Hoppa till innehåll
Hem » د.مەسعوود ڕۆستەمی:ئەمە سەلمێنەری یەک شتە، ئەویش ئەوەیە کە حیزبی دێموکرات پێگەیێکی بنیاتی لە نێو خەڵکدا هەیە و بۆتە بەشێ لە فەرهەنگی سیاسی خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان.

د.مەسعوود ڕۆستەمی:ئەمە سەلمێنەری یەک شتە، ئەویش ئەوەیە کە حیزبی دێموکرات پێگەیێکی بنیاتی لە نێو خەڵکدا هەیە و بۆتە بەشێ لە فەرهەنگی سیاسی خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان.

چەند رۆژێک لەمەو پێش و لە کاتێکدا کە هەواڵی هاتنەوە خوارەی دێمۆکراتەکان هاتبووە ئاراوە، دۆستێکی رۆژنامەوان بۆ رۆژنامەیێکی باشووری کوردستان، لە سەر ئەو باباتە وتووێژێکی لەتەکما کرد. dr_masud_rostemi

دوای تێپەڕینی چەند رۆژ هەواڵێ لە بڵاو کردنەوەی ئەو وتووێژە نەبوو.هەرچەند ئەو دۆستە رۆژنامەوانە لە هۆکاری بڵاو نەکردنەوەکەی ئاگادارمی نەکردەوە، بەڵام پێم وایە هۆکارەکەی بۆ زمانێکی توند بگەڕێتەوە کە لەو وتووێژەدە بە کارم هێناوە. لەوێەوە کە خاوەنی وتووێژ حەقی خۆیەتی بابەتەکەی بڵاو بکرێتەوە، منیش لێرەدا دەقی ئەو وتووێژە ئەخەمە بەردەست خوێنەران.

١- دوای ٢٥ساڵ مانەوە لەناو کەمپدا هەردوو دێموکرات ساڵی رابردوو پێشمەرگەکانیان لەسەر سنووری رۆژهەڵات جێگیر کرد. ئەو جوڵەیە توانی پیگە بۆ ئەو حزبانە لەناو نەوەی تازەی رۆژهەڵات خۆش بکات، بە گشتی توانیان وەک هەلێک ئەو نزیکبوونەوەیە بقوازنەوە بۆ دووبارە سازماندانی خۆیان؟
ماوەی سێ دەیە کەمپنشینی حزبی دێمۆکرات، مەودایێکی زەمەنی کەم نییە بۆ دەسپێکردنەوەی قۆناخێکی نوێ لە خەبات و پێکهێنانی پێوەندیێکی بەربڵاوی ئۆرگانیکی لەگەڵ کۆمەڵگە. دوای نزیک بە یەک جیل دیزئاکتیڤی حزبی دێمۆکرات، کۆمەڵگەی رۆژهەڵاتی کوردستان گەلێ گۆڕانکاری بە سەردا هاتووە و چیدی رۆژهەڵاتی کوردستان، هەمان رۆژهەڵاتی سێ دەیە لەمەو پێش نییە. بەڵام ئەوەی کە لە رەهندی کۆمەڵناسی سیاسییەوە جێگای سەرنجە، بەوەشەوە کە حزبی دێمۆکرات بۆ ماوەی سێ دەیە بە تەواوی سڕ و کەمپنشینە و رۆژهەڵاتی کوردستانیش گەلێ گۆڕانکاری بە خۆوە دیتووە و هیچ ئاسۆیێکیش بۆ گۆڕانکاری بە دی نەدەکرا، هەر لەم ماوەیە دا بە سەدان کەس لە جیلی جەوان و خوێندکار دێنە ناو حزبی دێمۆکرات و دەیان کەسیش لە ناوخۆی رۆژهەڵات لە پێوەندی بەم حزبەوە یان لە سێدارە دراون یان لە زیندانن. ئەمە سەلمێنەری یەک شتە، ئەویش ئەوەیە کە حزبی دێمکرات پێگەیێکی بنیاتی لە نێو خەڵکدا هەیە و بۆتە بەشێ لە فەرهەنگی سیاسی خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان. گەڕانەوەی دێمۆکراتەکان بۆ قەندیل و ناوخۆی رۆژهەڵات زیاتر لەوەی کە خواستی جیلی پێشووی حزبی دێمۆکرات بێ، ئاکامی گوشاری هەر ئەو جیلە نوێیە بوو کە خوازیاری خەباتێکی بنەڕەتی بوون. بۆیە پێم وایە گەڕانەوەیان توانی هیوایێک لای جیلی نوێ دروست بکات. بە تایبەت ئەوەی کە رۆژهەڵاتییەکان هەست دەکەن بە نسبەت سێ پارچەکەیتری کوردستان بە جێ ماون و نابێ تەنها تەماشاچی ئاڵووگۆڕییەکانی ناوچەکەو باقی پارچەکانیتری کوردستان بن. بەڵام ئەوەی کە ئایا حزبی دێمۆکرات توانی ئەو هەلە بگوازێتەوە بۆ خۆ سازماندانێکی دووبارە؟ پێم وایە پاش سێ دەیە و لە ماوەی تەنیا یەک ساڵ چاوەڕوانکردنی موعجزەیێک لە لایەن حزبی دێمۆکرات و ئەو جیلە جەوان و بێ ئەزموونە، چاوەڕوانیێکی نادروستە. بە رای من حزبی دێمۆکرات و جیلی جەوانی ئەو حزبە هەنگاوێکی گەورەیان هەڵێناوە کە بە لە بەر چاوگرتنی سێ دەیە کەمپنشینی و بێ ئەزموونی جیلی جەوان، ئەو هەنگاوە لە باڵای خۆشیان بەرزتر بووە. حزبی دێمۆکرات ئەگەرچی بە جەستە لە زمەن دا ژیاوە، بەڵام سێ دەیە کەمپنشینی و نێ پێویستی بە گۆڕانکاری سازمانی و فکری، دێمۆکراتی لە دەرەوەی زەمەن راگرتبوو. بۆیە سازماندانێکی دووبارە نیازی هەیە بە زەمەن و تەزرێقی فکری تازە بە حزبی دێمۆکرات و رۆژهەڵاتی کوردستان. ئێستا کە حزبی دێمۆکرات هاتۆتەوە نێو گۆڕەپانی سیاسەت، رەخنەکان و فیدبەکی سیاسەتگوزارییەکانی، هەست بە خۆ سازماندانەوە بە پێی واقعییەتەکانی ئەو گۆڕەپانەش دەبێتە نیازێکی جدی کە دێمۆکراتەکان چیدی ناتوانن لە ئاستی ئەو گۆڕانکاریانە بێ تەفاوەت بن. بەڵام هەر وا کە پێشتر وێژرا ئەوە نیازی بە زەمەن هەیە.

٢- دوای ئەوەی زیاد لە ٢٠ شەهیدیان لەو ماوەیە داوە، ئەگەر هاوشێوەی ١٩٩٦ جارێکیتر ملکەچ بن بە گەڕانەوەیان بۆ کەمپەکان، لەڕووی سیاسییەوە چ زیانیکیان تووش دێت.
بە رای من حزبی دێمۆکرات لە وەها حاڵەتێکدا ئەگەر ئاشبەتاڵ بکات و بۆ هەمیشە لە عەرسەی سیاسی رۆژهەڵاتی کوردستان نەمێنێ زۆر باشتر دەبێ تا ئەوەی کە رەهەندێکیتری روواداوەکە روو بدات ئەویش کرداری هیستریکی ئەندامان و لایەنگەرانی دێمۆکراتە؛ لە وەها ئەگەرێکدا دووکەڵەکەی بەس ناچێتە چاوی دێمۆکرات، بەڵکوو لە رۆژهەڵاتەوە بگرە تا دەگاتە هەر رەوتێک کە لەو شکستە بەشدار بووبێت، دەگرێتەوە. رێگەم بدەن با نەختێ زۆرتر ئەم پرسیارە بکەمەوە تا لە مەبەستم باشتر تێبگەن. هەروا کە پێشتر وێژرا، دێمۆکراتەکان بە پێی دۆخێ کە هەیانە هەنگاوێکی گەورەیان هەڵێناوە. ئەم دۆخە تەنیا تایبەت نییە بە کەموکۆڕییەکانی خودی حزبی دێمۆکراتەوە لە رەهەندی سازمانی و فێکری. بەڵکوو لە هەمان کاتیشدا ژینگەی ئەو حزبەش دەگرێتەوە. بە پێی بارودۆخی رۆژهەڵات و حزبی دێمۆکرات هەر دوو لایەن لە ژێر گوشار دان. دێمۆکرات لە لایێکەوە لە نێو موعادڵاتی ناوچەیی و کوردستانی ساندویچ کراوە و لە لایێکیتریشەەوە تەندروستی دەروونی ئەندامانی ئەو حزبە لە لایەن میدیا کوردی و فارسییەکانەوە خراوەتە بەر هێرش. ئەوە لە کاتێکدایە کە نە تەنیا دێمۆکرات، بەڵکوو هەموو رۆژهەڵات تەنانەت یەک تریبۆنی ئابڕومەندیشی نییە بۆ بەرپەرچدانەوەی ئەو هێرشەی کە تەندروستی دەروونی ئەندامانی دێمۆکرات و بزووتنەوەی رۆژهەڵاتی کردۆتە ئامانج. داگیرکەری فارس کە حسابی جیایە و ئەوەی کە پێویست بێ ئەیکات بۆ شکستدانی بزووتنەوەی رۆژهەڵات لە هەر فۆڕم و چەشنێکی دا. بەڵام جیا لەوان ئێستا دێمۆکرات و بزووتنەوەی رۆژهەڵات لە چەن بەرەوە بۆتە سیبلی نیشانە بۆ تێکشاندنی بزووتنەوەکەی. یەکەم خودی باشوور و بە تایبەت زۆنی سەوزە کە بە میلوێنان دۆلار بە سەر خاکی رۆژهەڵاتی کوردستانەوە لەگەڵ داگیرکەری فارس بازرگانی دەکات. رەوتێکیتر پەکەکەییە رۆژهەڵاتییەکانن کە زیاتر لە دە ساڵە بانگەوازی ئەوە دەکەن حزبی دێمۆکرات ماوە بە سەر چووەو تەنیا ئاڵتێرناتیڤ پەژاکە. خوێندنەوەی ناواقێع بینانەی ئەم دەستە کە لە سیاسەت دا هەموو شتێ ئێمکانی هەیە، دوای گەڕانەوەی دێمۆکرات بۆ قەندیل بۆتە بابەتێکی حەیسییەتی و چۆتە دەرەوەی رەخنەی لۆژیکی و فۆڕمی دژایەتی گرتۆتە خۆ. چونکە بە دەسپێکی قۆناخێ کە دێمۆکرات ناوی ناوە راسان هەموو شرۆڤەکانی ئەم لایەنە ناراست دەردەچێت. ئەم فشارگەلە بۆ حزبێ وەک دێمۆکرات کە نە تریبۆنی هەیەو نە توانایی ماڵی، فشارێکی زۆرە. ئەگەر لۆژیکی شرۆڤە بکرێ، لە وەها ژینگەیێکی سیاسی و دەروونی دا کە ئێستا دێمۆکراتەکان تێیدان، ئەگەری شکستی دەسپێکردنەوەی خەبات شتێکی نامۆمکێن نییە. بۆیە لە سەرتاوە ئاماژەم بەوە کرد کە هەنگاوێ کە دێمۆکراتەکان هەڵیانهێناوە لە باڵای خۆیان بەرزترە و نیازیان بە زەمەن هەیە. بەڵام ئەگەر شکست بخۆن، جگە لە حزبی دێمۆکرات دامەنەی بابەتەکە لە رۆژهەڵاتیش تێدەپەڕێ و هەموو پارچەکانیتری کوردستان دەگرێتەوە. بە گەڕانەوەی دێمۆکرات لە شاخەوە بۆ کەمپ، ئەندامانی دێمۆکرات تووشی یەئس و نائۆمیدی دەبن و سەرکردەکانی ئەو حزبەش رەنگە بۆ ئەوەی لای رۆژهەڵاتییەکان رەنگزەرد نەبن پەردە لە سەر زۆر شت لادەن. لە وەها حاڵەتێکدا پێم وایە نەفرەتێ لای لانیکەم بەشێ لە رۆژهەڵاتییەکان بە نسبەت باشوور و باکوور درووست دەبێت کە بۆ ماوەیێکی زۆر ئاسەوارەکانی بە دی دەکرێ. بۆیە پێم وایە تەنیا براوەی ناچار کردنی دێمۆکرات بۆ هاتنەوە خوارەوە لە شاخ، تەنیا فارسەکان دەبن، بەڵام بە دڵنیاییەوە دۆڕاوەکەی تەنیا دێمۆکرات نابێ.

پێشمەرگەکان: ئەم وتوێژە لە سەر دیواری فەیسبۆکی دوکتۆر مەسعوود ڕۆستەمی وەرگیراوە.