لە پاش هەڵوەشاندنەوە عوسمانی لە گەڵ ئەوەی کە لە چاخی عوسمانییەکاندا کێشەی نەتەوە زەق نەبوو و بارستایی کێشەکان لە سەر ئایین و دەسەڵات دەسووڕایەوە
و تەنانەت ئایینزای شێعەش وەک لفە دوانەی ئایینی ئیسلام هەر لە سەر هەمان رێبا ز و هەمان قورسایی دەگەڕا!
بار و دۆخی عوسمانی لە دوای شەڕی یەکەمی جیهانی شپرزەبوو و کاریگەری شۆڕشەکانی ئورووپا کە لە رێنسانەوە سەرچاوەی دەگرت ئورووپای بەرەو هەڵکشان برد، ئیتر جیرانێکی نەخۆش و مڕ و مۆچی وەک عوسمانی لە دمەڵێکی گەورەی پڕ لە کیم و چڵک دەچوو کە ژانی دەکردە دڵی ئورووپاوە هەر بۆیە هەڵوەشاندنەوەی عوسمانی وەک قۆناخێک لە کارتێکەری شۆڕەشە رووناکبیری و ئازادیخوازانەکان لێک دەدرایەوە کە هەم ناوەرۆکی عوسمانی دەهەژاند و هەم کۆنەپەرستی ناچار بە پاشەکشە دەکرد!
دامەزراندنی تورکیای نوێ بە پاشخانی پانسەد ساڵ دەسەڵاتدارەتی تورکەوە بۆ تورکە رەگەزپەرەستەکان بوو بە هەلێک کە لە ژێر ناوی مۆدێڕنیزم و خۆگونجاندن لە گەڵ سیستمە تازەکانی ئورووپا بوو بە دەمامکێک بۆ میراتگرانی سوڵتانە خۆبەزلزانەکانی تورک و پاشەرۆک خۆرەکان هەمان هژموونی خوازی و مەیل بە دەسەڵاتی رەها، رەگی لە دامەزرێنەرانی تورکیای بە ناو نوێ چەقاند بەڵام لە بەر کزی و بێدەسەڵاتی رەنگی خۆیان گۆڕیبوو، بە جێگەی کڵاوی سوور و مێزەر و قەوای دەڵب و درێژ بە شەو و رۆژێک کراوات و کڵاوی شاپۆ و قات و جلوبەرگی رۆژئاوایی جێی خۆی دا بە سیمبۆلەکانی عوسمانی!
رواڵەت گۆڕین ئێستەش لەو تاکتیک و پۆلیتیکانەیە کە هەتا ئەوڕۆکەش توانیویەتی بیرو و ڕای جیهان و بە تایبەتیش ئورووپا بێنێتە سەر ئەوەی کە تورکیا ببێ بە کاندیدی ئەندامەتی لە یەکیەتی ئورووپا!
ئێمەی کوردیش بە درێژایی مێژووی خەبات و شۆڕەشەکانمان وەک ئورووپاییەکان فریوی تورکمان خواردووە و هەر وەک چۆن فریوی ئێرانچی و دەسەڵاتدارەکانی ئێرانمان خواردوە!
تورکیا لە رێگەی سەپاندن و شەڕ و زۆرەملییەوە هەتا ئەوڕۆکە خۆی هێناوە و لە 1923 وە هەتا ئەوڕۆکە کە ئەوەندەی نەماوە لە سەد ساڵ نزیک ببێتەوە واتە هەر لە رۆژی دامەزراندنەوە هەتا ئەوڕۆ لە سەر سیاسەتی کوشت و بڕ و سەرکوت و خنکاندنی هەستی ئازادیخوازانەی کورد بەردەوام بووە و ئەوەتا لە پاش سەد ساڵ دوای پەیمانی سایکس- پیکۆ، تورکیا بە هەمان هزر و بە هەمان بیرەوە خۆی هاویشتووەتە ناو کێشە ئاڵۆزەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و وەک خەڵیفەکانی عوسمانی هەر خەریکی لەشکرکێشان و هەڕەشە و گوڕەشەیە!
دیارە ئێرانیش بە هەمان شێوە و بە هەمان زمان دەدوێت کە ئەردۆغان دەدوێت!
لێرەدا دوو وڵاتی ناوچەکە کە سەردەمانێک لە مێژوودا خاوەنی دەسەڵاتی گەورە و پان و بەرین بوون کەچی ئەوڕۆکە لە گەڵ ئەوەی کە لە سەدەی بیست و یەکدا دەژین بەڵام کەڵکەڵەی دەسەڵات بیر و میشکی بۆگەنی هەر دوو داگیرکەری کوردستانی تەنیوە و خەریکی شیکردنەوەی خەیاڵەکانی خۆیانن!
ئەوڕۆکە سەدەی بیست و یەکە و ئیتر چاخی عوسمانی و سەفەوی و ئاتاتۆرک و رەزاخان بەسەرچووە!
کورد بە هەموو پارچەکانیەوە خاوەنی هژموونی خۆیەتی و قۆرساییەکەی بۆ هەموو لایەک روون و ئاشکرایە و لە لایەک دوو دەوڵەتی کوردی دان پێدانەنراو( دیارە بە فەرمی) لە باشوور و رۆژئاوا لە ئارادایە و خەباتە بە گوڕەکەی سەرانسەری ناوچەکەی گرتووەتەوە و کاری تورکیا ئیتر لەوە ترازاوە کە بە گرتن و بەندی کردنی چالاکانی هەدەپە راپەڕینی کورد بێدەنگ بکات!
لە رۆژهەڵاتیش لە پاش نسکۆیەکی بیست ساڵە دەنگی راسان دوورگە ئارامەکەی ئێرانی شڵەقاند و لەوە دەچێت کارتێکەری رووداوەکانی ناوچەکە لە سەر ئەم بەشەی کوردستانیش کاریگەر بووە!
نەتەوەی کورد لە هەر چوارپارچەی کوردستان لە کێشەی خۆی بە خاوەن دەرکەوتووە و ئیتر پیلانگێڕی و سیاسەتی هەڕەشە و گوڕەشەی داگیرکەران لە توانایدا نییە پاشەکشە بە دۆزی کورد و خەباتە بەربڵاوەکەی بکات!
لە باکووری کوردستان و لە سەرانسەری تورکیا دەوڵەتی فاشیستی و ئەخوانی ئەردۆغان لە بەربەرەکانێ لە گەڵ ئازادیخوازان و شۆڕشی رزگاریخوازی نەتەوەی کوردایە و تەنانەت بە مایێ خۆتێکرن لە رۆژئاوا و باشوور بوونی خۆی وەک دەوڵەتێک بە پڕنسیپی دەوڵەتێکی ئورووپایی کە ساڵانێکە کاری بۆدەکات خستووەتە ژێر پرسیارەوە!
لەم قۆناخە لە ئاڵ و گۆڕ لە رۆژهەڵاتی ناوینی گەورەدا، تورکیا نەیتوانیوە لە گەڵ رووداو و گۆڕانەکانی ناوچەکەدا رابێت لە گەڵ ئەوەی دەیهەویست خۆی جیاواز نیشان بدات و بە بەرزکردنەوەی ئاڵای رێفۆرمخواز بە دەمامکی ئیسلامی نەرم و نیانەوە هەم خەڵک بخەڵەتێنێ و هەمیش بە کردەوەکانی سەرنجی ناتۆ و ئەمریکا و ناوچەکە وەک هێز بە لای خۆیدا رابکێشێت بەڵام هیچکام لە فێڵ و پیلانەکانی نەیتوانیوە ئەدۆغان و رژیمەکەی لەو زەلکاوە رزگار بکات!
داعش وەک جێبەجێکەرێک لەوە دەچێت بەشێک لە راسپاردەکانی خۆی جێبەجێ کردووە و پێویستی مانەوەی لە ناوچەکەدا کەم بووەتەوە و لەوانەیە قۆناخی دوای داعش قۆناخێکیتر بێت لە بەرنامەکانی زلهێزەکان بۆ ناوچەکە کە تورکیاش بە سەرنجدان بە ئاڵۆزییەکانی ناوخۆ و هەروەها بە پشیمیاوکردن لە گەڵ داعش و گرووپە ترۆریستەکان دەکرێت بژاردەیەکی باش بێت بۆ قۆناخی دوای داعش لە ناوچەکەدا!
گرتن و دەستەبەسەرکردنی نوێنەرانی هەڵبژێردراو لە لایەن پۆلیسی تورکەوە دیسانەوە تورکیا دەباتەوە سەر نووک و وەک ئەوە وایە کە تورکیا هەموو هەلەکانی چارەسەری بە فیڕۆ داوە و سەر لە نوێ کردنەوەی پێڤاژۆی چارەسەریش کاتی بە سەرچووە و کورد لەوە دەچێت بژاردەیەکی شیاوی بۆ ئەم قۆناخە پێ بێت!
داعش سەری ئەردۆغان دەخوات و حەشدی شەعبیش سەری ئێران…
رەوف گوڵبەدەن
4.11.2016 ز