Hoppa till innehåll
Hem » ئاڵا نیشان وهێماى نەتەوەیی نیە بەڵکو نیشان و هێماى دەۆڵەتە، ع ـ شریف زادە

ئاڵا نیشان وهێماى نەتەوەیی نیە بەڵکو نیشان و هێماى دەۆڵەتە، ع ـ شریف زادە

( بە بیانوى هەڵکردنى ئاڵا لە شارى کەرکووک ، باسێکى کۆرت لە سەر ئاڵا)ala-mnali-kurd

ئاڵاى حکوومەتى باشورى کوردستان پاش چواردە سال دواکەۆتن لە رۆژى ٢٨ى مارسیی ٢٠١٧ى زاینیی بە فەرمى بە سەر بنکە و بارەگاکانى شارى کەرکووک هەڵ کرا ئەم ئیقدامە بۆ حکوومەتى باشورى کوردستان وەک دەسکەۆتێکى سیاسى و بۆ سەرجەمى خەلکى کورد هەواڵێکى دڵخۆشکەر بە تایبەت بۆ بەرەى سەربەخۆخوازانى کورد بوو.

بڕێک بەم پەرچەمە سێ رەنگە ئاڵاى کوردستان ، بڕێکێش ئاڵاى نەتەوەى کورد و هێندێکیش وەک نوسەرى ئەم دێڕانە بە ئاڵاى حکوومەتى باشورى کوردستان ناوى دەبەن هەر کام لەم ناوانە ماناى سیاسى و یاسایی تایبەت بە خۆیان هەیە کام یەک لەم ناوانە دروست یان هەڵە بێت لە بایخى ئەوە کەم ناکاتەوە کە هەڵکردنى لەم هەلومەرجە ئاستەم و لەم شارە گرنگە دا بڕیارێکى مێژویی و ئیقدامێکى زۆرلە جێ خۆى دایە.

مشت و مڕ لە سەر ئاڵا باسێکى تازە نیە ئەم باسە لە مێژە لە کۆمەڵگاى کوردەوارى لە گۆڕى دایە پان کوردیزم بە گشتیی ئاڵا بە سەمبولى نەتەوەیی پێناسە دەکات تەنانەت رەخنە یان بێ حورمەتى بە ئاڵا ، بێ ڕێزیى بە نەتەوە دەزانێت لە لایەکى دیکەوە نەیارانى کوردایەتى ( وەک کێمونیزم و ئیسلام ) بە شێوەى ئوتوماتیک دژایەتى ئاڵا دەکەن و تەنیا بە پەڕۆیەکى بێ قیمەت ناوى دەبەن.

ئاڵا سەمبول و هێماى نەتەوەیی نیە بەڵکو سەمبول و هێماى دەۆڵەتە ( دەۆڵەتى سەربەخۆ یان دەۆڵەتى فێدراڵ ) لە مەقەرى ڕێکخراوى نەتەوەیەکگرتوەکان لە نیویورک زیاتر لە دوو سەد ئاڵا هەڵکراون هەر کام لەو ئاڵانە نوینەرایەتى ( سەمبولى ) یەک دەۆڵەتن ، نەتەوەى وا هەیە ( وەک ئاڵمان یان نەتەوەى عەرب ) چندین دەۆڵەتیان هەیە هەر بویە چندین ئاڵاشیان لەم جیگایە دا هەیە لە بەرامبەر دا تاقە نەتەوەیەک نابینرێت کە دەۆڵەتى نەبێت بەڵام ئاڵاى هەبێت ، لە وەڵاتى ئاڵمان ١٦ دەۆڵەتى فێدراڵ هەن هاوکات ١٦ ئاڵاشیان هەیە ئەگەر قەرار بووبا کە ئاڵا هێما و نوینەرایەتى نەتەوەیی کردبا ، دەبا هەموو دەۆڵەتە فێدرالەکانى ئاڵمانیش تەنیا یەک ئاڵایان بووبا یان چندین وەڵاتى عەرەبى تەنیا یەک ئاڵایان لە مەقەرى ڕێکخراوى نەتەوە یەکگرتوەکان هەڵ کردبا.

ئەو ئاڵایە کە ئیستە لە باشورى کوردستان بوونى هەیە ، ئاڵاى نەتەوى کورد یان کوردستان نیە بەڵکو ئاڵاى حکوومەتى باشورى کوردستانە ، باشورى کوردستان چ دەۆڵەتى سەربەخۆ بێت یان وەک دەۆڵەتى فێدراڵ بێمینیتەوە ( وەک هەموووەڵاتە سەربە خۆ یان فێدراڵەکانى دیکە لە دۆنیا ) مافى خۆیەتى ئاڵاى خۆى هەبێت.

حیزبە کوردیەکانى کوردستانى ئیران بە هەڵە ئاڵاى باشورى کوردستانیان بۆ خۆیان داناوە و بە هەڵەش ئەندامان و لاینگرانیان مشت و مڕى لە سەر دەکەن ، بە هەڵە لە بەر ئەوەى ئەگەر سبەینى کوردستانى ئیران وەک ئیستاى باشورى کوردستان دەۆڵەتى فێدراڵ یان سەربەخۆى هەبێت ، دەبێ ئاڵاى تایبەت بە خۆى هەبێت واتە ئاڵایەک جگە لەو ئاڵایەى کە ئیستە هەڵیان کردوە ، چونکە لە هییچ جیگایەکى دیکەى دۆنیا نابێنرێت کە دوو دانە دەۆڵەت ( سەربەخۆ یان فێدراڵ ) یەک دانە ئاڵایان هەبێت ماناى ئەوەیە کە بە پێ عورفى نێونەتەوەیی ئیمەى کورد لە ئیران ئیجازەمان نیە لە ئاڵاى وەڵاتێکى دیکە کەڵک وەربگرین تەنانەت ئەگەر ئەۆ وەڵاتەش ، وەڵاتێکى کوردى بێت.

ئاڵاى باشورى کوردستان بۆ ئیمەى کورد لە ئیران ، ئاڵاى وەڵاتیکى بیگانەیە هەر وەک چون ئاڵاى وەڵاتى کویت بۆ خەڵکى عەرەبستانى سعودى سەرەراى ئەوە یەک نەتەوەن ، ئاڵاى وەڵاتێکى بیگانەیە یان چون ئاڵاى فێدراڵى شیمالى راین لە ناوچەى فێدراڵى هامبورگ ( لە ئاڵمان ) ئاڵایەکى بیگانەیە.

هەڵەى گەۆرەتر و سەرنجڕاکێش تر کە حیزبەکانى کوردستانى ئیران تووشى بوون ئەوەیە کە هەڵکردنى ئاڵاى ئیران لە بنکە و بارەگاکانیان یاساغە لە حاڵێک دا تەقریبەن هەموویان ئیستراتێژى سیاسى خۆیان گەێشتن بە سیستمى فێدرالى لە ئیران داناوە لە سیستمى فیدرالى ئاڵا هێماى یەک بوون و پێکەوە ژیانە لە ئاڵمان لە تەنیشتى هەموو ئاڵاى فێدراڵەکان (لەندەکان) ئاڵاى دەۆڵەتى فێدرالیش هەڵکراوە یان لە سەر پارلمانى حکومەتى هەریمى کوردستان لە تەنیشتى ئاڵاى باشورى کوردستان ، ئاڵاى عیراقیش شکاوەیە هەر ئیستەش لە شارى کەرکووک لە تەنیشتى ئاڵاى باشورى کوردستان ئاڵاى عیراقیش هەڵ کراوەیە.

باشتر و مەنتیقی تر وایە تا کاتێک هەلومەرجى سیاسى ئیران و کوردستانى ئیران بەم جورەیە و تا کاتێک حیزبە کوردیەکانى سەر بە کوردستانى ئیران لە خەبات دان ، حیزبەکان لە هەڵکردنى ئاڵاى باشورى کوردستان خۆ بپارێزن و تەنیا ئاڵاى حیزبى خۆیان هەڵکەن بەڵام بە حەق ئەگەر عەلاقە و حەزیان لە هەڵکردنى ئاڵاى کورد ( کوردستان ) هەیە دەبێ ئاڵاى دیکە جیا لە ئاڵاى باشورى کوردستان بۆ خۆیان هەڵبژێرن ، رەنگ بێ ئاڵاى دەۆرانى کۆمارى کوردستان بە بڕێک دەسکاریەوە بتوانى تا رادەیەک ئەم کێشەیە چارەسەر بکات ( هەڵبەت لە کۆڕ و کوبونەوەکان کە لە ئوروپا یان بە گشتیی لە دەرەوەى کوردستان بەرێوە دەچن دانانى ئاڵاى باشورى کوردستان لە جێ خۆى دایە لە بەر ئەوەى ئەم ئاڵایە لە دەرەوەى سینورەکانى کوردستان وەک ئاڵاى کورد یان ئاڵاى کوردستان کارگێرى هەیە).

لە ئەساس دا هەڵگرتنى ئاڵاى باشورى کوردستان لە لایەن حیزبەکانى کوردستانى ئیرانەوە تەنیا و تەنیا شتێکى ئوموسیوناڵە و هیچ پاساویکى سیاسى ، یاسایی ومەنتیقى هەڵناگرێت لە لایەکى دیکەوە یاساغ کردنى ئاڵاى ئیران لە کۆڕ و کۆبوونەوە حیزبیەکان حەساسیەتى ئیرانیەکانى بە دواوە بوە هەر بویە بە دایم مارکى ” تجزیە طلبى ” دووپات دەکەنەوەى حیزبەکان دەتوانن ئاڵاى ئیران بە بێ ئارمى کۆمارى ئیسلامى و بە بێ ئارمى شایی هەڵبکەن تەنانەت لەو بارەشەوە دەتوانن لە گەڵ ڕێکخراوە سێکۆلار و دێموکراسى خوازەکانى ئیرانى واردى گفتوگو بن.

باشتر وایە هەموو ئەو کەسانە کە ئاڵا وەک سەمبۆل و هێماى نەتەوەیی پێناسە دەکەن و بە حەق دڵیان بۆ یەکگرتویی نەتەوەى کورد لێدەدات ، باسى یەکگرتویی ئەلفبا ، زمان ، مێژوو ، تەقویم … بۆ نەتەوەى کورد بکەن بۆ وینە ئیمەى کورد چوار جور تەقویمى کوردیمان هەیە و لە هەر کام لە بەشەکانى کوردستان بە جورێک مانگەکان یان ساڵەکان ناۆدێر دەکرێن.

لە کۆتایی دا ئەز وەک هەورامێک هەڵکردنى ئاڵاى حکوومەتى باشورى کوردستان لە شارى گرنگى کەرکووک و لەم هەلو مەرجە گرنگە دا بە ئیقدامێکى مێژویی و زۆر پوزیتێڤ دەزانم وێڕاى دەربڕینى خۆشحاڵى خۆم لەو باوەرە دام شکاوە بوونى ئەم ئاڵایە بە سەر بنکە و بارەگاکانى شارى کەرکووک ، باشورى کوردستان هەنگاوێکى دیکە بە سەربەخۆیی نیزیکتر دەکاتەوە و دەتوانى یارمەتى بە یەک گرتویی سیاسى بنەماڵەى کوردیش لە باشورى کوردستان بدات.

ع ـ شریف زادە ـ ٢٩ى مارسیی ٢٠١٧ى زاینیی ـ ئاڵمان

ڤیدیۆ