بە گوێرەی ڕاگەیاندنەکانی باشووری کوردستان و لێدوانی پۆلیسی هەولێر ، شەوی ڕابردوو سۆران شافعی(سۆران سەقزی) بەهۆی قەرزدارییەکی زۆر بە فیشەکێک خۆی کوشتووە.
سۆران خەڵکی شاری سەقزی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئەندامی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران بوو کە ساڵانێکی زۆر بوو لە وڵاتی سوئید نیشتە جێ و میللیەتی ئەو وڵاتەی هەبوو. هەروەها چەند ساڵ لە کاناڵی تیشک بەرنامەی لاوانی هەبوو و دواتریش بەرنامەیەکی لە کاناڵی کوردسات بەرنامەی دروست دەکرد .
لەم دوایانە دا سۆران ڕێستوورانتێکی بە ناوی زێویە لە شاری هەولێر کردبووە و لەوێ کاری دەکرد. بەڵما بە پێی لیدوانی پۆلیس دەبێ سۆران قەرزدار بووبێ و بە هۆی زۆریی قەرزەکانی دەستی داوەتە خۆکوشتن.
سۆران یەکێک لە نووسەران و ئۆگرانی ماڵپەڕی پێشمەرگەکانیش بوو کە زۆر بابەتی لە ئارشیوی سایتەکەمان دا بە ئەمانەتەوە دەمێننەوە.
ئێمە لە ماڵپەڕی پێشمەرگەکان وێڕای بەداخبوونمان بۆ ئەو ڕووداوە، سەرەخۆشی دەکەین لە بنەماڵە و کەس و کاری سۆران و خۆمان بە شەریکی غەمیان دەزانین. ڕووحی شاد
….
کۆچی دوایی کاک سۆران سەقزی، ئەمڕۆ زۆری غەمبار کردم، زۆرم ئەو هەواڵە پێ ناخۆش بوو، کچەکەم کاتی موزیکی هەبوو لە یادم کرد، هەر بیرم لای سۆران بوو. ئاخرین جار کە هاتەوە سوید، هاتە لام، زۆرمان قسە کرد، زۆر بیری لای حیزبی دێمۆکڕات بوو، زۆر پشتیوانی لە راسان دەکرد.
ماوەیەکیش بوو زۆر سەرقاڵی کاسبی بوو و زۆر ماندوو و شەکەت بوو، بەڵام زۆر دەم بە پێکەنین و شاد بوو .
هیوادارم لێکۆلینەوەکان راستی روداوەکە ئاشکرا بکەن و هەرچۆنێک گیانی لە دەست دابێ، خزمەتەکانی کاک سۆران لە کاری مێدیایی دا لە بیر ناکرێن و بۆ هەموو بەرنامەکان بینەری باشی هەبوو.
بەم روداوە دەیان کەس و بنەماڵە غەمبار بوون
روحی شاد بێ و سەرەخۆشی لە دایکی و سەرجەم خزمانی و خۆم و سەرجەم هاوڕێیان دەکەم.
ساڵە نەڵۆسی
2017/05/09

وێنە: نەمران کاک سۆران و کاک چەکۆ
دەقی هەواڵ لە کوردستان مێدیا
ئەندامێکی حیزبی دێموکرات لە شاری هەولێر بە شێوەیەکی گوماناوی گیانی لە دەست دا
کوردستان میدیا: “سۆران شافعی” ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە شاری هەولێر بە شێوەیەکی گوماناوی گیانی لە دەست دا.
شەوی دووشەممە ڕێکەوتی ١٨ی بانەمەڕی ١٣٩٦ی هەتاوی، “سۆران شافعی”، ناسراو بە “سۆران سەقزی”، ئەندامی حیزبی دێموکرات لە شوێنی کارەکەی خۆیدا بە ڕووداوێکی گوماناوی گیانی لە دەست دا.
سۆران سەقزی کە خاوەنی ڕێستۆرانی “زێویە” لە شەقامی ١٠٠ میتریی شاری هەولێرە لە شوێنی کارەکەی گیانی لە دەست داوە.
ناوبراو بە فیشک گیانی لە دەست داوە و شێوەی گیان لە دەستدانی گوماناوییە.
لەم بارەیەوە محەممەدساڵح قادری، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی حزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و بەرپرسی پەیوەندییەکانی حیزبی دێموکرات لە شاری هەولێر ڕاگەیاند: “ئێمە بۆ ڕاستیی ڕووداوەکە، داوای ڕوونکردنەوەمان لە پۆلیس کردووە و چاوەڕوانی ئەنجامی لێکۆڵینەوەی پزیشکین”.
سۆران سەقزی، لە دایکبووی شاری سەقز سەر بە کوردستانی ڕۆژهەڵاتە. ناوبراو ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، چالاکوانی سیاسیی میدیاکار بووە و هەروەها ماوەی چەند ساڵ دانیشتووی وڵاتی سوئێد بووە.
ناوبراو کەسێکی چالاکی بواری ڕاگەیاندن بوو و چەند ساڵێک لە کەناڵی (تیشک تیڤی) پێشکەشکاری بەرنامەی لاوان و هاوکات لە کەناڵی (کوردسات)یش بەرنامەی دیکیۆمێنتاریی (سەیر و سەفەر)ی ئامادە دەکرد.
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سەرەخۆشی لە بنەماڵە، خزم و کەس و کاری ناوبراو دەکات و خوی بە شەریکی خەمیان دەزانێت و داواکارە لە دەزگا پێوەندیدارەکانی کوردستانی باشوور کە دیوی راستیی رووداوەکە بۆ رای گشتی و بنەماڵەی کۆچکردوو و هاوڕێیانی لە حیزبی دیـمۆکراتدا روون بکەنەوە.
