لە ڕێکەوتی ٦ی مانگی ١٠ی ١٣٩٥ هەتاوی دایە مەعسوومە ڕەسوڵزادە دایکی هاوڕێ و پێشمەرگەی دێرینی ڕیزەکانی حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێران یونس پیرۆتەسوور ناسراو بە کووەیسی
لە تەمەنی ٧٩ ساڵیدا دڵە گەورەو مێهرەبانەکەی لە لێدان کەوت و بۆ هەمیشە مالئاوایی لە ژیان کرد. دایە مەعسوومە خەڵکی گووندی خانکەندی سەر بەچۆمی مەجیدخانی مهاباد بوو. خوالێخۆشبوو دایکێکی نیشتمانپەروەر و سیمایەکی ناسراو بوو بۆ تێکۆشەرانی دێموکرات و بە تایبەت بۆ خەڵکی نیشتمانپەروەری چۆمی مەجیدخان.
ئێمە بەڕێوەبەرانی سایتی پێشمەرگەکان سەرەخۆشی گەرمی خۆمان ئاڕاستەی هاوڕێ کاک کۆیسی و بنەماڵەکەی و خەڵکی چۆمی مەجیدخان دەکەین و خۆمان بە بەشداری خەمیان دەزانین.
ڕۆحی شاد بێ.
……

شێرە ژن و نیشتمانپەروەرەکەی چۆمی مەجیدخان ماڵئاوایی لە ژیان کرد، کووەیسی
دایەگیان دایکی شیرینم مایەی هەست و ژینم
کۆچی ناوادەت چرۆی ژیانی هەڵوەراندم
پشتی چەماندم، هێزی ئەژنۆی شکاندم
دایە گیان من چۆن بەرگەی ئەو کۆستە بگرم
دایە گیان تو رۆیشتی و منت بەجێ هێشت، کەی وادەی ئەو کۆچە ناوەختەت بوو، ئەدی قەول و قەراری دیداری مانگی داهاتوومان چی بوو!
شوێنی بەیەک شاد بوونەوەمان و دەست لە ملانکردنمان وەک خۆت ئارەزووت دەکرد کوردستانی ئازاد بوو!
دایە گیان خۆ دەتزانی من هەر هەژماردەی کاتەکانم دەکرد و تامەزرۆی دیداری پر لە ئومێدو باوەشی گەرمی دایکانەت بووم لە سەر خاکی ئازادی نیشتمانم.
کوا دایە گیان کاتی ماڵئاوایی کردنت بوو
دوای تۆ من تامەزرۆی دیداری کێ بکەم
بەلام ئومێد و قەلافەتی شێرانە و نەسرەوتووی تۆ
سەرتاپای لەش و وجوودی داتەنیوم
دایکی ئازیزم رووحت شاد بێ، بەڵێنی بێ وانەکانی ژیانی سەربەرزانەت وێنەی ملوانکەی شین هەروا لە گەردنمدا دەدرەوشێتەوە!
ئەو کەسەی کە هیچکات لە یادت ناکا کوری خۆت کوەیسی
