بەداخ و کەسەرێکی زۆرەوە، سەر لەبەیانی دووشەممە، ڕێکەوتی ٢٥ی ڕێبەندانی ١٣٩٥ی هەتاوی، بەرانبەر بە ١٣ی فوریەی ٢٠١٧ی زایینی، ئاگادار کرام کە مامۆستا، دۆست، براو هاوڕێی زۆر بەرێزم،
عەبدولڕەزا کەریمی ناسراو بە ’ئەبو کەریمی’ تێکۆشەری دێرین و کادری زانا و خۆنەویست، ئەندامی پێشووی رێبەری حیزبی دێموکرات، پاش بەربەرەکانێیەکی زۆر لەگەڵ ناساخیەکی درێژخایەن، مخابن لە وڵاتی ئاڵمان کۆچی دوایی کردو چاوەکانی بۆ هەمیشە لەسەر یەکدانان.
کاتێک من لە نیوەی دووهەمی ساڵی ٢٠٠٦دا، لە ولاتی سوئێدەوە بۆ کار کردن لە تیشک تی ڤی، چوومە فەرانسە، مامۆستای بەلیمەت و زانام کاک ئەبوو کەریمی یەکێک لەو کەسانە بوو کە لە ولاتی ئاڵمانەوە هاتبووە پاریس و ئەمەش سەرەتاو دەسپێکێکی نەپساوە بوو بۆ ئاشنایەتی و دۆستایەتی لەگەڵ کاک ئەبو کەریمی کە هیچکات و پاش هاتنیشم بۆ ئەمریکا هیچکات ساردوو سڕی بە خۆیەوە نەدیت و هەردەم وەکوو گەورەو مامۆستایەکی دڵسۆز رێنوێن و پشتیوانم بوو کە هەتا ماوم چاکەو غەمخۆریەکەی لەبیر ناکەم!
مامۆستای زاناو بەلیمەت، هاوڕێ عەبدولڕەزا کەریمی، خەڵکی شاری کرماشان بوو کە قۆناغەکانی خوێندی تاکوو وەرگرتنی دیپلۆم لەو پارێزگایە تەواو کرد. دواتر لە زانکۆی ئیسفەهان درێژەی بەخوێندن داو لە بواری مێژوودا لیسانسی وەرگرت.
پاشان کاک ئەبوی خۆشەویست، لە شاری مەریوان بوە مامۆستاو جیا لە خزمەتی بەرچاو لەو شارەو دەورووبەری، کەسایەتیەکی خۆشناوو خەڵکی بوو کە لە جۆشدانی خەباتی جەماوەری ساڵی ٧٩ی زایینی دا دژی رێژیمی پاشایەتی و دواتر رێکخستنی کۆچی مێژوویی خەڵکی مەریوان دا رۆڵێکی بەرچاوی گێرابوو.
هاورێی خۆشەویست و مێژووناسی بە توانا، سەرەتا تێکۆشانی رێکخراوەیی خۆی لە ڕیزی ڕێکخراوی چریکە فیداییەکانی خەڵکی ئێران دەستپێکرد و پاش ئینشعاب لەو ڕێکخراوەیەدا، کاک عەبدولڕەزا کەریمی بەرپرسایەتی لقی کوردستانی بەشی کەمایەتی ئەو ڕێکخراوەیەی وەئەستۆ گرت.
تا سەرئەنجام ساڵی ١٣٦١ی هەتاوی هاتە ڕێزی تێکۆشەرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان و لە ئاستی ئەندامەتی هەیئەتی ئیجرایی کۆمیتەی حیزب لە ناوچەکانی هەورامان و جوانڕۆ ئەرکی وەئەستۆ گرت و پاشان وەک یەکێک لە دامەزرێنەرانی کۆمیتەی حیزب لە داڵاهۆ دەوری بەرچاوی گێڕا.
نەمر ئەبوی کەریمی بەهۆی کارو تێکۆشانی لێبڕاوانەی ساڵی ١٣٧٩ی هەتاوی وەک ئەندامی ڕاوێژکاری کۆمیتەی ناوەندی هەڵبژێردراو هەروها وەک نوێنەری پێوەندییەکانی حیزب و ڕاوێژکاری سکرتێری گشتیی لە پێوەندی لەگەڵ کاروباری ئۆپۆزیسیونی ئێرانی درێژەی بە بەجێهێنانی ئەرکەکانی داو لە زۆربەی کۆڕوکۆبوونەوەکانی ئۆپۆزیسیونی ئێرانیدا بەشدار بوو. کاک ئەبوو لەم مەیدانەش دا هەوڵێکی زۆری دا بۆ ئەوەی یەکیەتیی و بەرەیەکی دێموکرات لە نێو هێزە بەرهەڵستکارەکانی کۆماری ئیسلامی دا پێک بێت و لەم بوارەدا زۆر تێکۆشا. بۆ خۆم شانازی ئەوەم هەیە کە چەند جارێک لە خزمەتی دا بەشداری کۆڕو کۆبوونەوەی ئێرانییەکان بووم و لە نزیکەوە فەخرم بە قسە زانی و ئاستی بەرزی خۆێندەواری و بەڵگە هێنانەوەی بەهێزی دەکرد لە همبەر بابەتە پڕ قسەو باسەکان دا…
لە لایەکی دیکەوە کاک ئەبوو بە وەرێخستنی بەرنامەی ’بێستوون’ بە زاراوەی کەلهووری، خزمەتێکی زۆر گەورەی بە بووژانەوەو گەشەی هەستی نەتەوایەتی لە نێوچەکانی کرماشان و ئیلام کردو خزمەتە بەرچاوەکانی لەم بوارەدا هەرگیز لە بیر ناکرێن.
هەرگیز لە بیرمان ناچێتەوە کە هەردەم بە بزەوە لە بەرنامە جۆربەجۆرەکانی تیشک دا ئامادە دەبوو. لە پاڵ ئەمانەدا، کاک ئەبووی نەمر بە زمانی فارسی ویست و داخوازییەکانی بزوتنەوەی کوردستانی بۆ نەتەوەکانی دیکەی ئێران شیدەکردەوەو لەم بوارەش دا تەنگی بە دامودەزگای سەکوتکەری کۆماری ئیسلامی هەڵچنیبوو.
لە خۆرا نەبوو کە ماڵپەرەکانی سەربە وەزارەتی ژیان شێوێنێ ئیتلاعات و ئەرتەشی سایبیری ئەو رژیمە هارو خوێنرێژە بە هەموو جۆرێک هەوڵی دەدا کە کەسایەتی مەزنی ئەو گەورە پیاوە خەوشدار بکات.
نەمر کاک ئەبوو کەریمی، مرۆڤێکی قسە خۆش، خاکی و خەڵکی و سادە بوو. پڕ لە زانیاری و لێکدانەوەی وردو پڕ بایەخ بوو.ئەو ئەندامی بنەماڵەی گەورەی کەریمیەکانی کرماشان بوو کە کەس و کاری نزیکی بە تایبەت مامەکانی لە شۆرشی مەشروتە دا دەوروو رۆڵیان هەبوو. لە هەموو دانیشتن و کۆڕوو کۆبوونەوەیەکی سیاسیی دا کە کاک ئەبوو ئامادە بوو سەری قسە هەر لە لای ئەوو گەمووان چاویان لە زاری ئەو بوو.
یادو ناوی هاورێ و مامۆستای بەلیمەت کاک ئەبوو کەریمی بۆ هەمیشە لە دڵمان دا زیندوە.
رەحیم رەشیدی
واشنگتن
02/13/2017
پێشمەرگەکان: دەقی راگەیاندراوی دەقتەری سیاسی حیزبی دێمۆکڕات، وەرگیراو لە کوردستان مێدیا

ڕاگەیەندراوی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سەبارەت بە کۆچی دوایی کاک عەبدولڕەزا کەریمی
بەداخ و کەسەرێکی زۆرەوە ڕادەگەیەنین کە ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ٢٥ی ڕێبەندانی ١٣٩٥ی هەتاوی بەرانبەر بە ١٣ی فوریەی ٢٠١٧ی زایینی هاوڕێ عەبدولڕەزا کەریمی تێکۆشەری دێرین و کادری بەوەجی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە دوای نەخۆشییەکی درێژخایەن، لە ئەیالەتی بادن بادن لە شاری هایدێلبێرگ لە وڵاتی ئاڵمان کۆچی دوایی و ماڵئاوایی لە هاوڕێ و خزم و دۆستانی کرد و خەبات لە پێناو ئازادی و ڕزگاریی کورددا بە هەڤاڵان و هاوسەنگەرانی ئەسپارد.
هاوڕێ عەبدولڕەزا کەریمی کوڕی ”محەممەدعەلی” لەدایکبووی ساڵی ١٣٢٠ی هەتاوی لە شاری کرماشان بوو، خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی تا ڕادەی دیپلۆم لە پارێزگای کرماشان تەواو کرد و دواتر بۆ درێژەی خوێندن چووە شاری ئیسفەهان و لە بەشی مێژوودا لیسانسی وەرگرت و کاری دەبیری و مامۆستایەتی لە شاری مەریوان دەست پێکرد. لە پەنای ئەرکی مامۆستایەتیدا دەوری شیاوی لە ڕوونکردنەوەی بیروڕای گشتی و قوتابیان و زیاتر ئاشناکردنیان بە ماف و ئازادییەکانیان و خەبات دژ بە ڕێژیمی پاشایەتی گێڕا و بە ڕاشکاوی تێکەڵاوی کار و چالاکیی سیاسی بوو.
سەرەتا تێکۆشانی لە ڕیزی ڕێکخراوی چریکە فیداییەکانی خەڵکی ئێران دەستپێکرد و پاش ئینشعاب لەو ڕێکخراوەیەدا، کاک عەبدولڕەزا کەریمی بەرپرسایەتی لقی کوردستانی بەشی ئەقەلییەتی ئەو ڕێکخراوەیەی وەئەستۆ گرت و هەر لەو کاتەشدا بۆ پەرەپێدانی هەستی نەتەوایەتی کورد دەوری بەرچاوی گێڕا. تا سەرئەنجام ساڵی ١٣٦١ی هەتاوی هاتە ڕیزی تێکۆشەرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و لە ئاستی ئەندامەتی هەیئەتی ئیجرایی کۆمیتەی حیزب لە ناوچەکانی هەورامان و جوانڕۆ ئەرکی وەئەستۆ گرت و پاشان وەک یەکێک لە دامەزرێنەرانی کۆمیتەی حیزب لە داڵاهۆ دەوری بەرچاوی گێڕا.
بەهۆی ئەو کار و تێکۆشانە لێبڕاوانەیەی هاوڕێ عەبدولڕەزا کەریمی بوو کە ساڵی ١٣٧٩ی هەتاوی وەک ئەندامی ڕاوێژکاری کۆمیتەی ناوەندی هەڵبژێردرا. هاوڕێ عەبدولڕەزا کەریمی بەهۆی باری نالەباری جەستەیی، بە موافقەتی حیزب لە دەرەوەی وڵات و لە ئاڵمان درێژەی بە ژیان و تێکۆشانی دا و وەک نوێنەری پێوەندییەکانی حیزب و ڕاوێژکاری سکرتێری گشتی لە پێوەندی لەگەڵ کاروباری ئۆپۆزیسیونی ئێرانی درێژەی بە بەجێهێنانی ئەرکەکانی دا، و لە زۆربەی کۆڕوکۆبوونەوەکانی ئۆپۆزیسیونی ئێرانیدا بەشدار و لەسەر سیاسەت و هەڵوێستەکانی حیزب پێداگر بوو.
جیا لەوە هاوڕێ عەبدولڕەزا کەریمی لە بواری کاری ڕاگەیاندندا و بەتایبەت لە بەرنامەکانی تەلەویزیۆنی تیشکدا بە زاراوەی کوردیی کەلهوڕی و بە زمانی فارسی، سەرچاوەی خزمەتێکی بەرچاو بوو.
هاوڕێ عەبدولڕەزا کەریمی ڕۆڵەی بنەماڵەیەکی تێکۆشەری ناوداری کرماشان بوو کە لە سەردەمی مەشروتییەت باب و مامەکانی دەوری شوێندانەریان هەبووە، هەر بۆیەش هاوڕی عەبدولڕەزا سەرەڕای هەموو تێکۆشەری و چالاکییە سیاسییەکانی خۆی وەک سیمای ناسراوی بنەماڵەیەکی ناوداری کرماشان و درێژەپێدەری ڕێبازە سیاسییەکەی ئەو بنەماڵە لە کرماشان سەیری دەکرا.
کۆچی دوایی هاوڕێی تێکۆشەر کاک عەبدولڕەزا کەریمی ناسراو بە ”کاک ئەبوو” بۆ هەموو تێکۆشەرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران جێگای داخ و کەسەرێکی گەورە و بۆ بزووتنەوەی دێموکراسیخوازی و مافخوازیی نەتەوەکانی ئێران بە گشتی و بزووتنەوەی کورد بەتایبەتی خەسارێکی گەورە بوو.
دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران وێڕای بەداخ بوون بۆ لەدەستچوونی ئەو هاوڕێ تێکۆشەرەی حیزب و نەتەوەکەمان، پرسە و سەرەخۆشی لە هەموو هاوڕێ و هاوسەنگەران و بنەماڵە نیشتمانپەروەرەکەی کاک عەبدولڕەزا کەریمی و خەڵکی دەوەری کرماشان دەکات و خۆی بە بەشداری خەم و پەژارەی هەموو لایەک دەزانێ.
هەزاران سڵاو لە گیانی پاکی کاک عەبدولڕەزا کەریمی و هەموو شەهیدانی کوردستان و ڕێگا و ڕێبازی ئازادیخوازانەیان پڕ ڕێبوار بێ.
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
دەفتەری سیاسی
٢٥ی ڕێبەندانی ١٣٩٥ی هەتاوی
١٣ی فوریەی ٢٠١٧ی زایینی