Hoppa till innehåll
Hem » ژن و مێرد وەک دووباڵی مەلێکن!، مەجید پاڵانی

ژن و مێرد وەک دووباڵی مەلێکن!، مەجید پاڵانی

لەمێژە کوردان وتوویانە ”مەل بەباڵێک نافڕێت” بۆ باش و بتەوڕاگرتنی ئەم دوو باڵە، گەلێک پێویستە هەردوویان وەک یەک و بە بێ دانی قورسایی ئەمیان بەسەر ئەویاندا،mejid_palani_001

یان کەمتر بەکاربردنی ئەمیان لەویتر، یان هەر بەتەواوی لەکارخستنی یەکیان، بێگومان ناهاوسەنگی دێتە ئاراوە و باری ئەویانە، کە گرانیەکەی کەوتۆتە سەر زۆر گرانتر و توانا پڕوکێن دەبێت. بێگومان ئەویانەش بارەگرانەکەی کەوتۆتە سەر دەتوانێت بۆ ماوەیەکی کەمتر لە ئاسایی بەردەوام بێت، ئیتر کەم کەم بەرەو لاوازی ئەچێت و هەناسە بڕکێی پێ ئەکەوێت و لە ئاکامدا ناگاتە هەوار.

بێگومان ژیانی هاوسەری و پێکەوە ژیانی بەختەوەرانەی ژن و مێردیش ڕاست وایە. ئەگەر نایەکسانی لەم ژیانەدا بێتە ئاراوە و ڕەگەزە نێرینەکە لە هەموو بوارێکەوە خۆی داسەپێنێت بەسەر مێینەکەدا، ئەوە وەک مەلە باڵ شکاوەکەی لێدێت و هەم خۆی ئەپڕوکێنێت و هەم بڕی هێلانەکەشی ناکات.

ئەوەی ئەمڕۆ و دوێنێ و بگرە ئەگەر ئەم ڕەوتە وا بەردەوام بێت، سبەینێشی لەگەڵ بێت، زۆرێک لە کۆمەڵگەکانی مرۆڤ لێرە و لەوێ، بە کۆمەڵی کوردەواریشەوە، ئەو یەکسانیەیان نەپاراستووە، بۆیە هەمیشە باری پێکەوە ژیانی بەختەوەرانەی بنەماڵەکان لەنگە و دژواری و شەڕ و کێشەی تێدەکەوێت.

هەرچەند ئەم باسە لێدوانێکی زۆری ئەوێت و بە باسێک و بابەتێک و نووسینی پەرتووکێک ئاو بە ئاگرەکەدا ناکات، بەڵام لە هیچ باشترە. بۆیە واباشە چەند نموونەیەک لێرەدا ئاماژە پێ بکەم، تا ببێتە هوێنی بەخۆدا چوونەوە بۆ هاوسەرەکان.

ـ پرس بەیەکترکردنی هاوسەرەکان لە گشت کارەپێوەندیدارەکانی ماڵ و دەرەوە.

ـ بەهێند وەرگرتنی ڕای یەکتر.

ـ گوێ بۆ دەردی دڵ و پرس و ڕاکانی یەکتر و لامل نەکردن لە یەکتر.

ـ پاراستنی مافی یەکسانی مرۆیی یەکتر بە بێ دانی گەورەیی هیچ یەک بەسەر ئەویتریاندا.

ـ ناسینی یەکتر لە بواری لەشی و دەروونی و لەبەرچاوگرتنی تواناییەکانی یەکتر.

ـ مافی فێربوون و خوێندن و بەشداریکردن لە کۆڕ و کۆبوونەوە و وەگرتنی بەرپرسایەتی کۆمەڵایەتی و سیاسی و… ، وەک یەک هەبێ و پارێزراو بێت.

ـ هەرکامیان خۆیان هی خۆیان بن و دەسەڵاتیان بەسەر ماڵ و لەشی خۆیاندا هەبێت.

ـ گەشت و سەفەر و سەردانەکان بۆ ئێرە و ئەوێ ئەگەر بۆیان گونجا پێکەوە بن، ئەگەر نە هەردوویان مافیان وەک یەک هەبێت بۆ ئەو شتانە، نەک وەک ئەوەی ئەمڕۆ لێرە و لەوێ ئەبینرێت، زۆرجار پیاوان خۆیان بە بێ ئیزنی ژنەکانیان ئەچن بەمالا و ئەولادا و ئەبێتە هۆی ئاژاوە و کێشە لە نێوانیاندا.

ـ لە پەروەردەی بنەماڵەییشدا مافی وەک یەکیان هەبێت و هەردوو وەک یەک خاوەنی منداڵەکان بن.

ـ هێندێک شتی دیکەی وەک: ژن بە ژنە، ژن بە میرات وەرگرتن، ژن لەباتی خوێن دان، لێدانی ژن بە هەموو شێوەکانی لەشی و دەروونی، توندوتیژی دژ بە مافەکانیان بە گشت جۆر و شێوەکانییەوە، داسەپاندنی سەرپۆش بەسەریاندا، شاهیدی دانیان، مارەیی وەرگرتن، مافی یەکسانی و بڕیاردانی جیابوونەوە، تەنیا ژنێک و پیاوێک نەک چەند ژن بۆ پیاوێک. ئەمانە و دەیان و سەدانی دیکەی لەم جۆرانەش بە ئەمڕۆشەوە لەبەرچاو نەگیراوە و ستەمی چەند قات بەسەر ڕەگەزی مێینەدا داسەپاوە، بۆیە ڕۆژانە ئەو هەموو کێشە بنەماڵەییانە ئەبینین.

خوێنەری بەڕێز!

هیوادارم هەردوو باڵی مەلەکە وەک یەک بن و هاوسەنگی نێوانیان وەک یەک بپارێزرێت، تا ژیانێکی لێواو لێو لە بەختەوەرانەیان بەش بێت.

لەگەڵ ڕێزم بۆ گشتان. مەجید پاڵانی، نۆروێژ. ٢٦/١١/٢٠١٦ی زاینی