"an independent online kurdish website

بەندیخانەکانی تورکیا ئاخنراوە لە ئازدیخوازی کورد و ئەوەی ناوی پاڕلمانتار و ئەندامی سەرۆکایەتی هەدەپەیە لە بەندیخانەوە دەنگی نای لە ڕێگەی پەیامی هاودڵییەوە بۆ هاونیشتمانەکانی خۆی بەڕێکرد!reuf-golbeden-01

ئەردۆغان لە گەڵ ئەوەی لەم دیوی دیوارەکەوەیە و پێی وایە کە خۆی ئازادە و ئەوان بەندین، پێویستە ئێستاکە لەم بارەوە زۆرتر بیربکاتەوە و تێفکرێت کە ئەوە چ سڕێکە لە بەندیخانەشەوە هێشتا سێبەریان لە سێبەری ئەردۆغان ئەگەر زۆرتر نەبێت کەمتر نییە!

دەنگدان دەسەڵاتی دەوڵەتی خستە ژێر پرسیارەوە!

ئەوە چۆنە سەرەڕای باری نائاسایی لە زۆرێک لە ناوچەکان، سەرەڕای گرتن، سەرکوت، کوشتوبڕی شار و دێ، سیاسەتی ژینۆسایدی ماڵ وێرانکردن و هەروەها کۆچبەرکردنی خەڵک لە زێد و نیشتمان واتە سەرەڕای ئەو هەموو زەخت و زۆردارییە بۆچی هێشتا نیوەی دانیشتوانی تورکیا بە لووتکەی دەسەڵاتیان گۆت: ” نا ” !

ئەم نا مەزنە مشتە کۆڵەیەکی بەهێزبوو لە ئەقڵی عوسمانچییەتی و ڕێڕەوەکانی بۆ هەتا هەتایە!

ئەردۆغانی بەرزەفڕ لە بەرزاییەکی خەیاڵییەوە بۆ خەڵک دەڕوانێت لە هەمان کاتدا بە پشت ئەستووری بە هێزەکانی کەمالیزمی دۆڕاو واتە ئەرتەش و میت و پۆلیسی هۆڤ، لە پاڵ توندئاژۆ ئیسلامییەکانی ئەخەوانەوە خەریکی دامەزراندنی سۆفییە و عالی قاپۆی عوسمانی بوو کە بە دەنگی بەرزی ” نا ” هەموو شیشەی خەیاڵەکانی ورد و پرد بوون!

بەرەی ” بەڵێ” و بەرەی ” نا ” کامیان براوەن؟

بۆچی سەرەڕای بارتەقای تای ترازووی هەردوو بەرە بە جیاوازییەکی هەستیارەوە کەچی ئەردۆغان خۆی بە براوە دەزانێت واتە نیوە پڕەکەی لێوانەکە دەبینێت بەڵام نیوە چۆڵ و بەتاڵەکەی لە بەر چاویا تەم دەکاتەوە و نایبینێت؟

بەرەی بکوژان ئەردۆغان و پۆلیس و میت و ئەرتەش و ئەخوان بەیەکەوە نەیانتوانی لە بەرەی بەندیخانە و ماڵوێران و کەس کوژراو و کۆچبەرکراو بباتەوە؟

بەو هەموو خۆ بە زلزانییەوە شەرم ناکات دەڵێت بردمەوە؟

بەو هەموو هێزەوە کە پێی دەڵێن دەوڵەتی تورکیا کە بانگەشەی ئەوەی دەکرد کە یەکێ لە بەهێزترین ئەرتەشەکانی جیهانە لە کاتێکدا کە بەو هەموو دەم و دەزگا پڕۆپاگاندە و ماسمیدیاوە کە لە خزمەتی ئەردۆغان بوو بە تەزویر و سەرکوت نیوەی خەڵکت لە گەڵ نییە، چۆن بە خۆی دەڵێت ” هەڵبژێردراو” ؟

دەنگی بەڵێ نیشانەی دەنگی ئازاد و دەنگی خەڵک نییە بەڵکوو بە پێچەوانەوە ئەوانەی وا دەنگی ” نا ” یان بەو هەموو هێزە دا بەڕاستی دەتوانین بە ڕاشکاوانە بڵێین دەنگی نا دەنگی ئەو ئازادیخوازانەیە کە مل بە هیچ دیکتاتۆرییەک نادەن و زۆر ئازایانە لەوپەڕی نەترسی و شۆڕشگێڕییەوە بە ئەخوانە کۆنەپەرەستەکانی تورکیان گۆت ” نا ” !

نیوەی دانیشتوانی تورکیا گۆتیان ” نا ” ، ئایەکوو ئەمە ورە نادات بە ئازادیخوازانی کوردستان و جیهان؟

نا بۆ ئەخوانی تورک، نا بۆ پان تورکیزم، نا بۆ دیکتاتۆری و نا بۆ میت و پۆلیس و ئەرتەشی گۆپاڵ بە دەستی کۆنەپەرەستان!

نا ئەنجامی هەڵبژاردنەکە بوو نەک بەڵێ!

نیوەی خەڵک لە ژێر چەکمەی دیکتاتۆری دەنگی ” نا” یان کرد بە گوێی دیکتاتۆرە نوێکەی عوسمانی!

هاواریان کرد ” نا بۆ سیستمی سوڵتان و نا بۆ وەلی فەقییە و نا بۆ هەر شێوازێکی ملهۆڕ و سەرکوتکەر!

ئەم ” نا” یە بۆ هەموو سیستمە دیکتاتۆرییەکانی ناوچەکەیە و پەیامێکی ڕوونە کە خەڵک مل بۆ زۆرداری دانانەوێنێت ئیتر!

لای من دەنگی ” نا” زۆر بە ئازایەتی لەو گۆڕەپانەدا هاواری کرد و تەواوی دەنگی ” بەڵێ” ی خستە گومانەوە و ئێستا ئیتر کەس باوەڕی بەو ” بەڵێ “یە نییە چوونکە دەنگی ” نا ” زۆر بەهێزبوو!

نا بۆ ولایەتی فەقی، نا بۆ ئەردۆغان، نا بۆ ئەخوان و نا بۆ داعشی شێعە و داعشە ڕەنگاوڕەنگەکانی دی کە هەموویان لە پشت داعشی ئێران و تورکەوە خۆیان لە خەڵکی هەژار و داماو مڵاس داوە!

هەر لە ئێستەوە ئەوە بزانن کە سیستمەکانی دیکتاتۆڕی شەویان بە سەردا هات و ڕۆژی خەڵک لە سەر کەلە!

سوڵتان ئەردۆغان نیوە بەتاڵەکەی نابینێت!

ڕەوف گوڵبەدەن

19.4.2017 ز

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی