Hoppa till innehåll
Hem » ترامپ ، خەونی فاشیزمی فارس دەزڕێنێ، عیرفان رەهنمون

ترامپ ، خەونی فاشیزمی فارس دەزڕێنێ، عیرفان رەهنمون

شۆڕشی گەلانی ئێران لە ساڵی ١٩٧٩ دا ، درزێکی گەورەی خستە نێو ریزەکانی فاشیزمی فارس و بوون بە دوو بەرەوە ، بەرەی لایەنگری خومەینی و بەرەی دژبەر.obama-_xanmneyi-0

هەوڵی بەرەی دژبەر بۆ رووخاندنی رژیمی خومەینی شکەستی هێناو بەهاتنەسەرکاری ” خاتەمی ” و هەتنەگۆڕی گوتاری ” دوالیزمی بنیاتە هەڵنەبژێراوەکان (خامنەیی و بنیاتەکانی) و بنیاتە هەڵبژێراوەکان (پارلمان ودەزگای راپەڕاندن) ’ ، دوایین بزمار لەتابووتی هیوای ئەو بەشە لە فاشیزمی فارس درا کە خەونیان بەڕووخانی رژیمەوە دەبینی .

فاشیزمی فارسی دژی رژیمی خومەینی ، پاش نائومێد بوون لە یارمەتیی دەرەکی و چوونەسەرەوەی رادەی وشیاریی نەتەوایەتی لە نێو نەتەوە بندەستەکانی ئێراندا ، بەو ئاکامە گەیشتن کە رووخانی رژیمی ئێران لە رێگای شۆڕشێکی توندوتیژەوە ، ئێران پارچەپارچە دەکا و ئیدی فاشیزمی فارس ئەودەرفەتەی نامێنێ کە لە رێگای سیستمێکی فاشیستیی ناوەندخوازەوە ، وڵاتی گەورەی ئێران کۆنترۆڵ بکا و نەتەوەی ” فارس ” لە لوتکەی دەسەڵاتدا ، بهێڵێتەوە.

هەر لە میانەی ئەم خوێندنەوەیەوە بوو کە بینیمان ، هێدی هێدی ، کەلێنی نێوان فاشیزمی سکولاری فارس و فاشیزمی مەزهەبیی فارس ، کەمتر و کەمتر بوویەوە و لەسەردەمی ئۆبامادا ، گەیشتە لوتکە و هەموو بەشەکانی فاشیزمی فارس(جگە لە موجاهیدینی خەلق و رازا پەهلەوی) داوایان لە وڵاتانی دەرەوە ئەوە بوو کە دوالیزمی ” دەسەڵاتی هەڵبژێراو و هەڵنەبژێراو ” بە فەرمی بناسن و لەرێگای یارمەتی بە بەشی ” دەسەڵاتی هەڵبژێراو” ەوە ، بەشی دەسەڵاتی ” هەڵنەبژێراو – خامنەیی” ناچار بە پاشەکشە بکەن و لەڕێڕەوی ریفۆمی نەرمەوە ، هێدی هێدی پرۆسەی دیموکراتیزاسیۆن لە ئێراندا بەرەوپێش ببەن ، بە بێ ئەوەی بەرژەوەندیی باڵای فاشیزمی فارس ، تووشی خەسار ببێ .

بەهاتنەسەرکاری دۆناڵد ترامپ ، گوتاری ” دوالیزمی دەسەڵاتی هەڵبژێراو و هەڵنەبژێراو ” لە ئێراندا ، بۆتە بڵقی سەرئاو و ”بەرجام و رێکەوتنی ناوەکیی رۆژئاوا لەتەک ئێران ” کەوتۆتە مەترسییەوە.

فاشیزمی فارس کە ئێستا ” بەرجام ” و لابیینگی خۆی لەواشینتۆن دا ، لەمەترسی دا دەبینێ ، وەک ئەو باڵندانە ، نائارامن کە پیش مرۆڤ هەست بە ” بوومەلەرزە ” دەکەن . ئیستا دەرفەتێکی گونجاوە کە بزاڤی کورد و نەتەوە بندەستەکانی ئێران ، ئەو بۆشاییە پڕ بکەنەوە و بە ئاشکرا رابگەیەنن کە خوازیاری رووخانی رژێمن و هیچ چەشنە ریفۆرمێک لەو رژیمەدا ، ئیمکانی نیە و لە راستیدا ، پرسی ریفۆرم ، تاکتیکێکی زیرەکانەو ئاڵۆزی فاشیزمی سیکولار و مەزهەبیی فارسە بۆ پاراستنی چوارچێوەی سیاسی -جوگرافیایی ئێران و فەرمانڕەوایی نەتەوەی فارس بەسەر گشت نەتەوە یەخسیرەکانی ئەو چوارچێوە زۆرەملە سیاسییە دایە.