لە قۆناخی ئێستای خەباتی مافخوازی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا و پێویستی بە خوێند نەوەی دروست و بە جێیە سەبارەت بە ژینگەی سیاسی و کۆمەڵایەتی وڵات و مێژووی دابڕان
و زیانگەیاندیان بە شۆڕشی خەڵکی کوردستان، گرینگە لانیکەم بۆ ئەمڕۆی تێکۆشانی نەتەوایەتی خەمی هەمولایەك بێ و، هەروەك لەبەرچاوی دۆستان و ئەندامان و لایەنگرانی حیزب ڕادیارە، لێكترازانەکانی ڕابردوو، زیانی زۆری بەجووڵانەوەی ڕزگاریخوازی کورد و هەرلەو پەیوەندیەشدا بە یەكڕیزی تەشکیلاتی حیزب گەیاندوە و، خەمخۆرانی حیزب و گەلی کوردی بەرەولوتکەی نائومێدی برد. حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستانی ئێران بە لەبەرچاوگرتنی هەستیاری و دەستپێکردنی سەرفەسڵێکی تازەی خەبات لە ژێر دروشمی”ڕاسان”دا و، هەستکردن بەبەرپرسیارەتی مێژووی لە هەموو وەختێك زیاتر نیازی بە هاوخەباتی و یەکگرتووی سیاسی و تەشکیلاتی نێوخۆی هەیە و جێبەجێکردنی هەر گەڵاڵەیەکی پێشنیارکراو و تێپەڕاندنی لەسەر بنەمای زۆرینە،” کە بە ڕێگای دیالۆگ و لێك تێگەئیشتن و وێکهەڵکردندا ئەنجامنەدرێت”، ڕەنگە زیان بەیەکڕیزی و یەکگرتووی تەشکیلاتی حیزب بگەیەنێت و هەربۆیە دەبێ هەموو لایەك کردارێکی لەو چەشنە لە تەواویەتیخۆیدا، بخەنە ژێر دێراسات و توێژینەوەی سیاسی و تەشکیلاتیەوە. دیارە نوێ بوونەوە و خۆڕێکخستنەوەی حیزبی کە بە هەمووجوومگە هەستیارەکانیدا شۆڕبێتەوە، بۆ هەلومەرجی خەباتی سیاسی و بارودۆخی نێوخۆی کوردستان و وڵاتی ئێران، لە درێژەی خەباتی بەردەوامی حیزبیدا، زەرورەتێکی گشتگیر و هەرلەوکاتەشداپێویستی بە میکانیزم و بنەمایەکی گونجاو و ژینگەی تایبەتی خۆی هەیە لە نێو ڕێزەکانی حدکادا. نەوژەنکردنەوەی هەیکەلی تەشکیلاتی حیزب بەجۆرێك نەبێت کە تێیدا بەشێك دڵیان بشکێ و هەست بە کزی پێگەی بکاو پاشان وابیربکرێتەوە کە جۆرێك لە هەڵاواردن سەرهەڵبدات و بەشێك بخرێنە دەرەوەی ئەو بازنەیەی کە حیسابیان بۆ نەکرێ. حیزبی دێمۆکرات وەك هێزێکی تێکۆشەر و نەتەوەی کە خۆی بەلایەنگری شێلگیری چارەسەرکردنی پرسی سیاسی کورد دەزانێت و بە درێژای مێژووی توانیویەتی پانتایەکی برینی سیاسی و کۆمەڵایەتی لەسەر نەخشەی سیاسی وڵات بۆخۆیبگرێ و بۆ ئەو مەبەستە و بەهێزتربوونی شەپۆلەکانی شۆڕشی ڕزگاریخوازی نیازی بە کادر و ئەندامی زێتری سیاسی و تەشكیلاتی دەبێت. واتە لە نێو حیزبدا کەس زیاد نیە و بەڵکوو بۆ بەربڵاوترکردنی شێوەکانی خەبات، لازمە ئاڕایشی جوان بە کار و باری ڕێکخراوەی بدرێ. بەداخەوە کاتێك لاپەڕەکانی مێژووی هاوچەرخی تێکۆشانی سیاسی و نەتەوایەتی گەلی کورد هەڵدەدەینەوە، زۆر بە روونی و زەقی هەست بە کۆمەڵێك کێشە و گیروگرفت و ناکۆکی لەسەر بنچینە و شێواز و چۆنیەتی بەڕێوەبردنی هێزەکوردییەکان و یەك لەوان حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران دەکەین. ئەنجام و دەقەکانی هەر گەڵاڵەیەك کە ئامانج لێیان گەشەپێدان و بەرەوپێشەوەبردنی کاری حیزبیە، دیسان نیازی بە وشیاری و تێڕوانینی ژێرانە و وێکهەڵکردنی تەشکیلاتی دەبێت. لە پێناوی کاراترکردنەوەی پێك هاتەی ڕێبەری و گٶڕانکاریکردن لە سەر ئاستی بەرزی هەیکەلی تەشکیلاتی سەبارەت جۆر و شێوازەکانی ئیدارەکردنی حدکا، کە تێیدا بەرنامەو تاکتیکەکانی درێژەپێدان بەرەوتی خەبات و تێکۆشانی سەردەمیانە ئاوێتەی یەکڕیزی و هاوپشتینەکرێت ، شیاونابێ کردارێکی ئەو تۆ پێچەوانە بنرێ! ئەگەر بێت و پرشوبڵاوی و زویربوون و خۆپەراوێزخستن لە کاری حیزبیدا لێبکەوێتەوە. چوونکی بەدڵنیایەوە حیزبی دێمۆکرات ئەوجار بەرگەی دڵشکاندنی گەورەتر لە سەر ئاستی بەرزی تەشکیلاتی ناگرێت و، ئەو کۆنگرەیە دەبێت هەوێنی پەیمان و وەفاداری بەڕێبازی شەهیدان و ئەو بزووتنەوە بەرین وشۆڕشگێڕیە بێ کە حدکا لە پێناویدا خوێنی زۆر بەنرخی لەبەر ڕۆیشتووە و حیزب دەبێ خۆی بۆ ئەو قۆناخە ئامادەبکات کە ئەگەری هەیە بەسەر وڵاتدا بێ. شك لەوەیدانیە ئەو جار خەباتی ئێمە بەدژی حکوومەتی ئاخوندی ئێران بەرهەم و ئاکامی شیاوی خۆی دەبێ و حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران ڕۆڵەی گەورەی لەو پەیوەندیەدا دەکەوێتە سەر شان. تەشکیلاتی حیزب بەگشتی و خەمخۆرییەوە سەرەتا خەمی یەكڕیزی و بەرزکردنەوەی ئاستی وشیاری سیاسی و کۆمەڵایەتی و بەربڵاوترکردنی شێوەکانی خەبات لە پێناوی ئامانجی سیاسی گەلی کوردی لەبەرچاوبێت و هەر خاڵ و بڕگەیەك کە هۆکاری دڵساردی و لێكترازان بێ و، زیانی بۆسەر یەکگرتووی حیزب هەبێ پێشیپێبگیرێ. بێگوومان سکرتێری حیزب سەبارەت بە پێشنیارکردنی ئەو گەڵاڵەیە کە تێدا هەوڵدەدرێت پێك هاتە و ئۆرگانەکانی حیزب شکڵ و فۆڕمی نوێی تێکۆشان لە رەوتی کاریخۆیاندا وەربگرن شتێکی خراپ نیە، بەڵام ئەو باسە و چۆنیەتی پیادەکردنی پێویستی بە سازان و دێراستی ورد هەیە. دیارە ئەو بەرچاو روونیە بەدی دەکرێ کە هەنگا و بڕیارەکانی کۆنگرەی ١٦ی حیزب و باس و ڕاسپاردەکانی بەجۆرێك تەنزیم و رێکدەخرێن کە زیان بەیەکگرتووی سیاسی و تەشکیلاتی نەگەیەنن. لە نێو حیزبدا کەس دژی گۆڕانکاری و گەشەپێدانی خەباتی سیاسی و جەماوەری و مەدەنی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانیە و، قسەی خێر ئەوەیە کە بە چ ڕێگایەکی مومکیندا بتوانین خەباتی خۆمان سەربەخەین و وەك نەتەوەیەك بە مافی سیاسی شادبین. کاتێك لێکدانەوە و صوێندنەوەی سیاسی و تەشکیلاتی بۆ گەڵاڵە پێشنیارکراوەکان دەکرێت، دەبێت کەمێکیش بیر لە هەلومەرجی نێوخی حیزب و پێگە و تەرکیبی ڕێکخراوەی بکرێتەوە، چوونکی زەروورەتێکی گرینگ و مێژوویە. گۆڕانکاری و سەرلەنوێ بیناکردنەوەی هەیکەلی ڕێکخراوەی حیزب بە کۆمەڵێك دەستەواژە و وشەی گونجاو و، ڕەنگە بەڕادەیی لێك تیگەئیشتن و پێکەوە هەنگاو نان لە پێناوی چارەسەرکردنی جەوهەریانەی سەرجەمی ئەو جوومگانەی پێك هاتەی تەشکیلاتی حدکا یان لە سەر دروستبووە و قسەیان لەسەرە، ئاکامێکی ئەوتۆی نەبێت. لە ئێستادا و لانی کەم بۆ هێزێکی تیکۆشەر و خەباتگێڕی وەك حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستانی ئێران یەك هەڵوێستی و کۆدەنگی سیاسی و تەشکیلاتی دەبێت وەك کاریگەرترین و دیارترین دیاردەی گەشەپێدان و بەربڵاوترکردنی خەباتی سیاسی و جەماوەری لە پێناوی مافی نەتەوایەتیدا سەیربکرێ. ئەگەر بێت و هاوڕێیان بە موافق و ناڕازییەوە و، بیرکردنەوە و لێکدانەوەی گشتی لەسەر بنەمای ڕزگاری نەتەوەی پێکەوە ئەنجامبدەن و ئەو شتەی ناوی دەنرێ ” هەرنابێت” بەدڵنیایەوە بەهەموولایەك دەتوانین وەك سەرەتای قۆناخێکی تازە و جەوهەریانەی بزووتنەوەی سیاسی بەدژی حکوومەتی ئاخوندی ئێران زۆر بەباشی دیزان و ئاوێتەی یەکبکرێ. هەنگاوەکانی تێکۆشەرانی حیزب، دەبێ سەرچاوەی داهێنان و پەرەپێدان بەکاری حدکا بێ. جەوهەرو باس و لێکدانەوەکان بۆ کۆنگرەی ١٦ی حیزب و ئاکامەکانی دوای دەبێت هەوێنی چارەسەرکردنی ناکۆکیە بچووکەکان بێ و بەقسەکردن و سازانی بنەڕەتی گیروگرفتەکانی سەر ڕێگای خەباتی هاوبەش، ئەگەر هەبێ وەلابنرێ. ئەوەی تێکۆشەرانی دێمۆکرات بەگشتی لەسەری هاوڕاو یەكدەنگن، خەباتە بەدژی ئەو حکوومەت و دەسەڵاتەی ئێران کە گەورە ڕێبەرانی ئێمەیان تیرۆر و شەهید کردوون بۆ ئەوەی حیزبی دێمۆکرات کزو لاواز دەربخەن. بەڵام ئیرادەی خەڵك و دڵگەرمی ڕۆڵەکانی دێمۆکرات وایکرد، ئەو نیازەی دوژمن بەدی نەیەت و خەبات هەر وەك هەمیشە لە کوردستان بەڕێبەرایەتی حدکا درێژەی هەبێت. بەڵام لە هەموو وەختێك زیاتر پێك هاتەی ڕێکخراوەی حێزب دەبێ هەست بەرپرسیارەتی خۆی لە ئاستی بەردنەپێشەوەی بەرخۆدان دابکا و بەیەكگرتووی لە ژێر دروشمی نوێی ڕاساندا بەرەوکۆنگرەی ١٦ی حیزب هەنگاو بهاوێژن.
محمد سلێمانی
14.05.2017