ڕۆژی کورد: بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی ڕۆژی کورد، ماوەی ٢٠ ڕۆژە پێشمەرگەیەکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەلایەن دەزگای هەواڵگریی پارتی دێموکراتی کوردستانی باشوورەوە دەستبەسەر کراوە
و تا ئێستاش خۆ لە ئازاد کردنی دەبوێرن و هیچ هەواڵێکیش لەو پێشمەرگەیە لەبەردەستدا نیە.
بە گوێرەی زانیارییەکان ماوەی ٢١ ڕۆژ بەر لە ئێستا، خەلیل جەنگی پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران کە خەڵکی شاری نەغەدەی کوردستانی ڕۆژهەڵاتە و لە هەمان کاتدا نووسەریشە، بە هۆی تەقە کردن لە ترۆمبیلێکی گوماناوی لە کاتی پاسەوانی دا، دەستبەسەر کراوە و تا ئێستاش نە ئیزنی سەردانی هەبووە و نە بەردراوە.
سەرچاوەیەکی ئاگادار کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێ لەمەڕ شێوازی دەستبەسەرکرانی خەلیل جەنگی لەلایەن دەزگای هەواڵگرییەوە گوتی: “خەلیل و پێشمەرگەیەکی تری حدکا بە ناوی بەهمەن، ناسراو بە بەهمەن ـە سوور، لە جێژنیکان خەریکی پاسەوانی بوون کە ترۆمبیلێکی گوماناوی چەند جاران بەو شوێنەدا هاتووچووی کردووە و بۆ ماوەیەکی زۆریش لە دوورەوە چاوەدێریی مەقەڕەکانی حدکای کردووە، جاری یەکەم بەهمەن بە مەبەستی لێ پرسینەوە لە ترۆمبیلکەوە بەرەو لایان چووە بەڵام ڕۆیشتوون و پاش ماوەیەکی تر بە هەمان شێوە هاتوونەوە و خەریکی چاوەدێری بەسەر شوێنەکدا بوون، ئەوە لە گومانی خەلیل زیاد دەکا و بەو پێیە کە چەکی بەدەستەوە بووە بۆلایان چووە بەڵام ترۆمبیلەکە ڕایکردووە و خەلیلش کە لەسەر ئەرکی پاسەوانی بووە، تەقەی لێکردووە و ٥ گوللـە بەر ترۆمبیلەکە کەوتووە”.
سەرچاوەکەی ڕۆژی کورد لە درێژەی لێدوانی خۆیدا گوتی: “ئەو ڕووداوە کاتژمێر نزیک بە ٣ی دوانیوەڕۆی ئەو ڕۆژە بووە و تا شەو هیچ باس نەبوو تا ئەوەی چەند کەس لە دەزگای هەواڵگرییەوە دێن و خەلیل لەگەڵ خۆیان دەبەن و دەشڵێن تەنیا یەک ڕۆژ لەوێ دەمێنێتەوە و دێتەوە”.
بەپێی لێدوانی سەرچاوەکەی ڕۆژی کورد، دەبێ ئەو ترۆمبیلە هی کۆنسوولگەریی یەکێک لە وڵاتەکان بووە کە پێدەچێ کۆنسوولی بریتانیا بووبێ و گوتی: “ڕاسپێردراوەکانی هەواڵگری گوتیان خەلیل تەقەی لە ترۆمبیلی کۆنسوولی وڵاتێک کردووە و ئەوانیش ڕاستەوخۆ لای سەرۆکی حکومەت سکاڵایان کردووە و ڕاپۆرتی تیرۆریان لە شوێنەکە داوە، هەر بۆیە لەبەر دڵی ئەوان و کاروباری ئیداریش بێ ناچارین تا سبەی بیبەین و بە دڵنیاییەوە سبەی دەگەڕێندرێتەوە”.
لەو ڕۆژەوە تا ئێستا هیچ کەس چاوی بە خەلیل نەکەوتۆتەوە و تەنیا ئەوە نەبێ دەڵێن لە دەزگای هەواڵگریی پارتی ڕاگیراوە.
دۆخی جەستەیی و دەروونیی خەلیل نادیار و ناڕوونە و تا ئێستا ئیزنی چاوپێکەوتنی نەبووە و دادگاییش نەکراوە.
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران تا ئێستا خۆی لە بڵاوکردنەوەی ئەو هەواڵە پاراستووە و هیچ دەزگایەکی ڕاگەیاندنیش باسی نەکردووە.

پێشمەرگەکان: رۆژی کورد، ئەمڕۆش بەم جۆرە باسی گیرانی خەلیل جەنگی دەکا و تا ئێتسا پارتی دێمۆکڕات و حیزبی دێمۆکڕات بێدەنگیان هەڵبژاردوە
2016/11/07
بێسەروشوێن کردنی پیشمەرگەیەکی حدکا ناڕەزایەتی لێ دەکەوێتەوە/تەقە کردنەکە لە ماشێنی وەزارەتی ئیتلاعات بووە
ێشمەرگەیەکی حدکا بە هۆی تەقە کردن لە ماشێنێکی وەزارەتی ئیتلاعات، ماوەی ٣ حەفتەیە لەلایەن دەزگای هەواڵگریی پارتی دیمۆکراتی کوردستانەوە بێسەروشوێن کراوە و ئەمەش ناڕەزایەتیی ئەندامانی ئەو حیزبەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لێکەوتۆتەوە.
بەپێی زانیارییەکانی هەواڵنێری رۆژی کورد، خەلیل جەنگی لە کاتی نیگابانیدا چەندین جار هەوڵی راگرتنی ماشینێکی داوە، کە زیاتر ١٠ جار بە دەوری مقەڕی حیزبی دیمۆکرات لە جێژنەکان هاتوچۆی کردووە، بەڵام ماشێنەکە رانەوستاوەو دواجار ئەو پێشمەرگەیەکی حیزبی دیمۆکرات ناچار بووە تەقەی لێبکات.
دوابەدوای ئەو رووداوە، دەزگای هەواڵگریی پارتی دێمۆکرات (پاراستن) چوونەتە مقەڕی حیزب و رایدەگەیاندووە: “ئەو ماشێنەی تەقەی لێکراوە، سەربە کونسوولی بریتانیا بووە، بۆیە ناچارن هەتا بەیانی و بە مەبەستی راگرتنی دڵی کونسولگەریی بریتانیا لە دەستبەسەرییدا بێت”.
سەرچاوەیەک لە حیزبی دێمۆکرات بۆ هەواڵنێری رۆژی کوردی ئاشکرا کرد، کە ئەو ماشێنە پێدەچێت، لەلایەن وەزارەتی تیرۆریستیی ئیتلاعاتی رژیمی ئێرانەوە بۆ شناسایی و هێرش کردن بۆ سەر مقەڕەکانی حیزبی دیمۆکرات هاتبێ، بەڵام پارتی دیمۆکرات و دەزگا هەواڵگرییەکەی حاشای لێدەکەن.
ئەو ئیدیعایەی دەزگای هەواڵگرریی پارتی دیمۆکرات لە کاتێکدایە، کە هەتا ئێستا میدیاکانی بریتانیا و بەتایبەت بیبیسی، هیچ چەشنە هەواڵێکیان لەمەڕ کەوتنە بەر هێرشی ماشێنێکیان لەلایەن حیزبی دیمـۆکراتەوە باڵاو نەکردۆتەوە و ئەمەش گومانی ئەوەی لەلای پیشمـەرگەکانی حدکا زیاتر کردووە، کە ئەو ماشینە راستەوخۆلەلایەن وەزارەتی ئیتلاعاتی ئێرانەوەبۆ شناسایی مقەڕەکانی حدکا و زەربە لێدان لە پێشمەرگەکان هاتبێت.
بەڵام سەرەڕای تێپەڕبوونی ٢١ رۆژ بەسەر ئەو رووداوەدا، دەزگای پاراستنی پارتی، هیچ زانیارییەکی لەسەر چارەنووسی ئەو پێشمەرگەیە نەدرکاندووە، ئەمەش ناڕەزایەتیی قووڵی ئەندامانی ئەو حیزبەی بەرامبەر بە پارتی دیمۆکرات لێ کەوتۆتەوە و داوای روونکردنەوە لە پارتی دیمۆکرات دەکەن.
بە گوتەی ئەو سەرچاوەیە، نکۆڵی کردنی دەزگای پاراستنی پارتی دیمۆکرات و پاکانە کردن بۆ وەزارەتی ئیتلاعاتی رژیمی ئێران لە کاتێکدایە، کە هەر ئێستا ژمارەیەک لە پێشمەرگەکانی حیزبی دیمۆکرات بۆ پشتیوانی لە خەڵک و پێشەرگەکانی باشووری کوردستان لەبەرەکانی شەرێ داعشدان.
ناڕوونیی چارەنووسی خەلیل جەنگی کە پێشـەرگەیەکی خاوەن فکر و دەست بە قەڵەم بوو، نیگەرانیی قوولی لای ئەندامان و پێشـەرگەکانی ئەو حیزبە دروست کردووە و لە تۆرە کۆمەڵایەتییەکان کردەوەکانی دەزگای پاراستنی پارتی دیمۆکراتیان مەحکووم کردووەو خوازیاری هەرچی زووتر ئازادکردنی ئەو پێشمەرگەیەن.
پێدەچێت لە رۆژانی داهاتوودا و لە ئەگەری ئازاد نەکرانی ئەو پێشمەرگەیەی حدکا، ناڕەزایەتی زیاتری ئەندامانی ئەو حیزبەی زیاتر تەشەنە بستێنێ.
حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران هەتا ئیستا لەو پەیوەندییەدا هیچ لێدوانێکی رەسمی نەداوە، بەڵام سەرچاوەیەک لە حیزبی دێمۆکرات بە هەوالنیری رۆژی کوردی راگەیاند، حیزبی دیمۆکرات لە رۆژی یەکەمەوە هەوڵی ئازادکردنی ئەو پێشمەرگەیەی داوە، بەڵام پاراستنی پارتی هیچ وڵامێکی پێ نەداونەتەوە.
پێشتریش، حکومەتی هەرێمی کوردستان، حەوت کەس لە چالاکانی رۆژهەڵات، کە کونسولگەری رژیمی تیرۆریستیی ئێرانیان لە هەوڵێر بەردباران کردبوو، دەستبەسەر کرد و زیاتر لە ماوەی یاسایی و بە مەبەستی راگرتنی دڵی دەسەڵاتدارانی رژیمی تیرۆریستیی ئێران لە زیندان راگیران.
بابەتی پەیوەندی دار و ئازاد کردنی خەلیل جەنگی
