وشەیەکی جوان و ناوەرۆکەکەشی لە خۆی جوانترە ئەگەر وەک خۆی تەعبیر بکریتەوە. لەو ڕۆژانەدا لەسەر زاری هێندێک لە هاوڕێیانی حیزبی بیستم کە نـەخشە ڕیگا، یان پڕۆسە
یان هەرچی نـاوی لێبندرێی بۆ باس لە کۆنگرەی شازدەهەمدا بڵاو کراوەتەوە دیارە من خۆم نەم دیوە و نەم خوێندۆتەوە، بەڵام لەکۆنفڕاسی حیزبیدا بـۆ هەڵبژاردنی نوێنەر بۆ کونگرەی (١٦ ) لەم و ئەو گوێم لێدەبوو هەموشیان وەک من دەیانکوت نەمان دیوە . یەکێک لەو چەمکانەی پڕۆسەکە کە زۆرتر ناوی دەهێندرا ( شایستە سالاری) بوو. ئەگەر زۆر سادە و ساکار و کوردانە چاوی لێبکەی و نەیخەیە ناو بازنەی ئـەگەر و مەگەر و لایەن و بێلایەنی و پاشتەرک و پێشتەرکی بۆ سازنەکەی ئەوە گەلە شیاوی سالاریـە و هەمو سالارەکانیش دەبێی گەل ئەو شانازیەیان پێی ببەخشێ. وەک کوتم نـەمدیوە و لە خۆشمەوە باسی لێناکەم و کوتەکی تاریکی ناوەشێنم . تەنیا لە ڕوانگەی خۆمەوە بڕێک شایستە سالاری شی دەکەمەوە. بـەداخەوە تـا ئێستا نـەک لـە نـاو ئێمەی کورد بـەڵکو لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەو چەمکە نە جێی گرتـوە و نـەکاری پێکراوە . زۆرتـر زۆرو دەسەڵات کاری پێ بەڕێوە چووە. ئەوەی ئێمە دیتومانە زۆرینەی سالارەکانی ئێمە شیاو نەبون، یان باشتر بڵێم ( زۆرێک لە سالارەکانی کورد لاسار) بوون . بە باوەڕی من بەشی زۆری هـۆیەکەشی ئەوە بووە ئێمە لە ژێر زەخت و زۆری دەسەڵاتی داگیرکەراندا گەورە بـوین و پەروەردە کراوین . ئەوانە وەک چۆن بە زۆر خۆیان سەپاندوە ، زۆربەی خەڵکی ئێمەشیان وا حاملاندوە کە پێمان وایە زۆر و دەسەڵاتی زۆرەملی یەکەم ڕیگەی چارەسەری گیرو گرفتەکانە! لـە بنەماڵەوە بگرە تا دەگاتە دەسەڵاتی وڵات پێمان وابووە تەنیا قودەرت و هێز دەتوانێی گیرو گرفتەکان یەکلا بکاتەوە. بەو ڕاهێندراویە ناشازەوە لە جێگای بەکـار هێنانی ئەقڵومەنتیق دەستمان بۆ چەکو کوتەکو گۆپاڵ بردوە ، شیوەکاری ئێمە تـائێستا ئەوەبوەکە ڕکەبەرەکانمان بەزۆر لە مەیدان دەرکەین ، بەڵام ئەوڕەوتە نەک سەرکە وتـو نەبوە بەگرە مەسەلەکانی پوچەڵتر کردوەو زیانی زۆر گەورەشی لێمان داوە. بـەچاوی خۆمان دیتومانە بەهێزترین دوژمنی داگیرکەر نەیتوانیوە خەباتی ڕەوامـان دامرکێنێو تێکوشان بۆ ڕزگاری بوەستێنێ ، کەوابـو دەبێی زۆر بەوردیو ژیرانە چەمکی ( شایستە سالاری ) شیکەینەوەو هەڵسەنگێنینو ڕیگای پێکەوە ژیانو هاوکاری بگرینە بەرو ڕێبەری شایستە لاری بسەلمێنین .ئەگەر بمانەوێی لە ڕەوتی خەباتەکەماندا نـوێی سازی بکەیـنـو ئـاڵو گۆڕ پێک بێنین ، زۆر ئاساییە دەبێی حیزبی ئێمە بتوانێی لە دنیای زانستو سەنعەتدا دەوری خۆی بگێڕێو لە کاروانی پێشکەوتن بەجێی نەمێنی بۆیە پێویستە باسی هێندێک لەتایبەتمەندی ڕێبەرێک بکەین کە شیاوی سالاری بێی . نابێی ئەوەمان لە بیر بچێی کە سالاری شیاو لە حیزبی دێمۆکڕاتدا دەبێی ئامانجی بنەڕەتی گەلی کوردکە دابینکردنی مافی نەتەوایەتیو ڕزگاری کوردستانە نەخاتە قالبی هیچ ئیدەو ئایینێکو وەدوای هیچ خەتو ڕیبازێکی نەخا، بەڵکو نیشانی بدا کە لە پێشەوەی هەمویانە . بۆ ئەومەبەستە ڕایخۆم کەلە ئەزمونی کارو تێکۆشانی (٤٠) ساڵ بەشداریم لە شۆڕشـو (٧٦ ) ساڵیش تەمەنم کە لـە مـەڵبەنـدی جـۆراوجۆری کوردستاندا ژیاوم، زۆرترسەروکارم دەگەڵ سالارەکان بوە ، وەرگرتوە، بە قەدەر تێگەیشتنی خۆم بە گوێرەی خوارەوە دەیخەمە بەرڕاوبۆچونی خوێنەران . بۆ زانیاری ئێوەش کەڵکم لەوتەو ڕاو بۆچونی هیچ فەیلەسوفو دانیشمەندێک وەرنەگرتوە، بۆیە ،هەڵەو پەڵەوکەمو کوڕیو جوانیو ناحەزی لە ئەستۆی خۆمە .
( ١ ) ڕێبەرێکی لێزانو سەرکەوتو ئەوەیە لەپێش هەمو شتێکدا گەلو ویستو داخوازەکانی بەباشی بناسێی .( ٢ ) دەبێی بزانێو بڕواشی ئەوەبێی کە حیزبەکەی چ ئامانجێکی هەیەو لەدەرەوەی چوار چیوەی حیزبەکەشیدا بیر بکاتەوە. لە ڕاستیدا چونکە پێکهاتەی حیزبی دێمۆکڕات لە هەمو چینو توێژی کوردستانە ،کەوابو ڕیبەرەکەشی ئەرکی ڕیبەری کردنی کورستانە. ( ٣ ) ناتوانێی سەرکەوتوبێی ئەگەر بەرژەوەندی گشتی وەپێش بەرژەوەندی تاکیو حیزبی نەخاو دەبێی ئەوەی بەتەواوی قبوڵ بێی کە حیزب ئامرازەو ئامانج نیە. ( ٤ ) دەبێی بەیەک چاو لە هەمو گەلەکە بـڕوانێو پلەو پایەو ئـەرکو کار بەکەسانێک بسپیرێی کەلێهاتوو لێزانو شارەزاو بڕوا پێکراوبن ، نەک کەسانێک کە هەر هاو بیری ئەونو بەس . (٥ ) ڕێبەری سەرکەوتو ئەوەیە کە بڕوای ڕاستەقینەی بەباسولێکدانەوەو هەڵسەنگاندنو بـڕیاری دەستەجەمعی هەبێو ڕێز بۆ بیروڕای جیاواز دابنێو بڕیارێک پەسند بکا کە جێی قبوڵی زۆرایەتیەو بشتوانیێی ڕێزی کەمایەتیش بگرێیو پشتگوێیان نەخاو وازیان پێی لە تێکۆشان نەهێنێ. زۆرجار کوتراوەو دەکوترێتەوە کار بەکارزان بسپیردرێی، نەک بە خۆشەویستێکی نەزان.( ٦ ) ڕیبەرێکی زانا دەبێی بەڵێنی ئەنجامدانی بەرنامەیەک بدا کە گونجاوو لە توانادایە ، نەک بـەدروشمی بریقەدار خەڵک بەلاڕیدا بـەرێـو خۆشی لێی پـەشیمانبێو کەسایەتی خۆی ببـاتە ژێر پـرسیارەوە. ( ٧ ) ڕێبەری دڵسۆزو بە غیرەت ئەوەیە دەگەڵ گەلو ئەندامو لایەنگرانی حیزبەکەشی ڕاستگۆ بـێـو درۆیان دەگەڵ نەکا.( ٨ ) دەبێی بزانێی ڕێبەر فرشتەنیەو هەمو شتێک نازانێو هەڵەـش دەکاو ئەوکاتە ڕاستە کە لێزانوتوانای ڕێبەرایەتی هەیە کە بتوانێ ئیقراربەهە ڵەوخەتاکانی خۆشی بکا. ( ٩ ) سالاری شیاو دەبێی خزمەتکاری نیشتمانو گەل بێیوهەمو بیروهەزرو تـوانای بۆ بەختەوەری گەلەکەی سەرف بکا ، نەک گەلو نیشتمان بـکاتە قوربانی حەزو ویستو ئاواتو ئارەزوەکانی خۆی یان کەسو کارو خۆشەویستانی. ( ١٠ ) سالاری شایستە دەبێی بڕوای بە بڕیاری گشتی هەبێو لە بڕیاری تاکەکەسی بپرینگێتەوە. ( ١١ ) سالاری شایستە دەبێی ڕابـردوی لە بەر چاو بێو ئەمڕۆش بە جوانی ببینێو داهاتوش پشت گوێی نەخاو ئـەوەی ئەوڕۆ دەکرێی هەڵینەگرێی بـۆ ڕۆژێکیتر. ( ١٢ ) سالاری شیاو دەبێی لـە دەربڕینی ڕاستی بـاکی نە بێو لـە بـەرانبەر هـێڵە گشتیەکاندا دودڵ نـەبێو بـۆ هیچ بەرژەوەندێک وەپەنایان نەدا.( ١٣ ) ئەو سالارەی دەیەوێی گۆڕان کاری بکا ، دەبێی بزانێی : چی دەگۆڕێی ، بۆچی دەیگۆڕێی ، چۆنی دەگۆڕێێ.( ١٤ ) سالارێکی شیاودەبێی وەک شەترنج زانێکی شارەزا بزانێی مۆرەکان لـە کوێێ دادەنێو چۆنـو لە چکاتێکدا کاریان پێدەکا.( ١٥ ) کوردانە بڵێم : سالاری شیاو نابێی عالمی بێعەمەل بێی چونکە قسە سەرەتا هێدێک کەس بڕوای پێدەکەن ، بەڵام کە بەکردەوەیی نەکرا نەک بڕواکە نامێنێ بەڵکو ناهۆمێدیشیان دەکا.(١٦) بەباوڕەی من گۆڕانکاری بەباری ئەرێنیدا شتێکی باشەو پێویستە و دەبێی بکرێی ، بەڵام لەبیرمان نەچێی تێکدانیش جۆرێک گۆڕینە !! ئەزمونی من لەوە نیگەرانم دەکا کە هێندێک کەس بەمەبەست یان لەبەرخراپ لێتێگەیشتن وخراپ لێکدانەوە دژی ڕاوەستاونو حیزب توشی لێترازان بکەن . هەلو مەرجی ناوخۆو جیهانی پێمان دەڵێی : دەبێی زۆر وشیارو بەر پرسانە هەڵسو کەوت بکەین و ئەو دەرفەتەی کە دورنیە بەم زوانە بڕەخسێی بۆ مەبەستێکی تاکیو گروهی لەدەستی نەدەینو بەیەکڕیزیـو یەکگرتوییو هاوکاری قەرەبوی ڕابردوی بەئاکام نەگەیشتومان بکەینەوە . داوای برایانەم لەهەموگەل بەگشتیوهاوڕێیان بە تایبەتی ئەوەیە : دەگەڵ هەبونو ڕێزگرتنی هەر چەشنە باوەڕێکی ئایینیو سیاسی مەسەلەی نیشتمانو نەتەوە نە وەدوا بخەنو نەلەبیری بەرنەوە . هەمو ئیدەو ئایینەکان جێگای ڕێزن بەڵام نەتەوەو وڵات بۆ پیرۆزیش لە پێشەوەی هەموانن و پیوەندی بەهەموانەوە هەیە.
بێگومان تایبەتمەندی ڕیبەرێکی شیاو زۆرنو منیش ئەوەنیم کە بتوانم پێوەرەکانی ڕێبەری شیاو دەست نیشان بکەم ، بەڵام باوەڕیشم وایە کە دەبێی لەبەرانبەر مەسایلی پێوەندیدار بە گەلو نیشتمان قسەی خۆم هەبێی . مەرجیش نیە هەمویان جێی پەسندی هەمو کەسبێی، دەکرێی بەلای هێندێکانەوە جوانـو هێندێکیتر پێیان نـاحەز بێی . چونـکە مـن دەگـەڵ بێدەنگیو بێلایەنی نیم. سالاری شایستە دەبێی لە گۆڕەپانی کردەوەدا بیسەلمێنێ کە ئەرکو کارەکانی سەرجەم لە بەرژەوەندی گشتی دانوهەمو بیروفکروزانستو توانای بۆ پێشکەوتنو ژیانێکی شەڕافەتمەندانە بۆ گەلو ئاوەدان کردنی هەرچی باشتری وڵاتە.دیارە ناکرێ خۆی هەمو کارەکان بشزانێو جێی بە جێشیان بکا بـەڵام دەبێی بـزانێو بتوانی ئۆرگانەکان دروست ڕێبەری بکا.
براتان مەلا برایمی مەجید پور . 11 / 4 / 2017