"an independent online kurdish website

تازە لە ناوچە ئازادکراوەکان هەنگاو بە هەنگاو بەرەو بنارەکانی سنوور هەڵدەکشاین. سەرفەسلێکی نوێ لە خەبات دەستی پێ دەکردو کەم کەس هەبوون خۆیان لەگەڵ ئەم قۆناخە ئەستەمە رابێنن و رابێن،luqman-mehfer-0

ئەوەی کە ئەم شانازیی و لەخۆبردووییەی نەسیب دەبوو هەر کوران و کچانی مەکتەبی دیموکرات بوون. لەودیوی سنوورە دەستکردەکانەوە بەهاران لە شەقەی شاباڵیان دەداو وەک ناخودایەکی شارەزا لەنێو دەریای پڕتەوژمی گەلدا کەشتی خۆزگەو ئاواتی کوردیان بەرەو دوورگەی ئامانج دەبرد.

بەهارێکی سارد و سڕە، هێشتا گوڵالە و گەزیزەو شلێرە لە بنارو و سەربستو قەدپاڵەکان سەریان دەرنەخستووە، هێشتا قەندیل مەندیلی لەسەر نەکردووە و سەرتاپا هەر سپی پۆشە. پێدەشتی لاجان سوور، پیران تازە تراویلکەی سەوزی دەڕوێنێ، داربەرووەکانی لێرەواری بەری مێرگان و نەلێن بێ گەڵان هەر چرۆیان کردووە، شاریش لە پێشوازی هەڵۆیەکانی کۆچ کردووی گەرمیانە.

دووی بانەمەرە ٦٥ە، پۆل پۆل هەڵۆ بە بەژنو باڵای قەندیل هەڵدەچن. پەنجە بەسەر پرچی شێخ ئایشی تازە لە بن بەفر دەرکەوتوو دادێنن. کاروانێکی لە بن نەهاتوو لە رێگا دیارە، هەر لە شاهۆ و نەکەرۆزەوە تا ئاگری کەوتۆتە رێ، بە بێ پشوودان دەڕوا و رێگا دەبرێ. لە ئاسمانەوە ئەستێرەیەکی گەش بەرو زەوی راکشاو لە کوێستانەوە گوڵە شلێرەیەک هەڵپرۆکا و لە دەروازەی شارەوە فەرماندەیەک بۆ رزگاری نەتەوەیەک لەبەردەم ئازادیدا کڕنۆشی برد. لەنێو کۆری پرسەکەی پیرێکی بەساڵاچووی جل خاکی بە هەیبەت و بە بیروباوەڕم بینی ئەمە مامۆستا “مەلا عەبدولرەحمانی لاهیجانی”ە، قارەمانی نێو سیاچاڵەکانی تاغوت و کۆڵنەدەری شۆڕشی نوێیە، بۆ مەرگی “مراد”ی تاقانە ناگری و غەم دایناگرێ، روو بە هاوسەنگەرانی خۆی و شەهید ئێژێ “مراد” نیگەرانی لە دڵ دەر کردم، سەری بۆ ئەبەد بەرز کردم. ئەگەر بمانهەوێت لەژێر دەستی رزگاریمان بێت حیزب، کوردو کوردستان کوری وای دەوێت، برۆ رۆڵە بە خودام سپاردی و گەردنت خۆش و ئازا بێت.

“مراد”ی شۆڕشیگێریش لەشی خوێناوی و زامی قورسە، لەسەر پشتی ئەسپێکی شێ راست دەبووە و رووی لە هاوسەنگەرانی دەکرد بڕۆن جێم بێڵن، بەیانەو رووناکی دابێ دەرچوونتان ئەستەمە لە کاتێکدا خوێن وەک کەڵە کێویەک تک تک لە جەستەی دەچۆرا دەیگوت تفەنگەکەم لە لا دابنێنن، بڕۆن با زیانەکە لەوە زیاتر نەبێت. کاتێک دڵنیا بوو بەجێی ناهێڵین دەستی کوشیم و پێی وتم ئاگات لە باوک و دایکی بەساڵاچووم بێ، دڵیان بدەوەو و بە منداڵەکانم رابگە، ئەمانتت “خەدیجە”ی خوشکی تاقانەم بێت، ئەمانە دوایین وتەکانی مرادی فەرماندەن، ئیدی جارێک بۆ هەمیشە چاوی لێکناو بەجێی هێشتم. بۆ گەنجێکی وەک من لەو سەردەمەدا ئەوە هەم ئەرک و هەم خەمێکی قورس بوو، دایم لەنێو بازنەی مێشکم داخولی دەدا ئەوەندەی بۆم کرا ئەو ئەرکەم بەجێ هێنا و تا ئەو کاتەی لەیل* لە کوێستان و مەجنون لە گەرمیان، کە مەجنون کۆچی دوایی کرد ، قەدەر وای کرد پیرەتەواری زام هەڵگرتوو لە رۆژهەڵاتەوە بۆ لە باوەش گرتنی مەجنون* روو بکاتە باشووری کوردستانەوە لە پەنای یەک لە باوەشی دایکی نیشتماندا ئارام بگرن.

باغی “مرادی”ش ئەمڕۆ خەملیوەو بەروبۆمی گرتووە، کێ بە بیری دا دەهات حلیمەی چوار مانگ لە پاش شەهید بوونی باوکی لە دایک دەبێت، کاتێک چاوی بە دونیایەک هەڵنیا کە باوکی تێدا بەدی نەکرد. ئەو بە وێنە باوکی بینی، لە ئامێزی نەنکئ کڵۆلی دا گەورە بوو هەوارزی زانستگای حقوقی بڕی بە نووکی خامەی رەنگینی سەربوردەی ژیانی باب و باپیرەو هەناسە ساردی داپیرەی دەنووسێتەوە، تاقانە خوشکیشی بوو بە یەک پارچە ورە و ئازایانە لە پشت هاوسەری وەستا و شانی وەبەر ئم کۆستە گەورە دا و رووسوورانە لە تاقیکاری ئەو ژیانە دەرچوو.

پاییزە کۆستی مراد قەتماغەی فرێداوە و زامی “رەسوول”ە سەر لە نوێ لە جەستە نوێ دەبێتەوە. سەقز سڕ، تیلەکۆ ماتو بێدەنگ، پێدەشتی کۆیەش تەم و خەم گرتوویەتی، بێنگوول چاوەرێیە و هەولێری هۆلاکۆ و داعش بەزێن باوەشی بۆ گرتۆتەوە و شێخان پرچی ئاڵی رنی و شەنگاریش پەنچەی ئارامی بەسەر رووخساری دادێنێ و رۆژهەڵاتی زام هەڵگرتووی راسانیش لەسەر پێ وەستاوە. دەمێک بوو دەمانهەویست پشوویەک بدەین، هەناسەیەک هەڵکێشین، لەبەر سێبەری نەونەمامەکان سەرخەوێک بشکێنین، کەچی چەرخی چەپ گەردوون رێگای نەداو خەو لە چاوان تۆراو و رەشەبای زریانی داعش هەڵی کرد و قژوکاکۆلی یەکێک لە نەونەمامەکانی هەپرووزاندو هەڵپرووکاند. “ئارسان”ی تازە پێ هەڵگرتوو بزەی لەسەر لێو تۆرا و کۆترە سپییەکەم وا لە هێلانە نامۆیە، تەوارە بەساڵاچووەکەشم جارێکی تر ئامێزی لە غەم گرت، گولالەش بالێکی تری شکا.

هۆ هاورێم تۆ بە بێ راوێژ و ماڵائاوایی بۆ سەفەرێک هەنگاوت هاویشت، بڕواناکەم ئەم هەواڵە راست بێ و ئەمە دوایین ماڵئاوایی تۆ بێت لە کۆری کوران و کچانی دڵ پر لە ئەوینی فێرگەکەت. وەدوات کەوتم هەتا بتدۆزمەوە و بتهێنمەوە، کاتێک لە خوێندکارانی رۆژهەڵاتی نێو کولێژەکانی هەولیرم پرسی وتیان کوا ئەو کەسەی گرێ پووچکەی گرفتەکانی بۆ دەکردینەوە، کاتێک رووم لە کتێبخانەی گشتی ئازادی کرد سەدان کتێب دەمیان کردەوە و جێ پەنجەی تۆیان پێشان دام. کاتێک سەرم لە سکرتاریا هەڵینا گوتیان ئارامترین و متمانەترین کادر !؟ کاتێک رووم لە کۆمیسیۆنی پەروەدە کرد وتیان چالاکترین ئەندام، کاتێک رووم لە کۆمەڵانی خەڵک کرد وتیان خەڵکی و خاکی ترین پێشمەرگە، کاتێک سەری شاخ و فێرگەمدا قوتابییەکان ئەسرین لە کاڵانی چاویان دا قەتیس وەستابوو و وتیان بە رەوشتترین مامۆستامان، ئەوەتا قەلەم و کلاسۆرەکەی هەروا لەسەر مێزە بۆ سەفەرێکی بەتالۆکە و کاتی کەوتە رێ پێ وتین زوو دەگەڕێمەوە و ماڵئاوایی لێ نەخواستین.

شەو درەنگانە تەلەفۆنەکەم زەنگی خوارد، هەڵم گرت، خۆیەتی، رەمزو رازێک لە نێوانمان گوترا، دوایین وتە پێ وتم “نیگەران مەبە تەنها برێک ئیحتیاد گەرەکە هەواڵی ئارسانی لێ پرسیم” گوتم هەروا چاولەرێیە هەر کە زەنگی دەرگا لێ دەدرێ خێرا رادەکا وادەزانی خۆتی وەک جاری جاران یاری لەگەڵ دەکەیت کەچی ئێوارەیە ٥ی خەزەڵوەری ٩٥ پۆلێک هاورێ سەریان دام لە رووخساریان خەم دەباری رەنگیان سیس بە زەحمەت قسەیان بۆ دەکرا، یەکیان بە لەسەرخۆیی لێم نزیک بووەوە بە گوێچکەمی دا چرپاند هەوالێکی ناخۆش، وتی بەداخەوە رەسووڵ … بۆ من هەواڵی مەرگی ئەو لە ئی شەهیدانی راسان سەختتر و بەژانتر نەبوو، خێرا هەستامە سەرپێ بەرەو سکرتاریا کەوتینە رێ بۆ راوێژ و هێنانەوەی تەرم و رێ و رەسمی بە خاکسپاردنی. بەلامەوە کەنیرە لە ئاسکە بێنازەکانی راسان زیاتر نەبوو، ئارسانیش لە ئارسانەکانی وان بەنازتر نەبوو، بەڵام دڵ بورکان و رووخسار سورر و سەربەرزە کەچی خەرمانی تەمەن بەسەرچووە و هەڕەشەی مەرگم لێ دەکات، کاتێک رێبوارێکی ماندوو و شەکەتم بینی هەر لە تیلەکۆوە هەتا دەشتی کۆیە بێ پشوودان رێگای بڕیوە، وتی ئای تۆفیق لەم رۆژەدا وەک قەفی کۆچان دایهێناوم و رەسوولیش لە هەمان رۆژدا پشتی شکاندم، کێ دەڵی مێژوو دووپات نابێتەوە ؟! وتم نە ئێمە خاراوی کورەی کۆستەکانین ئێوەش قەندیلن، قەندیلیش نە دەچەمێ نە دەشکێ و هەرگیز لە بن نایەت. ئەوە ئارسانە کۆچانی دەستی تۆیە بە شەو رێ روونکەرەوەی بەرپێتە و بەڕۆژیش هەنگاو بە هەنگاو پێ لە هەورازی سینەکێش سەرکەوە و لە رژد و هەڵدێرانیش خۆتی پێ بگرە، لە گارەو مەتین سەر هەڵبرە لە بێنگۆڵی باکوور بڕوانە دوو پێشمەرگەی سنوورنەناس دەست لە ملانەی یەکترن، دەم بە پێکەنین رۆژهەڵات، باشوور، رۆژئاوا و باکوور کڕنۆشیان بۆ دەبن، ئەوانیش دەم بە بزەن بە کاروانی راسان دەڵێن قافلەی رزگاری و گەڕانەوەی ناوچە دابراوەکانی باشوور وەک سیروان لە خرۆشانە. ئارسانیش یەکەم یادگاری من و سۆمای چاو و ئارامی دڵتانە.

لوقمان مێهفە ر

• مەلا ‌عەبدولرەحمان لاهیجانی باوکی شەهید مراد و زیندانی سیاسی، زیاتر لە ٦٠ ساڵ تەمەنی خۆی بۆ خەبات لە نێو حیزبدا تەرخان کرد ،لە گۆرستانی فێرگە لەگەڵ هاوسەرەکەی لە تە نیشت یەکتر نێژراون.

مام مەحمود باوکی شەهیدان تۆفیق و رەسول محمدزادەیە.

…..

وەرگیراو لە لاپەڕەی فەیسبووکی کاک لوقمان

ىۆ بابەتەکانی تری کاک لوقمان ئێرە کلیک بکەن یان  سەردانی بەشی نووسەران بکەن 

چاوەروانی گەڕانەوە، لوقمان مێهفەر



نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی