"an independent online kurdish website

ڕۆستەم جەهانگیری لە وتووێژ لەگەڵ ڕۆژنامەی کوردستاندا

rostem-jehangiri-001

کاتێک ئێمه باسی “ستەمی نەتەوەیی” دەکەین، ئاماژه به مێژوویەکی زۆرتر له ٢٥٠٠ساڵ لێوانلێو له داگیرکاری، ژینۆساید، ئاسمیلاسیۆن، داگیرکەر،چەوساندنەوه، هەڵداشتن، زیندان و له‌نێوبردنی ژینگەی نه‌ته‌وه‌یه‌ك دەکەین که وێڕای ئەو هەموو جینایەته، مێژوویه‌کی لێوانلێو له بەرخۆدان و شۆڕشی بۆ مانەوە و به‌دەستهێنانی ژیانێکی ئینسانی و سەروەریی سیاسی له بازنەی جوگرافیای خۆیدا تۆمار کردووه. لەم مێژووە تراژیکه‌دا ئێمه له هەر ناوچەیەکی کوردستان به‌پێی جیاوازیی ژئۆپۆلتیک و هەروەها بارودۆخی ئەو ناوچانه، بەڕێوەچوونی پیلانگەلێکی جیاواز بۆ له‌نێوبردنی نەتەوەکەمان له‌گۆڕێدا بووه‌ و هه‌یه‌. هەر لەم ڕاستایه‌دا بۆ تاوتوێ کردنی دۆخی سیاسی_ کۆمەڵایەتیی کوردستان و شێوەی بەڕێوەبردنی پیلانە دژه کوردییەکان و وێكچوویی و جیاوازیی بەڕێوەچوونی ئەو پیلانانه له دوو ناوچه‌ی زۆر هەستیار و ستراتیژیکی کوردستانی ڕۆژهه‌ڵات کە ڕۆڵی زۆر گرنگیان له خەباتی ڕزگاریخوازانەی گەلەکەماندا هەیه، لەگەل هاوڕێی تێکوشەر کاک “ڕۆستەم جهانگیری” ئەندامی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران- وتووێژێکمان پێکهێناوه که دەقی ئەم وتوێژە پێشکەشی خوێنەرانی ڕۆژنامەی “کوردستان” دەکرێ.

پ: کێشەی زمانی دایکی و هەوڵی ڕێژیمی ئێران بۆ له‌نێو بردنی زمانی کوردی له کرماشان و ورمێ، سەرەکیترین مەترسی بەرانبەر به بزووتنەوەی کوردییه. حیزبه‌كان و چالاکانی نێوخۆ بۆ بەرپەرچدانەوەی ئەو سیاسەته فاشیستییه چ ئەرکێکیان هەیه و لەو پەیوەندییەدا دەبێ چ بکەن؟

و: ڕاستە کە ڕێژیمە یەک لە دوای یەکەکانی ئێران بەردەوام چ لە ڕابردوو و چ له‌ ئێستاشدا هەوڵیان ئەوە بووە کە ئاسەوارێک لە زمانی کوردی لەو دوو پارێزگایە نەهێڵن، تەنانەت چەندەش بۆیان کراوە هەوڵیان داوە تا لە سەرانسەری کوردستانیشدا زمانی كوردیی نەتەوەی کورد کەمڕەنگ و ئاسمیلە بکەن و ئاسەواری بشۆرنەوە، بەڵام لەگەڵ هەموو ئەو هەوڵانە تا بە ئێستا نەیانتوانیوە سەرکەوتوو بن لەو پیلانانەدا.

ناکرێ ئەوە بۆ کاریگەری ئەحزابی چالاکی کوردی نه‌گێڕینەوە کە توانیویانە ببنە هۆکارێک تا ڕێژیم لەو کارەی خۆیدا سەرکەوتوو نەبێت. بەڵکوو بە ڕای من بەهێزبوونی هەستی نەتەوایەتی گەلی کورد و شانازی کردنی کورد بە زمان، جلوبەرگ و کولتووری دەوڵەمەندی خۆی، تەنانەت سەرەڕای سەرکوتی بێبەزەییانەی شۆڕشەکانی و گرتن و ئیعدامی ڕۆڵەکانی، هۆکارێکی گرینگ و کاریگەر بووە بۆ شکست پێهێنان بە پیلانی پاکتاوی زمانی و كولتووریی ئەو نه‌ته‌وە مەزنە.

کوردەکانی خۆراسان بەڵگەیەکی زیندوو، بەهێز و حاشاهەڵنەگرن بۆ ئەو ڕاستییه‌، سەرەڕای ئەوەی کە سەدان ساڵە بە سەدان کیلۆمیتر لە زێد و کەسوکاری خۆیان دوور خراونەتەوە، ئێستاش دەبینین زمان و کولتوور و لە هەمووی سه‌رتر، هەستی نەتەوەیی خۆیان به‌ باشی پاراستووە. لێرەدایە کە دەتوانین بڵێن ڕێژیمە فاشیستەکانی ئێران نەیانتوانیوە لەو پیلانەی خۆیاندا سەرکەوتوو بن و هەمیشە لەهەمبەر ڕۆڵەکانی کورددا داماو و دەستەوەستان بوون.

لە پارێزگای ورمێش هەر بەو شێوە، لەگەڵ ئەوەی هروژمی فاشیستی بۆ توانەوەی نەتەوەی کورد دەستی پێکردووە، بەڵام کورد بەردەوام خۆڕاگر و بێمنەت بووە. لە خەباتی خۆی بەردەوامە و هەوڵی پاراستنی کولتوور و زمانی خۆی داوە و هەستی ڕزگاریخوازیی نەتەوه‌یی نەک هەر لاواز نەبووە، بەڵکوو ڕۆژ لەدوای ڕۆژ لە گەشانەوەدایە. هەر بۆیە ئاکار و هەڵسوکەوتی ڕێژیم لەو ناوچانە بە نیسبەت پارێزگاکانی دیکەی کوردستانی ڕۆژهەڵات زۆر چڕتر و توندترە.

دیارە ڕۆڵی ئەحزابی کوردی و بەتایبەت حیزبی دێموکرات لە سەردەمی کۆماری کوردستان تا بە ئەمڕۆ، ناتوانرێ له‌بەرچاو نەگیردرێت کە هەردەم هەوڵی خۆی داوە تا لە ڕێگای نووسراوە و بڵاوکراوەکان و هەروەها چەندە بۆی کرابێت بە ڕادیۆ و تەلەڤیزیۆن ببێتە دەنگ و ڕەنگی ئەو خەڵکە و پەرەی بە زمان و کولتووری کورد داوە و بووەتە لەمپەڕێکی بەهێز لەبەردەم نەیارانی کورد لە سەرتاسەری کوردستان بەگشتی و پارێزگاکانی ورمێ و کرماشان و ئیلام بەتایبەتی کە بەڕاستی باندۆڕی ئەرێنیی خۆیشی داناوە.

پ: وێکچوون و جیاوازییەکانی سیاسەته فاشیستییەکانی ڕێژیمی ئێران بۆ له‌نێوبردنی گەلی کورد چ له ڕێگای ژینۆساید و چ ئاسمیلاسیۆنی فەرهەنگی لەم دوو ناوچه‌دا چۆن دەبینن؟

و: هەڵسوکەوت و سیاسەت و گوتاری فاشیستەکانی ئێرانی چ لە سەردەمی دەسەڵاتەکانی پێشوو و چ سەردەمی کۆماری ئیسلامیی ئێران وێکچوونێکی یەکجار زۆری لەگەڵ فاشیستانی تورک و عەرەب لە وڵاتانی تورکیە و عێراقی سەردەمی بەعسدا هه‌یه‌ کە زۆر بە شێوەیەکی ئاشکرا بێڕێزی بە کولتوور و زمان و بەتایبەت جلوبەرگی کوردەکان دەکەن و بە چاوێکی سووک لە وڵاتی خۆیان سەیر کراون و لە ئیداراتی حکومەتی و کاروباری ڕۆژانەدا و هەروەها لە بازار و کۆڕ و کۆمەڵەکاندا سووکایەتییان پێ کردوون و دەیکەن. هەوڵیان داوە غروور و کەسایەتی کورد بشکێنن و تێکی بڕۆخێنن.

لە ڕووی کولتوورییه‌وه‌ هەوڵیان داوە تا زمانی کوردی قەدەغە بکەن، نەیانهێشتووە بە زمانی خۆی بنووسێت و بخوێنێت و تەنانەت قسە بکات.

ئیزنی نووسین و بڵاوکردنەوەی ڕۆژنامە و هەر جۆرە بڵاوکراوەیەکی دیکەیان بە زمانی کوردی بە کوردان نەداوە، تا کورد لەخۆی بێگانە بێت و لە زمان و مێژووی خۆی دوور بکەوێتەوە و هەست و سۆزی کوردانەی خۆی لەبیر بکات. بەڵام ئەو سیاسەتە دژی گەلیانە نەک هەر کاریگەرییان نه‌بووه‌، بەڵکوو بە پێچەوانە بوونە هۆکار تا کورد زیاتر هەست بە بەرپرسایەتی بکات و باوەڕ بە خۆی بکات و لەبەرانبەر پیلانەکانی نەیارانی ڕابوەستێ و پووچەڵیان بکاتەوە.

پ: بۆ ئێمه نەمانتوانیوه بەرانبەر به ئاسمیلاسیونی فەرهەنگیی نەتەوەکەمان که له سەردەمی ڕەزاشای پەهلەوی هەتا ئێستا به چڕوپڕی دەستی پێکردووه، سیاسەتێکی کارا و ڕوونمان هەبێ ؟ به واتایەکی دیکه بۆچی خەباتی فەرهەنگی له لای هێزەکانی کوردی جێگا و پێگەیەکی لاوازی هەیە؟

و: لە سەروبەندی دەسەڵاتی ڕەزاشادا، بەو هۆیەی کە سەرکوت دەستی پێکردبوو و هێزی کورد زۆر چالاک نەبوو یا ئەگەریش خەباتێکی کوردی هەبوو، تەنیا لە ناوچەیەکی بەرتەسکدا قەتیس مابووەوە. لەو سەروبەندەدا لە ناوچەکانی باشوور و باکووری کوردستانی ڕۆژهەڵاتدا ئەحزابی کوردی ڕۆڵی ئەوتۆیان نەبوو. بۆیە توانیی تا ڕادەیەک پێشڕەوی بکات و تا ئاستێک سیاسەتەکانی بۆ ئاسیمیله‌ كردنی کورد بەرێتە پێش.

بەڵام بە ڕەخسانی هەلی گونجاو لە سەردەمی کۆماری کوردستاندا و هەروەها سەردەمی سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران لە ساڵی ١٣٥٧دا، ئەو هەموو پەلەقاژە و پیلانگێڕییەی نەیارانی کورد بێ‌ئاکام مایه‌وە و دەرکەوت کە هەوڵەکانیان هەموو بە فیڕۆ ڕۆیشتوون. چوونکە ڕۆڵەکانی کورد توانییان لە ماوەی چەند ساڵێکدا خۆیان ڕێک بخەن و لەو ساڵانەدا لە بوارەکانی فەرهەنگیدا بە سەدان ڕۆژنامە و کتێب و بڵاوکراوەی دیکەیان نووسی و شۆڕیان کردنەوە بۆ نێو کۆمەڵگای کوردی و پێشوازییەکی چاکیان لەلایەن ڕۆڵەکانی کوردەوە لێکرا، کە بوون بە هۆی گەشە کردن و بەهێز بوونی هەستی نەتەوەیی و لە ڕووی ڕێکخستن و یەکڕیزی کورداندا کاریگەرییان دانا. هەرچەند ڕێژیم هەوڵی دابوو ئەو بڵاوکراوانە دابخات، نووسەران و ڕوناکبیران بگرن و بە زیندانیی درێژماوە حوکمیان بدەن، بەڵام لە بەرانبەر هەست و سۆزی کورد و خەبات بۆ ئازادی و مافی نەتەوه‌یی کورددا بێده‌سه‌ڵات بوون.

ئەو مێژووە پێمان دەڵێ کە کورد ناتوێته‌وه‌. بەو ڕاستییەی کە سەرەڕای ئەو هەموو هێرشە سیاسی و کلتوورییە کە کراوەتە سەرمان، یا تەنانەت لە ئاو و خاکی خۆیان دوور خراونەتەوە، توانیویانە خۆیان ڕاگرن و خۆیان لە بەرانبەر سیاسەتە دژە گەلییەکانی دوژمندا بپارێزن. ڕاستە کە کورد بە مافە ڕەواکانی خۆی نەگەیشتووە، بەڵام تا بە ئەمڕۆ خۆڕاگریی کردووە و بەردەوامه‌ و سوورە لەسەر خەبات بۆ وەدێهێنانی مافەکانی خۆی.

پ: ورمێ و کرماشان وەکوو دوو شاری مه‌زنی کوردستان که له بواری ژئۆپۆلتیکیشه‌وه‌ چ بۆ کورد چ بۆ ئێرانییەکان هه‌ڵكه‌وته‌یه‌كی زۆر گرینگیان هەیه، هەر له سەردەمی دامەزراندنی حکوومەتی پەهلەوی و هاتنە سەر کاری کۆماری ئیسلامی، ئامانجی سیاسەتگەلێکی دژه مرۆیی و فاشیستی بووه تا لەو ڕێگایه‌وه‌ پیش له پەرەسەندنی بزووتنەوەی کوردی لەو دووشاره گرینگه بگرن، ئەرکی ئێمه وەکوو حیزبی دێموکرات بۆ بەرپرچدانەوەی ئەو سیاسەتانه و پەرەپێدانی بزوتنەوەی ڕزگاریخوازیی گەلەکەمان لەوێ چییه؟؟

و: بە بڕوای من ناوچەکانی کرماشان و ورمێ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، هەم بۆ دوژمنانی کورد و هەمیش بۆ کورد لە بواری ژئۆپۆلتیک و هەڵکەوت و هێزی مرۆیی، زۆر گرینگ و کاریگەرە. هێزی کوردی دەبێ لەو گەورە شارانەدا خۆی ڕێکبخات و خۆی بپارێزێت و بەهێز بکات و هێزی خۆی بباتە سەر.

بە ڕای من لە داهاتووی ئێراندا ئەو چەند شارە (ورمێ و کرماشان و ئیلام) لە کۆنترۆڵی هەر لایەنێکدا بن، دەتوانێ هێژمونی خۆی بەسەر لایەنی دیکەدا بسەپێنێ.

لەڕاستیدا هەمووی ئەوانەی باس کران کاریگەرن. لە ڕووی زه‌ویشه‌وه، ‌ئەو ناوچانە خاکی کوردستانن و بەڕاستی مێژوو و خاکی کوردن. بۆیە من لام وایە کە ئەگەر لە داهاتوودا ئەو پارێزگایانە سەر بە دەسەڵاتی سیاسیی کوردستانی ڕۆژهەڵات نەبن، تەنانەت ئەگەر کورد بە هەموو مافەکانی خۆیشی گەیشتبێت، ئەو دەسەڵاتە پاراستنی ئەستەم و لەرزۆک دەبێ. وەک ئەوەیە کە مرۆڤێک نوقسان بێت. ئەگەر ئەو پارێزگایانە لەگەڵ دەسەڵاتی کوردی نەبن، ئەگەر کرماشان و ئیلام و ورمێ لەگەڵ دەسەڵاتی کوردی نەبن، هەروەک مرۆڤێکە کە كه‌مئه‌ندامه‌. زیندووە، قسە دەکات و دەژیت، بەڵام هەردوو لاقی نییە و ناتوانێ لەسەر لاقی خۆی ڕاوەستێ و ڕێ بکات. واتە کورد بە بێ ئەو پارێزگایانە كه‌مئه‌ندامه‌.

پ: له قوناغی نوێی خەباتی ڕزگاریخوزانەی کوردستان، واته “ڕاسان” که شار ناوەندی خەباتە، چالاکانی سیاسی، كولتووری و مەدەنیی کورد له نێوخۆ چۆن دەتوانن خۆیان له ڕاساندا بدۆزنەوه؟

و: لە خەباتی ئەمجارەدا هەموو کوردان لە سەرتاسەری کوردستاندا بەشدارن و کاریگەریی خۆیان هەیە. زۆر گرینگە کە بە هەست بە بەرپرسایەتییەوە ڕۆڵی خۆیان ببینن. بە ڕای من لە ڕاسانی ئەمجارەدا ئەگەر کرماشان و ئیلام و ورمێ بە شێوەیەکی ئەکتیڤ ڕۆڵ بگێڕن، بە دڵنیاییه‌وه‌ هەر وەک لە دوو زەمەنی مێژووییدا تاقی کراوەتەوە سەرکەوتن بۆ گەلەکەمان مسۆگەر دەکەن. یەکەم سەردەمی کۆماری کوردستان لە ساڵی ١٣٢٤ هەتاویدایە کە مادام لە خوارەوەی کوردستان پارێزگاکانی کرماشان و ئیلام و لە لای سەریشەوە پارێزگای ورمێ تا دەگاتە ماکۆ سەر بە دەسەڵاتی کوردی نەبوون و لەدەست دوژمندا بوون، دەرئەنجامەکەی بوو بەوەی کورد خۆڕاگری و بەربەرەکانێی لاواز بێت و بە خێرایی تێکشکا.

هەروەها ئەوی دیکەیان لە ساڵی ١٣٥٧ی هەتاوی و لە سەردەمانی سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران بە سەر دەسەڵاتی پاشایەتیدایە کە دیسان لاوازیی کورد لە ڕۆژهەڵات لەوەدا بوو کە لە پارێزگاکانی ورمێ و کرماشان و ئیلامدا، کورد ئەو ڕۆڵەی کە دەبوو هەیبێت، نەیبوو. چوونکە چ لە ڕووی پانتایی خاک و چ هێزی مرۆیی و هەروەها لە ڕووی هێزی ئابوورییەوە، ئەگەر سەر بە هێزی کوردی بان، بەوشێوەیە بە خێرایی دوژمن نەیدەتوانی پاشەکشە بە هێزی کورد بکات. بۆ دیپلۆماسی کورد و لە ئاستی نێونەتەوەییدا بە دڵنیایەوە کاریگەری و دەنگدانەوەی خۆی دەبوو.

بۆیە پێویستە تا ڕۆڵەکانی ئیلام و کرماشان و ورمێ، شان بە شانی سنە و موکریان بێنە گۆڕەپانی خه‌باته‌وه‌ و چالاکانە ڕۆڵ بگێڕن و هێزیان نیشان بدەن. ئەو کاتەیە کە دەتوانین بڵێین شۆڕشی ئەمجارەی کورد گشتگیرە و بە تێکڕا سەرتاسەری پانتای کوردستانی ڕۆژهەڵاتی تێدا بەشدارە. ئەگینا هەر وەک لە وەڵامی پێشوودا ئاماژەم پێدا، تەنانەت ئەگەر لە هەندێ بواریشدا بتوانین سەرکەوتن بەدەست بێنین، دیسانەوە هەر دەسەڵاتی کوردی ناکامڵە و ناتوانێ بە تەواوەتی لەسەر پێی خۆی ڕاوەستێ.

وتووێژ: شەهرام میرزایی

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی