"an independent online kurdish website

ژمارەیەک لە لاساییکەرەوە کۆیلەکانی داعشی شێعە بە فتوای کۆنە ترۆریستێک لە تاقمە ترۆریستییەکەی سپای مەهدی جاران و حەشدی شەعبی یان داعشی شێعەی ئێستاreuf-golbeden-01

بە ڕواڵەت دژ بە گەندەڵی باڵەکەی‌تری سەرکردەی داعشی شێعە مالکی ڕژاونەتە ناو گۆڕەپانی تەحریری بەغدادەوە، لە گەڵ بەرزکردنەوەی سیمبۆلە ڕەشەکانی داعش پێناسەی خۆیان پیشانی میدیای چەواشەکار و ئەقڵ لە چاوەکان دەدەن! وەک خوو و خدەی دیسانەوە بە شێوازێکی فێڵبازانە خەریکی چەواشەی هەستی خەڵکن و لەوە دەچێت ئەم خۆپیشاندانە بە مەبەست لە لایەن داعشەکانی ناو دەسەڵاتەوە بە بەرنامەی لە پێش داڕشتوو درانە بەر دەسڕێژ لە بەر ئەوەی فەلسەفەی ئەقڵ و ڕوانگەیان بۆ جیهان و دەور و بەر لە چوارچێوە شەهید سازکردن دەسووڕێتەوە و شەهیدپەروەری یەکێ لە ئامانجەکانی فەلسەفەی مانەوەی ئەم ئەقڵەیە کە تەنانەت درۆشم و ستراتێژی بوونی خۆیان بە خوێن و خوێن ڕشتن پێناسە دەکەن!

میدیای چەواشە ئەم بەدەم چوونە ئایینییە بە کردەوەی شۆڕشگێڕی پێناسە دەکات( لەوە گەڕێ کە مانای شۆڕش و شۆڕشگێڕیشیان چەواشەکردووە! )  لە کاتێکدا هیچ جیاوازییەکی ئەوتۆ لە نێوان ئەم باڵانەی حەشددا بوونی نییە هەر ئەوە نەبێ ئەمیان پێملی فتوای فڵان کەسە و ئەویان پێملی فتوای فیسارە کەسە و بڕایەوە!

ئەگینا پارێزەرانی دەسەڵاتی بەغدا لە ڕاستیدا هەر لەم ئاپۆڕە داعشەی ناو گۆڕەپانەکەی تەحریری بەغدا سازبووە!

بە هۆی بڵاوکردنەوەی پەیامێکەوە دەسبەجێ ئەو خەڵکە مل بە فتوایە، پەلاماری زۆنی سەوزیان دا و لە گەڵ هێزەکانی پارێزەرەی زۆنەکە ڕووبەڕووبوونەوە و بەم هۆیەشەوە ژمارەیەک کوژراو و لەوە زیاتریش بە گۆتەی میدیاکان برینداری لێ کەوتووەتەوە!

پرسیارێک دێتە گۆڕێ کە ئایەکوو هەر ئەمانە نەبوون کە لە ڕێگەی تاقمێک هەڵخەڵەتاوی کوردەوە داوایان لە مالکی دەکرد کە فریای کوردستان بکەون؟

ئەرێ بەڕاستی ئەم خۆپیشاندانە دژ بە گەندەڵەکانی بەغدا هیچتان وەبیر ناهێنێتەوە لە کوردستان؟

ئەی چۆنە ئێستا خۆیان بوونەتە گەنەدەڵ و تەنانەت خۆپیشاندانی دەیان هەزارکەسی دژ بە گەندەڵی بۆ ڕێدەخەن؟

سەرچاوەی گەندەڵەکەکان کەس نییە جگە لە مالکی ئەو کەسەی کە مووچەی کوردی بڕی و لە ڕێگەی کۆماری سێدارەوە درزی خستە ناو ڕیزی حێزبەکانی باشوورەوە و تەنانەت پشتگیری لە بزووتنەوەیک دەکرد کە خۆیان بە پاکترین حێزبی کوردستان پێناسە دەکرد!

خاڵی هاوبەشی  خۆپیشاندانەکانی بەغدا و کوردستان ئەوەیە کە ئۆپۆزسیۆن خۆی لە دەسەڵاتدایە و کەچی دژی دەسەڵاتیش دەبێتەوە!!

هیچ لێکچوونێک لە نێوان مۆرەکانی کۆماری سێدارەدا هەیە لە بەغدا و لە کوردستان؟

بزووتنەوەی گۆڕان بە ڕاستی بزووتنەوەیەکی خۆڕسک بوو یان ئەویش بەشێکە لەو بەرنامەیە کە کۆماری سێدارە لە چوارچێوەی ستراتێژی هێلای شێعەدا بە بیانووی داعشەوە دایڕشتبوو؟

مەبەستم ئەوەیە کە ئەو خۆپیشاندانەی بەغداش خۆڕسک نییە بەڵکوو ژمارەیەک کۆیلەی ساویلکەن کە بە فتوایەکی داعشانەی سوننە یان شێعە دێنە سەرجادە!

ئەو خەڵکە بەو فتوایە ڕژاونەتە سەر شەقام کە واتە خەڵکێک بە فتوا ببێ بە خۆپیشاندەر و شۆڕشگێڕ بە فتواش دەتوانێت ببێ بە خۆکوژ و ترۆریست!

لەوانەیە سبەینێ ئەم بە ناو خۆپیشاندەرانە بە فتوایەکێ‌تر بگەڕێنەوە بۆ ماڵەوە!

دیسانەوە کۆماری سێدارە یاری بە کارتی عێراق دەکات

ئێران لە ڕێگەی خۆپیشاندانەکەی بەغدادەوە دەتوانێت چەندین ئامانج بپێکێت:

یەکەم: هەڵبژاردن هیچ مانایەکی نییە و دەستەی هەڵبژاردن لەویش بێ ماناترە لە بەر ئەوەی کە ئەوە ئێمەین دەستەبژێری دەکەین کە لە بەغدا کێ دەسەڵاتدار بێت!

دووهەم: ئێمە خاوەنی مەرجەعین با بۆ هەموو کەس ڕوون بێتەوە کە بێ ڕاوێژکردن لە گەڵ مەرجەع بەربەست دێتە سەر ڕێگەی ئامانجەکانتان!

سێهەم: دەیهەوێت بە دەسەڵاتدارانی ئەمریکا و لە سەرووی هەموویانەوە بە دەوڵەتە نوێکەی ترامپ بڵێت ئەوە منم کە لە ناوچەکەدا یاری بە هەمووتان دەکەم، تەنانەت تۆش وەک سەرۆک کۆماری ئەمریکا ناتوانی بە بێ ڕۆڵی من ئارامی بۆ زۆنی سەوزی بەغداش بگەڕێنیتەوە واتە ئارامی و ئاسایشی ناوچەکە لە بەردەم ماڵی ئاخووندەکانی قوم و تارانەوە تێپەڕ دەبێت!

جیا لە پەیام و ئاماژەکان لە ڕاستیدا کۆماری سێدارە قەت نەیشاردووەتەوە کە شەڕی خۆی لە دەروەی سنوور دەکات و زۆرجار بانگخواز و کاربەدەستانی تاران چەندپاتەیان کردووەتەوە کە ئەگەر لە سووریا شەڕ نەکەن ئەوە دەبێ لە کرماشان و هەمەدان ئەو شەڕەبکەن هەر بۆیە من پێم وایە کە ئەم خۆپیشاندانەی بەغداش بەشێکە لەو شەڕەی کە ئێران بە درێژی ئەم چەند ساڵە بە تایبەت دوای دەرکەوتنی داعش لە دەرەوەی سنوورەکانی خۆی کردوویەتی!

خاڵێکی‌تری ئەم خۆپیشاندانە لە ئێستادا ئەوەیە کە ئێران هەر لە ئێستەوە دەیهەوێت دەستپێشخەری بکات بۆ ئەوەی هێزەکانی عێراق یەک بخاتەوە هەتا لە رێگەی ئەوانەوە بتوانێت لە سەردەمی سەرۆک کۆماری ترامپ درێژە بە هەمان سیاسەتی پێشووی خۆی بداتەوە بە جۆرێک کە ترامپ ناچاربکەن لە تاکتیکی هەڕەشە و هێرش پاشگەز بێتەوە کە ئەمە هەم نیشانە ترسە و هەمیش نیشانەی کزی ئێرانە نەک بەهێزبوونی، لەوە دەچێت سیاسەتی ئەمریکا بەرانبەر بە ئێران ئاڵوگۆڕی بە سەردا هاتووە و کار لە قۆناخی دیپلۆماسی و ڕاوێژکردن دەرچووە و کۆماری سێدارە لە ناوچەکەدا ناچار بە چاوخشاندنەوە تاکتیک و تەنانەت ستراتژییەکانی دەبێت!

عێراق لەم کاتەدا خاوەنی سپایەکی بەهێز نییە، وەک ئەوەی وا لە سەردەمی سەدام دا بوونی هەبوو!

دەوڵەتی عێراق تەنیا ناوێکە لە سەر لاپەڕەکان و ئەوەی کە بوونی نییە دەوڵەتی عێراقە!

سپای پاسدارانی ئێران بووە بە بریکاری دەوڵەتەکانی ناوچەکە وەک عێراق و سووریا و یەمەن و لۆبنان و ئەمەش بووە بە مەترسییەکی گەورە لە سەر ئاسایش و ئارامی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست!

ئەمریکا بە هاتنە سەرکاری سەرۆک کۆماری تازە، ڕاشکاوانە ترۆریست بوونی سپای پاسدارانی خستووەتە بەردەم بەرپرسانەوە لە گەڵ ئەمەشدا بە زەقکردنەوەی مەترسییەکانی مانەوەی کۆماری سێدارە لە ناوچەکەدا بۆ یەکەم جار دەستی ناوەتە سەر خاڵە هەستیارەکەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەم جۆرە هەموو جیهانی عەرەبی و تەنانەت ناعەرەبی بۆ لای خۆی ڕاکێشاوە!

کوردیش کە ئوتوماتیک خۆی لە جەمسەری ئەمریکادا دەبینێتەوە و پشتیوانی کردنی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان و لە ڕۆژئاوا و تا ڕادەیەکی زۆریش لە باکوور و لەم دوایانەدا لەوە دەچێت ئەو جووڵانەوەیە کە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەستی پێکردووە و ناوی ڕاسانی ڕۆژهەڵاتیان لێناوە، دەکرێت لەم نەخشە تازەیەدا بخوێنرێتەوە و زۆریش دوور نییە کە بۆ ئاڵوگۆڕ لە سیستمی کۆماری سێدارە بەرەی دژ بە ئێران پێویستی بە مۆتۆڕیکی جێگە بڕوا بۆ هەموو لایەنێک ببێت! کورد دەبێ نیشانی بدا کە هەتا چەند لەم جووڵانەوەدا شێلگیرە!

ئاڵوگۆڕەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست وڵاتانی تورکیا و عێراق و سووریای گرتووەتەوە کە هەر یەکەیان خاوەنی بەشێک لە کوردستانی داگیرکراون، ئەی بۆچی دەبێ ئێران نەگرێتەوە کە دووهەم پارچەی کوردستانی گەورەی داگیرکردووە؟

ئاماژەکانی ترامپ دەریدەخەن کە سیاسەتی ئووباما لە پێوەندی لە گەڵ ئێران هەڵە بووە هەر بۆیە بە سیاسەتە هەڵەکانی ئووبامادا دەچێتەوە!

لە هەمان کاتدا ترامپ بە پەیامە ئاگرینەکانی لەرزی خستووەتە دڵی ئاخووندە دڵڕەشەکانی کۆماری سێدارە و وەک لە پەیامەکانی سەرۆک کۆماری ئەمریکا دەردەکەوێت ئێران وەک سەردەمی جۆرج بۆش بووە بە یەکێ لە تەوەرکانی شەڕ کە ئەمە گرینگترین پەیامە بۆ ئێران!

هەوڵدان بۆ ئەوەی سپای پاسداران بخرێتە ناو لیستی ترۆرەوە لەوە دەچێت بەشێک بێت لە ستراتێژی تازەی ئەمریکا لە ناوچەکەدا کە جگە لە ئێران تەواوی ناوچەکەش دەگرێتەوە و لەوانەشە لە گەڵ ڕووسیاش ئەگەر لە سەر ئێران نەگەنە ئەنجام و پێکهاتن ئەوە بە دڵنیاییەوە ئیتر رووسیا ڕیسک لە سەر کۆماری سێدارە ناکات و لەوانەشە چاو بە هاوپەیمانەتی نێوانیاندا بخشێنێتەوە!

هاوپەیمانەتی رووسیا و ئێران و سووریا و تەنانەت تورکیاش لە گرێبەستێکی کاتی دەچێت کە ڕووسیا لەبڕگەیەکی مێژوویدا بوو بە داینامۆی ئەو گرێبەستە تاکتیکییە! ڕووسیا تێدەگات کە ترامپ دژی هەموو جۆر هاوپەیمانی و گرێبەستی ناوچەییە کە ئێرانی تێدا بەشدار بێت!

ناوچەکە بەرەو یەک لاکردنەوەی کێشەکان دەچێت و کۆماری سێدارەش بەو ئەزموونە کە لە دەست تێوەردان لە ناوچەکەدا هەیەتی، بە ناوەندکردنی پێگەیاندنی ترۆریست و بە هەڵگرساندنی کێشەی ئایینی و ئیتنیکی لە ناوخۆ و لە دەرەوەی وڵات هەروەها بە پێشینەی ترۆرکردنی کەسایەتییە بە ناوبانگەکان لەوە دەچیت هیچ داهاتوویەکی لە ناوچەکەدا نەبێت!

کوردستان ئەوڕۆکەش وەک هەمیشە چەقی کێشەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە و ئاڵوگۆڕی ناوچەکە بە بێ شک ئێرانیش دەگرێتەوە و ئەمەش مانای ئەوەیە کە ڕۆڵی کورد وەک هەمیشە ڕۆڵێکی کاریگەرە لە سیاسەتی نەخشەی ئاڵوگۆڕەکانی رۆژهەڵاتی ناوینی گەورەی تازەدا!

ڕەوف گوڵبەدەن

14.2.2017 ز

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی