Hoppa till innehåll
Hem » هیلاری‌و ترەمپ لەگەمەیەكی دیموكراسی-دا، سـەروەر حـەمـە

هیلاری‌و ترەمپ لەگەمەیەكی دیموكراسی-دا، سـەروەر حـەمـە

سێشەممە ڕێكەوتی 8ـی نۆفەمبەر، ئەمەریكێكان لەڕێگەی دەنگدان بەبەربژێری دیموكراتەكان ”هیلاری كلینتۆن”ـو بەربژێری كۆمارییەكان ”دۆناڵد ترەمپ”sarwer-hama

ئەندامانی دەستەی دەنگدەرانی سەرۆكایەتی هەڵدەبژێرن كەژمارەیان 538 كەسە، ئەم ژمارەیەش یەكسانە بەژمارەی‌ ئەندامانی‌ كۆنگرێس _435ـی ئەنجومەنی‌ نوێنەران‌و 100ـی ئەنجومەنی‌ پیران‌و 3 نوێنەری‌ واشنتۆن دی‌ سی پایتەخت_.

واتە هاوڵاتیان لەهەموو ویلایەتەكانەوە دەنگ بەكەسانێك دەدات كە پێیان دەوترێت ئیلیكترۆس دواتر ئەوانیش دەنگی خۆیان لە بەرژەوەندی یەكێك لە بەربژێرەكانی سەرۆكایەتی یەكلایی دەكەنەوە. ئەم هەڵبژاردنە بەپێی سیستەمی ”براوە هەموو دەنگەكان دەبات” بەڕێوەدەچێت، واتە لەهەر ویلایەتێك زۆرینە كام لایەن بیهێنێت ئەوا هەموو دەنگی ئەو ویلایەتە لەبەرژەوەندی بەربژێری ئەو پارتە تەواو دەبێت كە زۆرترین دەنگی لێهێناوە، ئەو ویلایەتەی ژمارەی دانیشتوانی زۆر بێت ژمارەی نوێنەر‌و ئیلیكترۆسیشی زیاترە.

ئەو كەسانەی دەبنە نوێنەر لەدەستەی دەنگدەرانی سەرۆكایەتی ئەندامی باوەڕپێكراوی پارتەكانن، وە بەپێی یاسای هەندێك لە ویلایەتەكان ئەو كەسانە دوای دەرچوونیان دەبێت لە بەرژەوەندی ئەو بەربژێرە دەنگبدەن كە پێشتر بانگەشەیان بۆ كردووە نەك بەربژێرێكی دیكە. وە بەپێچەوانەوە لەهەندێك ویلایەتی دیكە ئەو نوێنەرانە هیچ كۆت‌و بەندێكیان لەسەر نیە‌و دەتوانن لە بەرژەوەندی بەربژێری پارتێكی دیكە دەنگبدەن هەرچەندە ئەم حاڵەتە زۆر دەگمەنە لەمێژووی هەڵبژاردنەكانی ئەمەریكادا.

وە لەماوەی كەمتر لە 12 كاتژمێردا ئەنجامی ئەم قۆناغە ڕادەگەینرێت، وە بەو پێیەی كە ڕێژەی سەدی هەردوو بەربژێرەكان ڕادەگەینرێت ئیدی وادەزانرێت هەڵبژاردن تەواو بووە‌و بەربژێری براوە دیاری كراوە، بەڵام لەڕاستیدا وانیەو لەم قۆناغەدا ئەمەریكێكان لە ڕێگەی دەنگدان بە بەربژێری دیموكرات‌و كۆمارییەكان تەنها ئەندامانی دەستەی دەنگدەرانی سەرۆكایەتیان هەڵبژاردووە‌و دواتر ئەوان بەدەنگدانی خۆیان یەكێك لە بەربژێرەكانی سەرۆكایەتی یەكلایی دەكەنەوە. وە دەگونجێت بەربژێرێك لەم قۆناغەدا زۆرینەی دەنگ بهێنێت‌و بەڵام لەقۆناغی دەنگدانی ئەندامانی دەستەی دەنگدەرانی سەرۆكایەتی دەرنەچێت‌و دەنگی پێویست بەدەستنەهێنێت هەروەك چۆن لە ساڵی 2000 لەنێوان ”جۆرج بۆشی كوڕ‌و ێ‌‌ل جور” ڕویدا، بە جۆرێك كە جۆرج بوش لەم قۆناغەدا لە دوای بەربژێری دیموكراتەكانەوەبوو، بەڵام لە قۆناغی دواتر‌و دەنگدانی ئەندامانی دەستەی دەنگدەرانی سەرۆكایەتی توانی 271 دەنگ بەدەستبهێنێت‌و بكەوێتە پێش ڕكابەری دیموكراتەكان‌و ببێت بە سەرۆكی ئەمەریكا.

پاش ئەوەی هاونیشتیمانیانی ئەمەریكا ئەندامانی دەستەی دەنگدەرانی سەرۆكایەتیان هەڵبژارد لە ڕێگەی دەنگدان بە بەربژێری دیموكرات‌و كۆمارییەكان یان لەڕێگەی دەنگدان بەناو و لۆگۆی هەردوو پارتی سەرەكی، ئەوانیش لە دووشەمەی یەكەم هەفتەی دیسمبەر‌و بەدروستی لەڕێكەوتی 5ـی دیسەمبەر، یەكەم كۆبونەوەی هەڵبژاردنی سەرۆك‌و جێگرەكەی ئەنجامدەدەن‌و دەنگ لەسەر هەڵبژاردنی بەربژێرەكانی دیموكرات‌و كۆماریەكان دەدەن، پاشان ئەنجامی دەنگدانەكەیان دەنێرن بۆ سەرۆكی ئەنجومەی پیران، كۆنگرێسیش بۆ ئەم مەبەستە لە 6ـی ینایەر 2017 كۆبونەوەیەك سازدەكات بۆ ڕاگەیاندنی ئەنجامی دەنگدانی ئەندامانی دەستەی دەنگدەرانی سەرۆكایەتی لەهەڵبژاردنی سەرۆك‌و جێگرەكەی. وە هەر بەربژێرێكی سەرۆكایەتی پێویستی بەدەنگی 270 لەو نوێنەرانەی دەستەی دەنگدەرانی سەرۆكایەتی هەیە بۆ ئەوەی ببێتە سەرۆك _واتە 50+1_، هەریەكێك لەو ئەندامانە دوو دەنگیان هەیە یەكێكیان بۆ سەرۆك‌و ئەویتر بۆ جێگرەكەی. وە ئەگەر هیچ یەكێك لەبەربژێرەكان نەیانتوانی دەنگی پێویست بهێنن ئەوا ئەم پرۆسەیە لەئەنجوومەنی نوێنەران بەدەنگی نوێنەری ویلایەتەكان كە ژمارەیان 50 كەسە یەكلایی دەكرێتەوە بەپشتبەستن بەهەمواری ژمارە 12 دەستوری ئەمەریكی، وە ئەگەر ئەوانیش نەیانتوانی ئەم پرسە یەكلایی بكەنەوە ئەوا ئەنجومەنی پیران كەژمارەیان 100 ئەندامە ئەم پرسە یەكلایی دەكاتەوە.

وە تائێستا دووجار لەمێژووی هەڵبژاردنی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكادا ڕوویداوە كە ئەم پرۆسەیە لەئەنجوومەنی نوێنەران یەكلای ببێتەوە لەوكاتەی دەنگی بەربژێرەكان لە دەنگدانی ئەندامانی دەستەی دەنگدەرانی سەرۆكایەتی یەكسان بوو، ئەوانیش لە هەڵبژاردنی تۆماس جیفرسۆن لە ساڵی 1801‌و جۆن كوینس لە ساڵی 1825.

دوای ئەوەی بەربژێری سەركەوتووی پۆستی سەرۆكایەتی ئەو وڵاتە، ئەو قۆناغ‌و هەوراز‌و نشێوە ماراسۆنیانەی بڕی‌و متمانەی بوون بە سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكای وەرگرت لە ئاهەنگی دانانی سەرۆكی نوێ لە ڕێكەوتی ڕۆژی هەینی 20ـی ینایەری 2017 سەرۆكی هەڵبژێردراو بەسەرپەرشتی سەرۆكی دادگای باڵا سوێندی دەستووری دەخوات‌و بەفەرمی پۆستی سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكای وەردەگرێت‌و دەست بەكارەكانی دەكات لە كۆشكی سپی.

لە كۆتایدا ماوەتەوە بڵێم ئەم هەڵبژاردنە گرنگی‌ تایبەتی‌ خۆی‌ هەیە لەسەر ئاستی ناوخۆ‌و دەرەوەی ئەو وڵاتە، ئەم گرنگیەش لەلایەكەوە بۆ قورسای‌و پێگەی ئەمەریكا لەنێو وڵاتانی جیهان‌و گرنگی دەسەڵاتە كردەییەكانی سەرۆك لە ناوخۆی ئەو وڵاتە دەگەڕێتەوە، بەجۆرێك هەڵبژاردنی هەر یەكێك لەو بەربژێرانە بۆ پۆستی سەرۆكایەتی لە چوار ساڵی ئایندە ڕەنگدانەوەی بەرچاوی دەبێت لەسەر داڕشتنی سیاسەت‌و ستراتیژیەت‌و ئامرازەكانی جێبەجێكردنی سیاسەتی ناوەوە‌و دەرەوەی ئەو وڵاتە. وە ئەو جۆرە سیستەمەی كە هەڵبژاردنی پێ ئەنجامدەدەن یەكێكە لە هەرە ناوازە‌و ئاڵۆزترین سیستەمەكانی هەڵبژاردن لە جیهاندا لە ڕووی بانگەشە‌و تێچونی دارایی‌و مەرج‌و ڕێكارە یاساییەكان، وە بەشێوازێكی ناڕاستەوخۆ بەڕێوەدەچێت‌، واتە هاونیشتیمانیانی ئەمەریكی ڕاستەوخۆ دەنگنادەن بە بەربژێرانی‌ سەرۆكایەتی بەڵكو دەنگدەدەن بە نوێنەرانی‌ دەستەی دیاریكردن‌و هەڵبژاردنی‌ سەرۆك‌، دواتر ئەم نوێنەرانە سەرۆكی‌ ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا هەڵدەبژێرن، لە ساتی دەستپێكردنی تاكو ئاهەنگی سوێندخواردنی سەرۆكی نوێ زیاتر لە یازدە مانگ دەخایەنێت.

* مامۆستای زانكۆی سەلاحەددین

سەرچاوە: خەندان