Hoppa till innehåll
Hem » مەرجی بوونی مارەیی بۆ پێک هێنانی ژیانی هاوسەری لەگەڵ پیاوان و خۆ خستنە ژێر ڕکێفیان، سووکایەتیە بە ڕەگەزی مێینە!، مەجید پاڵانی

مەرجی بوونی مارەیی بۆ پێک هێنانی ژیانی هاوسەری لەگەڵ پیاوان و خۆ خستنە ژێر ڕکێفیان، سووکایەتیە بە ڕەگەزی مێینە!، مەجید پاڵانی

لەوسەردەمانەوە ڕەگەزی نێرینە دەسەڵاتی ئابوری بەدەستیانەوە بووە و ڕەگەزی مێینە لەو مافەیان بێبەش و هەمیشە چاولەدەستی پیاوان کران،mejid_palani_001

بۆئەوەی ژنان بەتەواوی ملکەچی هەموو بڕیارەکانی پیاوان بن، ناچار بوون بۆ ئەوەی قەبوڵی هاوژیانی لەگەڵ پیاوان بکەن، دەبوو پیاوان بەڵێنی ژیاندنیان پێ بدەن، ئەویش بەدانی مارەیی و پاشانیش بژێوی ژیان (نفقة) ـ جێگەی ژیان، بژێوی، و جل و بەرگ و … .) بۆ دەستەبەر بکەن. بژێوی ژنان وەک ئەرکێک لەبەرامبەری ئەو ملکەچکردنەدا خرایە ئەستۆی پیاوان.

لەدێر زەمانەوە ئەم ڕەوتە لەکۆمەڵگە جیا جیاکانی دونیا و بەتایبەت پێڕەوانی ئاینە سامیەکاندا، پێڕەوی لێکراوە و مۆرکی ئایینیشی بەسەردا نراوە.

ئەگەر چاوێک بە پەرتووکە ئاینیەکاندا بخشێنین و ڕوانگەی کادیر و پێڕەوانی ئەم ئاینانە هەڵسەنگێنین، بە باشی ئەم ڕاستیەمان بۆ دەرئەکەوێت. من لێرەدا دڵۆپێک لەدەریای ئەو بەڵگانە ئەخەمە ڕوو، ئیتر خوێنەرانیش خۆیان بڕیاردەرن.

دانی ئەم بەڵێنی و بەستنی پەیمانی هاوسەرییەی نێوان هاوژیانەکان بەو مەرجەی پێشوەخت ـ دانی بژێوی ـ (مارەیی)  بۆ ماوەیەکی دوور و درێژ دەگەڕێتەوە، بەڵام ئیتر کات لە دوای کات و بە تێپەڕینی سەردەم و کولتوور و ئایین و جێگە و … هتد، ئەوەش ئاڵ وگۆڕی بەسەردا هات. ئەمە درێژەی کێشا تا گەیشتە سەردەمی سەرهەڵدانی ئایینە ئیبراهیمییەکان ـ یەهودی، مەسیحی و ئیسلام ـ

هەر لەبەر ئەو هۆیە، واتە، هۆی دەس بەسەردا گرتنی سەرچاوەی داهات و دەرکەوت لە لایەن پیاوانەوە، پێڕەوانی ئایینەکانیش، کە دەسەڵاتی بەڕێوەبردن و یاسادانانەکەشیان زۆربەی هەرەزۆریان  پیاو بوون، ئیتر تای تەرازووەکەیان (شایەن) بەلای خۆیاندا شکانەدەوە.واتە، بوو بە یاسای خوایی و دەس لێدانی بڤە بوو. بەواتایەکی ڕوونتر، دانی مارەیی بوو بە یاسایەکی شەرعی. ئیتر چ بەدرێ بە مارەیی ژنان و چۆن بدرێ، لێردا جێگەی باس نییە، چوونکە لە لایەن دامەزرێنەرانی شەرعییەوە، جیاوازی بۆچوونی زۆری لەسەرە و لێرەشدا بە ئێمە چارەسەر ناکرێ.

گرنگ لێرەدا ئەوەیە بێژین، ئەمەش هۆکارێکی دیکەی سەرنەوی کردن و لەداوخستنی ژنان بوو بۆ پیاوان.

هەرچەند پێڕەوانی ئایینەکان لەبەر چەند هۆیەک گرنگیان بە ژن هێنان و شووکردن داوە، بەڵام ئەو پەیمان بەستەنەی هاوژیانەکان، نابێ پێوانەی سەرەکییان تەنیا کاری سەرجێی (سیکس) کردن بێ، وەک ئەوەی بە مەرج دانراوە بۆ دانی مارەیی لە لایەن پیاوانەوە بە ژنان، بەڵکوو دەبێ خۆشەویستی و پێکەوە ژیانی بەتەبایی و پڕکردنەوەی کون و کەلەبەرەکانی ژیانیان بێ. وەک دەزانین، تەنیا مادە چارەسەری گشت گرفت و کێشەکانی ژیان ناکا. زۆرجارمان بیستووە ـ پارەوپوڵ چڵکی دەستە ـ واتە، دێت و دەچێ، بەڵام خۆشەویستی دەبێ هەردەم لە ژیاندا بێ،  نە پیر ببێ و نە بشمرێ. ئەگەر پێوانەی گرێبەستی نێوان ژن و مێردێک خۆشەویستی و پاراستنی مافی یەکسانی نێوانیان و گرتنی ڕێزی بەرامبەر لەیەکتر و … هتد، بوو، ئیتر کەم هەڵدەکەوێ ژیانەکەیان گرفتی تێکەوێ، یان پیاوەکە خۆی بسەپێنێ بەسەر ژنەکەدا لەبەر ئەوەی مارەیی پێداوە. گەلێک جارمان بیستووە، پیاوەکان بە ژنەکانی خۆیانیان وتووە نابێ پێ لەبەڕەی خۆت زیاتر ڕاکێشی چوونکە تۆ زەڕخریدی منی، واتە، بە دراو (لەبەرابەری مادە)دا،  تۆم کڕیوە.مەگەر نابین بۆچی تڵاق دراوەتە دەستی پیاوان؟!

ئەگەر بمانەوێ لەسەر کاریگەرییە نەرێنییەکانی دان و وەرگرتنی مارەیی بۆسەر ژن و پیاوەکان بنووسین، نەک بەدەیان لاپەڕ، بەڵکوو دەبێ چەندین پەرتووکی لەسەر بنووسین. تەنیا هەر ئەوەی ژنان دەبەستیتەوە و ناچاریان دەکا ملیان لە موو باریکتربێ بۆ فەرمانەکانی پیاوان لەبەر ئەوەی بەقەوڵی پیاوان وتەنی ـ کڕیویانن ـ  ”قانع”ی، شاعیر زۆر جوانی فەرمووە و ناوی مارەبڕینی ناوە ” بەپارە کڕین” بەسە بۆ سەلماندنی کاریگەری نەرێنی لەسەر دەروونی ژنان. بەڵام بەداخەوە، لەبەر ئەوەی ئەم بیرە پڕزیانە بۆتە بەشێک لە کولتووری خەڵک، ژنان خۆیان زیاتر پێدادەگرن لەسەر ئەوەی، کە دەبێ بۆ ئەوەی خۆیان بخەنە ژێر ڕکێفی پیاوان دەبێ کرێ (مارەیی)یان پێ بدەن. خۆیانن زۆرتر خۆیان دەکەنە کۆیلەی دەستی پیاوان. پێیان وایە، بەو شێوەیە نرخیان لە لای پیاوەکە و کۆمەڵگە بە گشتی زۆرتر دەبێ.

مەگەر نەمان دیوە، نەمان بیستووە و نەمان خوێندۆتەوە، کاتێک ئێسقان هاتووە و پێستی دڕیوە، واتا، چیدی ستەم و ستەمکارییەکانی یەکتریان قەبوڵ نەکردووە، بەتایبەت ژنان،  بە هەزاران ژن و کچ بوونی مارەیی نێوانیان، با زێڕ و زیو و ماڵ و سامانێکی زۆریش مارەییان بووبێ،  نەیتوانیوە بە زۆر بەیەکیانەوە بنووسێ؟ لەمێژووی دوور ونزیکدا، زۆر زۆرن ئەو ژن و کچانەی دەستیان لە مارەیی خۆیان هەڵگرتووە، بەمەرجێک لەدەستی پیاوانی ستەمکار ڕزگارییان ببێ.

یان پیاوە ستەمکارەکان بە چەندین ساڵ نەیانویستووە دەسیان لێ هەڵگرن و تڵاقیان بدەن لەبەر ئەوەی مارەییان بە ژنەکانیان داوە.

هەموو ئەمانە و سەد هێندەی دیکەش بەڵگەن لەسەر  پڕزیان بوونی  مارەیی نێوان ژن و مێرد. کەوایە، بوونی مادە، وەک مەرجی گرێدانی هاوسەری نێوان ژن ومێردەکان، بەواتای بەکۆیلەکردنی ژنانە، نەک دانی نرخ و بەها مرۆییەکان بەوان.

با دان بەو ڕاستییەدا بنێین، هەرچۆنێ خواردن و خواردنەوە بۆ لەش و دەروونی مرۆڤەکان پێویستە، سێکس کردنیش پێویستە. زۆر پێویستە وڵامی ئەم غەریزەیە بەجۆرێک لەجۆرەکان بدرێتەوە، دەنا کاریگەری نەرێنی لەسەر مێشک و دەروون دادەنێ.  زۆرجار پیاوان و ژنان لەبەر هەڵنەکەوتنی ئەنجامدانی کاری  سەرجێی، تووشی گرفتی دەروونی بوون. کەوایە، ئەویش بۆ ژیانێکی ئاسایی مرۆڤەکان پێویستیەکی حاشا هەڵنەگرە، بەڵام نەک لە ڕێگەی ڕەواو ناڕەواوە.

با بزانین قورئان، وەک سەرەکیترین سەرچاوەی باوەڕپێکراوی پێڕەوانی ئایینی ئیسلام  سەبارەت بەم مارەییە چ ئێژێ.

” ژنی شوودارتان بۆ ناشێ، مەگین ئەوانەی بونەتە ماڵی خۆتان. لەخوداوە ئەم بڕیارەتان بۆ نووسراوە. جیا لەمە، ڕێگەتان پێ دراوە بە دراوی خۆتان ژن بینن. بەڵام بە پاکی بێ، نەک بە داوێن پیسی، لەبەرامبەر ئەو لەزەتە (چیژە) ی لە ژنەکانی دەبینن. ئەو ماڵەی خودا بۆیانی بڕیار داوە و کرێی خۆیانە لەسەرتان، ئێوە بیدەن. ئەگەر لەپاش دیاریکردنی مارەیی، لە نێو خۆتاندا پێک هاتن، هیچ گوناهێکتان ناگاتێ و خودا زانای لەکارزانە” النساء ٢٣.

هەر لە ئایەتی دوای ئەم ئایەتە لە  هەمان سورەتدا، ئێژێ ” چۆن لەناو خۆتاندا باوە، مارەییان بۆ ببڕنەوە”

ئیمامی ”غەزالی” ئێژێ (نکاح) دانی مارەیی بەژنان، بەواتای، بەدیل کردنە و هیچ دەسەڵاتێکی نییە” الغزالی، إحیاء، ج٢،ص٥٨.

ئەم بابەتە ناچارمان دەکا و ڕامان دەکێشێ بۆلای ئەوەی ڕوونکردنەوەیەکیش لەسەر (زواج المتعة)یش،  (عقد موقت) بنووسین.

”متعة” بەواتای، چێژی سێکسی وەرگرتنی پیاوان لەژنان لە بەرامبەر دانی کرێیەکی دیاری بۆ ماوەیەکی دیاری. بەدواهاتنی ماوە دیاریکراوەکەی نێوانیان، ئیتر لەیەک جیا دەبنەوە بەبێ تڵاقدان و پێویست بوونی دانی بژێوی (نفقة) بە ژنەکە.

ئەم کارە لەسەرەتای سەرهەڵدانی ئایینی ئیسلام و لەسەردەمی پەیامبەری ئیسلامدا ڕەوا و کارپێکراو بووە. بەڵام لەلایەن زۆربەی پێڕەوانی ئایینی ئیسلام ڕێبازی سووننە، پێیان وایە ئەو ئایەتە کاری پێناکرێ (نسخ)ە. بەڵام  بەلای پێڕەوانی ڕێبازی شیعەی ئیمامییەوە لە ئیسلام، بەردەوام کاری پێدەکرێ و لەسەری دەڕۆن. ئایەتەکەش ئەمەیە ”جیا لەوە، دەتوانن بە دراوی خۆتان ژن بێنن، بەڵام بە پاکی بێ نەک بە داوێن پیسی. لەبەرامبەر ئەو چێژەی لە ژنەکانی دەبینن. ئەو ماڵەی خودا بۆیانی بڕیارداوە و کرای خۆیانە لەسەرتان ئێوە بیدەن پێیان” النساء ٢٤. بڕوانە،

ئەوان ئێژن، وشەی (اسمتعتم) ڕاستییەکی شەرعیە و واتا ئەیەتەکەش ڕوون و ئاشکرایە. (ل١٢٣ لزواج و الطلاق و تعدد الزوجات فی الأسلام، غسان عشا، الطبعة الأولی ٢٠٠٤).

زانایانی شەرع لەپێڕەوانی ”أمام جعفر” لە ڕێبازی شیعە هێشتا کار بەو حوکمە دەکەن و ئێستەش لە کۆماری ئیسلامی ئێراندا ڕەوایی بە زواج متعە دەدەن. ئەوان ئێژن، هەم پەیامبەر و هەم هەواڵانی دوای ئەویش تا دوای کۆچی دوایی پەیامبەریش، هەر ڕەوا بووە و کاریان پێکردووە.

پێڕەوانی ڕێبازی سووننە لە ئیسلام، لەبەر ئەوەی دڵنیا نەبوون لە ناڕەوایی (حرام)ی، زەواجی متعە، بڕیاریان لەسەر بەردەباران، یان شووڵ لێدانی ژنانی داوێن پیس و پیاوانی شەواڵ پڵیت (الزانیة و الزانی)  نەداوە.

”ابن العربی” ئێژێ، ـ  بابەتی( متعة)ی ژنان یەکێک لە شتە سەرسام هێنەرەکانی شەریعەتە، لەبەر ئەوەی لەسەرەتای سەرهەڵدانی  ئیسلامەوە ڕەوا بووە و دواتر لە ڕۆژی خەیبەردا ناڕەوا (حرام) کرا، دوای ئەوە لە غەزای أوطاس ڕەوایی پێدرایەوە، پاشان حەرام کرایەوە. ه، ل١٢٥.

لە ژمارەیەک لە حەدیسەکانیشدا ئاماژە بەوە دەکا، زەواج متعە، لە سەردەمی ئیمامی ”عومەر”دا،  قەدەخە ”حەرام” کرا.

لەنزیک بە حەوت حەدیسدا باس لە ڕەوایی و لە دوازدە حەدیسیشدا باس لە ناڕەوایی چێژ وەرگرتنی کاتی (زواج موقت) لە ژنان دەکا.

مسلم، صحیح، کتاب ١٦، الأحادیس ١٣ـ ٣٢.

لەهەردۆخدا، زەواجی متعة ڕەوا بێ، یان نە،  قسەی من لێرەدا ئەوە نییە، بەڵکوو زیانی بوونی مارەیییە بۆ ژنان لەبەرامبەر سێکس کردن لەگەڵیان. ئەو جۆرە هەڵس و کەوت و مامەڵە کردنەی کۆمەڵگەی پیاوان لەبەرامبەر ژناندا،  جگە لە لەش فرۆشی، دەتوانی چ ناوێکی دیکەی لەسەر دابنێی؟ جگە لە بەکۆیلە کردنی ژنان لە بەرامبەر وەرگرتنی بڕە پارە و زێڕ و زیوێکدا، چ ناوێکی دیکەی بۆ باشە؟ جگە لە سووکایەتی کردن بە مرۆڤایەتی بە گشتی و ڕەگەزی مێینە بەتایبەتی چی پێ بێژین؟ جگە لە بێنرخ کردنی مرۆیی ژنان، ئەی چییە؟ ؟؟؟.

بەکورتی و بەپوختی، هەرچەند نەمدەویست هێندە درێژی بکەمەوە و سەری خوێنەرانی پێوە بئێشێم، بەڵام ناچار پێویستی بەو کورتە ڕوونکردنەوە هەبوو.

لەکۆتاییدا ئێژم، دان و وەرگرتنی مارەیی بەمەرجی خۆ ئەژێر ڕکێفی ڕەگەزی نێرینە خستن، سووکایەتیەکی بێ ئەملا و ئەولایە. هیوادارم زیاتر ڕەگەزی مێینە ئەم بێڕێزی پێکردنە قەبوڵ نەکەن، تا لەگەڵ هاوسەرەکانیان وەک دوو مرۆڤی یەکسان و بەرامبەر پێکەوە بەتەبایی بژین.

مەجید پاڵانی، نۆروێژ.