"an independent online kurdish website

ئەوە یەکەم هەنگاوە بەرەو سەربەخۆیی کوردستان، ئەوەی وا لە بەغدا حوکم دەکات حکوومەتی بەغدای سەر بە ئێرانە، لە مێژە عێراق نەماوە و لە عێراق گەڕێن،reuf-golbeden-01

تورکیە ئەوڕۆکە نیازی بە کوردە و ئەگەر نیازی بە کورد نەبوایە ئەوە بار و دۆخەکە جۆرێکی‌تر دە بوو. ئێران ئەوەندە کێشەی هەیە کە کاتی کەمی بە دەستەوە ماوە و چکۆلەترین هەڵە، ئێران ژێرە و ژوور دەکات. تورکیاش بە هەمان شێوەی ئێران لە دۆخێکی تایبەتدایە، ئەوڕۆکە کوردستان بووە بە ڕاستی و ئیتر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی داهاتوو بە کوردستانەوە ئارامە و بە بێ کوردستان ئاشتی ناگەڕێتەوە بۆ ئەم ناوچەیە!

وردە وردە ئیسلامی سیاسیش کاڵ بووەتەوە و ڕەنگی بزڕکاوە و لە دوای ڕووخاندنی ئەخوانەکان لە میسر کەس پێویستی بە دووبارە کردنەوەی ئەزموونی شکست خواردوو لە هیچ کوێ نییە بە تایبەتیش لە تورکیا کە دەروازەی چوونە ژوورەوەی ئورووپایە!

کۆماری سێدارەی ئێران نموونەیەکی دۆڕاوە لە دەسەڵاتدارەتی ئیسلامی سیاسی کە لە هەموو شتێک دەچێت جگە لە دەوڵەت!

دیارە کۆماری سێدارە بە هۆی خوێندنەوەی نەرێتیانە و دۆگماتیستی دەسەڵاتدارەتی ڕەوتی وەلی فەقی، دەکرێت وەک چەند دەسەڵات لێکبدرێتەوە کە تێکڕا لە کۆنەپەرستیدا یەکیان گرتووەتەوە و تەنیا لە شێوەی دەسەڵاتدا بڕێک جیاوازیان لە ڕوانگەدا هەیە بەڵام لە ناوەرۆکدا هیچ جیاوازییەکی جەوهەری لە نێو هیچ کام لە باڵە دەسەڵاتدارەکانی ئێراندا بوونی نییە و هەر بۆیە بە هەموویانەوە کۆماری سێدارە پێک دەهێنن!

ئەوەی کە لە ئێراندا بە دەوڵەت لە ناو دەوڵەت جار جارە لە لایەن کاڵفامە سیاسییەکانەوە ناو دەبرێت تەنیا لە چوارچێوەی تاکتیکی چاوبەسەکانی کۆماری سێدارەدا شیاوی لێکدانەوەیە!

قەیران لە سەر قەیران بەرۆکی بە کۆماری سێدارە گرتووە و ئەوان بە تاکتیکی هەناردە کردنی ئاژاوە بۆ دەرەوەی وڵات خۆیان لە قەیرانەکانی ناوخۆ دەدزنەوە و لە هەمان کاتیشدا دەیکەنە ئاتۆی دەستیان بۆ سەرکوتکردنی ناوخۆ و دەبینین کە لە دەرەوە بانگەشەی ئەوە دەکەن کە کێشەکانی سووریا و ناوچەکە تەنیا بە دەستی ئەوان چارەسەر دەکرێت لە کاتێکدا هەر لەو ئان و ساتەدا کە ئەو قسانە دەکەن لە شەقامەکانی ناو شارەکانی خۆیدا سێدارە هەڵدەخەن و خەڵک هەڵدەواسن!!

ئەگەر سبەینێ لە سووریا یان هەر شوێنێکی‌تر دەسەڵات بکەوێتە بەر دەستی ئەم تاقمانە بە دڵنیاییەوە خەڵک لە شەقامەکانی سووریا و عێراقیشدا هەڵدەواسن!

ئاخووندیسم جگە لە تەجرۆبەی وێرانکردنی ماڵی خەڵک و ئاوەدانکردنەوەی گۆڕستان هیچی‌تری لە هەگبەدا نەبووە و نییە!

وڵاتێک پڕ بێت لە دەرچووی زانکۆ بەڵام بێکار، وڵاتێک بووبێ بە کارگەی درووستکردنی هێرۆئین و شیشە و مەوادی هۆشبەر و بەندیخانەکانی لە شێوەی بەندیخانەکانی داعش بێت و دەرچووەکانی ئەم سیستمە دەبێ جگە لە درۆ و دزی و گەندەڵی و ترۆر زیاتر چی فێر ببن؟

چارەسەری هەموو کێشەیەک لای ئەمان گرتن و کوشتن و سەرکوت کردنە!

لە بەر ئەوەی لە لای ئەمان هەر ئەمە دەست دەکەوێت!

فارس گۆتەنی: ” از کوزە همان تراود کە در اوست” ( هەر ئەوەی تێدایە کە تێی دایە)!

زانکۆیەک ناوی زانکۆی نوور بێت، دەرچووەکەشی دەبێ خەرمانەی مانگ بە دەوری سەریدا بسووڕێتەوە!

لە سیاسەتیشدا گەنم گەنم دەکەن و لە مەندیلی ئاخووندییەوە بۆ جیهان دەڕوانن و ئێستاکەش بە پێوانەی وشتر مرۆڤ هەڵدەسەنگێنن و مالکی وشتر میناکی ئەقڵ و هۆشیانە!

دامەزراندنی کوردستانی سەربەخۆ دەبێتە پێداچوونەوەی قووڵی ڕوانگە نەرێتییەکان سەبارەت بە کێشەی لە مێژینەی نەتەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەوڕۆکە دوو وڵاتی عێراق و سوورییە بە کردەوە هەڵوەشاوەتەوە و تورکیا لە بەردەم دوو ڕێیانێکە یان ئەوەتا پڕۆسەی چارەسەری دەکاتە ڕێکار بۆ ئاشتبوونەوە و داننان بە بوونی زیاتر لە بیست و پێنج میلیۆن کورد و هەروەها دەبێت کورد ببێت بە شەریکی ڕاستەقینە لە دەسەڵات یان ئەوەتا تورکیا وەک عێراق و سووریای بە سەر دێت و بەرەو چارەنووسێکی نادیار هەنگاو دەنێت!

بوونی ئەخوانەکان لە سەر دەسەڵات لە هاوکێشەکانی ناوچەکەدا هەتا دەسەڵاتی کۆماری سێدارە مابێت لەوانەیە ئەردۆغانەکان لە تورکیا لە سەر دەسەڵاتدا بمێنن بەڵام لە دوای نەمانی کۆماری سێدارە یان بە کزبوونی کۆماری سێدارە ئیتر ئەخوانەکانی تورک کز دەبن و لە دەسەڵات دەکەون و چارەنووسیان لە میسر زۆر شپرزەتر دەبێت!

کورد ڕۆڵی سەرەکی لەم ئاڵوگۆڕانەدا دەگێڕێت و تاد…

با جارێ بەغدا نەوتی خۆمان بە خۆمان بفرۆشێتەوە!

ڕەوف گوڵبەدەن

2.4.2017 ز

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی