ئەمریکا هەر لە ڕووخاندنی تاڵەبانەوە هەتا ڕووخاندنی سەدام هەتا چاوپۆشیکردن لە دزەکردنی کۆماری سێدارە لە بە غدا و تەنانەت بە پشتیوانیکردن لە سیاسەتەکانی مالکی گەورە مۆرەی ئێران
لە پێکهێنانی حەشدی شەعبی( داعشی شێعە)، ئیتر دوای ئەم قۆناخە بە واژۆکردنی پێکهاتنە ئەتۆمییەکەی لە گەڵ ئێران، ناوچەکەی ڕادەستی کۆماری سێدارە کرد!
پاسدارە تۆندئاژۆکان جڵەوی دەسەڵاتیان هەتا سنووری عەرەبستان گرتە دەست و هەتا عەرەبستان و هاوپەیمانی عەرەبی لە یەمەن کەوتنە خۆ و کەم تا کورتێک دەستی ئێرانیان لە یەمەن قرتاند!
بەهێزبوونی هاوپەیمانی عەرەبی هاوکێشەکانی ناوچەکەی بە دژی ئێران گۆڕی و ئێرانیش وەک گەورەترین هێزی بەرەی شێعە کەبە هیلالی شێعە بە ناوبانگە دیسانەوە بێدەنگ دانەنیشت و هەلی داب ونەرێتی حەجی بۆ مەبەستەکانی خۆی قۆستەوە و بە ناردنی تاقمێک لە پاسدارە خاوەن تەجرۆبەکانی خۆی بۆ نانەوەی ئاژاوە بۆ عەرەبستان لە مەراسمی حەجی ئەمساڵ ویستی هەم عەرەبستان نائارام بکات و هەمیش تۆڵەی شکستەکەی یەمەنی لێ بکاتە بەڵام نەخەشەکانی نەیگرت و بەپیلانەکەیان زانی و خەونەکانی هەموو پووچەڵ بوونەوە!
تێکشکانەکە هێندە گەورە بوو کە خامنەیی لە ناو تاقمێکی پلەبەرزی سەربازی هاتە سەر هێڵ و بە ئاشکرا هەڕەشەی لە عەرەبستان کرد!
ئەو پەچەکردارە بە پەلە و کتوپڕە بە لاوازی و شکست بۆ سیاسەتە هەڵەشەکانی کۆماری سێدارە لێکدەدرێتەوە! هەڕەشەکەش ئەوەندەیتر ئەو بیرۆکەیە بەهێز دەکات کە ئێران شکستێکی زۆر گەورەی لەو پیلانەدا خواردووە! دواتریش دیتمان لە ژێر چەتری ئەمنیەتی هێزەکانی رووسیادا هێزێکی سپای پاسداران چووەتە ناو سووریاوە! ئەو کردە لە ناکاوەش لەوانەیە بەوە لێک بدرێتەوە کە کۆماری سێدارە کەوتووەتە ناو ئەو زۆنگەوە کە ڕزگاربوون لێی بە زەحمەتە!
هەر لەم ساتە وەختەدا بوو کە ڕووسیا و ئێران و عێراق وسووریا و حێزبۆڵا هاوپەیمانییەکی بە پەلەیان پێکهێنا!
ئایەکوو عێراق و سووریا و حێزبۆڵا، سێ داڕووخاو و وێران لە شەر و دۆڕاو لە ناوچەکەدا بۆ ئەوە دەبن لەگەڵ رووسیا ببنە هاوپەیمان؟!
من ئەو هاوپەیمانیە تەنیا بە هاوپەیمانی ئێران و ڕووس ناودێر دەکەم، لە بەر ئەوەی کە عێراق بە ناو ماوە و کوردستان بە کردەوە ئیتر لە مێژە جیایە لە عێراق و هەروەها یەک لە سێی خاکی عێراق لە ژێردەستی داعشدایە و ئەوەی وا دەمێنێتەوە تەنیا بەغدایە کە لە ژێر ڕکێفی ئێراندایە و بە بێ ئیزنی ئێران دەست بە ئاودا ناکا!
ئەوە سیاسەتی ئێرانە کە ئەو نیمچە حکوومەتە داڕووخاو و وێرانەی بەغدا بە حکوومەتی عێراق ناو ببا کەئەویش زیاتر بارێکی ڕەوانی هەیە بۆ بەرزبوونەوە ورەی هێزەکانی شێعەی سەر بە ئێران!
سووریاش لە عێراق وێرانترە و بەشار ئەسەد هەر وەک نەبوو وایە و ئیتر هاوپەیمانی لە گەڵ نەبوو بێ مانایە!
ڕۆژئاوای کوردستان خاوەن قورسایی خۆیەتی لە کێشەکانی سووریا و ناوچەکەدا کە ئەمەش لە بەر کوردبوونی بە قازانجی ئێران نابێ بەڵام ڕووسیا لە گەڵیدایە!
دەمێنێتەوە حێزبۆڵا کە ئەمە لە هەمووی خۆشترە بۆ زلهێزێکی وەک ڕووسیا لە گەڵ حێزبۆڵای ترۆریست هاوپەیمان بێت کە بە ئاشکرا ئێران بەخێوی دەکات وئەگەر یەک ڕۆژ تەنانەت یەک کاتژمێر ئێران پشتی بەردا، تەفر و توونا دەبێت! حێزبۆڵا بە دەرکەوتنی کۆماری سێدارە پێک هات و هەر بە تێداچوونیشی تێدا دەچێت! ژیان و مەرگی ئەو دوانە بە یەکەوەیە!
ئەم هاوپەیمانییە هەر لە دایکبوونەکەیەوە دیارە نەزۆکە و لەرزۆکە و لە هەر شتێک بچێت لە هاوپەیمانەتی ناچێت!
ڕووسیا پێشینەی ڕیسک کردنی زۆرە و هەر لە کێشەی ئۆکرانیا و شێوە دوورگەی کەریمەوە بگرە هەتا هێرش و دەستوەردانەکەی لە ئابخازیا و گورجستان!
ڕووسیا لەو جۆرە سەرکێشیانەی زۆرکردووەو وڵاتێکی بە هێزە باکی لە کەس نییە و خاوەنی هژموونی خۆیەتی لە ناوچەکەدا و هەر بۆیە خوێندنەوەیەکی ئۆرتۆدۆکسانەی لە ناوچەکە هەیە هەر بەم هۆیەوە بە پێی بەرژەوەندی باڵای ڕووس دەکرێت بڵێین ئێران لەستراتێژی رووسدا گرینگییەکی تایبەتی هەیە و هەر بۆیە هەتا ئێستەکەش لەگەڵ ئێراندا دۆستایەتی گەرمی نیوانیان ماوە!
لەگەڵ ئەوەش گرینگی ئێران بۆ رووسیا بەو ڕادەیە نییە کە پێوەندییە جیهانییەکانی لە گەڵ ئەمریکا و ئورووپا بۆ بکاتە قوربانی، لەوانەیە پێچەوانەکەی ڕوو بدات و ئێران ببێتە قوربانی بەرژەوەندی زلهیزەکانی ناوچەکە لە نەخشەی ڕۆژهەڵاتی گەورەی ناوینی نوێدا!
ڕووسیا وەک زلهێزێک لە ناوچەکەدا بەرژەوەندی خۆی هەیە و بۆ پاراستنی بەرژەوەندی خۆی هاتووەتە سووریا و لەوانەیە لەگەڵ ئەمریکا لەسەر داهاتووی ناوچەکەدا پێک بێن و ئیتر ئەوەی وا دەستی لە بن هەمانەکەدا دەردەچێت کۆماری سیدارە و پەل و پۆکەیەتی!
کوردستان خاڵی ستراتێژی ناوچەکەیە!
کورد لەم ناوەدا دەبێت بە پێی بەرژەوەندی باڵای خۆی هەڵس و کەوت بکات و لە گەڵ ڕووسیا و ئەمریکا و دەوڵەتەکانی ناوچەکەدا بە جۆرێک هەڵس و کەوت بکا کە هەم قورسایی خۆی لە هاوکێشەکاندا ڕابگرێت و هەمیش خۆی بۆ ئاڵ و گۆڕە گەورەکانی ناوچەکەدا ئامادە بکات!
کورد بە شەرکردن لە گەڵ داعش بووە بە گەورەترین براوەی ئەم هاوکێشەیە!
گرینگی کورد و پێگەکەی لە ناوچەکەدا هەم بۆ ئەمریکا و هەمیش بۆ رووسیا دەرکەوتووە و هەر بۆیە بە جیا لە گەڵ کورددا هەڵس و کەوت دەکەن و ئیتر لە لایەن ئەوانەوە وەک بەشێک لە سووریا یان عێراق حیسابی بۆ نایەتە ژمار لە بەر ئەوەی کە نە سووریا و نە عێراق لە داهاتووی ناوچەکەدا جێگایەکیان نییە!
باشوور و ڕۆژئاوای کوردستان لە ناوەزێڵەی نەوت و گازی ناوچەکەدان، چەندە بۆ ئەمریکا و ناتۆ گرینگە بە هەمان ئەندازەش بۆ ڕووسیا و وڵاتانی ناوچەکەش گرینگی خۆی هەیە!
بڕیارە یەک لاکەرەوەکان بەڕێوەیە!
بڕیارە یەک لاکەرەوەکان بە ڕێوەیە، هەر یەکە لە ئەمریکا وڕووسیا بە گەرمی ڕێک وەک شەڕی دووهەمی جیهانی هاتوونەتە ناوچەکە و لە گەڵ ئەوەی شەری ترۆر دەکەن، چاولێ سوورکردنەوەیەکیش لەیەکدی دەکەن و ناوچەکە بووە بە گۆڕەپانی یەک لاییکردنەوەی کێشەکان و بڕیاری دوایی بە لای براوەکانەوە دەبێت!
سەنگەرەکانی شەڕ لە گەڵ داعش گەورەترین گارانتی بۆ براوەیی کورد و سەربەخۆیی کوردستانە!
رەوف گوڵبەدەن