"an independent online kurdish website

شۆلاوەی بارانی دوێنێ شەو، شۆردنەوەی تۆزی دارەکانی لێڕەواری وەک دار تووز لە خێڵی دار بەڕووی خۆمان هەروەها گەردیلەی گوڵی لێ کەوەتەوە!

reuf-golbeden-01 بەڵام هێشتا شوێنەواری هەڵامەت ئاسای تۆزی داری بە جوانی نەشۆردوەتەوە!

دوای پشووی بەهار ڕێگە بۆ هاوین خۆش دەبێ، هێشتا تینی گەرما بە لەشی مرۆڤ نەگەیشتووە کە دارەکانی لێڕەوار دەکەونە گوڵ کردن!

با یەکەم هەستە کە بە گوڵکردنی دار دەزانێ هەر بۆیە بە شێنەیی  و زۆر لە سەرەخۆ گەردیلەکان لە گەڵ خۆی بۆ سەفەر دەبا و هەموو کون و قوژبنێکی وڵات بەسەر دەکاتەوە و مزگێنی وەرزی هاتنی گوڵ و گەردیلە بە دانیشتوانی تەنیشت دارستان دەگەینێ!

گەردیلەکان لەم سەفەرەدا زۆر نەترسن و کورد گۆتەنی: ” خۆیان بە قوڕگی شێردا دەکەن” !

مرۆڤە ئازاکان کە شێریان بە گوێ دەگرت بە بیستنی هەواڵی هاتنی گەردیلەکان بە پارێز دەردەکەون لە گەڵ ئەمەشدا هەر کە دەردەکەون ئیتر دەست بە پشم و هۆڕ دەکەن، ئەوەندە چاویان دەخورێنن کە کە خوێنی تێدەزێت و سوور سوور دەبنەوە، لەم لاشەوە دەکەونە لووشکە و لووش و ئیتر بەزمی هەڵامەتی گەردیلەکان لێرەوە دەست پێدەکات!

” دیسانەوە تەپ و تۆز سەری هەڵدایەوە ” !

هێشتا ڕستەکەی سەر زمانی بە تەواوەتی دەرنەبڕیوە کە گەردیلەی هاوسەفەری شنەبا لە ناکاو لە گەڵ هەناسەیەکدا خۆی دەکا بە ژوورەوە!

و ئیتر هەناسەدان دەکا بە ماڵ و جێگە بۆ خۆی خۆش دەکا واتە لە نێوان قوڕگ و دەم و لووت و دیوی ناوەوەی چاو هەروەها لە ئاوی تێزاوی زار و فرمێسکی چاو بە پشتیوانی گەردیلەی میوان پێکهاتەیەکی کیمیاوی وا پێک دەهێنن کە کامە لە کامە پاڵەوانترە دەیبەزێنن!

ئەم پێکهاتەیە هەر دەڵێی سرێشە وا دەلکێ بە لای قوڕگ و بۆری هەناسەوە لە هەمان کاتدا هەڵامەت ئاسا پێڵووی چاوەکانت پێکەوە دەنووسێنێ و لە کونجی چاو ڕیپۆق دەردەکات و چاوت دێتە خورین و لووتت  پاراو دەبێ و تونی هەناسەدان لە لایەک بڕستت لێ دەبڕێ و لە لایەکی ترەوە پژمین و لووت سڕینەوەی پەیتا پەیتا هەموو پێستی لووتت دەڕووشێنێ و ڕۆژت لێ دەکا بە شەو و ئەگەر بە فریای دۆخی خۆت نەکەویت ژیان بە هەموو خۆشییەکانەوە دەدەیتە بەر نەفرینی ناخ!

کە باران باری هەڵامەتە گەردیلەش لە وڵات باردەکا و دیسانەوە هەتاو بە دەممانەوە پێدەکەنێ و بێزووی زەوی شەقار بردوو لە ئاو دەشکێ، شۆلاوەی باران تۆزی دار ڕادەدات و گەردیلە هەڵامەتیش کەس نازانێ بۆ کوێ تێی دەتەقێنێ!

ئەگەر باران بێزووی ئێوەی دانیشتوانی لێڕەواری نەشکان، ئیر قیر و سیا لەو ژیانە و ملی ڕێگای دەرمانخانەی گەڕەک بگرە بەر بۆ حەبی ئالێڕژی گەردیلەکان!

هیوادارم ئەم گەردیلە هەڵامەتەتان بە تووش نەبێت!

ڕەوف گوڵبەدەن

8.6.2017 ز

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی