لەماوەی کەمتر لە ساڵێکدا، کۆمەڵگای ڕەوشنەبیریی کورد و خاوەن قەڵەم و دڵسۆز و نیشتمانپەروەرانی کوردستان، سێ کەسایەتی مەزن وپایەبەرزی نەتەوەکەیان لەدەست دا:
١—زانای پایەبەرز و یاسازان و ئیسلام شناس و خاوەن ڕەوشتی کەم نموونە، بەرێز دوکتور مستەفا ئیبراهیم زەڵمی
٢—ئەدیب و نووسەر و کوردیزانی بەرپرسیار و چالاکی مەیدانی گەشەپێدانی ئەدەب وهونەری نووسینی کوردی، کاکە موحەممەدی مەلاکەریم
٣–شوڕشگێڕی کەم وێنە و نیشتمانپەروەری بە ناوبانگ و سیاسەتوانی خۆجەیی و دڵسۆزی گەل و چالاکی مەیدانی رزگاری نەتەوە، بەرێز عەزیز موحەممەد.
ئەنیستیتووی کورد لەستۆکهۆڵم(سوید)، لە دەستدانی ئەم ئازیزانە، وەک خەساریکی گەورە بۆ کۆمەڵگای کوردەواری چاو لێدەکا و بەو بۆنەوە خەم و پەژارەی خۆی دەردەبڕێ و لەگەلی کورد و بنەماڵەکانیان سەرەخۆشی دەکا.
لە لایەن بەڕێوەبەری ئەنیستیتووە
حوسەین خەلێقی
٢/٦/٢٠١٧، سوید.

ژیاننامەی تێكۆشەر و سیاسەتمەدار عەزیز محەمەد
عەزیز محەممەد عەبدوڵڵا لە رێككەوتی 1ی تەموزی 1924 لە گوندی (بێركۆت)ی نزیك شاری هەولێر لە دایك بووە، باوكی كوردێكی هەژاری جوتیاری گوندی (بێركۆت) بووە، دایكی كچە مەلا بووە و لە ناوچەكانی وان و باش قەلاوە هاتۆتە هەولێر، دایكی خەڵكی باكووری كوردستان بووە.
هاورێ عەزیز محەممەد لە تەمەنێكی زۆر بچووكدا لەگەڵ دایكیدا دێنە شاری هەولێر و باوكی و دایكی بۆ هەتا هەتایە بەجێدەهێڵن. لە مزگەوتی (ابو بكر) فێری قورئان خوێندن دەبێت و لە پیرزین و شاوەیس و بەحركە دەرسی فەقێی دەخوێنێت، بەڵام دواتر واز لە خوێندنی فەقێی دەهێنێ.
دایكی كە ئەو كات لە ماڵان كار دەكات دەینێرێتە قوتابخانە و بە هۆی زیرەكییەكەیەوە راستەوخۆ لە پۆلی سێی سەرەتایی دایدەنێن، دوای تەواو كردنی قۆناغی سەرەتایی بیر لە تەواو كردنی خوێندنەكەی دەكاتەوە لە پەیمانگای پیشەسازی یاخود لە پەیمانگای پێگەیاندنی مامۆستایان، بەڵام بە داخەوە ئەم ئاواتەی نایاتە دی، چونكە بۆ ئەمە دەبوو دوو ساڵ تەمەنی خۆی بچووك بكاتەوە، ئەگەرچی ئەمە كارێكی ئاسان بوو بەڵام بۆی نەكرا. دوای وازهێنانی لە قوتابخانە ماوەیەك بێكار دەمێنێتەوە، پاشان بە هاوكاری چەند هاوڕێیەكی لە فەرمانگەی دابەشكردنی خۆراك و ناوخۆیی دادەمەزرێ و بۆ ماوەی سێ ساڵ لەوێ كار دەكات.
لە بەهاری ساڵی 1948ز ژیان و كاری خۆی بە حیزبی شیوعی بۆ هەتا هەتایی دەبەستێتەوە و دەست بە كاری حیزبی دەكات.
ساڵەكانی 1940-1941ز سەرەتای چالاكی ساسی ئەو بووە، كە لە هەمان كاتدا كۆمەڵێك گەنجی خوێنگەرم پاڵنەر و هاندەری بوون بۆ هاتنە نێو ژیانی سیاسییەوە، لەوانە مامۆستای ناوداری كورد(عزەدین فەیزی).
هەر لەو سەردەمەدا پەیوەندی بە كۆمەڵەی (هیوا)وە دەكات و لە ئایاری ساڵی 1941زدا دەبێتە ئەندامی كۆمەڵەی هیوا.
لە ساڵی 1942زدا دەبێتە ئەندامی كۆمەڵەی گەل كە رۆژنامەیەكیان بە ناوی (بڵێسە)ەوە دەردەكرد و خۆیان بە ماركسی لە قەڵەم دەدا.
لە زستانی ساڵی 1945زدا دوای كۆنگرەی یەكەمی حزبی شیوعی عێراقی دەبێتە ئەندامی ئەو حزبە.
لە 13-10-1948ز دا دەخرێتە بەندیخانەوە تا ئابی ساڵی 1958ز واتە بۆ ماوەی (10) ساڵ لە زینداندا دەمێنێتەوە.
لە ماوەی ساڵانی مانەوەی لە زینداندا لە رێگای خوێندنەوەوە فێری زمانی عەرەبی دەبێت و هاوكات چەندین كتێبی ئەدەبی و چیرۆك و رۆمان و كتێبی سیاسی هەمەجۆر دەخوێنێتەوە، هەروەها بەشێكی زۆری شاكارە ئەدەبییەكانی ئەدەبیاتی رووسی و ئینگلیزی و ئەڵمانی دەخوێنێتەوە، سەرەڕای خوێندنەوەی بەرهەمەكانی (تەها حسین) و (نجیب محفوز) و بەرهەمی تری نووسەرانی عەرەب.
عەزیز محەممەد لە ساڵی 1964ز تا ساڵی 1993ز سكرتێری گشتی حزبی شیوعی عێراقی بووە و خزمەتێكی پڕ بایەخی پێشكەش بە دۆزی عێراق و ناوچەكە بە گشتی كردووە.
عەزیز محەممەد یەكێكە لەو كەسایەتییە شیوعییانەی لە ساڵی 1986ز دا لە لایەن حزبی شیوعی سۆڤیەتییەوە (وسامی لینین)ی پێدەبەخشرێ، هەروەها میدالیای “ئەستێرەی گەشە”ی کیشوەری ئاسیا و ئەفریقای لە ساڵی 2007 لەلایەن رووسیاوە پێبەخشراوە، کە لەدوای نێلسۆن ماندێلا دووەم کەسە ئەو میدالیایە وەردەگرێت.
رۆژی چوارشەممە 31ی ئایاری 2017 لە ماڵەكەی خۆی لە شاری هەولێر كۆچی دوایی كرد.
سەرچاوە: رێگای کوردستان
….

مستەفا زەڵمی
لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
مستەفا زەڵمی
Mustafa Zalmi
لەدایکبوون ١ی تەمموزی ١٩٢٤
زەڵم، هەورامان، سلێمانی
مردن ٤ی حوزەیرانی ۲۰۱٦
هەولێر
نیشتەجێ زەڵم، هەولێر، بەغداد، قاهیرە
نەتەوە کورد
بواری زانستی یاسا
شوێنی بڕوانامە زانکۆی بەغداد، زانکۆی ئەزهەر، زانکۆی قاهیرە
مستەفا زەڵمی (ناوی تەواو: مستەفا ئیبراھیم محەممەد ئەمین) (١ی تەمموزی ١٩٢٤ لە زەڵم، ھەورامان – ٤ی حوزەیرانی ۲۰۱٦ لە ھەولێر؛ لە تەمەنی ۹۲ ساڵی) پڕۆفیسۆر و یاساناسێکی کورد بوو. ستەفا زەڵمی ساڵی ١٩٢٤ لە گوندی زەڵمی سەر بە پارێزگای سلێمانی لە ھەرێمی کوردستان لە دایک بووە. ساڵی ١٩٣٤ چۆتە قوتابخانەی ئایینی و لەسەر دەستی مامۆستایانی پسپۆڕو شارەزا لە زانایانی ئایینی عێراق و ئێران زانستەکانی: (نەحو، سەرف، مونازەرە، مەنتیق، بەلاغە، ئوسولی دین، ئوسولی فیقە، فەلسەفە، بیرکاری، فەلەکناسی) خوێندووە. لە ١٩٤٦ لە کۆیە خوێندنی ئاینی تەواوکردووە. چەندین بڕوانانەی لە بوارەکانی یاسا و شەریعەت بەدەستھێناوە و ژمارەیەکی زۆر کتێبی لە چاپ دراون.
مستەفا زەلمی ئارەزوویەکی زۆری خوێندنی ھەبوو چەندین ھەوراز و نشێوی بڕیوە ڕووبەڕووی زۆرترین نەھامەتی و سەختی ژیان بۆتەوە لە پێناو دەستکەوتنی زانست زۆربەی زۆری ناوچەکانی کوردستانی باشوور و ڕۆژھەڵاتی بڕیوە لە سەرەتای تەمەنیدا. پاشان ئیجازەی مەلایەتی وەردەگرێت. ساڵی ١٩٤٦ بڕوانامەی (عالیم)ی لە زانستە ئیسلامییەکان بەدەستھێناوە لە ئەنجوومەنی زانستی لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی سەر بە وەزارەتی ئەوقاف. پاشان دەچێتە ناو سوپا و دەبێت بە ئیمامی سوپا و لە (جەلەولا) جێگیر دەبێت، مستەفا زەلمی کاریگەری گەورەی ھەبووە لە شۆرشی ١٤ەی تەمووزی ساڵی ١٩٥٨ و لەگەڵ ڕێخراوی ئەفسەرە ئازادی خوازەکاندا پەیوەندی دەبەستێت و چەندین ئەرکی گرنگی پێدەسپێردریت لەگەڵ چەندین کوردی تری نیشتمان پەروەر لە پێناو بەدەست ھێنانی مافەکانی گەلی کوردا تێدەکۆشێت، پاش شکست ھێنانی شۆرش و ھەلگەرانەوەی سەرانی شۆڕش لەگەل میللەتی کورد، دکتۆر مستەفا زەڵمی پەیوەندی خۆی بەسەرانی شۆرش دەبچرینێت و زیاتر گرنگی دەدات بە زانستەکەی.[١]
ھەرچەندە مستەفا زەڵمی مەلا بووە و شارەزای بواری شەریعەی ئیسلام بووە بەڵام ھەمیشە ئارەزووی بەدەست ھێنانی زانست و زانیاری زیاتری ھەبووە بۆیە بیر لە خوێندنی یاسا دەکاتەوە و ھەرچەندە ژیانی ھاوسەرگیری پێکھێناوە و خاوەنی خیزان و منداڵ بووە لەو کاتەدا و لەگەڵ سەختی ژیاندا بەڵام کۆڵی نەداوە لە بەدەست ھێنانی زانست و زانیاری و دەبیتەوە بە خوێندکاری زانکۆ و سەرئەنجام بە نمرەیەکی زۆر بەرز لە ساڵی ١٩٦٥ بەکالۆریۆسی بەدەستھێناوە لە یاسا لە زانکۆی بەغداد. ھەروەھا لەساڵی ١٩٦٨ ماستەری لە شەریعە بەدەستھێناوە لە زانکۆی بەغداد. ھەر لە پێناو بەدەست ھێنانی زانست و زانیاری زیاتر بیر لەوە دەکاتەوە وڵات جێ بهێڵێت و خۆی خانەنشین بکات لە ئیمامی سوپا کە موچەیەکی بەرزیشی ھەبووە لەو کاتەدا. بەڵام ھەمیشە زانستی بە گرنگتر زانیوە لە ھەموو شتێک و ڕوو دەکاتە خاکی میسر بۆ خوێندنی زیاتر و بە ژیانێکی زۆر سەخت خوێندن تەواو دەکات.[٢]
دکتۆر زەڵمی یەکێکە لە مامۆستا ھەرە بەناوبانگەکانی کۆلێژەکانی یاسا لە زانکۆکانی عێراق وە لەسەردەمی مامۆستایەتیدا زۆرترین خەڵات و ڕێزلێنانی وەرگرتووە وە یەکەم مامۆستای زانکۆیە لەسەر ئاستی عێراق کە بە بڕیارێکی تایبەت فەرمانی خانەنشین نەکردنی بۆ دەرچووە تا ئەو ساتەی توانای ھەبێت و ویستی ھەبێت بتوانێت وەک مامۆستا بمینێتەوە. دکتۆر زەڵمی دەستێکی باڵای ھەیە لە دانانی کتێبی مەنھەجی بۆ کۆلیژی یاساکان کە ٤ کتێبی وەک مەنھەج دەخوێنرێت لە ھەر چوار قۆناغەکەی کۆلێژی یاسا وە یەک کتێبی لە ماستەر و کتێبێکی تری لە دکتۆرا دەخوێندرێت. وە کتێبەکانی لە زانکۆکانی عێراق و ئەردەن و ئەندەنوسیا و یەمەن دەخوێندرێت.
لە ٤ی حوزەیرانی ٢٠١٦ لە نەخۆشخانەی پاری شاری ھەولێر کۆچی دوایی کرد، لە ناحیەی خورماڵ بەخاک سپێردرا.
بڕوانامەکان
١٩٤٦ – ئیجازەی زانستی مەلایەتی.
١٩٦٥ – بەکالۆریۆس لە یاسا.
١٩٦٩ – ماستەری لە شەریعەتی ئیسلامی.
١٩٧١ – ماستەری لە فیقھی بەراوردکاری لە زانکۆی ئەزھەر.
١٩٧٣ – ماستەری یاسا لە زانکۆی قاھیرە.
١٩٧٥ – دکتۆرا لە فیقھی بەراوردکاری لە زانکۆی ئەزھەر.
١٩٨١ – پلەی مامۆستای یاریدەدەری لە زانکۆی بەغدا.
١٩٨٥ – پلەی مامۆستایەتی لە زانکۆی بەغدا.
١٩٨٧ – پلەی پرۆفیسۆری لە زانکۆی بەغدا.
٢٠٠٥ – دکتۆرا لە یاسا لە زانکۆی بەغدا.
…..

محەممەدی مەلا کەریم
لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
محەممەدی مەلا کەریم
لەدایکبوون ١٤ی ئابی ١٩٣١
بیارە
مەرگ ١٢ی ئازاری ٢٠١٧ (٨٥ ساڵ ژیاوە)
سلێمانی
ھۆکاری مەرگ نەخۆشی
نەتەوە کورد
پیشە نووسەر، توێژەر و وەرگێڕ
محەممەدی مەلا کەریم یان حەمەی مەلا کەریم (١٤ی ئابی ١٩٣١ بیارە، ھەڵەبجە — ١٢ی ئازاری ٢٠١٧، سلێمانی) نووسەر، توێژەر، و وەرگێڕێکی کورد بوو. کوڕی زانای کورد مەلا عەبدولکەریمی مودەڕیسە. حەمەی مەلا کەریم ھەندێک دیوانی شیعری کوردی وەکوو دیوانی مەحوی، گۆران و بێخودی لێکداوەتەوە. ئەو یەکێک بوو لە ئەندامانی ئەکادیمیای کوردی. ھەژار لە کتێبی چێشتی مجێور حەمەی مەلا کەریم وەکوو کەسێکی شارەزا لە زمانی کوردیدا ناو دەبا.
ژیاننامە
ناوی محەمەدی مەلا عەبدولکەریمی مودەڕیسە، لە ١٤ی ئابی ١٩٣١ لە شارۆچکەی بیارەی پارێزگای ھەڵەبجە لەدایکبووە. لە قوتابخانەی منداڵە شێخەکانی بیارە خوێندنی قورئانی پیرۆزی تەواو کردووە، و کوردی و فارسی لە حوجرە خوێندووە. تا ساڵی ١٩٥٢ ماڵیان لە بیارە بووە و دواتر چوونەتە سلێمانی. لە ١٩٥٤ خوێندنی مەلایەتی لە سلێمانی تەواوکردووە. لە بیارە، لە تەمەنی لاوییەتی ئارەزووی چۆتە کاری ڕۆژنامەنووسی، چەندین نووسینی لە ڕۆژنامەکانی بەغدا بڵاو کردووەتەوە. ھاوکات ئاشنایەتی لەگەڵ گۆران پەیدا کردووە. لە ڕۆژنامەی ژین چەندین پەخشان و شیعری بڵاوکردووەتەوە. پێشتریش ھەر لە بیارە، گۆڤارێکی ئایینیی سیاسی دەرکردووە. لە ١٩٤٨ ئاشنایەتی لەگەڵ ئەدەبیاتی شیوعی پەیدا کردووە و لە ١٩٥٣ بووەتە ئەندامێکی چالاکی ئەو حیزبە.
بەھۆی شارەزایییەوە توانی بووی پێداچوونەوە بە دیوانی «شیرین و خوسرەو»ی خانای قوبادی بکا، کە نزیکەی ٥٥٢٦ دێرەشیعرە و بە شێوەزاری ھەورامی نووسراوە، بەھۆی سەرکەوتنی لە پێداچوونەوەی ئەو دیوانە، لە ١٩٧٥ کۆمەڵەی زانستیی کوردی ئەو دیوانەیان چاپ کرد.
محەممەد ڕۆڵێکی دەستپێشخەری ھەبوو لە پێداچوونەوە بە دیوانی مەولەوی، بە لێکدانەوەی دیوانەکەی، ھەروەھا ماناکردنی زۆرێک لە وشە ھەورامی و بیانییەکان، بە ڕوونکردنەوە و بەپشتبەستن بە ھەندێک فەرھەنگ. ھەروەھا ھاوکاربووە لەگەڵ عەبدولکەریمی باوکی و فاتیحی برای لە لێکدانەوەی دیوانی نالی، دوای پێداچوونەوە ھەستاوە بە چاپکردنی دیوانەکە بە ھاوکاریی کۆمەڵەی زانستیی کوردی لە ١٩٧٦. دیسان بە ھاوکاریی باوکی کاری کردووە بۆ لێکدانەوە و شیکردنەوەی دیوانی مەحوی و چاپکردنی دیوانەکەی لەلایەن کۆمەڵەی زانستیی کوردی لە بەغدا، لە سەرەتای دیوانەکە ئاماژەی بەوە داوە کە سوودی لە چاپی ساڵی ١٩٢٢ی دیوانی مەحوی وەرگرتووە و لەگەڵ ھەندێک لە تێبینی و نووسینەکانی مەحوی کە لەلای خێزانەکەی مابوون، ھەروەھا ئاماژەی بە سوودوەرگرتن کردووە لە گۆران و کاکەی فەلاح بۆ پوختەکردنی ئەو چاپە نوێیە، دواتر لە ١٩٦٢ پێشکەشی باوکی کردووە.
لە ڕۆژنامەکانی «تەئاخی و برایەتی، فکر ئەلجەدید، شەفەق و ئیسلاحی زەراعی، و گۆڤار و ڕۆژنامەی تری کوردی و عەرەبی کاری کردووە. یەکێک بووە لە ئەندامانی کۆڕی زانیاریی کورد. خاوەنی زیاتر لە ٣٠ کتێبی جۆراوجۆرە، جگە لە کارکردن لە دیوانی شاعیرە کلاسیکییەکانی کورد بە ھاوکاریی باوکی «مەلا عەبدولکەریمی مودەڕیس». زیاتر لە ٥٠ ساڵ خەریکی نووسین و توێژینەوە بووە، و چەند جارێک زیندانی کراوە، کتێبەکانی «جەنگاوەرێکی ڤێتنامی» و «لاوک و حەیران»ی لە زیندان نووسیون.
حەمەی مەلا کەریم لە چەند ساڵی کۆتاییی تەمەنی بەھۆی نەخۆشییەوە کەوتبووە سەرجێگا. لە بەرەبەیانی ١٢ی ئازاری ٢٠١٧، بەھۆی نەخۆشییەوە لە سلێمانی کۆچی دوایی کرد، لە گردی مامەیارە تەرمەکەی نێژرا.
شێرکۆ بێکەس وەک وەسفێک بۆی لە شیعری «تەون» دەڵێت:
کاکە حەمە، پیاوێک لە کاغەزی ڕۆژنامە
ھەورامان کوڕی شاخە و سیاچەمانە کچی باخە
لەم دوانەیەش نەوەی شیعر و پەخشان کەوتنەوە و لە دارگوێزێکی نورانیش «مەلا عەبدولکەریمی مودەڕیس» کەوتەوە
لەویش کۆمەڵێ درەختی ڕوناکبیر کە یەکێکیان حەمەی مەلا کەریمی گوڵاوی بوو.
