رووداو – ئاستانە, ئەندامێكی باڵای شاندی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا رایدەگەیێنێت، ئێران خاوەنی پرۆژەیەکی مەترسیدارە بۆ ناوچەکە.
لەبارەی دانوستاندنەكانی ئاستانەش دەڵێت، لێدوانی لایەنی رووسی گۆڕانی بەسەردا هاتووە و ئەوەش هەڵوێستێكی ئەرێنییە.
ئوسامە ئەبو زەید، ئەندامی شاندی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا لە لێدوانێکی تایبەت بە تۆڕی میدیایی رووداو باسی لە دەرئەنجامی کۆبوونەوەکانیان لە رۆژی یەكەمی گفتوگۆكانی ئاستانەی پایتەختی كازاخستان كرد.
ئەبو زەید دەڵێت “رێککەوتنێک لەنێوان لایەنە گرنتی بەخشەکان هەبوو، کە لە ئەنقەرە واژۆمان لەسەری کرد. لەسەر ئەوەی لە قۆناخی یەکەمی دانوستاندنەکان سەرنج بخرێتە سەر راوەستانی شەڕ و جێگرییکردنی ئاگربەست، لەپێناوی ئەوەی ژیانێکی سرووشتی و سەقامگیر بۆ گەلی سووریا دەستەبەر بکەین، کاتێکیش ئەو ئارامی سەقامگیرییە بۆ گەلی سووریا دەگەڕێتەوە، دەست بە پرسەکانی دیکە بکەین”.
ئوسامە ئەبو زەید دەشڵێت “لە دەستپێکی دانیشتنەکانی ئاستانە دیدار و چاوپێکەوتنمان لەگەڵ لایەنی رووسی و تورکی و نەتەوە یەکگرتووەکان ئەنجامدا. ئەو پێشلکارییە زۆرانەمان بۆ خستنەڕوو کە لەلایەن هێزەکانی رژێمەوە ئەنجامدراون. هاوکات هەوڵە بەردەوامەكانی رژێم-یشمان باسكردن بۆ کۆنترۆڵکردنی خاکی نوێ”.
لەبارەی هەڵوێستی رووسیا لە كۆبوونەوەكان، ئەندامەكەی شاندی ئۆپۆزیسیۆن گوتی “لایەنی رووسی بەڵێنی ئەوەیان داوە رێوشوێنی پێویست لەبارەی راگرتنی ئەو ئۆپەراسیۆنانەی رژێم بگرنەبەر”.
ئوسامە ئەبو زەید، پێیوایە “لێدوانی لایەنی رووسی گۆڕانی بەخۆیەوە بینیوە، بەلایەنی کەمەوە لەڕووی میدیاییەوە. هەڕەشە و ئاگادارکردنەوەی روون بۆ هێزەکانی رژێم هەیە لەلایەن وەزارەتی بەرگری رووسیا و فەرماندەیی هێزەکانی رووسیا لە سووریا هەیە، ئەوەش هەڵوێستێکی نوێیە، بۆیە پێویست بەوە دەکات ئەو هەڵوێستە ئیجابییەی رووسیا لەڕووی میدیاییەوە نواندویەتی، بگوازرێتەوە بۆ بە لایەنی كرداری و ئەو هەڵوێستە لەسەر ئەرزی واقیع بەرامبەر رژێم بخرێتەڕوو”.
ئەندامەکەی شاندی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا ئاماژە بەوە دەكات، تاوەكو ئێستا کۆبوونەوەکانیان لەگەڵ وڵاتانی گرنتی بەخش بووە، لەوانە تورکیا و رووسیا و نەتەوە یەکگرتووەکان. “ئەوانە لایەنی گرنتی بەخشن بۆ رێککەوتنەکە نەک لایەنی دیكە، لێرەشەوە دەیڵێم ئێران هیچ رۆڵێکی نییە”.
ئوسامە ئەبو زەید، ئاماژە بەوەش دەدات “ئێران تەنیا دوژمنی گەلی سووریا نییە، بەڵکو خاوەنی پڕۆژەیەکی مەترسیداریشە بۆ ناوچەکە، ئەویش پرۆژەی گۆڕینی دیمۆگرافییە، بۆ ئەوەی دانیشتوانی رەسەنی ناوچەکە نەهێڵێت و لە شوێنیان خەڵکی بیانی نیشتەجێ بکات. ئەمەش دوای ئەوەی عێراق و چەند وڵاتێکی دیکەی وێرانکرد، ئێستاش بەو پرۆژەیەوە هاتووەتە سووریا، ئەمەش ماوەی دوو بۆ سێ ساڵە خەریکی جێبەجێکردنی ئەو پرۆژەیەیە، بۆیە ئەمەش وای لە ئێمە کرد رەتیبکەینەوە ئێران بەشێک بێت لەو رێککەوتنە، چونکە سیاسەتێکی تاوانکارانە و مەترسیدار لەسەر زەوی جێبەجێ دەکات، ئەوان نەک شەڕی شۆڕشگێڕان دەکەن و هاوپەیمانی بەشار ئەسەدن، بەڵکو خاوەنی پرۆژەیەکی زۆر قێزەونن لەسەر خاکی سووریا، بۆیە هەڵوێستمان لەسەر ئێران لەوبارەیەوە باش نییە”.
سەبارەت بە هەڵوێستی حیزبی بەعسی سووریا لەسەر گەلی کورد لە سووریا، ئوسامە ئەبو زەید دەڵێت “گەلی کورد بەشێکی رەسەنی گەلی سووریان، ئامادەیی و مێژووییەکی قوڵیان لەو وڵاتە هەیە، ناکرێت ئینکاری لە هەبوونیان بکرێت، مەگەر یەکێک لە مێژوو نەزانێت، ئەوەی لە مێژوو بزانێت و مێژووی خوێندبێتەوە دەزانێت گەلی کورد بەشێکی رەسەنن لە گەلی سووریا، لەگەڵ شاندی ئێمە شۆڕشگێڕان، چەند برایەکی کوردمان لەگەڵە کە شانازیان پێوە دەکەین و شانازی بە بەشداریشیان دەکەین”.
روداو: لەلایەن گۆڤەند مستەفا
داڕشتنەوە: حەكیم داود
