"an independent online kurdish website

لە گەڵ ئەوەی کە ناوچەکە لە ماوەی نێوان ڕووخاندنی تاڵەبان لە ئەفغانستان و هەروەها ڕووخاندنی سەدام لە عێڕاق ئاراستەکان هەتا جۆرج بۆشی کوڕ لە سەرکار بوو وا دەردەکەوتreuf-golbeden-01

کە سیاسەتی ئەمریکا بە هەمان ڕێباز و بە هەمان مێتۆدی جۆرج بۆش درێژەی دەبێت و بە تایبەتیش دانانی کۆماری سێدارە لە تەوەری شەڕ گۆمانی بۆ کەس نەهێشتەوە کە ئامانجی دەسەڵاتدارانی ئەمریکا لێدانی کۆماری سێدارەی ئێران دەبێت کە خاوەن کەیسێکی ئەستوورە لە هەموو پێشێلکاریێک  هەر لە ترۆرەوە بگرە هەتا سێدارە و خنکاندنی ئازادی و پڕکردنی بەندیخانە لە نەیاران و تەنانەت لەچالاکوانانی مافی مرۆڤ و سانسۆڕ و سەرکوتکردنی هەموو جۆرە دەنگێکی دژبەران و لە لایەکی‌ترەوە ژینگە سووتاندن، ڕووبار وشک کردن، کۆڵبەر کوشتن و بڵاوکردنەوەی مادە هۆشبەرەکان لە نێوان خەڵکی ئاسایی و بە لاڕیدابردنی منداڵ و لاوان وهەروەها شۆردنەوە مێشکی قوتابی بە شتی هیچ و پووچ کە ناویان ناوە: فەرهەنگی شەهادەت واتە خۆبەکوشتدان بۆ دەسەڵاتی ئاخووندە سێدارەچییەکان!

گەورەترین کێشەی کۆماری سێدارە هەناردەکردنی ترۆر و بردنەوە دەرەوەی شەڕە کە هەتا ئەوڕۆکەش لە وڵاتانی هاوسێ و دەور و بەر بە کردەوە بوونی هەیە!

دیارە بەرنامەی ڕووخاندنی ئێران لە گەڵ ئاڵوگۆڕەکانی دواتری ئەمریکا لە سەردەمی ئووباما پشتگوێ خرا و ئیتر ئەمە سەرەتای هەڵە یەک بە دوای یەکەکانی ئووباما سەرۆک کۆماری ئەمریکا بوو کە ئێران زۆر بە باشی  ئەو هەلەی بە قازانجی دەسەڵاتە بێ هێزەکەی خۆی قۆستەوە!

لەخۆبایی و یاخی بوونی کۆماری سێدارە وەبیرهێنەرەوەی ڕژیمی شای ئێرانە کە خۆی بە پێنجەمین سپای بە هێزی جیهان دەزانی و ناوی خۆی نابوو ژاندارمی کەنداوی فارس!

گرێ کوێرەی دەسەڵات لە سەردەمی شای ئێران کە ڕێک وەک کۆماری سێدارە ببوو بە هەڕەشە بۆ  داهاتووی ناوچەکە هەر بۆیە لەو سەردەمە جیاوازەشدا، تاڵە هەستیارەکانی ئەمریکای خستە جووڵە و وای لە ئەمریکا کرد لە گەڵ ئەوەی کە گەورەترین پشتیوانی ڕژیمی شا بوو بەڵام دەستی لێ بەردا و لە ڕاستیدا کردی بە قوربانی بەرژەوەندییەکانی خۆی دژ بە سۆڤییەت!

لە کاتی ڕابوونی گەلانی ئێران دژی سیستمی شایەتی ئەمریکا خۆی لە شا و دەسەڵاتەکەی نەبان کرد، لە بەر ئەوەی پێی وابوو هاتنە سەر دەسەڵاتی ڕژیمێکی ئایینی زیاتر دەبێتە مەترسی لە سەر بەرژەوەندییەکانی سۆڤییەت هەتا مانەوەی شا لە سەر دەسەڵاتەکەی!

دیارە لەمەشدا ئەمریکا هەڵەی کرد و دواتر دیتمان ڕژیمی تازەی ئێران دژ بە بەرژەوەندی ئەمریکا وەستایەوە و هەر لە سەرەتاکانی هاتنە سەرکاری توندئاژۆکان باڵوێزخانەی ئەمریکایان داگیرکرد!

دیارە زۆری پێ نەچوو کە سۆڤییەتیش ئاڵوگۆڕی بە سەرداهات و کۆماری سێدارەش بە گرتنەبەری سیاسەتی هەناردەکردنی شۆڕش بۆ دەرەوە بوو بە هاندەری سازکردنی شەڕی ئێران و عێراق و لە گەڵ ئەوەی کە لە ناوخۆی ئێرانیش خەڵک دژی دەسەڵات وەستانەوە!

شا و دەسەڵاتەکەی چکۆلەترین قوربانی شەڕی ساردی نێوان ئەمریکا و سۆڤییەت بوو!

ئێران بوو بە قوربانی لە پێناو ئاڵوگۆڕی سۆڤییەت هەر وەک پێشتریش هەمان شێواز لە لایەن سۆڤیەتەوە دژ بە بەرژەوەندی ئەمریکا و هاوپەیمانە ڕۆژئاواییەکانی ئەمریکا هەمان تەجرۆبە  لە ئەفغانستانیش تاقی کرایەوە کە بوو بە هۆی ئەوەی ئەمریکا و ڕۆژئاواییەکان گرینگی بدەن بە ڕادیکالیزم و تۆندئاژۆیی ئایینی و بە تایبەتیش هێنانە کایەی تئۆرییزەکردنی ئیسلامی سیاسی وەک بەشێک لە تاکتیکی دژە سۆڤییەتی و دواتریش دژە ڕووسی ئەمریکا لە ناوچەکەدا!

پشتیوانی کردنی ئەمریکا لە مۆجاهیدەکانی ئەفغانستان بوو بە هۆی ئەوەی کە ئاخووندە تازە بە دەسەڵات گەیشتووەکانی ئێران بیر لە خۆیان و داهاتووی ناوچەکە بکەنەوە و لە گەڵ ئەوەی کە بە ڕواڵەت زۆر دژی ئەمریکا بوون و بە  شەیتانی گەورە ناویان دەبرد کەچی لە بنەوە لە گەڵیان کەوتنە گەمەی سیاسی لە ناوچەکەدا و ئەفغانستان بوو بە گۆڕەپانی مۆجاهیدەکان دژ بە دەسەڵاتی حێزبی پەرچەمی بەبرەک کارمل سەرۆک کۆماری ئەفغانستان کە سەر بە بەرەی سۆڤییەتی پێشوو بوو!

ئەمریکا کاری لە سەر هەڵوێستی دژە سۆڤییەتی دەکرد کە ئەم خاڵە لەو کاتەدا گرینگترین خاڵی سەردەمی دوو بلووکی ئەو چاخە بوو لە ناوچەکەدا لە چوارچێوەی پێشڤەچوونی پلانەکانی ڕۆژئاوا دژ بە بەرەی سۆڤییەت!

بەبرەک کارمل بە دەستی مۆجاهیدانی ئەفغان لە کابۆل گوللەبارانکرا و دەسەڵاتی ئەفغانستان کەوتە دەستی مۆجاهیدەکان کە دوایی بوون بە تاڵەبان!

تاڵەبان تاقمێک توندئاژۆی سوننە بوون کە بە زۆری لە پاکستان و عەرەبستان خوێندنی شەریعەتیان تەواو کردبوو بە جۆرێک کە جگە لە شەریعەت لە هیچ‌ بووارێکی‌تردا شارەزاییان نەبوو!

ئێران و عێراق ماوەی هەشت ساڵ پێکەوە شەڕیان کرد و کاتێ کە ئاگربڕ ڕاگەیندرا ئیتر ئێران ئەو هێزە نەبوو کە بەرگەی شەڕ بگرێت هەر بۆیە لە دوای شەڕ لە لایەن ئیتلاعاتەوە دار و دەستەی  ترۆریستیان بۆ ترۆرکردنی نەیارانی دژ بە کۆماری سێدارە دامەزراند. تیمە ترۆریستییەکانی ئیتلاعات لە هەموو لایەکەوە چ لە ناو خۆ و چ لە دەرەوە دەستیان بە ترۆری دژبەران و نەیاران کرد کە لە سەرووی هەموویانەوە کورد زۆرترین قوربانی لەم پێناوەدا پێشکەش بە ئازادی کرد!

دەسەڵاتدارانی ئێران لە قۆناخێکی زۆر ناسکدا درێژەیان بەو دەسەڵاتە دا و هەتا دوو تاوەرەکەی ئەمریکا لە لایەن ئەلقاعیدەوە بوو بە ئامانج کە هەر ئەم بیانووە بوو بە هۆی هێرشی ئەمریکا بۆ سەر ئەفغانستان و دواتر ڕووخاندنی تاڵەبانی لێ کەوتەوە!

ئەمە سەرەتای ئەو هەلە زێڕینە بوو کە کۆماری سێدارە خەوی پێوە دەبینی!

تاڵەبان بە گشتی و بە شێک لە ئەلقاعیدە بە تایبەتیش لە گەڵ چەند کوڕی عوسامە بن لادن و یەکێ لە خێزانەکانی لە گەڵ تاقمێک لە سەرکردەکانی ئەلقاعیدە ڕوویان کردە ئێران کە ئەمە بە ڕاستی ئێرانی لە سفرەوە هەستانەوە و دواتر ئێران هەر لەم تاقمی ئەلقاعدە و تاڵەبانەوەوە فێری گەمە کردنی سیاسی بوو لە گەڵ ئەمریکا و بە تایبەتیش زۆری پێ نەچوو کە سەدامیش کەوتە ناو تەوەری شەڕ و ئەمریکا ڕژیمی بەعسیشی بە دەردی تاڵەبان برد کە ئەمە گەورەترین هۆی بە هێزبوونی کۆماری سێدارەی لێکەوتەوە!

ئیتر ئەم هاودەنگی و هاوکارییەی نێوان ئەمریکا و ئاخووندەکان درگای بۆ دەسەڵاتدارەکانی ئێران کردەوە کە هەلەکە بە قازانجی دەسەڵاتدارەتی خۆیان بگوازنەوە و دواتر دیتمان کە لە عێراقی سەدامیشدا هەمان هاوکاری بۆ لێدانی سەدام دووپاتە دەبێتەوە و ئەمریکا لە پەسا پووانی دا بە ئێران و گۆڕەپانی شەڕەکەی بۆ ئێران بەجێ هێشت و دەسەڵات لە عێراقی سەدام وردە وردە کەوتە دەستی سپای پاسدارانی ئێران کە خۆیان خاوەنی گەورەترین فایلی ڕەشی ترۆریستی ناوچەکە بوون! هۆی بەهێزبوونی سپای پاسداران دەگەڕێتەوە بۆ ئەو کەشە سەربازییەی کە ناوچەکەی داگرتبوو!

ئەوڕۆکە ئیتر ئێران لەم کەشە سەربازییەی ئێستادا بە پشتیوانی سپای پاسداران بە ئاشکرا لە ناوچەکەدا خەریکی ڕمبازێنی خۆیەتی!

تاڵەبانە تۆقێنەرەکە دواتر بوون بە دەسکەلای وڵاتانی ناوچەکە و هەر ئەو ئێرانەی کە ئاواتەخوازبوو ئەفغانستان لە دەستی تاڵەبان ڕزگاربکا، خۆی بوو بە یەکێ لە کایە کەرەکانی گەمەی گەورەی ناوچەکە و دواتر کە سەدامیش بە دەستی ئەمریکا ڕووخا ئیتر جووت شەشی ئێران دەستی پێکرد!

شێعەکانی عێراق هەتا دوور بوون لە دەسەڵات خۆیان بە مەزڵووم و ستەملێکراوی دەستی بەعس دەناساند و هەر ئەم مەزڵوومانە کە هاتنە سەرکار بە بێ گوێدان بە سیاسەتە دژە مرۆڤییەکانی کۆماری سێدارە، تەنیا و تەنیا لە بەر شێعەبوون بوون بە کۆیلەی ئێران و ئەمریکاش پێی وابوو ئیتر هەموو کێشەکان لە ناوچەکەدا چارەسەرکراوە یان چارەسەر دەبێت،  هەر بۆیە زۆر گرینگی بە  چۆنیەتی دەسەڵاتی بەغدا نەدا بە تایبەتیش لە دوای دەرکەوتنی تاقمە تۆندئاژۆکانی شێعە کە زۆریان هەر بە فیتی کۆماری سێدارە وەک کارگ لە کتوپڕدا لە ناوچە شێعەکان هەڵتۆقان و بوونە ڕێگەخۆشکەری سپای قۆدس کە دواتر بە بیانووی شەڕ لەگەڵ داعش خۆیشیان کۆپی داعشیان بە ناوی حەشدی شەعبی لە بەشە شێعەکەی عێراقدا بە پشتیوانی سپای پاسداران دامەزراند و ئیتر ئەمە بوو بە هۆی ئەوەی کە ئێران بە تەواوەتی دەست بە سەر عێراقی شێعەدا بگرێت!

لەم قۆناخە بە دوا گرینگی ڕۆڵی کورد وردە وردە لە ئاڵوگۆڕەکانی ناوچەکەدا بۆ هەموو لایەک بە تایبەت بۆ ئەمریکا و  وڵاتانی هەرێمی ناوچەکە دەرکەوت!

دەرچوونی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق لە سەردەمی  سەرۆک کۆماری ئووباما بە شێوەیەک ڕادەستکردنەوەی ناڕاستەوخۆی عێراقی پاش سەدام بوو بە ترۆریستە چاوچنۆکەکانی کۆماری سێدارە! ئیتر لەمە بە دوا ئاڵۆزی و ترۆر و چەند دەسەڵاتی زاڵ بوو بە سەر عێراق و وردە وردە ڕیزبەندییەکان ئاڵوگۆڕیان بە سەردا دەهات!

کەوتنە دۆخی تازە وای لە ئێران و تورکیا و ئەمریکا کرد کە حیسابێکی تازە بۆ کورد بکەنەوە و پاشان ڕووسیاش بە هەمان پێوەر هاتە ناو کێشەکانەوە و بە پشتیوانی کردن لە کێشەی کورد لانی کەم لە ڕۆژئاوا و لەویش درەنگتر عەرەبستان و وڵاتانی ناوچەی کەنداو هەر یەکەو بە مەبەستێک کەوتنە پشتیوانی کردن و یارمەتیدان  بۆ ئەوەی لە داهاتووی ناوچەکەدا لەوانی دی پاش نەکەون!

یەکێ لەو هۆیانە کە عەرەبی خستە ناو هەڵوێستەوە لە ڕاستیدا دزەکردنی بەکرێگیراوانی ئێران بوو لە یەمەن و سووریا و عێراق کە بە ئاشکرا هەڕەشەیان لە عەرەبستان دەکرد و عەرەبستانیش بۆ ڕزگاربوون لە مەترسییەکانی کۆماری سێدارە کەوتە خۆ و هانی عەرەبەکانی بە دژی کۆماری سێدارە دەدا!

لە یەکەم هەنگاودا بە ڕووخاندنی ئەخوانەکان لە میسر و هەروەها پشتیوانی کردن لە عەبدۆلفەتاح ئەلسیسی عەرەبستان ئیتر بە ئاشکرا و بە ڕوونی هاتە ناو بەرەی شەڕی دژ بە کۆماری سێدارە!

عەرەبستانی ڕێک لە ڕاستای لێدان لە ئامانجەکانی ئێران هاتە هەڵوێستەوە لەبەر ئەوەی عەرەبستان لەوە تێگەیشتبوو کە ئێران لە ڕێگەی ئەخەوانەکانی میسرەوە دەیهەویست پەل بۆ ئەفریقا بکێشێت!

دواتر نیشانەکانی دەست تێوەردانی کۆماری سێدارە لە نیجریا و سۆمالی و زۆر شوێنی‌تر دەنگۆ و مقۆ مقۆکانی ئەو سەردەمەی بە ڕاستی گێڕا!

لە سەر ئەم بنچینانە بوو کە ئێران بوو بە دێوەزمەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئیتر لە ڕوانگەی زۆربەی عەرەب جگە لە بەشێک لە شێعەکان و بەرژەوەندیخوازەکانی چەک و چۆڵ سنوورەکە ڕوونتر دەبووەوە!

دەسەڵات و وڵاتی واش هەبوو کە هیچ زانیارییەکی ئەوتۆیان لە بارەی جیاوازی نێوان ئایینەکانی ناوچەکە نەدەزانی و یان تەنانەت بێ ئایین بوون بەڵام دژ بە ئەمریکابوون وەک وێنزۆئێلا کە لە گەڵ کۆماری سێدارە تا ڕادەیەک پێوەندیان هەبوو و هەر بەم هۆیەشەوە دەستی ترۆریستانی کۆماری سێدارە گەیشتە  قووڵایی ئەمریکای لاتین بەڵام ئووباما لە ئەمریکا وەخەوەر نەهات و خەوێکی گران کاسی کردبوو!

کورد لە چەمکی پێوەندی گرتندا کێشەی هەیە!

کورد لە گەڵ ئەوەی کە لە تەواوی وڵاتانی ناوچەکەدا کەم  و زۆر بوونی هەیە و خاوەن مێژوویەکی خوێناوییە بەڵام لە ڕاستیدا کورد لە چەمکی پێوەندی گرتندا کێشەی هەیە!

سەیری حکوومەتی هەرێمی کوردستان بکەن کە بۆ خۆی دامەزراوەیەکی یاسایی و ڕەسمییە کە بە داخەوە وەک دەوڵەتی هەرێمی کوردستان لە گەڵ دەوڵەتەکانی ناوچەکدا هەڵس و کەوت ناکات بەڵکوو هەر حێزبوکەیەکی کوردستان لە ڕێگەی نوێنەرایەتی خۆیەوە پێوەندی نەک لە گەڵ دەوڵەتەکان بەڵکوو لە گەڵ تاقم و بەشە نابەرپرسەکانی ئەو وڵاتانە دەگرن و بە بێ ئەوەی بزانن دەچن لە گەڵ میت و ئیتلاعات و حێزبگەلێکی دەستکردی نابەرپرس هەڵس و کەوت دەکەن!

مێژووی ئەم شێوازە هەڵە زەقانە لە پێوەندی گرتن بە داخەوە هەر لە سەرەتاوە لە لایەن حێزبە کلاسیکەکانی کوردەوە بە هەڵە دانراوە!

لە گەڵ ئەمەشدا دەبێ ئێمە سەردەمی شۆڕش و سەردەمی دەوڵەت و دامەزراوەی ڕەسمی دەبێ لە یەک هەڵبوێرین و لە گەڵ ئەوەی کە ئەوان لە سەردەمی شۆڕشدا هەر هەمان هەڵەیان لە پێوەندی گرتن لە گەڵ وڵاتانی هەرێمی ناوچەکەدا کردووە و نەیانزانیوە لە گەڵ کێ یان لە گەڵ کوێ و چۆنچۆنی پێوەندی بگرن کە بە قولاپەوە نەبن! بەڵام بە داخەوە ئێستەش کە هەموو پێناسەیەکی دەوڵەتیان تێدایە کەچی هێشتاش بە هەمان پێوەرە کۆنەکانی حێزبییەوە لە گەڵ ئەم و ئەو هەڵس و کەوت دەکەن!

هەر ئێستەش بە زەقی دیارە کە پێوەندییەکانی نێوان حێزبە کوردستانییەکان نە لە گەڵ ئێران و نە لە گەڵ تورکیا و نە لە گەڵ وڵاتە عەرەبییەکان لە سەر پێوەندی دوولایەنەی حێزب و کەس یان کەسایەتی و حێزب دەسووڕێتەوە لە کاتێکدا دەکرێت بە شێوازێکی فەرمی لە چوارچێوەی بەرژەوەندی باڵای کوردستان ئەو پێوەندییانە دابمەزرێت!

تەنانەت ئەو چڕە کەوەی وا ئەوڕکە دژ بە یەک لا لە ئارادایە کاریگەری پێوەندی هەڵەی ئەو حێزبانەیە لە گەڵ وڵاتانی ناوچەکە!

ئەگەر پێوەندییەکان دوولایەنە با و لە چوارچێوەی بەرژەوەندی باڵای نیشتمان با ئیتر لایەنی بەرانبەر بە ئاسانی ناتوانێ قورسایی بخاتە سەر هیچ لایەنێک بۆ جێبەجێکردنی ئامانجی خۆی!

ئێستە دەبینین سەرەڕای ئەوەی کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە فەرمی بوونی هەیە کەچی هەر ئێستاش زۆرێک لەو حێزبانەی کە لە کوردستان بوونیان هەیە ئەوەندی ملکەچی ئەم و ئەون نیو ئەوەندە ملکەچی حکوومەتەکەی خۆیان نین و تەنانەت ڕێگە بە خۆیان دەدەن بە بێ ئیزنی حکوومەت تاک لایەنە دەچن لە گەڵ هەر تاقم و دەزگایەکی شۆفاری و ئیتلاعاتی پێوەندی دەگرن! بالوێزخانەکانی ئێران و تورکیا بە ڕۆژی ڕوون دەس لە کاری و باری هەرێم وەردەدەن کە هۆیەکەشی ئەوەیە کە ئەو حێزبانە بە بێ پرسی حکوومەتی هەرێم پێوەندی لە گەڵ ئەو وڵاتانە دەگرن کە نابێ بەم شێوازە بێت!

کورد بە گشتی و حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە تایبەتی پێویستە پێداچوونەوەیەک بە شێوازی پێوەندییەکانی خۆیان لە گەڵ هەموو لایەک بکاتەوە!

بۆ ئەم مەبەستەش دەکرێت لانی کەم دەستەی باڵای بەرژەوەندی کوردستان بە زووترین کات دابمەزرێت و هەر ئەوان ببنە ڕاوێژکار لەم ئەرکەدا لە هەمان کاتدا با حێزبەکان لە ڕێگەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و ئەم دەستەی باڵای ڕاوێژکارە چاوەدێری بکرێن!

دەرکەوتنی داعش

دەرکەوتنی داعش کوورەی شەڕی گەرم کرد و گەرم کردنی شەڕ بوو بە هۆی وێران بوونی کوردستان و شەهیدبوونی ژمارەیەکی ئێجگار زۆر کە لەوانەیە چەند هەڵەبجە و ئەنفالی دیسان لێ کەوتێبێتەوە لە بەر ئەوەی کەس هێشتا زەرەر و زیانی ئەو هەموو شەڕانەی ئەژمار نەکردووە و هیچ داتایەکی باوەڕپێکراوە لەم بارەوە بوونی نییە لە کاتێکدا ئەم شەڕە ماڵوێرانکەرە کە هێشتاش درێژەی هەیە!

دەرکەوتنی داعش بوو بە هۆی ئەوەی کە کورد شەڕی سەر و ماڵی خۆی لە ناوچەکەدا بکات و دۆژمنانی کوردیش ئاگری شەڕەکانیان خۆش دەکرد، وەک هەموومان دەزانین لەوانە ئێران و تورکیا هەتا بۆیان کراوە شەڕەکەیان لە گۆڕەپانی وڵاتەکەمان کوردستان گەشاندووەتەوە و ئێران بە ئاشکرا خۆی هاوار دەکات کە ئێمە شەڕی خۆمان لە دەروەی سنوورەکان دەکەین و هەتا ئێستەش هەر وای کردووە و تێکۆشاوە یاری بە کارتی کورد بکات و لە خوێنی ڕژاوی کورد بەرهەم بچێنێتەوە و کوردە خاوەن دۆزەکەش ڕەنج بە خەسار و ماندوو لە شەڕ بە دۆڕاوی شەڕ بمێنێتەوە!

ئەوەی وا دەمێنێ ببێ بە کۆیلەی تاران و ئەنکارا و تەنانەت ببن بە بەردەستی کۆیلەکانی کۆماری سێدارە لە بەغدا و دمێشق!

گەورەترین هەڵەی ئەو ڕوانگەیە ئەوەیە کە هیچ حێسابێکیان بۆ کورد و ڕۆڵی کورد لە ناوچەکەدا نەکردووە کە جیهان بۆ خۆی دەزانێت کە کورد خاوەن ڕۆڵێکی سەرەکی بووە لە شەڕی دژ بە ترۆر و شەڕی دژ بە داعش!

هەڵەیەکی‌تری ئەو بۆچوونانە ئەوەیە کە هەڵسەنگاندنی ئەمریکا لە گەڵ کۆماری سێدارە هەڵەیە و ئەوەمان لە بیرنەچێت کە کۆماری سێدارە لە سایەی کردەوە هەڵەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا بەهێز بووە نەک لە بەر بەهێزبوونی خۆی هەر بۆیە کورد پێویستە خوێندنەوەی ڕاستییانەی لە ناوچەکە هەبێت!

یەکێ لەو ڕاستیانەی ناوچەکە ئەوەیە کە ناکرێت لە لایەکەوە شەڕ لە گەڵ داعشی سوننە بکەیت بەڵام داعشی شێعە پشت گوێ بخەیت!

هەڵەی کورد ئەوەیە کە ڕیگایان داوە بە حەشدی شەعبی بێتە ناوجەرگەی کوردستانەوە  و ئێستە ئیتر کورد لە دوای شەری داعش دەبێت خۆی بۆ بەرەنگاربوونەوە حەشدی شەعبی ئامادە بکات لە بەر ئەوەی حەشدی شەعبی دیوەکەی‌تری داعشە!

ئاسایی نییە کە کورد بیر لە قورسایی خۆی لە هاوکێشەکانی ناوچەکەدا نەکاتەوە!

کورد لەم ساتە مێژووییەدا بۆ هەموو لایەک گرینگی خۆی هەیە هەر لە ئەمریکای ترامپەوە بگرە هەتا دۆژمنە ڕەنگاوەڕەنگانی ناوچەکە!

چەمکی پێوەندی چەمکێکی ئاڵۆزە و کورد لە کوێێ ئەم چەمکەدا ڕاوەستاوە؟

ڕەوف گوڵبەدەن

6.5.2017 ز

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی