"an independent online kurdish website

 بەو شێوەیە و سەرەڕای هەموو گرفت و کێشەکانمان، کار و ئەرکی حیزبی بەردەوام بوو. تیمەکان هاتووچووی ناوچەیان دەکرد.kavos_azizi66

چەندین تیمی ئێمە نفووزیان کردبووە نێو شاری ئۆرمیە و عەمەڵیاتی پارتیزانیان ئەنجام دابۆوە. یەکێک لە تیمەکان نیزیک شار کەوتبووە کەمین و هەروەک لە پێشتر باسم کردووە، حاجی پەرنیان بەدیل گیرابوو و چەندین ساڵ زیندانی کرا و دوایە بە وەسیقەی زۆر ئازاد کراوە و ئیستا لە شاری ئۆرمیە دەژی. هەروەها تیمە تەشکیلاتییەکان بەرەو ناوچەکانی ئەنزەل و کەناربەڕۆژ، سۆما برادۆست و شپیران و سەڵماس بەردەوام جۆڵەیان هەبوو.

وەزعەکە بەو شێوەیە چووە پێش تا گەیشتینە ١٠ی خاکەلێوە ڕۆژی شەهیدان. لەوڕۆژە دا ڕێوڕەسمێک مان بەڕێوە برد بە بەشداریی سەدان کادر و پێشمەرگە و خەڵکی دەوروبەری کاولان، بەتایبەتی گوندەکانی سەرسنووریی باکووری کوردستان کە نە ئێمە ئەوانمان لە خۆمان بە جیا دەزانی و نە ئەوان، بگرە ئەوان ئێمەیان وەک پێشمەرگە و مناڵی خۆیان وەردەگرت.

دوای مەراسیم کە لە بەشەکەی پێشوودا باسم کرد، بەداخەوە بە تەقاندنەوەی گولە ئارپی جی یەک کێشەکان زیاتر خۆیان دەردەخست. کاک مەحموود دەشتیش هاتبوو و لە مەڵبەند بوو. ڕۆژی ١١ی خاکەلێوە بەیانی زوو هەستاین و بنکەکانمان گواستەوە بۆ قەرەغان کە پاییز دوو ژووریان دروست کردبوو و ئامادە بوون. قەرەغان بەفرێکی زۆری لێ بوو، بەڵام کاولان کە فاسیلەیان ١٥ بۆ ٢٠ کیلۆمیتر دەبوو، بەفرێکی ئەوتۆ نەمابوو و ئیحتیمالی هێرشی دوژمن دەکرا. لە ماوەی ٣ رۆژ دا بنکەکانمان گۆڕی و لەوێ چادرمان هەڵدانەوە و هەردوو ژوورەکەش کرانە بنکەی مەڵبەند و هێز.

هەر لەو ڕۆژە یان ڕۆژێک دواتر پەلی ٣٣ لە لکی سێ کە لاوک سەرپەل و دێوانە جێگر پەلی بوون و  یەکێک لەو پەلانە بوو کە پێشمەرگەی بە ئەزموونی هەبوو ، لەگەل کادرەکانی کۆمیتەی ناوچەی ئەنزەل و کەناربەڕۆژ بەرەو مەئمووریەتێک وەڕێکەوتن کە کاک حاجی جوندی کادری سیاسیی لکی ٣ شیان لەگەل بوو. هەوا زۆر ناخۆش بوو. باران دەباری، بەفر جارێ مابووە. دوای ٣ڕۆژ تیمەکە هاتن و خەبەریان هێنا کە لە پشتی گوندی “شارێ”ی گەلی دریان(ئەسەن دەرە) کەوتوونەتە نێو کەمینی سەربازانی تورک و ٤ کەس لەهاوڕێیان گیراون کە: کاک سلێمان کەلەشی بەرپرسی تەشکیلاتی ئەنزەل کەناربەڕۆژ و بەرپرسی تیمەکەش بوو ، ئەنوەر کۆهەنساڵ، فادل بێگزادە و مێهران میرزایی بوون. ئەوان گیران و هەموومان دڵگران بووین و نیگەران کە ترسمان ئەوەبوو سات و سەودایان پێ بکەن و بیدەنە ئێران . ئەوەش بڵێم کە کەلەشی لەو کادرانەی ئێمە بوو کە حیساب بۆ کار و قورسایەکەی دەکرا. لەوێشدا بەداخەوە ئۆرگانی مەڵبەند کەمکاریی کرد و نەیتوانی زوو ئیقدامی پێویست بکا.( من ناچمە سەری و کاک سولێمان بیرەوەرییەکانی دەنووسێ و لەوێدا بەدرێژی باسی دەکا).

لەگەل ئەوەی کە بۆ ئەو ٤ کەسە ناڕاحەت و بەپەڕۆش بووین، بەڵام لە لایەکیشەوە شوکوردار و خۆشحاڵ بووین کە کاک حاجی نەگیراوە. چوونکی ئەو لە شۆڕشگێرانی سابیقەداری خەڵکی باکوور و حوکمی قورسی لەسەر بوو. کە گیرابا هەم گیانی کاک حاجی لە مەترسیی جیدی دەکەوت و هەم لەو سنوورانە کێشەمان بۆ دەهاتە پێش.

لەوکاتی دا کێشەیەکی تر دیسان سەری هەڵدابووە. سەرەتای مانگی سەرماوەز کەویستمان بێینەوە کاولان بەهۆی بەفری زۆر چەند دانە ئەسپ و هێسترمان هەبوو دەرنەدەچوون و بە ناچار تیمێکی ٤ کەسیی پێشمەرگەکان ئەو ئەسپ و هیسترانەیان گەڕاندەوە گوندی دێریشک و بەجێ مابوونەوە تا بەهار نەهاتن. لەگەل ئەوەی کە دەیانتوانی بێنەوە ، بەڵام هەم کەمتەر خەمیان کردبوو لە هاتن و هەم لەوێ کاری گومرکیشیان کردبوو. بەهار کە هاتنەوە مەڵبەند هەم لەسەر نەهاتنیان و هەم بە بێ ئاگاداریی مەڵبەند وەرگرتنی گومرک لەو سنوورە لێپرسینەوەی لەگەل دەکردن و دەیەویشت سزایەکی حیزبیان بۆ دیاری بکا. هەمووشمان دەمانزانی کە ئۆرگانی مەڵبەند وەک ئۆرگانی بەرپرس مافی خۆیەتی کە لێپرسینەوە لەوکەسانە بکا، بەڵام چوونکی ئیعتیماد لاواز ببوو، هەم بەرپرسانی نیزامیی ئێمە ئەو لێپرسینەوەیان قەبووڵ نەبوو، هەم ئۆرگانی مەڵبەند ڕەفتارێکی دروستی حیزبیان نەدەکرد. بۆیە ئەویش ببووە کێشە و تا سەرەنجام ئەگەر لە بیرم بێ ئەو کەسانە بۆ ماوەی یەک مانگ چەک کران.

hcadir_lki3

چادرەکانی لکی٣   لە قەرەغان

تیمێک کە کاک حەسەن بازووکە و ٢ کەسی دیکە بوون و ئەوانیش سەرەتاکانی مانگی بانەمەڕ چوون بۆ لای سۆما و لە نیزیک ئاوایی سوڵتانی دەگەل تیمێکی پێنج کەسی لە ئەفرادی پایەگای سوڵتانی دەرگیر بوون و هەر پێنج کەسەکەش کوژران کە یەکێکیان شاکر کەریم زادە سەران تەواو و فەرماندەری پایەگا و وابزانم خەڵکی لای شیراز بوو. ( کوژرانی ئەو ئەفسەرەی ژاندارمێری لە دوو بوار دا زەربەی لە ئێمە وەشاند. یەکیان ئەوەکە ئەفسەرێکی دۆستی حیزب بوو ( من ناچمە سەر چۆنیەتیی دۆستایەتییەکەی) دووهەم ژاندارمێری لە دوای ئەو دەرگیری یە بەپێچەوانەی جاران زۆر توند کەوتنە دژایەتیی ئێمە و تا سەرەنجام ٣ مانگ دواتر دوو پێشمەرگەی ئێمەیان لە سوڵتانی بەدیل گرت و هەردووکیشیان پاشان ئیعدام کران(شەهید مەدەنی جیهاندیدە و شەهید نیزام مەردی) هەڵبەت نە ئەفسەر و سەربازەکان مەبەستیان تەعقیبی تیمی پێشمەرگەکان بوو، نە تیمە پێشمەرگەکان مەبەستیان دانانەوەی کەمین بوو، هەر وا بە هەڵکەوت تووشی یەک ببوون).

لەو ماوەیەش دا بەردەوام کێشە و گرفتەکان بە هۆی نەبوونی ئیمکانات بۆ مقەڕ لە نێوان لکەکان و مەڵبەند دا هەبوو. هەم سەرپێچی لە خوارەوە ڕا دەکرا، هەم داسەپاندن لە سەرەوەڕا. هەتا مانگی ٣ وەزعەکە بەو شێوەیە بەردەوام بوو. وابزانم سەرەتای مانگی ٣ بوو کە کاک ڕەحیم و تیمێک کەلە گەلی بوون هاتنەوە، تا ئاستێک کێشەکان بە هاتنی کاک ڕەحیم کەم بوونەوە. بەڵام کاک عەلی جارێ نەهاتبوو و کاک شاپوور دەسەڵاتەکانی کاک عەلیی بە ئەستۆوە بوو.

لەو فاسیلەیە دا ٣ کەس لە پێشمەرگەکانمان هەڵاتن و بە چەکەوە چوون خۆیان تەسلیم کردەوە. کەریم نادمی کە پێشتر باسی هات و چووی گوماناویی باویکم کردووە، ناجی پەروەردرۆ و ئەلیاس. هەر ئەوکاتیش گومانی ئەوەمان هەبوو کە بنێردرێنەوە مەئمووریەتی تێرۆریستانە. چوونکی هەم بە چەکەوە چووبوون، هەم کەریمو ناجی زەمینەی ئەوەیان تێدا بوو.

لە ڕۆژانی سەرەتای مانگی جۆزەردان بوو کە من و ئەبووبەکر و ناجی بەمەبەستی چاوپێکەوتنی کەس و کارمان ئیجازەمان وەرگرت و بەرەو ناوچەی سۆما چووین، بەرلە حەرەکەت ئاگاداربووین کە مام عەزیزیش دەیەوێ بچێ و سەردانی منداڵەکانی بکا. لەگەل ئەوەی کە پێمان ناخۆش بوو مام عەزیز (ڕووحی شاد) لەگەلمان بێ، پێکەوە حەرەکەتمان کرد و هەوایەکی خۆشی بەهاری بەرەو ناوچەی سۆما چووین.(هۆکاری پێناخۆشبوونی ئێمە ئەوە بوو کە ئێمە هەرسێکمان گەنج بووین لە تەمەنی ٢١، ٢٢ ساڵ دا، مام عەزیزیش هەم بەتەمەن بوو و سەلیقەمان یەکی نەدەگرت ، هەمیش پێشتر خۆی تەحوێل دابووە و هەمووی ٦ مانگ بوو هاتبووە و لێی نیگەران بووین کە دیسان بڕواتەوە. دیارە دواتریش ئەو نیگەرانیەمان بەڕاست دەرچوو). هەر لە یەکەم سەعاتی حەرەکەتمان دا لە دەراوی ئاڵیاوا چۆم بردمی کە مام عەزیز فریام کەوت. تازە بەفر دەتوایەوە چۆمەکان یەکجار زۆر بوون. ئەوەبوو دوای سێ ڕۆژ گەیشتینەوە سۆما.

کە گەیشتینەوە ناوچەی سۆما یەک دوو ڕۆژێک لەوێ بووین ، گوتمان مام عەزیز تۆ بەرنامەت چیە؟ ئەویش هەمان پرسیاری هەبوو. ڕاستی یەکەی دەمانەویست مام عەزیز بڕواتەوە و ئێمە پێکەوە بمێنین و دوایە هەرسێکمان پێکەوە بچینەوە شپیران تا ئەبووبەکریش چاوی بە بنەماڵەکەی بکەوێ. مام عەزیز ڕاست گوتی ئەگەرئێوە نەیەن بۆ شپیران من ناتوانم بچم منداڵەکانم ببینمەوە. بنەماڵەی من و ناجی لە سوڵتانی بوو(ناوچەی سۆما) بنەماڵەی ئەبووبەکر لە بەرازی(ناوچەی شپیران) . مام عەزیز دەبا بڕواتە گوندی شێرەنی کە نیزیکە لە بەرازی. من و ناجی و ئەبووبەکر نەماندەویست لە یەکدی جیابینەوە و نەماندەویست لەگەل مام عەزیز پێکەوە بین، چوونکی پێکەوە بەرنامەمان نەبوو بۆ ئەو سەفەرە. لە دووڕیانێک دا گیرمان کردبوو. تا سەرەنجام بڕیارمان دا کە تا بەرازی مام عەزیز لەگەلمان بێ و لەوێ برواتە لای مناڵەکانی و ئێمەش هەرسێکمان پێکەوە بین.

چەند ڕۆژێک لە ناوچەی سۆما ماینەوە و شەوێک چووینە سوڵتانی و بۆ بەیانیەکەی کە دەبووە١٣/٣/١٣٦٦ لە ئاخەسۆرک کە دەکەوێتەوە نێو هەرەکیان، دۆستان و حەسەنی ماینەوە. مەیدانی دۆستان(مەیدانی بەرێدی) بە سەدان ڕەشماڵ هەڵدرابووە و نەمان دەزانی کێن کە هاتوونە ئەو کوێستانە؟ ئەوان خەڵکی ئیسلام ئابادی سەڵماس و لە ئێلی عەرووسی و مەڕ و ماڵاتێکی زۆریان هەبوو . عەرووسی یەکان بە گشتی مەڕداربوون. دوای نیوەڕۆ گوتمان با بڕۆینە نێو زۆمێک و لەوێ چایەک دەخۆین و هیندێک زانیاری وەردەگرین تا کەمێک بەرەو ئێوارە دەچێ، ئەوجار بەرەو قووڵایی شپیران دەڕۆین. من هەر وەک شۆخی بە زاراوای عەرووسی گوتم: ئێمە دەچینە ماڵا ئاپێ عەڤدلە! (مام عەبدولا) . کە چووینەوە چادرێکی گەورەی تازە بوو ڕوومان کردە ئەو چادرە و پیاوێکی بەساڵاچووی زۆر سەری حاڵی ڕیش تاشراو لە سەرەوە دانیشتبوو و دیاربوو کە گەورەی ئەوانە.

ناوی ئەو مامە پیرەمان پرسی گوتی: من حەجی ئەڤدلە و ڕدێن سپیی ئەم خەڵکەم و هەموو خەڵکی ناوچە دەمناسێ. بەڵام هەرکە زانیان پێشمەرگەین دیار بوو نیگەرانن. هەستمان کرد کە یان لەوەی دەترسن کە دوژمن پێی بزانێ و عەزیەتیان بکا، یان ئەوەی کە شتێک هەیە و پێمان ناڵێن. زوو چایەکمان خوارد و هاتینە دەر. هەمووی چەند سەد میترێک ڕۆیشتین، من بە فاسیلەی ١٠ میترێک لە پێشەوە دەچووم و سیگارم بەدەستەوەبوو. خەیاڵی ئەوەشمان نەدەکرد کە لەوێ کەمین هەبێ. ئەبوو بەکر و ناجی و مام عەزیزیش پێکەوە قسەیان دەکرد و دەهاتن. سەعات دەوربەری ٧ی ئێوارە بوو. لە نێوان مەیدانی جەوۆ و مەیدانی خوارێ هیندێک بەرزە و بەردێ لێ یە. لە قەراغ بەردێک ڕا قونداغی تفەنگێکی ژ_٣ دیار بوو بە بێ نەفەر. من تێیڕامام و دەستم بۆ چەکەکەم برد ، ئەبووبەکر گوتی کاووس چیە؟ گوتم ئەوە قونداغی ژ_٣ نیە؟ ئەبوو بەکر گوتی کەمینە ! قسە لە دەمی ئەبوو بەکر دا بوو ئەوان هەستانە سەر پێ و ویستیان لێمان بدەن. بەڵام ناجی هەر زۆر سەریع تەقەی لێکردن و مەجالی نەدان. ئیدی ئەوە بوو دەستمان کردەوە و ئەوانیش جوابیان داینەوە. شوێنی ئەوان قایم بوو و شوێنی ئێمە رووتەنێکی بێ بەرد، تەنها سەنگەری ئێمە قەراغی جۆگەی ئاو بوو. ئەوان دوو ماشێنی پڕلە جاش و پاسدار بوون، کە نیزیک ٢٥ بۆ ٣٠ کەس دەبوون. دوای ١٠بۆ ١٥ دەقەیەک تەقەی توندی هەردوولامان ئەوان هەر ئەوندەیان پێکرا کە سواری هەردوو ماشێن بوون و بەرەو پایەگای گوندی دۆستان هەڵاتن. ئێمەش کە تازە ئاشکرا ببووینەوە ، دەبا بگەڕێنەوە. وەک ئەوەی دەڵێن ئەوان بۆ خۆیان هەڵاتن و ئێمەش بۆ خۆمان. ئەوەبوو ڕوومان کردە حەسەنی و نەفەرێکمان ڕاسپارد(ڕووحی شاد لە ژیان دانەماوە) کە بەیانی بە بیانوویەک برواتەوە ئەو ناوچەیە و بزانێ تەلەفاتی دوژمن چیە؟ چوونکی مەعلووم بوو کە لەوان کەس وەبەر کەوتبوو.

ڕۆژی دوایی کە دووبارە هاتینەوە بۆ وڵامی ڕاسپاردەکەمان نەفەرەکە چووبوو ڕاست لە جاشێکی ناسیار پرسی بووی کە دوێنێ تەقەبوو لێرە چ بوو؟ ئەویش گوتبووی ئەوە پێشمەرگە بوون کەوتنە کەمینی ئێمە ، بەڵام ڕزگاریان بوو و ئێمەش دوو بریندارمان هەبوو. دواتر زانیمان کە نیو سەعات پێش ئێمە ئەو گرووه زەربەتە لە ماڵی هەمان حاجی عەڤدلە بوون و هەموویان دەیانزانی کە پاسدار ئەوە لە پشت ئەو بەردانەن و کاتێک کە ئێمە لە سەرەوەڕا بەرەوچادرەکان چووین پاسدار ئێمەیان بینیوە و کەمینیان بۆ داناوین، کەچی ئەو خەڵکە بە ئێمەیان نەگوتبوو. بەداخەوە مانگێک دواتریش هەر ئەوان خیانەتیان پێکردین کە دواتر باسی دەکەم.

شەو کەلە حەسەنی بووین چووینە ماڵی مام زوبەید(ڕووحی شاد) . ئەو و بنەماڵەکەی خزمەتی زۆری پێشمەرگەیان دەکرد. ئەبووبەکر عاشقی کچە بچووکەکەی بوو کە دوای ٤ ساڵ هێنای و ئێستا خێزانیەتی. دایکە ڕەحیمای خێزانی مام زوبەید کاتێک ویستمان بچینە دەر نایلۆنێکی سپیی دایە دەستی ناجی. ئەویش هێنای کە لە خوار سوڵتانی ڕا دەرباس دەبووین بەرەو ڕیحانی ، ئاگامان لێبوو خشەی نایلۆنەکە هات. گوتمان چی بوو؟ ناجی ئەوەڵ حاشای کرد و دوایەش پێکەنی, زانیمان ناجی نایلۆنەکەی فڕێداوە. گوتمان چی تێدابوو؟ گوتی شتێکی تێدابوو کە من ڕقم لێ یە! زانیمان مرتۆخەیە(حەڵوا) . ئەبووبەکر هیندێک بە سەر ناجی دا ڕووخا و دوایە تازە مرتۆخەکەمان لە کیس چووبوو مەجبوور بووین هەر بڵێین تازە ڕۆی. مانگەشەوێکی زۆر خۆش بوو. بۆ بەیانی گەیشتینەوە دێریشک و زانیمان کە تیمێک لە پێشمەرگەکان هاتوون و لەوێن. خەوتین تا نیوەڕۆ کە هەستاین چوینەوە دیتمان ئەو ەهاوڕێیان لەوێن کە ئەوەی لە بیرمە : سەعید مەحموود نەژاد(ڕووحی شاد)، نایب مەشایخی ، جەمشید کامڕان (رووحی شاد) یووسف کەنعانی(ڕووحی شاد) ، سراج مووسایی و کەماڵ ئەمینی(ڕووحی شاد) بوون.

ئەو چەند ڕۆژە ئەوان لەوێ بوون و ئێمەش شەو دەچووینەوە ئەو گوندانە و بەیانی دەهاتینەوە لای ئەوان. ئەوان بۆیان گێراینەوە کە تیمێکی تیرۆریستی دوێنی لە لای میربهال گیراون کە پێکهاتبوو لە کەریم نادمی، ناجی پەروەردرۆ و بێمال سەحرایی کە هەرسێکیان پێشتر پێشمەرگە بوون و دوای تەسلیم بوونەوە نێردرابوونەوە بۆ تێرۆری ئەو بەرپرسانەی کە ماڵیان لە وارگەنم بوو( عیسمەت عەبدی، ڕەحیم ساڵحزادە ، حەسەن بازووکە، شاپوور شوجاعی فەرد و بەهادور ئازەری. تیمێکی فەرماندەرانی نیزامی لەگەل کاک ڕەحیم فەرماندەری هێز بەرەو گەلی بەردەڕەش بەمەبەستی شناسایی کردنی چەند نوقتەیەک بۆ عەمەڵیاتی نیزامی بەڕێگاوە دەبن کە بە هەڵکەوت تووشی ئەو تیمە سێ کەسییە هاتبوون و دوای تەقەیەکی کورت هەرسێکیان بە دیل گرتبوو. هەڵبەت ئەگەر تووشی ئەو تیمە لە هاوڕێیان نەبوونایە دەیانتوانی زەربەیەکی قورس لە مەڵبەندی شیمالی حیزب بدەن.

ئێمە کە ئیدی کاتمان خەڵاس ببووە دەبا بگەڕێینەوە. بەیانیی ڕۆژی١٩/٣/١٣٦٦ ماڵئاوایمان لە هاوڕێیانی تر کرد و کەمال تا دۆڵی سۆلینی سەرەوەی دێریشک بە قەدەم لێدانەوە لەگەلمان هات و لەوێ ماڵئاوایمان لێکرد و کەوتینە ڕیگا بەرەو گەلی دریان . بەداخەوە کەمتر لە ٤٨ سەعات دوای ئێمە کەماڵ تێرۆر کرا و ئەوە دوایین ماڵئاوایمان بوولە گەلی دا. دوای سێ ڕۆژ گەیشتینە مقەڕ و هاوڕێیان لێمانیان پرسی کەماڵ چۆن شەهید بۆوە؟ ئێمەش گوتمان شتی وانیە. چوونکی نەماندەزانی. تا ئەوەی گوتیان دوای ئێوە تێرۆریستان هاتوون و کەماڵ ئەمینی شەهید بووە. تێرۆری کەماڵ ئەمینی وەک ئەوەی لە بیرم بێ یەکەمین تێرۆری دژی پێشمەرگەی حیزب بوو لە دەرەوەی سنووری ئێران کە بی بی سی فارسیش باسی کرد.

درێژەی هەیە…..

بەشی پێنجەم

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی