سڵاو! ئەوە یەکەمین نامەیە کە لە دوای ڕۆیشتنت بەسەر ئاوەڵایی بۆت دەنووسم، چونکە هەمیشە نامەکان لە نێوان خۆم و خۆت بوون. بەڵام ئێستا دەمهەوێ کە هەمووان بزانن چیت بۆ دەنووسم.
ساڵانێکی زۆرمان لە خۆشی و ناخۆشیەکانی ژیانی سیاسی دا بە سادەیی پێکەوە بەڕێ کرد، هەر لە سەرەتاوە دەمانزانی کە ژیانی سیاسی بەرز و نزمی زۆری هەیە. دەمهەوێ باسی ئەو یەک ساڵەی کە بەبێ تۆ تێپەڕبووت بۆ بکەم.
نەورۆز بوو، لە سەری ساڵی کوردیدا حیزبی دێموکرات پەیامێکی دا کە تێکۆشانی سیاسی و نیزامی دەست پێ دەکاتەوە. چاکم لەبیرە لە تۆم پرسی چۆن دەبێ؟ لە وەڵامدا کوتت ئەوجارە جیاوازە. شوڕای نیزامیمان پێک هێناوە، من بەرپرسی ئاموزش و کۆکردنەوەی زانیاریم، و دەبێ هەموومان یارمەتی یەکتری بدەین تا بەسەر هەموو گرفتەکاندا زاڵ بین و خۆمان سازمان بدەینەوە، بە خۆشییەوە ڕێژەی بەشداری لاوان و ژنان لە ڕیزەکانی شۆڕش دا لە پەرەسەندن دایە. هەروەها دەبێت زیاتر لە خەڵکی یارمەتی وەرگرین لە گەورەوە تا بچووک بە بێ جیاوازی ڕەگەزی.
بیرت لەوە دەکردەوە کە پێشمەرگەکان جلی یەک ڕەنگیان هەبێ، بیرت لەوە دەکردەوە کە پێشمەرگەکان لە هەموو بوارێکەوە ئامادە بن، بیرت لە ژیانی پێشمەرگەکان و ئەو شوێنەی کە لێی دەژین دوور لە مەترسی بێت دەکردەوە و ئەوەی کە چۆن بیانپارێزی لە هەر مەترسییەک. لە هەمان کاتدا بیرت لە هەموو ئەو کارانەی کە پێت ڕادەسپاردرا بە ئەنجامیان بگەیەنی دەکردەوە. تەنها هەواڵی منداڵەکانت لە من دەپرسی، چونکە کاتی زۆرت نەبوو لەگەڵ منداڵەکان قسە بکەی.
سەری ساڵی لە دایک بوونت بوو، شەوەکەی منداڵەکان زەنگیان بۆ لێدای تا ساڵی لە دایک بوونت پیرۆزبایی پێ بڵێن. زۆر دڵ خۆش بووی کە منداڵەکان ڕۆژی لە دایک بوونتیان لە یاد بووە.
دەمهەوێ ئەوەشت پێ بڵێم بە خۆشییەوە جلی کوردی پێشمەرگایەتی بۆ پێشمەرگەکان دروست کراوە و ئاڕمی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانی لەسەرە. ئەوە جاری دووەمە جلی پێشمەرگایەتی دروست دەکرێت. لە یادتە لە ٢٦ی سەرماوەز بۆ یەکەمین جار لە فێرگەی سیاسی نیزامی جل بەسەر پێشمەرگەکان دابەش کرا؟ ئێستاش ئە جلانە لەبەر دەکرێ و زۆر کەس بە یادگاری هەڵی گرتووە. دەمهەوێ ئەوەشت بۆ باس بکەم کە پێشمەرگەکان ڕۆژ لە دوای ڕۆژ زۆرتر ئامادە دەبن کە بچنەوە خاکی پیرۆزی کوردستان، ئەو جێگایەی کە لێی لە دایک بوون.
پێشمەرگەکانی هێزی سمکۆ چوونەوە تا بڵێن فەرماندەی هێزی سمکۆ بە سەفەر چووە و ئەوان هاتوون تا نەسیمی ئازادی بگەیەنن بۆ شار و دێهاتەکان. تا بڵێن ئێمە هاتووینەوە گەنم و دار بچێنین، ئێمە هاتووینەوە بە دایک و باوکەکان بڵێین کە منداڵەکانتان پەروەردە بکەن بۆ سەد ساڵی داهاتوو بە پەروەردەیەکی کوردانە، بەداخەوە شەمشەمەکوێرەکان و حکومەتی دیکتاتۆر دەرفەتی نەدان و خوێنی پاکی ڕشتن. بەڵام حکومەتە دیکتاتۆرەکان بیر لەوە ناکەنەوە کە لە هەر گوڵێک سەدان گوڵی دیکە دەڕوێتەوە. باوەڕی من و تۆش هەروایە کە لە هەر گوڵێک سەدان گوڵ دەڕوێتەوە.
چەکۆ، من شانازی بەو ژنە شۆڕشگێرانە دەکەم کە وەفادارن بە ڕێبازی هاوسەرەکانیان، بەڕاستی جێگای شانازین. وەفاداری ژن و منداڵەکانیان ورە دەبەخشێ بە خەڵک و پێشمەرگە.
چەندین تیممان بە خۆشییەوە چوونەوە ناوچە و بە سڵامەتی گەڕانەوە. دوژمن بە زاڵە هاتبوو، تەنانەت ڕوحمی بە شاخ و کێویش نەدەکرد تۆپبارانی دەکردن. هەر لە دوای ئەوە دابوو، تیمێک لە پێشمەرگە خۆڕاگرەکانمان بەرەو کۆساران بەڕێ کەوتن تا هەواڵی ڕاسان بە گوێی خەڵکی بەشەڕەفی کوردستان بگەیەنن و بڵێن ئێمە و ئێوە و هەموو لایەک دەبێ شۆڕشەکە بەرەو پێش بەرین و ئێوە دەبێ یارمەتیمان بدەن تا ئەرکەکانمان بە باشی بەڕێوە بەرین. بەڵام بەداخەوە لەگەڵ حکومەتێک بەرەو ڕووین کە باوەڕی بە مافی مرۆڤ نییە، بیر تەنها لە کوشتن دەکاتەوە و لەبەر ئەوە ئەو پێشمەرگە قارەمانانەی شەهید کرد. بێ خەبەر لەوەی کە شاخەوان شەهید دەبێ و کۆساران بە دنیا دێ. بەڵام بێ خەبەر لەوەی کە بنەماڵەی ئەو شەهیدانە بە شانازییەوە باس لە سەرکەوتنەکانی ئەو شەهیدانە دەکەن، بە بێ ئەوەی هیچ داوایەکیان هەبێ هیوای سەرکەوتن بۆ ڕزگاری گەلەکەیان دەخوازن. رۆڵەکانی نەتەوەکەمان لە نێوخۆی وڵات وەکوو هەڵۆ بە سەر کێوی زاگرۆسدا زاڵن.
چەکۆ، دەزانم بیری تۆ بیری نەتەوەیی بوو. هەر لەبەر ئەوەش بوو مامۆستا ڕەسوڵ مامۆستای فێرگر یەکێک لەو کەسانەی کە بەڕاستی جێگای خۆی کردبۆوە لە نێو شۆڕش دا، باوەڕی وابوو کە تێکۆشان دەبێ بۆ کوردستان بێ و هەر لەو ڕێگایەش دا گیانی خۆی بەخت کرد. کوڕێکی شیرین و هاوسەرێکی بە وەفای لە دوای خۆی بەجێ هێشت.
هەموو ئەو بۆچوونانەی کە لەسەر کۆماری ئیسلامی هەتبوو، یەک بە دوای یەک دا دێنە دی. لە ئێستاش دا کۆماری ئیسلامی خەریکی بەڕێوەبردنی شانۆگەریاکی دیکەیە کە هەڵبژاردنێکی دیکە بکات و میللەت لەو حاڵەتەدا بهێڵێتەوە بۆ چوار ساڵی دیکە. باوەڕی تۆ وابوو کە پایەکانی حکومەت لەرزۆک بوونە، هەر بۆیەش ئەوە ئۆپۆسزیۆنێکی یەکگرتووی پێویستە.
ئەوە بەرەو کۆنگرە دەچین، جێگای تۆ لە لای من زۆر خاڵییە و هەروەها دڵنیاشم کە لە لای هاوڕێیان و هاوسەنگەرەکانیشت بە هەمان شێوەیە و هەر ئەوە وا دەکا کە لە بەرامبەر دوژمن دا خۆڕاگرتر بین. بەڵام هیوا دەخوازم کۆنگرەیەک بێت کە تێیدا ئاواتی شەهیدانی ٧٠ ساڵەمان لە پێشەواوە بگرە تا دوایین شەهیدمان لەبەر چاو بگیڕێت. لەوەی کە هەتا یەکگرتووتر و ئەرکدارتر و مونسەمیجتر و وەزیفە شناس تر و یەک دەنگتر بین دوژمن زۆرتر ترسی لێمان دەنیشێ. دۆست و دوژمن چاوەڕێی ئاکامی کۆنگرەن، بە هیوای ئەوەی کە بە ئەنجامەکەی دۆستان شاد بکەین و دوژمنان نائومید.
چەکۆ، ئەتۆ ئەمنت وا فێرکرد کە هەمیشە باوەڕم بەخۆم بێت و لەسەر پێی خۆم ڕاوەستم چونکە باوەڕت بە بەرابەری ژن و پیاو هەبوو. بە قسە نە بوو بە کردار بوو. هەرچەندە ئەوەندە باوەڕت لە من دا پێکهێنابوو کە بتوانم بە سەر هەموو سەختییەکانی ژیان دا زاڵ بم، بەڵام غەمی لە دەست دانی تۆ زۆر لەوە گەورەتر بوو کە بتوانم باوەڕی پێبهێنم، چونکە تۆ هەمیشە لە لای من زیندووی و هەر قسەیەکت بۆ من وەکو ئامۆژگارییەکی شیرین ڕۆژانە لە گوێم دا دەزرینگێتەوە. نیگەران مەبە چونکە فێرت کردین کە دەبێ بژین و ژیان بەرەو باشی بەرین.
لە کۆتایی دا، پێم خۆشە بڵێم ئەو کەسانەی کە ژیانی خۆیان تەرخان دەکەن بۆ گەل و نیشتمانەکەیان، ئینسانی زۆر زۆر گەورەن. بەش بە حاڵی خۆم سەریان بۆ دادەنوێنم و هیوادارم بەشێکی بچووک بم لە ڕێگاکەتان. بە هیوای دیداری ئەبەدیەت.
هاوسەر و هاوڕێی هەمیشەییت.
هێرۆ
بابەتی پەیوەندی دار
ڕاگەیەندراوی دەفتەری سیاسی بە بۆنەی کۆچی دوایی هاوڕێی تێکۆشەر چەکۆ ڕەحیمی
ڤیدیۆ ، کۆڕیادی نەمران کاک چەکۆ و سەید رەزا لە ستۆکهۆڵم