پێشمەرگەکان : نەورۆزێکی تر و سەری ساڵێکی تر و نوێ بوونەوەیەکی تری سروشت هاتەوە و فەسڵی بەفر و سەرمای کۆتایی پێهێنا، بەڵام سێبەری ڕەشی ئاخوندە ملهورەکان بە سەر وڵاتەکەماندا هەر کۆتایی نەهاتووە.
ساڵی ڕابردوومان ساڵێکی پڕ لە نەهامەتی و ئێش و ئازاری نیشتیمانی و نەتەوەیی بوو. لە ڕۆژهەڵاتی نیشتیمان زەبر و زەنگ و ئیعدام و سەرکوت بەردەوام بوو. راسانی حیزبی دێمۆکڕات جموجۆلی خستە ناو گەلەکەمان، بەڵام بەداخەوە چەندین رۆڵەی قارومان و لە خۆبردوو، گیانی خۆیان فیدای نیشتمان کرد، گەلێک لاوی کورد بە تاوانی جۆراوجۆر و یەک لەوان ئازادیخوازی لە سێدارە دران. بچووکترین دەنگی ئازادیخوازەکان خەفە کران و ژیانی خەڵک لە سایەی سیاسەتە ئاژاوەگێڕانە و کۆنەپەرەستانەکانی کۆماری پەت و سێدارە دا ڕۆژ لە گەل ڕۆژ دژوارتر بوون.
لە پارەچەکانی تری نیشتیمان پەتای چڵکاویی داعش هەزاران ڕۆلەی کوردی شەهید و بریندار کرد، دەیان گوند و باژێری کوردستان وێران کران ، بەڵام سەربەرزی و حەقانیەت هەر بەشی نەتەوەی کوردمان بوون و هەن.
ساڵی 2717ی کوردی ساڵێکی پڕ لە ڕووداو بوو بۆ نەتەوەکەمان کە لە بیر کردنیان بۆ چەندین نەسڵ مومکین نیە. بۆیە ڕوو لە ئایندەیەکی گەشی سەرکەوتوانە، پشت لە ڕووداوە تاڵ و کارەساتبارەکان دەکەین و ئەو رووداوانە دەکەینە ئەزموونی داهاتوومان.
لە نەورۆزی 2717ی کوردی دا هیواخوازین ساڵی تازەمان ساڵی یەکتر خۆش ویستن، سڕینەوەی ناکۆکیەکان و پەرەپێدانی یەکڕیزی و یەکیەتیی نەتەوەیی بێ. هیوادارین بزووتنەوەی نیشتیمانیمان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان فەسڵێکی نوێ لە خەبات و یەکڕیزی لە ساڵێکی نوێدا دەست پێ بکاتەوە. با هەموومان کورد و کوردستان مان خۆش بوێ.
ئێمە لە ماڵپەڕی پێشمەرگەکان ساڵێکی دیکەش لە خزمەت دۆزی ڕەوای نەتەوەکەمان و میدیای کوردیدا دەبین و لەگەڵتانین. لەگەڵتانین تا پێکەوە خزمەت بە گەل و نیشتیمان بکەین.
با هەموومان ببینە سەربازی ژینگە پارێزی جوانیی سروشتی کوردستان و پشتیوانی سەربەخۆیی کوردستان
سوپاس بۆ نووسەران و خوێنەرانی سایتی پێشمەرگەکان
نەورۆزتان پیرۆز
….

(( شێعر ))
********
شێعرهکانم دهسووتێنم
بۆ نهورۆزێک،
که لای دوژمنان تاوانه!
شێعرێک ئاگر نهکاتهوه
چارهنووسی ههر سووتانه!
(ک.د.ئازاد)
وەرگیراو لە لاپەڕەی فەسبووکی نووسەر

وێنە لە فەیسبوک وەرگیراوە
