"an independent online kurdish website

پاش دیداری وەڤدێکی باڵای حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستانی ئێران لە گەڵ کۆنسۆلی” سعودیە” لە هەولێر کە ماوەیەك پێش ئێستا ئەنجامدرا و ئەو چاوپێکەوتنە لە ئاستی نێوخۆیداmuhamad-suleimani-

قسە و باسی گەلێك جۆر بەجۆری بەدوایخۆیدا هێناو بەشێك لە بەناو رۆشنبیرانی سیاسی و کۆمەڵایەتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕەخنە بارانی ئەو هەڵوێستەی حدکا یان کرد و بە کردەوەیەکی نادروستیان وەسف کرد. ئەگەر مرۆڤێکی سیاسی و دێمۆکڕات هەموو شتێك بۆ خۆی بەڕەوابزنێت لە رەوتی کارو خەباتی ڕۆژانەیدا ئەنجامی بدات و، زۆر جاریش وەك ئەو لێکدانەوە و خوێندنەوەهەڵەیان کە بۆ خۆیان  بە باشیان زانیوە و لۆمەی کەسیش بە هێند وەرناگرن.  بەڵام هێزێکی گەورە و کاریگەری وەك حیزبی دێمۆکرات بە دروست و رەوانازانرێ کە چۆن و لە سەر چ ئەساس و میکانیزمیك کاروباری سیاسی و دیپڵۆماسی خۆی بەڕێوەبەرێت و لە گەڵ چ حکوومەت و ناوەندێکی جیهانی دۆستایەتی بکا. حدکا مافی خۆیەتی بۆ گەیشتن بە مافی سیاسی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا لە گەڵ کام حکوومەت و هێزو ناوەندی بڕیاردەری ناوچەیی و نێونەتەوەی پەیوەندی دۆستانەی هەبێ. مرۆڤ کاتێك سەیری دەمارگیری و کەم حەوسەلەی بەناو ڕۆشنبیرانی خۆیدەکات، زۆر لێیان نا ئومێد دەبێت ، چوونکی بیرمەندی سیاسی و کۆمەڵایەتی هەرگیز نابێت شوێن هەست و سۆزی خۆی و دەورووبەری بکەوێ و سپی بەڕەش سەیر بکا و رووناکی لەخۆی بکات بەتاریکی. دیارە هەموو لایەك ئازاد و سەربەخۆیە سەبارەت بەرووداوە سیاسی و تێکۆشانی هێزە تێکۆشەرەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان چۆن بیردەکاتەوە چ خوێندنەوەیەکیان بۆ دەکا، بەڵام ڕەوایی نییە زوڵم بکرێ و دەسکەوت و گەشەکردنە سیاسی و تەشکیلاتیەکانی حدکا بە نادیدە بگرین. هێندێك لە دۆستان نیگەرانیەکانی خۆیان سەبارەت بە دروست بوونی پەیوەندی لە نێوان حیزب و سعودیە بۆ پڕینسیپی ” سیکۆلاریزم” و دێمۆکڕات بوونی حدکا دەگەڕینەوە و پێیان وایە ئەگەر بێت و حیزب ئەو دۆستایەتیە بکات، ئەو دوو تێزە فیکرییەی بەرەو کاڵبوونەوە دەچێت. لە ڕابردووشدا زۆر جار ئەو بووختانە بە حیزب دەکرا کە گوایە حدکا لە بارەی خەباتی نەتەوایەتیەوە بەرەو ناشێلگیری هەنگاو دەنێت. چالاکبوونەوەی تێکۆشانی سیاسی و چەکداری وڵامێکی زۆر بەجێن بۆ ئەو بەڕێزانە و حیزب هەرگیز لە ڕێچکەی ئەساسی خۆیلاینەداوە و خەباتی نەتەوەی و دێمۆکراتبوون و سیکۆلاریزم لە بنەمافیکریەکانی حیزبن.  بەدڵنیایەوە ئەو جۆرە لێكدانەوە و خوێندنەوەیە زۆر لەڕاستی دوورەو بگرە زۆریش بێبنەمایە. ئەو بیرکردنەوە فەلسەفیە، مرۆڤی سیاسی و تێکۆشەر بۆ ئەو سەردەمە دەباتەوە کە وەختی خۆی هەموو لایەك دەستە و ئەژنۆ بۆ نزاو پاڕانەوە روویان لە مسکۆ دەکرد و وەك باپیرە گەورەی گەلی کورد تەماشا دەکرا. بەڵام دیتمان چۆن کۆماری کوردستانیان بە یەك دوو بەرمیل نەوتی خاو بەشای ئێران فروشت و پشتیان لێوەرگێرا. ئیستاش ئەگەر سەرکردایەتی سیاسی و هێزە تێکۆشەرەکانی کوردستان زۆر بە وشیاری سیاسی و دیپڵۆماسی نەجووڵێنەوە، زیانیان پێدەگاتەوە. ڕەخنەی ئەو بەڕێزانەش لە سەر حیزب ڕەنگە هێندێکی بۆ پەرۆشی و دڵسۆزیان بۆ حیزب و جووڵانەوەی سیاسی کورد بگەڕێتەوە و نیگەرانی پەیوەندی سیاسی حدکا لە گەڵ وڵاتێکی ئیسلامی بن. ئەگەر دامەزراندنی بناخەی دۆستایەتی لە گەڵ هەر ناوەند و حکوومە تێکدا لەسەر ئەساسی بەرژەوەندی گشتی نەتەوەی بێ، زۆر باشە و هیچ لایەنێکی خراپەی تێدانیە. کاتی ئەوە هاتووە لە پێناوی بەرژەوەندیە سیاسی و نیشتیمانییەکاندا لەسەر ئەساسی ڕابردوو و بە ئیدەی سوننەتیەوە دۆستایەتی بکەین. کاتێك حکوومەتی نۆڕوێژ لەسەر دەستی حیزبی کرێکاری وڵاتەکەی بڕیارێکی سیاسی و مێژووی گرینگی لە پێناو پاراستن و سەربەخۆیدا و بوون بە ئەندامی “ناتۆ”. زۆر کەس ئەو کات سەیریان بەو بڕیارەدەهات و وایان پێناسەدەکرد چۆن دەبێ هێزێکی چەپ  و کۆمۆنیست بچێتە پاڵ بەرەی سەرمایەداری و پشت بکاتە سۆڤیەت. ئەگەر ئەو کارەیان نەکردبایە لشکری سوور سنوورەکانی نۆڕوێژی زۆر بەخێرای پێشێل دەکرد. نۆڕوێژیەکان ئەو دۆستایەتی و ئەندامبوونەیان  لەپێناوی سەربەخۆی سیاسی و کۆمەڵایەتی وڵاتەکەیاندا ئەنجامدا. ڕەنگە زۆر کەس ئەوەی لە بیر بێ کاتیك دکتۆر قاسملوو گەورە ڕێبەر و سیاسەتوانی بێهاوتای کورد بڕیاریدا ئاڵۆگۆڕبەسەر شوعاری حیزبدا بێ و چیتر نەگوترێ ” بروخێ ئیمپریایزمی جیهانی و بەتایبەت ئیمپریالیزمی ئەمریکا” و  گۆڕدرا بەدژی هەموو ڕێژیمە زۆردار و کۆنەپەرستەکان. ئەوکات زۆر کەس ئەو مەسەلەیان بۆ هەزمنەدەکرا و پێیانوابوو حیزب بەرەو ناتۆ هەنگا و دەنێت. دیارە بەرەی هاوپەیمانان کە ئەمریکا سەرکردایەتی دەکات و دژی داعش شەردەکا، ڕێکخراوی ناتۆیە و ئەگەر خێری بۆکورد نەبێ، باوەڕناکرێ زیان بەکورد بگەیەنێت. کوردیش نەبێت لەسەر ئەساس و بیرکردنەوە کلاسیکیەکانی ڕبردووی دۆستایەتی وڵاتان بکات و، خەمی ئەوەمان لەبەربێت خۆمان بەکام بەرەدا بخەین و لە رووی تێڕوانین و فیکرەوە لێك نزیکین. مێژووی دابەشبوونی هێزەکوردییەکان بەسەر بەرەکاندا، بێ لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندی سیاسی و نەتەوەی هیچ خێرێك بە جووڵانەوەی سیاسی  کورد ناگەیەنێت. بەلەبەرچاوگرتنی ئەزموونی ڕبردوو و رووداوە خێرا و چاوەڕواننەکراوەکانی ئەمرۆ، بەو نەتیجەیە دەگەین کە حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران وەك هێزێکی گەروە و خاوەن بڕیاری سیاسی رۆژهەڵاتی کوردستان، پێویستە بەوردی چاو بە ئاست و چۆنییەتی پەیوەندییە سیاسی و دیۆلۆماسیەکانیدا بخشێنێتەوە و چ وڵات و لایەنێك لە ئاستی گێتیدا ئامادەیە بە جدی دۆستی خەڵکی کوردستان و شۆڕشە ڕەواکەی بێت، بەگەرمی پێشوازی لێبکرێ. جائەو لایەنە لە ئیسلامییەوە بیگرە هەتا دەگاتە چەپ و دەستەراست.

محمد سلێمانی

04.10.2016

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی