فەرهاد پیرباڵ ویستوویەتی لەناو حەرەمی دادگادا ناڕەزایی دەرببرێت، لەلایەن پاسەوانی دادگاکەوە ڕێگری لێ کراوە.
ئەمڕۆ ١١ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٦، هۆگر عەزیز وتەبێژی پۆلیسی هەولێر بە دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی ڕاگەیاند، دوای ئەوەی فەرهاد پیرباڵ مامۆستای زانکۆ لەسەر کەیسێکی خانوبەرە چووەتە دادگای هەولێر و دادگاش کەیسەکەی لە بەرژەوەندی ئەو کۆتایی پێنەهێناوە، ناوبراو ویستوویەتی لەناو حەرەمی دادگادا ناڕەزایی دەرببڕێت.
ئەوەشی وت، بە فەرمانی دادوەر، پاسەوانانی دادگاکە ڕێگرییان لە فەرهاد پیرباڵ کردووە دوای ئەوەی چووەتە ناو حەرەمی دادگاوە، هاوکات نەیانهێشتووە کە ناڕەزایەتییەکەی دەرببڕێت و پێی وتراوە کە لە دەرەوەی دادگا دەتوانێت ئەوەی دەیەوێت دەریببڕێت.
دوێنێ لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک ڤیدیۆیەکی فەرهاد پیرباڵ مامۆستای زانکۆ بڵاوبووە و تیایدا لەلایەن پاسەوانانی دادگای هەولێرەوە ڕێگری لێ دەکرێت لەناو حەرەمی دادگادا قسە بکات، وەک لە ڤیدیۆکەدا دیارە، لەلایەن پاسەوانەکانەوە دەکرێتە دەرەوەی دادگاکە.
ک.ئ
