ئەوڕۆکە بە بێ ئەوەی بیری لێ بکەینەوە وەک کۆتری نامەبەرمان لێهاتووە کە تەنانەت دانەکەش هەر لە باڵای خۆمانە و بەم ڕۆژگارە بە ناو هێڵە شاردراوەکاندا،
بووینەتە تان و پۆی ڕایەڵەیەک لە ڕایەڵە پێکەوە گرێدراوە ئاڵۆز و قەف لە ناو قەفەکانی دەزگا چکۆلەکە و پەپکە کراوەکەی ناو لەپی دەستمان!
هەر یەکەمان لە سووچێکی ئەم جیهانە خەریکی گواستنەوەی وشە و وێنە و وێناکردنی ژینگە بە بوورەکراوەکەی خۆمانین و بەو مۆبایلەی ناو بەریکمان بە هەموو شیان و وزە شک برددوەکەمان بە پەلەپڕووزەیەکی سەرچڵانە لە خزمەتی هێڵێک لە هێڵەکانی ڕایەڵەی جیهانی پڕنەهێنی ڕاز و ڕەمزین!
خزمەتکاری خاوەنە نادیارەکەی نێتی بەر و پشت ئەتڵەسین کە بە سێحری سەری پەنجە گیرفانی خۆمان چۆڵ و ماڵی ئەویش پڕ لە گەنجە!
بە جێگەی ئەوەی پارە لەم خاوەنە پیسکە و نادیارە وەربگرین، نەک پارە وەرناگرین بەڵکوو بووینەتە کارگەی پارە و بە هێزی شان و باهۆ سنت بە سنت مێروولە ئاسا بۆی کۆ دەکەینەوە و ڕایەڵە نادیارەکەش ورچ ئاسا بە یەک قەپاڵ قووتی دەدات بۆمان و چاومان لە ئاستی تکنیکی فێڵەکانی هەر یەکە بە قەد ژێرئیسکانێک هەڵدەتۆقێت!
ئەوە ئێمەین کە بە دوای گرێبەستێ هەرزان دەگەڕین بۆ ئەوەی لەم ڕایەڵە شۆفارییە پاش نەکەوین و وزەمان بە لاڕێدا نەچێت!
کاسبی ئەکەین بە ساڵ و دەیکەینە ناو لەپی دەستی مۆبایل و نێتەوە! بووینەتە شوانی بێ مووچە و بەراتی جیهانی پێوەندییەکان و لەم جیهانە پێشکەوتووە تەنیا فێر بووین پارە بدۆڕێنین و بەس!
بە ویست و دڵی خۆمان واژۆی دەکەین کە هەرچی دەزانین بۆ هەورەکانی بنووسینەوە و مۆبایلەکە کۆرپە ئاسا لە بەندی دڵ بلاوێنینەوە و لای لایەی خۆشەویستی بۆ بچڕین و چریکەی چڕ و پڕی نزای زۆزان لە بەرزایی لووتکە بێتەلەکان بۆ واڵایی تەشقی ئاسمان بشێنین و ڕاسپاردەی دڵمان بۆ هەورەکان زۆر بە وردی بلۆرینەوە!
واژۆی بکە لە گەڵمانی!
دەستییەکەت دنەت دەدا: ڕێگر مەبە لە گواستنەوەی ئەوەی دیوتە یان بیستووتە یان لە بیروەری ناخود ئاگای ویژدانی خۆتدا بۆ ماوەیەک پاراستووتە!
لە پاڵ مۆبایلە شۆفارەکەی برابەشت خەوەنووچکە دەتباتەوە و وەنەوزی زەنگی دەزگاکەی لەپی دەستی خەواڵووت مەگەر بانگت بکا و کەڵەشێرئاسا بقووقێنێ و بە دەنگی زەنگی مەسەنجەرێک چاوی خەواڵووی خەوە نووچکەت بزڕێنێ!
خەونی خەیاڵی خۆمانە و پێمان دەفرۆشنەوە و کۆدی کردنەوەی نهێنییەکانمان دەکاتەوە و خۆی دەکات بە ژووری مێشکی تاک بە تاکماندا و تان و پۆی ڕایەڵەکەی خۆی لێ پان دەکاتەوە و دزە دەکاتە ناو تەونی ئاڵۆزی چرکە وەنەوزەکانی شەوارەی خەومانەوە!
دەزگای شۆفار مانایەکی نوێی مۆبایلە!
جگە لەوەی پارەیەک دەبێ بدەی بۆ ئەوەی کە کەڵک لە مۆبایلەکەت وەربگریت واتە دەبێ هێڵێکی نێت و ژمارە تەلەفۆن واتە سیمکارتێک و مانگانەیەکی دیاریکراو لە پێشا واژۆ بکەی ئەگەریش لە کاتییەکان بێت ئەوە ئیتر هێشتا ناوت لێ نەناوە پارەی بارگاویکردن دەستت ماچ دەکات!
هەموو خزمەتەکان لە گیرفانی خۆتەوە پێشکەشت دەکرێت، دواتریش بە مێشک و زانست و هونەرەوە لە خزمەتیدا نێتە هێژاکە دەبیت، بەمە دەبێژن: ” نۆژەنکردنەوەی کۆیلەتی ” !
ئێستە ئیتر بەرنامەی بە خۆڕایی لە تەلەفۆندا کەم ماوە و زۆربەی دابەزاندنەکان پێشمەرجی کەڵک وەرگرتن دەخاتە بەردەم خاوەن مۆبایل کە بریتییە لە کەڵک وەرگرتن لە وێنە، زانیاری کەسی، ڤیدیۆ، و تەنانەت بەڵگە و دۆکۆمێنت و هەرچی نووسین و بیرەوەری و ڕەشنووسە بە بێ ئەوەی خۆت بتەوێت دەچێت بۆ ئەو کەسانەی کە نە دەیانناسیت و نە دیتووتە و نە ڕۆژێک لە ڕۆژان چایەکی لە گەڵ دەخۆیتەوە تاد…
کۆیلەی مۆدێڕن!
بۆیە مۆدێڕنین لە بەر ئەوەی کە کۆیلەیەکین تێچووی کۆیلەتیەکەشمان لە گیرفانی خۆمانە! هەرچی دەکەین بە چاک و خراب لە ڕێگەی دەزگا کۆیلەکەمانەوە دوو دەستی پێشکەشی کۆیلەدارە مۆذێرنەکەمانی دەکەین و بە خۆشیشەوە پارەی ڕاگرتن و پاشەکەوت خستنمان هەموو داوە و ئەگەر باڕستەی شتەکان لە قەبارەی مێمۆریەکەمان زیاتربوو دەبێ بچین مێمۆری گەورە بکڕین کە ئەویش بە بێ ئەوەی هەست بکەیەت سەرێکی بە شوێنێکەوە بەستراوەتەوە و واتە ڕەنج لە تۆ گەنج لە ئەو!
لە ڕاستیدا ئەوڕۆکە هەموومان بە نان و باهۆی خۆمان خزمەتی خاوەن دەسەڵاتێک دەکەین کە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ گۆڕەپانەکەمان لێ بچووکتر دەکاتەوە بە جۆرێک کە کەس خاوەنی زانیاری و وێنە و شتی خۆی نییە و لە ڕێگای مۆبایلەوە تەواوی شتەکانمان دەگوازرێتەوە بۆ خەڵکێک بە بێ ئەوەی توانای بەرگری کردنت لە خۆ هەبێت!
ئەوڕۆکە مۆبایل لە گەڵ ئەوەی خزمەتی پێوەندییەکانی نێوان تاکەکان دەکات لە هەمان کاتدا گەورەترین دەزگای زانیارییە کە بووە بە بەشێک لە دەسەڵات و تەنانەت دەسەڵاتدارەکانیش چاوی ئێرەییان تێ بڕیوە بۆ ئەوەی کە لە گەڵ کۆمپانیاکان بکەونە گۆڕینەوەی زانیاری بە جۆرێک کە ئەم دەسەڵاتە نهێنییە سەرنج دەخاتە تەنانەت دیوە شاراوەکانی ژیانی تاکە کەسی مرۆڤەکان و بەم جۆرە ئەوەی وا خۆمان نامانەوێت ئەو دەیکات واتەهەم پارەش دەدەین هەم شۆفاریش دەکەین!
سەیرەکە لە وەدایە شۆفاری دەکەین، ئەوەی هەمانە بە زیادەوە پێشکەشی دەکەین و کەچی بەرانبەرەکەمان نادیارێکە کە هیچ یاسایەک لێی بەرپرس نییە!
ئەمەش کار و ژیانی مۆدێڕنیتە لە نێو خێڵە ندی و بدییەکانی ڕۆژگاری سەدەی گەشە…
ئەوەی زانیم پێشکەشی پەڕگە برابەشەکەی فەیسبووکم کرد!
ڕەوف گوڵبەدن