"an independent online kurdish website

شەنگالە خاکی کوردستانە بەڵام دیسانەوە دەستی داگیرکەرانی کوردستان بە بیانووی شەڕ لە گەڵ داعش گەیشتووەتە قووڵاییە ستراتێژییەکانی کوردستانەوەreuf-golbeden-01

هەر لە خورماتوو و شارەبانەوە بگرە هەتا کەرکووک و مووسڵ لە باشوورەوە بۆ  حەلەب لە ڕۆژئاوا بە زەقی دیاردەیەک خەریکە ناوچەکە دادەپڵۆسێت کە هەمان دیاردەی داعشی شێعەیە کە خۆی بۆ دوای داعشی سوننە ئامادە دەکات!.

دەرکەوتنی داعش لە بڕگەیەکی چارەنووس ساز لە هاوکێشەکانی ناوچەکە کرا بە بیانوو بۆ دامەزراندنی لفە دوانەکەی واتە داعش شێعە کە وەک بریکاری کۆماری سێدارە درێژەدەری بە ئەنجام گەیاندنی بەرنامەکانی هەمان ئەقڵ و هزری دواکەوتووانەی داعشن لە ناوچەکەدا!

دەکرێت بە دەرکەوتن و دامەزراندنی حەشدی شەعبی ئەوە پشتڕاست بکرێتەوە کە دەرکەوتنی هەر دوو داعشەکە لە یەک کاتدا بۆ یەک مەبەست بووە و هیچ شکی تێدا نییە کە ئەم دوو ئەقڵە داعشییە لە یەک کاتدا بە یەکەوە دەربکەون بە بێ ئەوەی هیچ پاشخانێکی وا لە ناوچەکەدا لە ئارادا بووبێت جگە لە  پاشخانی هزری کۆماری سێدارە کە خاوەنی هەمان ئەقڵییەتی داعشە!

کێبەرکێی هژموونی دەسەڵات لە ناوچەکەدا لە نێوان ئێران  و تورکیا و تا ڕادەیەکیش عەرەبستان بە تایبەتی لە عێراقدا  هەر هەبووە و بە جۆرێک هەتا کوردستان نەبووە بە مەترسی بۆ داگیرکەران  ئاستی دەست تێوەردانەکانیان بەو شێوەی ئەوڕۆ بەرچاو و ئاشکرا نەبووە!

بەڵام کە ناوی کوردستان و چەمکی سەربەخۆیی بوو بە رۆژەڤی گەرمی کۆڕ و کۆبوونەوەکان ئیتر دۆخەکە شڵەژا و دووبەرەکی خرایە ناو کوردەوە و ئەوڕۆکە بە زەقی کار لە سەر بەرپەرچدانەوەی ئەقڵی سەربەخۆیی خوازی دەکرێت کە لە مێژووی کورددا شتی وا یان نەبووە و یان ژی بە دەگمەن بووە!!

بە هەرحاڵ کوردستان هی کوردە و کوردیش دەبێ خاوەندارەتی لە ماڵ و بوونی خۆی بکات!

ئەوڕۆکە کورد لە شەڕی دژی داعشدا تا ڕادەیەکی بەرچاو سەرکەوتووە و لانی کەم هەموو جیهان  دەزانن کە ئەگەر کورد نەبوایە ئێستە دۆخی ناوچەکە بە بارێکی‌تردا دەکەوت!

ئێستاکە کە هژموونی ئێران بە سەر ناوچەکەدا لە ژێر سێبەری ڕووسیا پەرە دەستێنێت لەوە دەچێت ئێران بە دامەزراندنی حەشدی شەعبی پیلانی ئەوەی هەبێت کە ناوچەکانی ژێردەسەڵاتی حەشدی شەعبی پەرە پێ بدات کە لە ڕێگەی شەڕی مووسڵەوە و هەروەها شەری حەلەبەوە خەریکە پیلانەکانی خۆی جێبەجێ دەکات!

کۆماری سێدارە و تورکیا بە ئاشکرا لە کوردستان و عێراق و سووریا شەڕی دەسەڵات بۆ داهاتوو دەکەن و هەر یەکە لەم دوو وڵاتە جیا لە کێشەی کورد کە ڕەنگە ئێستاکە لەویشدا وەک یەک بیر نەکەنەوە بەڵام جارێ بێدەنگیان لە کێشەکانی نێوانیان هێناوە و لە بەر هاوپەیمانەتی لە گەڵ رووسیا بە شەڕی حەلەب و سووریاوە سەرقاڵن و دەکرێت وا بڵێن لەم کاتەدا توانای لەناوبردنی کوردیان نییە بەڵام کورد لە هەموو کاتێکدا دەبێت ئاگای لە هەڵس و کەوتی دۆژمنکارانەی هەر دوو داگیرکەرەکەی کوردستان بێت و بە تایبەتیش کە ناوچەکە بە ساتە وەختێکی هەستیاردا تێپەڕ دەبێت!

کۆماری سێدارە لە گەڵ ئەوەی کە لە چەندین بەرەی جیاواز لە ڕێگەی بریکارەکانیەوە شەری خۆی لە دەرەوەی سنوورەکانی ئێران دەکات کە ئەمە خاڵێکی گرینگە کە ئێران بە هەموو هێزییەوە تێدەکۆشێت ڕێگری لە هەڵگرساندنی شەری ناوخۆ یان گواستنەوەی کێشەکانی ناوچەکە بۆ ناوخۆی وڵات دەکات، لە ڕاستیدا دەکرێت  ئەم دۆخە تایبەتە وەک خاڵی لاوازی ئەمنی  کۆماری سێدارە دەست نیشان بکرێت!

ئەو سنوورەی کە کۆماری سێدارە لێی دەترسێت هەمان سنووری کوردستانە کە سنوورێکی بەرفراون و دوور درێژە وەک هەموومان دەزانین هەر سێ پارچەی ڕۆژهەڵات و باشوور و باکووری کوردستان بە یەکەوە گرێدەدات!

درێژی ئەم سنوورە خەونی کۆماری سێدارەی زڕاندووە!

دانیشتووانی ئەم بەر و ئەو بەری سنوور هەموو کوردە و ئەمەش ئەو خاڵە گرینگەیە کە کورد دەبێ بە هەلی بزانێت بۆ زەخت خستنە سەر سێدارەچییەکانی ئێران!

بە بێ شک هەستانەوە و بووژاندنەوەی شۆڕش لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەم ساتە وختە مێژووییەدا گرینگی خۆی هەیە و ئیتر بە هەڵگرساندنەوەی مۆمی شۆڕشێکی نوێ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان زۆرێک لە پیلانەکانی کۆماری سێدارە پووچەڵ دەبێتەوە!

پاژنە ئاشیلی ئێران وەک هەمیشە تەنیا کوردە و بەس!

ئەوڕۆکە تورکیاش بە ئاشکرا شەڕێکی گەورە و دەستەو یەخە لە چەند بەرە دهەڵگرساندووە لە کاتێکدا لە ناوخۆی تورکیا دەستی داوەتە سەرکوتکردن و گرتن و کوشتن و ماڵوێرانکردنی خەڵکی شار و گوند، لە هەمان کاتیشدا هەوڵی لە ناوبردنی ئەو دەسکەوتانەی ڕۆژئاواش دەدات کە بەرهەمی خەبات وخوێنی هەزاران رۆڵەی کوردە!

بار و دۆخی تورکیا جیاوازە لە گەڵ ئێران و بە کوردییەکەی تورکیا لە ناوخۆی وڵاتدا لە شەڕێکی سەختدایە و لەم لاشەوە لە بەرەی باشوور و لەو لاشەوە لە رۆژئاوا و لە هەمان کاتیشدا لە سووریا هەڵپەی بردنەوەی شەڕەکەیەتی بۆ ئەوەی لە بەرانبەر ئێراندا وەپاش نەکەوێت!

لە لایەکی تریشەوە تورکیا سەری لێ شێواوە و بە هۆی سیاسەتی ئەمریکا و ناتۆ و ئورووپاوە چووەتە ناو هاوپەیمانەتی ڕووسیاوە و ئەویش وەک ئێران دەیهەوێت بوونی ڕووسیا لە ناوچەکەدا بکات بە دەرفەتی خۆ بەهێزکردن یان لانی کەم پاراستنی دۆخی نالەباری ئێستای خۆی!

لە گەڵ ئەوەی کە سووریا هاوسنوورە لە گەڵ تورکیا و رۆژئاوا و باکوور بە سنوورێکی دوور و درێژ کە ئەگەر باشووریش بخەینە سەری ئەوا سنوورێکی 800 کیلوومەتری لە نێوان تورکیا و کوردستاندا هەیە و ڕیک لەم لاشەوە سنووری نێوان رۆژهەڵاتی کوردستان و باشوورو باکوور لە سنوورەکەی تورکیا و کوردستان دریژترە کە مانای وایە کێشەی داهاتووی ئەم دوو وڵاتە داگیرکەرە دوای دابەش بوونی سووریا و عێراق درێژەی دەبێت واتە کورستان چەقی کێشەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە!

ئەگەر لەم بڕگە لە مێژوو دوو وڵآتی عێراق و سووریا دابەش نەکرێنەوە ئەوجار کێشەی چل یان پەنجا ملوێن کورد بە هەڵواسراوی دەمێنێتەوە کە بە پێی ئەوەی کورد خاوەنی هێزی خۆیەتی لەوە ناچێت ئەم جارە بتوانن بە سەر ویستی ملوێنی کورددا باز بدەن!

هەڵگرساندنی شەر لە کوردستان لە لایەن هەر کەسێکەوە و لە ژێر هەر ناوێکەوە لە م کاتەدا جێبەجێکردنی پیلانەکانی داگیرکەرانی کوردستانە کە دەبێتە هۆی لە کیس چوونی هێز و وزەی کورد و هەروەها لە دەستدانی ئەو دەسکەوتانەی کە ئەوڕۆکە لە باشوور و ڕۆژئاوا و تەنانەت باکووریش هەیە. هەر چەندە لە ئێستادا بار و دۆخەکە ئاڵ و گۆڕی بە سەردا هاتووە و هێشتاش ناوچەکە بە تایبەتیش کوردستان گڕکانی ڕووداوەکانی ناوچەکەیە و ئەم گڕکانە بەم زوانە دانامرکێتەوە!

پێویستە خوێندنەوەی بەرتەسکانە لە بار و دۆخەکە نەکرێت و هەڵگرسانی شەڕ لە شەنگاڵ لەوانەیە ببێتە هۆی هەڵایسانی شەڕی کورد لە گەڵ کورد کە تەنیا کوردەکە خۆی زیانی بەردەکەوێت!

ئەگەر تورکیا و ئێران لێمان گەڕێن شەنگاڵ بۆ کورد کێشە نییە لە بەر ئەوەی کە دوو هێزی کوردی تێدایە کە لە داهاتووشدا دەبێت لە سەر کێشە بنەڕەتییەکانی کورد و کوردستان هەر پێک بێن، لە هەمان کاتیشدا پێویستیان بە یەک هەیە وا باشە لە هەڵوێستی یەک تیبگەن و لە داگیرکەرانی کورستان دوور بکەونەوە با کەس بە ئاگری ئەوانەوە نەسووتێت!

شەنگاڵ خۆی برینێکی ساڕێژنەکراوە کە پێویستی بە ساڕێژکردنەوە هەیە و هیچ کام لە حێزبەکانی کوردی  نەبوونەتە فریشتەی ڕزگاری هەتا ئەوی دی دێو و درنج بێت!

هەموویان بە چاک و خراپیەوە دەسکردی خۆمانە و هەر ئەوەن کە هەن!

مەولانا گۆتەنی:

” گۆزەکە هەر ئەوەی تێدایە وا تێی دایە ” !

ڕەوف گوڵبەدەن

29.12.2016 ز

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی