) بوو. ڕاسان هەر چەند دەسپێکی قوناغێکی نوێێ بوو ، بەڵا م بە جۆرێک خەوو خەێاڵ پڵاوی کۆماری ئیسلامی شێواند و شڵەژاند کە لە فەرماندەی پایەگایەکەوە تا دەگاتە سـەردارو سەرکۆمارو ڕێبەر، ڕایچڵەکاندن و تاساندنی. سەریان لەوە سوڕمابوو ئەوەی ئەوان بە نەماو یان بەلاوازیان بەخەڵک ناساندبوو ئێستا ماوە و بەهێزەوە دیسانەکە ڕاساوە. ئەوانەی فاتیحای مەرگیان بـۆ خوێند بوون نەک نەمردون بـەڵکو مـۆتەکەی مەرگیان بـۆداگیر کەران ـو بەکرێگیراوانیان هێناوە . ئەو هەڵوێست و هەنگاوە بوێرانە ڕووحێکی تازەی کردەوە نـاو جەستەی سڕکراوی گەل. ئەو ڕاسانە بو بە پێخۆری باسەکانی دۆست و دوژمن و بێگانە، ڕاستە گیانی چەند ڕۆڵەی بەوەجی بۆ کرا قوربانی، بەڵام گیانی هیوا و هومێدی خستە ناو دڵی ئەویندارانی ئازادی و ڕزگاری نیشتمان و گەڵ. دەزگای پڕوپاگەندەی دۆست ودوژمن هاتنە سەرخەت ، هەر کامەیان بە بۆ چوونی خۆیان لێکیان دەداوەو بەرداشتیان لێدەکرد . دۆستان کە دەتوانم بڵێم سەدی (٩٩)ی گەلی ڕۆژ هەڵاتی کوردستانن بە ئاشکراو نهێنی پێی گەشانەوەو بوژانەوە. لە دنیای دەرەوەش دەنگدانەوەکەی کەم وێنە بوو . دوژمن و نەیاریش تاسان و کەوتنە پەلەقاژەو بە بێی تێڕوانین و هەلسەنگاندن و لێکدانەوە هەڵوێستیان دەگرت . دوژمـن بە تەواوی ڕەدی دەکردەوەو بەهەموو جۆرێک دەیەوست بە کەمی بگرێ و ڕاستیەکان بشاڕیتەوە. بە بوختانەکانی سەردەمی فتوای جیهادی گرێی بداتەوە. نەیاران تێدەکۆشان کەمڕەنگی بکەن و بە هێندی نەگرن و شاخو باڵی ناحەزی بۆ دروست بکەن . بە باوەڕی من هەموی ئەوانە چاوەڕوان کراو بون مێژوش هەروا هاتوەو ڕابردوە، بۆیە کەس دەرسی لێوەر نەگرتوە !! ئەوەی جێگای تێڕوانینو داخە ئەوە بوو : هێندێک کەس تەنیا بەسیلەی چاوو ئەویش لـە تاریکیدا لێیان دەڕوانیو ئـەو بـەرگریە ڕەوایەیان بـەشەڕی ماڵویرانکەرو چیو چی ناو دەبرد !! پێیان وابوو دەبێی بەنوسینو گوتنو کۆنفەڕاسو دیمانە ، واتە بە خەباتی مەدەنیانە [خەباتی مەدەنیانە پیرۆزە بەڵام لە کوێو بەدژی کێی ؟!] ئەو ڕێژیمە بێنیە سەرئەو باوەڕە کە کورد هەیەو داوای مافی چارەی خۆنوسینیشی بە جێیەو ڕەوایە. جێگای داخە ئەوانە یـان تێنەگەیشتون یـان خۆی لێی گێل دەکەن کە دوای زیاترلە (٤٠)ساڵ خەباتی خوێناویومەدەنیش تۆزقاڵێک لە نیازو سیاسەتە دژە کوردیەکەی کۆماری ئیسلامی ئێران نەگۆڕاوە.ئەوکۆمارە بـڕوای بە مەدەنیەت نیە تا بەوشێوەیە دەگەڵ تۆ ڕەفتار بکا ! بڕوای بـەمافی نـەتەوایەتی نیە تامافی گەلی کورد دەستەبەربکا ! بروای بەجاڕنامەی گەردونی مافی مرۆڤ نیە تا دەگەڵ مرۆڤەکان بەو پێوەرە عەمەل بکا ! بڕوای بەمافی چارە نوس نیەو دەبێی ئەو چارەنوست بۆ دیاری بکا ! ئەو ڕێژیمە لە سەر بناغەی ویلایەتی فەقیه دامەزراوە کە حوکمی تاکەو بەرنامەی ئەو پیادە دەکا. دەگەڵ ڕێزم بۆ ئەوانەی پێیان وایە دەگەڵ ئەو ڕێژیمە دەکرێی کار بە مەدەنیەت بکەی، بـەڵام بـەداخم کە ڕابردولە بەرچاو ناگرنو شتەکان وەک هەن ناخوێننەوە. دەگەڵ ئەوەش پێموانیە نازانن ، بەڵام باوەڕموایە ، بەخراپ زانینی ئەو ڕاسانە لەلایەن هێندێک کەسەوە لـە (خۆشەویستی عەلی نیە لە بوغزی عومەرە ) ناتوانن هەلوێستی دروستی حیزبێک کە دۆستیان نیە، یان ڕکەبەری سیاسیانە، یان خۆشیان ناوێێ، یان قازانجێکی خۆیانی تێدا نابینن، پشت ڕاست بکەنەوە. دیارە هێندێک لە دەزگا تەبلیغاتیە کانیش بەمە بەست دەگەڵ ڕشتنی فرمێسکی حەرام، ترسو دڵەڕاوکێیان بڵاو دەکردەوە . دیارە زێدە لەو هەمو دەسکەوتانە ، ناسینی دۆستو، دیاریکردنی ئەو بەناو دۆستانەو ، تـاساندی ئـەو دوژمـنانەو زۆریتریش بـەڕای مـن دەسکەوتی ئەو ڕاسانەمانە.
حاشای لێناکرێی شەهیدی زۆر بەوەجمان داوە ،بـۆ ئـەو دەسپێکردنەوەیەش زۆر بـوون ، بەڵام نابێی لە بیرمان بچێ ئەوانە نەهەوڵێنو نە دوایین شەهیدمانن ،ئێمە لە ڕێبەرایەتیدا پێسەوامان قازی ، قاسملو ، شەرەفکەندی، لە فەرماندەکانمان ،هەژار، سەرگورد عەلیار، برایم شێخاڵی ، عومەرقەیتەران ، هەمزە بهنام ، مەنسور فەتاحی شاروخ مرادی ، کاک شوان، قاسمی باقی ،وەستا ئەحمەد، محەممەد زەنگەنە، چرچەی بارام میرزاو دەیانیتریش کە دەگەڵ داوای لێبوردن ناویانم لە بیر نەماوە ، پێشکێش بە بارەگای نیشتمانوگەل کردوە. بۆیە ئێمە شین ناگێڕین قوڕ ناپێوین ، حەزیشمان لە شەهیدبون نیە ، بەڵام ئامانجەکەمان کە ڕزگاری زیدو گەلە بۆیە دەبێی قوربانی بەنرخی بۆ بدەینو ڕاسپاردەی ڕیبەری شەهیدمان قاسملو بەڕیوە بەرین کە فەرمویە : ( باشترین پاداشت بۆ شەهیدان درێژە پیدانی ڕێگایانە .)
جیالەوانە ئەو ڕاسانە دۆستو دوژمنو دلسۆزو ئێرەیی بەریشی پێناساندین . ڕوحێکی نوێی خستەوە بەرجەستەی شۆڕشەکەمان ، هێزوهیوایەکی تازەی دابە پێشمەرگەو کادروئەندامو لایەنگرو گەل بەگشتی . نیشانی دا کە شۆڕش نەفەوتاوەو نەوەستاوە . بەدوژمنی سەلماند کە دڵنیابێی تا ئەوڕۆژەی وڵات ئازادو گەل سەربەخۆدەبێی پێشمەرگە نابەزیو ناسرەوێیو کۆڵی نەداوە. ئەگەر بەو بیرە چەوتەوە کە کورد مافی نیەو هەر بۆ ژێر دەستەیی ئەوان دروست کراوە خۆی دڵخۆش کردوە ، دڵنیابێی ئەوە تەنیا خەیاڵەو نیشانەکەی نەپێکاوە. بەدژبەرانی سیاسی خۆشمان دەڵێێن : بـا ڕاستیەکان وەک هەن ئـاوا ببینن ، بـاشەکانی بەدڵفراوانیەوە بسەلمێنن ، بۆ هەڵەکانیش ڕەخنەمان لێبگرنو بۆلابردنیانو ڕێنوێنی کردنمان غـیرەتی شۆڕشگێڕانە لەخۆیان بنوێنن. ئێمە دوژمنی یەک نین، وڵاتمان یەکە ،ئازادکردنی ئـەرکی هاوبـەشمانە ، دەسکەوتی تێکۆشانـو سەرکەوتن بـەشی هەمومانـە ، دوژمنی داگیرکەریش دوژمنی هەمومانە،کوردستان شوێنی پێکەوەبونی هەتا هەتاییمانە ، بەوهەمو هاو بەشیانە ئەرکی هاوکاریو بـرایـەتیمان لەسەر شانە.
زیانەکانی ئەوڕاسانە کە بە شەهید بونی پۆلێک لە ڕۆڵە باشەکانی گەل تەواو بو بێگومان برینێکی قورسو قوڵو بەژانە ، ئەوانە ئەگەر دەستی غەدرو خەیانەت لێگەڕابا دەبونە ڕێبەرو فەرماندەیەک کەحێزبو گەل پێویستیانە. ڕەنگە هەرئەوەندە بەسبێ بۆ دیاریکردنی خەسارەکانی ئەو ڕاسانە،چونکە هەر خەسارێکیترلـەبەرانبەر گیانی شەهیدانمان بێبایخە. دەگەڵ ئەوەش خودی ئەو برینە بە ئێشە دەکرێی گەلێک دەرسو پەندی بۆ ڕێبەرانو کادرو پێشمەرگەکانونەوەی دوایی تێدابێی ،کە بە باوەڕی من دەبێێ قبوڵی کەین کە هەلو مەرجو کەشو هەوای سیاسیو ئەمنیەتی ناوچەکەمان بـاش دەرک نـەکردبو شێوەی کاری نوێمان وەک پێویست بووهەڵـنە سەنگاندبو،قوناغی ئێستای خەباتەکەمان بە سەبکی پێشوو دەست پێکردبو. ، زانیاریو و ئاگاهی تەواوو هەڵسەنگێندراوو بەرچاو ڕونی پێویستمان بـۆ ئـەو قۆناغەیە نەبوو، ئێستا کە زیاتر لـە( ٢٠ ) ساڵە ڕێژیم لەو بوارەدا کاری لەسەر کردوەو خەرجێکی زۆری بۆ داناوە ، زۆرکەسی ساکار ، یان ترسنۆکو تەماعکاری فـریوداوە ، زۆر لاوی هـەڵخەڵەتاوی بـە پێی بـەرژەوەندی خۆی ڕاهێناوە، پێشکەوتوترین ئامرازی وەرگرتنی زانیاری لەئیختیاری بەکرێگیراوەکانی ناوە ،هەموی ئەوانە پێمان دەڵێن: دەبێی بۆ ئەوهەلومەرجو قوناغەو ئامادەکاریەی دوژمن ،تۆش ئامدەگی بەرەنگاربونەوەی ئەو دوژمنەت بەئامرازی پوچەڵکردنەوە ئەو داووتەلەسمانە هەبێی ئەگینا زەربەت وێدەکەوێی. لەدوایین قسەم دا دەڵێم : پێویستە حیزب لە کۆنگرەی داهاتودا دروشمی پێکەوە گرێدانی خەباتی شـاخو شار بە بەرنامە داڕێژیەکی وردەوە بکاتـە خاڵی گرینگی بـەرنامەی کارو قازانجو بەرژەوەندو زەرەرو زیانەکانی لێکداتەوەو ئاوڕێکی وردترلە پیوەندیەکانی نهێنی ناوخۆ بداتەوە،ڕێگا چارەی مەعقولوهەلسەنگێندراو دیاری بکاو لە بەرنامەی کاری داهاتوی حیزبدا بیان گونجێنێو جێگایان بکاتەوە. ئەوەی من لە ئەزمونی( ٤٠) ساڵەمدا وەرمگرتوە ئەوەیە کە دوژمنانی گەلی کوردبەگشتیو دەسەڵاتدارانی ئێران بەتایبەتی هەرگیز ئامادە نەبونو نابن کە مافی دیاری کردنی چارەی خۆ نوسین بۆ ئەوگەلە بسەلمێنن، ئەوەش مێژوی ڕابردومان نیشانیداوە ، بـۆیەش ڕاسان وەک هەڵوێستێکی ژیرانەو بوێرانەو پێویستی قوناغی ئێستای خەباتەکەمان لەلای زۆران ناسراوو قبوڵکراوە. بەرەنگاری دوژمنێک کە هیچ یاساو ڕاسای مرۆییو ناودەوڵەتی قبوڵ ناکا، ئەرکێکی قورسەو قوربانی زۆریشی دەبێی . ئەوەی بۆ حیزب گرینگەووەک دەکوترێی خەتی سورە، ئـەوەیە کە حیزب سەربـەخۆیی لـە بڕیارداندا کە تایبەتمەندی خۆیەتی بپارێزێی. من دڵنیام بـەبونی سەربەخۆیی بـڕیاردان دەتوانین لـە درێژ خایەندا بەسەر هەمو کەندو کۆسپو تەگەرەکاندا زاڵ بین.
خوێنەری بەڕێز ئەوەی خوێندتەوە تەنیا ڕاو بۆ چونی خۆمە ، ئەگەر خێری هەبو با بۆ حیزب بێی ، ئەگەر شەڕیشی هەبو بۆ خۆم.
بەهیوای سەر کەوتن
براتان مەلا برایمی مەجید پور ١ / ١٠ / ٢٠١٦
١٠ ی ڕەزبەری ٢٧١٦ ی کوردی