بەناوی خوای دڵاوای دلۆڤان ، بەبۆنەی ١٠ی خاکەلێوە ساڵڕۆژی لەداردانی پێشەواو هاوڕێیانی لە قوڵایـی دڵمەوە هاوخەمی خۆم دەگەل سەرجەم گەلی کورد بەتایبەتی ڕۆژهەڵاتـی کوردستان ، 
سەرجەم شەهیدانـو بنەماڵەکانیانـو زیندانیە سیاسیەکانـو گشـت ڕیبوارانی ئەو ڕیبازە دەر دەبڕمو ئاواتە خوازم نەوەستین تا بە چەپکە گـوڵی سەرکەوتنەوە لە سەر گۆڕی پێشەوامان ڕادەوەستین.
پێشەوای نـەمر: دوای (٧٠ ) ساڵ لـە پاش مەرگت ڕێبازەکەت بـەردەوامـە. (٧٠ ) ساڵ لەمەو بەر سەرت کردە پردەباز بۆ ڕێبوارانی ئازادی کوردو کوردستان، کۆمارت کردە نمونەی وەدیهاتنی ئامانجی گەلەکەمـان . هەستت بەوە کردبو کە سەربەخۆیی ویستی تەواوی گەلانی ئـازادیخوازی جیهانـە. تـاکە ڕێگای بـڕانەوەی ئـاڵۆزیـو نـاکۆکیەکانە. لـە ( ١٠ ) خاکە لێوەدا داری ئازادی کوردستانت بەخوێنی گەشت ئـاودیری کردو لکو پۆپی وەک ڕیشە لە هەر چوار پارچەی کوردستان نێژراوە. تۆ هەتاوی کوردستان بوی هـەر چەند هەوری ڕەشی غەدرو خەیانەت بۆ ماوەیەک پێشی گرتی ،بەڵام بای شەماڵی شۆڕشی گەل ڕایماڵیو تیشکی خۆری درێژەدان دەرکەوتەوە.
پێشەوای نەمر: ئەودارەی لە (٢ ) ی ڕێبەندان چەقاندتو لە ( ١٠ ) خاکە لێوەدا بەخوێنی گەشت ئـاودێریت کرد ، ئـەوکۆمارەی کە کردتە مەشخەڵی ئـازادیو سەربەخۆییو سەری خۆت لە پێناو دانا ، ئەو ئاڵایەی هەڵت کردو گیانت بۆ بەخت کرد ، ئەوهێزە پاریزەرەی بۆ بەرگری لە شەڕافەتو کەڕامەتو سەروەری گەل داتمەزراند ، ڕیبوارانت بە ئامانەتەوە پاراستویاننو فەرامۆشیان نەکردوە. ئەو کوردستانەی تۆ دەتویست ڕزگاری بکەی ڕیبوارانت وەک پڵینگی بریندار هەڵدەکوتنە سەر داگیرکەرانو لە سەر ڕیبازت بەردەوامنو نەوەستاونو کۆڵیان نەداوە.(١٠) خاکە لێوە بۆ ئەویندارانت یادگارێکی پیرۆزەو دەرسێکی بەنرخی خەباتو تێکۆشانو سڵ نەکردن لە سەردانانە. ئێستاش ئەوانەی لە ژێر سیبەری ئاڵاکەت دا خۆیان بە حەساوەو سەربەرز دەبینن ، شانازیت پێوەدەکەنو وەک شکۆفەی بەهاران لە شاخو شارو دۆڵو چیای کوردستان بۆ درێژە پێدانی ڕیگاکەت پشکوتونو لە تێکۆشانو جوڵەدان . هەرئیستا ئاڵاکەت ڕازێنەرەوەی شارو گوندو کۆڕو کۆمەڵی گەلەکەمانە . ئەگەر جاران لە نەورۆز دا تەنیا ئاگر دەکرایەوە ، ئێستا گرفەی ئاگری گەل هەڕەشەی سوتاندنی دوژمن دەکاو شەماڵی ئازادی ئاڵاکەمان دەلەرێنێو دڵی دوژمن دەتەزێنێ . ئیستا بـۆ یادو بەردەوامی خۆ کردنە قوربانی تۆو یارانت، ڕاسانە لە مەیدانەو ساڵی نوێش نەورۆزی جامانە کانە.
ئەی ڕیبەری نمونەی کوردەواری،تۆ فێرت کردین کە ئـازادی نیشتمانو گەل بـایخدار تـرین بـەهای ژیـانە ، بـەرزکەرەوەی کەسایـەتیو کەرامەتی ئێمە کوردەکانە. فێرت کردین بۆ چارەی نەخۆشی ژێردەستەیی بەرخودان بۆ ئازادی تاکە دەرمانە. لە ڕاستیدا ( ١٠ ) خاکە لێوە دەسپێکردنەوەی شۆڕشێکە کە ئامانجەکەی ڕزگاری وڵاتو سەربەخۆیی گەلەکەمانە. فێرت کردین کە :شەڕەف گەوهەرە قیمەتی نایە ـــ دەوید ڕوڕەشی هەردوک دنیایە . فێرت کردین پشت بەدوژمن بەستنو لییان دڵنیابون هەڵەیەکی گەورەیەو هیچ قازانجێکی بەدوادا نایە. ئەو چونە ژێردارەت بو بەهۆی سەربەرزی خۆتو گەلەکەت .
مامۆستاو پێشەوای بلیمەت تۆو ڕێبەرانی ڕێبواری ڕیگاکەت بە قیمەتی گیانی خۆتان زۆر دەرسی بەنرختان پێکوتوین ،بەڵام وەک پێویست نەمانتوانیوە یان نەمانزانیوە کەڵکیان لێوەرگرین . دەگەڵ هەموی ئەوانە تۆ هەر جەستەت لەبەر چاوان ونە، ئەگینا ڕێبازو ڕاسپاردەکانت نەک لەبیر نەکراون بەڵکو بەگەرمی سەرمەشقو سوژەی کارو تێکۆشانمانە .
دیسانیش دەگەڵ هەمو ڕێبوارانو خەمخۆرانت شەریکمو ڕێبازت بۆ من سەرمەشقی ژیانە.
برای هاو خەمتان مەلابرایمی مەجید پور. ٢٩ / ٣ / ٢٠١٧ .