(لە پەراوێزی وتووێژی ناهید مۆکری و شیوا سۆبحانی لە تەلەفزیونی کۆمەڵە)
لە نێو ئەم وتووێژەدا ئەو دوو خاتوونە را و بۆچوونی زۆریان دەربڕی کە ئەوە مافی خۆیانە و هەرچی بیر دەکەنەوە با بیهێننە سەر زمان! بەڵام ئەوەی کە گرینگە ئەوەیە کە لەم بەرنامەیەدا و لە دەزگای راگەیاندنی فەرمی حیزبی کۆمۆنیستی ئێرانەوە لە لایەن کەسانێک کە خۆیان بە فێمێنیست دەزانن تۆمەت درایە پاڵ پێشمەرگەکانی حدکا کە گوایە پێشمەرگەکانی حدکا لە سەردەمی شەڕی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران لە گەڵ حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێران دەسدرێژی سێکسییان کردۆتە سەر تەرمی گیانبەختکردوانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران! ئەمە بوو بە هۆی ئەوە کە بڕۆمە سەر ماڵپەڕی یادی هاوڕێیان (یاد جانباختگان) و ژیاننامەی هەموو ئەو ژنانەی ناو ریزەکانی ئەو رێکخراوە کە هەر لە سەرەتای دامەزرانەوە تاکو ئێستا گیانیان بەخت کردووە بخوێنمەوە، لەوێ شێوەی شەهید بوون، شوێنی شەهید بوون، رێکەوتی شەهید بوون و چ لایەنێک شەهیدی کردون هەموی نووسراوە. لە نێو ژنانی گیان بەختکردوودا ۱۳ ژن لە شەڕی نێوان حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و حیزبی دیمۆکراتدا گیانیان بەخت کردووە! لە نێو ژیاننامەکاندا بەهیچ شێویەک ئاماژە بە دەسدرێژی بۆ سەر تەرمی هیچ گیانبەختکردوویەک نەکراوە، تەنانەت ئاماژەش بەوە نەکراوە کە تەرمی ئەو گیانبەختکردوانە کەوتبێتە دەستی پێشمەرگەی حدکا! هەموویان ناویان، شوێنی لە دایک بوون و شوێنی شەهید بوون و رێکەوتی شەهیدبونیان دیارە، واتە خەڵک دەیانناسێ و بنەماڵەشیان لە ژیاندا ماون چونکە شەڕەکە ئەوەندە کۆن نیە! بۆیە ئەگەر بە بەڵگە ئەمە نەسەلمێنن هەم لە سەر خۆیان و هەم لە سەر حیزبی کۆمۆنیستی ئێران کە خاونی تەلەفزیونەکەیە دەمێنێتەوە! دەبێ بە بەڵگەوە بگوترێ کە دەسدرێژی کراوە سەر کام ژن، لە کوێ و لە کام رێکەوت؟ چونکە هەمووی دیارە بە پێی ژیاننامەکەیان کە لە سەر ماڵپەڕی یادی هاوڕێیاندا بڵاو کراوەتەوە!
بەڵام ئەوە کە لە هەمووی سەیرترە کەڵکوەرگرتنی ژنی فێمێنیست لە تۆمەتی نامووسییە بۆ گەییشتن بە ئامانجی دیاریکراو! واتە کەلکوەرگرتن لە جەستەی ژن یان باشتر بڵێم پەنا بردنە بەر ناوگەڵی ژن بۆ دەرکردنی و گۆشەگیر کردنی لایەنی بەرانبەر کە بە شێوەی ئاسایی و مرۆیی توانای ئەو کارە نەبێ! لە کۆمەڵگەی نەریتیدا کاتێک کەسێک دژی کەسێکی دیکە دەوەستێتەوە بۆ ئەوەی کە لە مەیدان وەدەری بنێ تۆمەتی نامووسی لێی دەدا، واتە ژن وەک نامووس و حەیای لایەنی بەرانبەر دادەنێ و دەیەوێ بە تۆمەت دان لە ژن، دایک یان خۆشکی بیبەزێنێ! یان ئەگەر پیاوێکی بە هێز بوو تۆمەتی ئەوەی لێ دەدەن کە بە دوای ژنی خەڵکەوەیە یان هەزار شتی لەو بابەتە… ئەم فەرهەنگە نەریتییە راست هاتۆتە ناو فێمینیزمی کوردستانەوە و نموونەی لەم بەرنامەیەدا وەبەر چاو دەکەوێ!
ئەم شێوە ئاخاوتنانە و کەڵکوەرگرتن لە جەستەی ژن بۆ بێ ئابڕوو کردنی لایەنێکی سیاسی، ئەوە دەگەیەنێ کە چالاکانی بواری فێمێنیستی هەمان ژنە نەریتییەکانی ئەوسان کە جلوبەرگێکی جوانیان کردۆتە بەریان و هەستی مۆدێڕن بوون دایانی گرتووە! ئەمەش هەڵدەگەڕێتەوە بۆ ئەوە کە لە ئەساسدا کوردستان لە قۆناخی پێش لە پیشەیی بوونە و کۆمەڵگەیەکی بە تەواوی نەریتییە و فێمێنیزمیش هی دونیای دوای پیشەیی بوونە! لێرەدا یەک شت گرینگی تایبەتی هەیە ئەویش کولتورە! کولتوری دنیان مۆدێڕن و دنیای نەریتی! لە کولتوری نەریتی هێشتا مرۆڤ بە پێی خوێش، خێڵ و عەشێرە پێناسە دەکرێ و مرۆڤەکانی دەرەوەی ئەو بازنەیە بە راحەتی دەکرێنە قوربانی و تۆمەتیان بۆ هەڵدەبەسترێ! بۆیە لەو کۆمەڵگەیە بزووتنەوەیەک بە نێوی فێمێنیزم مانای نیە. فێمێنیزم لە کۆمەڵگەی مۆدێڕندا کە مرۆڤەکان لە بازنەی خوێش، خێڵ و عەشیرە هاتوونەتە دەرەوە و هەموان وەک مرۆڤ سەیر دەکرێن سەر هەڵدەدات و سەردەکەوێ! بۆیە دەبینین ژنی فێمێنیزم لە کوردستان بە سانایی لە سەر جەستەی گیانبەختکردوویەکی حیزبەەی کە لە ژیاندا نەماوە تا لە خۆی بەرگری بکات، مایە دادەنی بۆ ئەوەی حیزبی بەرانبەر گۆشەگیر بکات! ئەمە هەمان کولتوری دەشتەکییە کە هاتووە وەک رێکخرای لێ هاتووە و ناوێکی مۆدێڕن لە سەر خۆی داناوە خەریکە کۆمەڵگە لە روانگەی سەقەتی خۆیەوە شرۆڤە دەکات و پێی وایە دەتوانێ بایەخەکانی کۆمەڵگەی دوای بە پێشەیی بوون لە نێو کۆمەڵگەیەکی پێش لە پیشەیی بووندا جێگیر بکات!
ئەم فێمێنیزمە دەشتەکییە بە هۆی ئەوەوە کە خۆی تێئۆرییەکی نیە کە پێی خەبات بکات، بە ناچار دەبێتە پاشکۆی حیزبەکان، کە دیارە حیزبەکانیش بۆ ئامانجی خۆیان کەڵکیان لێ وەردەگرن!
کاتێک بە بێ مەدرەک دەڵێن پێشمەرگەی حدکا دەسدرێژی سێکسی کردۆتە سەر ژنە گیانبەختکردووەکانی کۆمەڵە، ئەمە راس وەک تۆمەت هەڵبەستنەکانی کۆمەڵگەی نەریتییە! لێرە نە کەرامەتی ژنە گیان بەختکردووەکە گرینگە نە کەرامەتی مرۆڤەکانی حیزبی بەرانبەر! لێرەدا بەزاندنی حدکا گرینگە بە کەڵکوەرگرتن لە تۆمەتی نامووسی دەیانەوێ گۆشەگیری بکەن! لێرەدا فێمێنیستەکان بە کەڵوەرگرتن لەوە کە یاسایەک نیە کە سزایان بدات، بە پێی فەرهەنگە دەشتەکییەکە دەجووڵنەوە، ئەو تۆمەتە ئەگەر لە وڵاتێکی یاسامەند بوایا، سزای توندی بە دواوە بوو! تەنانەت لە سیستمی کۆماری ئیسلامیدا سزای توند لە یاسادا لە بەرچاو گیراوە بۆ ئەو کەسانە کە بێ بەڵگە تۆمەت بۆ کەس و لایەنێک هەڵدەبەستن، واتە ئەم فێمێنیستانەی رۆژهەڵات لە سیستمی کۆماری ئیسلامی دواکەوتووترن!