گرنگیی بوونی حیزبی دێموکرات لە گۆڕەپانی سیاسی- نەتەوەیی کورد لە خۆرهەڵاتی کوردستان وایکردووە هەر هەنگاوێک ئەم حیزبە بیەوێ هەڵیگرێ،
کاریگەریی راستەوخۆی دەبێ لە سەر کۆمەڵگەی کوردی لە خۆرهەڵات و هەمووان بە سەرنجەوە لێی دەڕوانن.
لە مێژووی حیزبدا هەر بەرەوپێشچوون و پاشەکشەیەکی ئەم حیزبە، دڵخۆشی یان دڵەڕاوکێی لە نێو خەڵک و ئەندامان و لایەنگرانی حیزبدا دروست کردووە. بەو مانەیە کە ئەگەر حیزب لە هەنگاوێکدا سەرکەوتوو بووبێ هیوایەکی ئێجگار زۆر رووی لە خەڵک کردووە و گەر پێچەوانەکەشی بووبێ، خەڵک تووشی دڵەڕاوکێ و ناخۆشی بوونە.
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران حیزبێکە وەک شەمەندەفەرێک تا هەنووکە چەند نەوەی لە گەڵ خۆیدا هەڵگرتووە و دەستاودەستیی لە دەسەڵات و بەڕێوەبەریی حیزبدا کردووە و میکانیزمی نوێی بۆ بەرەوپێشبردنی خەباتی نەتەوەیی لە رۆژهەڵاتی کوردستان و بگرە لە هەموو کوردستان داهێناوە.
لەم قۆناغە نوێیەشدا کە راسانی رۆژهەڵات لەسەر بڕیاری حیزبی دێموکرات لە دژوارترین و هەستیارترین کاتدا دراوە و بە نرخی لەدەستدانی ئازیزترین رۆڵەکانی گەلەکەشمان تەواو بووە، زۆر ئاساییە ئێمە لە بواری پێکهاتەییشەوە حیزبەکەمان بخەینە قەوارەیەکی نوێترەوە کە وەڵامدەری بارودۆخی هەنووکەییمان بێت.
ئەوە شانسێکی گەورەیە رێبەریی حیزبی دێموکرات، بە تایبەتی سکرتێری گشتیی حیزب دەرگەیەکیان کردۆتەوە بۆ دیالۆگێک کە هەموومان بتوانین ئەو رێگە قورسە پێکەوە تێپەڕێنین و حیزبەکەمان زیاتر پێش بخەین.
گومان لەوەدا نییە لەم هەنگاوە نوێیەدا کۆمەڵێک کەموکۆڕیمان ئەبێ و بە تێپەڕاندنی وردە وردەی ئەم قۆناغەش کەموکۆڕییەکان زیاتر دەبینین و چارەسەریشیان دەکەین.
بەڵام ئەبێ ئەوە بزانین ئەرکی تاک بە تاکی ئێمە ئەوەیە دروست و تەندروست بۆچوونەکانی خۆمان دەربڕین و خاڵ بە خاڵ قامک لە سەر کەموکۆڕییەکانی ئەو گەڵاڵانە دابنێین کە دەکەونە بەرچاو و هاوکات خاڵە ئەرێنییەکانیشیان لەبەرچاو بگرین و لەو راستایەدا هەوڵ بدەین بە راوێژ و نووسین و ناردنی بۆچوونەکانمان بۆ هەیئەتیک کە بۆ ئەو مەبەستە پێکهاتووە و هەروەها لە رێی بڵاوکردنەوەی ”رێفلێکس”ەکانی خۆمان لە رێی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە، یارمەتیدەری رێبەریی حیزبی دیموکرات بین سەرکەوتووانە ئەم قۆناغەش تێپەڕێنێت.
ئەرکی ئێمەیە بتوانین هەر لەم خاڵەی سەرەتاوە، کولتوورێک کە لەودا دیالۆگی ئەرێنی جێگیر دەبێ، پێکبهێنین و ئەم هەنگاوە بکەینە یەکەم خاڵی دەستپێکردنی رەوتێکی نوێ لە حیزبدا کە چیدی بە هۆی جیایی بیروبۆچوون یان رق و تووڕەیی یان ناوچە و ناوچەگەری، تەنانەت تاکە کەسێکیش لە حیزبی ئێمە دانەبڕێ و گەر پێمانوایە کە حیزبی دێموکرات دارێکی پڕ گەڵایە، نابێ بهێڵین تاکە گەڵایەکیشی لێهەڵوەرێ.
بەرنامە و پلانی نوێ بۆ بەڕێوەبردنی حیزب ،کاریگەریی راستەوخۆ و دیاری ئەبێ لەسەر رەوتی سیاسیی رۆژهەڵاتی کوردستان و داهێنانی کولتوورێکی نوێی سیاسی وبەڕێوەبەریی بەدواوەیە.
ئێمە توانای ئەوەمان هەیە لە رێی دیالۆگێکی روون و دروستەوە ،متمانەمان زیاتر و بەرفراوانتر لەوەی کە هەیە، بە یەکدی بکەین و ئەمەش بێگومان ئاکامی زۆر سەرکەوتووی لێئەکەوێتەوە.
ئەبێ شانازی بەوەوە بکەین کە هاوکات چەند هەنگاوی گرنگ و قورس پێکەوە ئەهاوێین و ئەوەش لە لایەک راسانی رۆژهەڵاتە و ئەرکەکەی کەوتۆتە سەر شانمان و لە لایەکی دیکەش داهێنان لە پێکهاتەی ئورگانییە کە ئەویش ئەتوانێ ئاڵۆگۆڕی قوڵ چ لە حیزب و چ لە کۆمەڵگە دروست بکات.
هەربۆیە بە نۆرەی خۆم سووپاسی هەموو ئەوانە دەکەم کە بەم باسەی حیزبەوە خۆیان ماندوو دەکەن و هەوڵ دەدەن ئاکامی ئەم هەوڵە ئەرێنی بێ.