Hoppa till innehåll
Hem » ئەمریکا دیسان گاڵتە بە نەتەوەی کورد و پێشمەرگە دەکات!، عارف شێخ ئەحمەدی

ئەمریکا دیسان گاڵتە بە نەتەوەی کورد و پێشمەرگە دەکات!، عارف شێخ ئەحمەدی

نەک لە دەستپێکی شەڕی داعشەوە، بەڵکوو بە درێژایی مێژوو وڵاتانی داگیرکەر و زلهێزەکان و لەوانە بریتانیا، یەکێتی سۆڤیەت، فڕانسە و ئەمریکا و زۆر وڵاتی دیکەی لە چەشنی ئەمان،aref-shexahmadi-00

یاری بە خاک و نیشتیمان و ئاوات و هیوای گەلانی کز و لاوازەوە دەکەن.

ئەگەر لە بنەڕەتەوە لێکۆڵینەوە لە ئاکار و کردەوەی ژومارەیەک زلهێزی جیهانی بکەین، گومانی تێدا نیە کە ئەمانن هەوێنی شەڕ و قات و قڕی و هۆکاری هەڵگیرسانی شەڕە جیهانیەکان و لەت لەت کردنی نیشتیمانەکان و داهێنەر و درووستکەری سنوورە دەستکردەکانن بۆ مرۆڤ.

کەس نیە نەزانێت نەتەوەی کورد یەکێک لەو نەتەوە ناسراوانەی جیهانە کە تا ئەمڕۆش بێ دەوڵەت و نیشتمانەکەی پارچە کراوە و قوربانی پەیماننامە نێودەوڵەتی و سیاسیەکانە کە زیاتر لە هەموان هەر یەک لە بریتانیا و ڕووسیە و فەڕانسە بە بێ هیچ تاوانێک بە سەر گەلی کوردیان دا سەپاندووە.

پەیماننامەی زەهاو، سیڤەر و لۆزان و ئەلجزائیر و تاران و ئانکارا و دەیان ڕێکەوتنی دیکه سەبارەت بە نەتەوەی کورد و تێکدانی خەونی سەربەخۆیی نیشتیمانی کوردان بەستراون و تاکی کورد هیچ پرسیارێکی لێ نەکراوە ئاخۆ ڕەزامەندە یان خود بە پێچەوانەوە نەخێر. زۆربەمان تەنیا دەتوانین و دەوێرین بە سەر ئەو دیوار و باڵەخانە فکریانەدا سەرکەوین و سنووریان ببەزێنین کە لە هەمووانی بە بێ مەترسی تر دەزانین، یان ئەو باوەڕ و هزرە کۆمەڵایەتی و سیاسیە بکوتین کە بەداخەوە بە هەڵە لێی تێگەیشتووین و بە نەیاری خۆمان و هۆکاری پاشکەوتنی پرسی نەتەویی دەزانین.

ئەوانەی زەحمەتیان بەخۆیان نەداوە تەنیا دێڕێک لە مێژووی نەتەوەیی و ئایینی کورد بخوێنەوە یان بەو پەڕی کەلەڕەقی و دووگماتیزمی ڕوانگەوە لێکۆڵینەوەی نەزۆک دەکەن و بە چەمک و بابەتێکەوە گرتوویانە و نایانهەوێت لە خەوی غەفڵەت و خۆش باوەڕی وەخبەر بێن، بە شێعر و گۆڕانی و هەڵبەست پەنا دەبەنە بەر کوتانی باوەڕ، ئایین و مەزهەب و بەشێکی گرینگ لە شوناسی نەتەوەیی و لە هەمان حاڵیشدا خۆیان بە نەتەوەیی دەزانن و چەپڵە بۆ گوتاری باڵا دەستی داگیرکەرە جیهانیەکان لێدەدەن و حەز و خولیای خۆیان لە ناو ئەو کلتوورە چەپەڵەی ئەواندا دەبینەوە.

لە دوای ڕووداوی ماسۆنی یازدەی سپتامبر ۲۰۰۱، ناوی گرووپی ئەلقاعیدە و تالیبان زەق کرایەوە و چەمکی تیرۆریزم بە خەستی تیۆریزە کرا و بە جیهاندا بڵاو بوویەوە، کەس نەیزانی یان نەیپرسی چۆن دەکرێت ڕووداوی وا لە ناکاو ڕوو بدات و بە بیانووی ڕووخانی دوو بیناوە لە ئەمریکا، دوو وڵاتی ئەفغانستان و عێڕاق داگیر بکرێت.!

لەم ڕۆژانەدا سووڕانەوە و نیشتنەوەی حەوت کۆپتەری ئەمریکا لە ناوچەی ژێر دەسەڵاتی داعش لە نزیک حەویجە و بە بەرچاوی هێزەکانی پێشمەرگە و نزیک سەنگەرەکانی ئەوان، ئەو حەقیقەتی پشتڕاستکردەوە کە شەخسی ئەبووبکەری بەغدادی و چەتەکانی داعش درووستکراوی ئەمریکا و سیاسەتی ڕۆژئاوان. زۆر لەمێژە باسی فۆنداسیۆن و بناخەی تیرۆر دەکەین و پلانی ئەمریکا هەر لە ڕووی قسە و بەڵگەکانی خۆیانەوە دەخەینەڕوو کەچی دەنگمان نابیسترێت.

ئێستا دوای دەرکەوتنی ئەم فەزاحەتە، لە جیاتی ئەوەی ڕێبەرایەتی کورد هەڵوێست بنوێنن، بوونەتە کڵاو سووری پێش لەشکری ئەمریکا و پاساو بۆ نیشتنەوەی ئەم کۆپتەرانی ئەمریکا دەهێنەوە.

ڕاوێژکاری وەزیری پێشمەرگە (سەعید کاکەیی) کە پێشتر لە پۆستەکەی دوورخراوەتەوە، دەڵێت: ” ئەم کۆپتەرانە بۆ ڕزگارکردنی سەرچاوەی هەواڵگری خۆیان ڕۆیشتوون”.!!

هەموان دەزانین لە زۆربەی کۆمەڵگەکان جۆرێک یاخیبوونی مەدەنیی (Civil disobediencee) رێگەیەكی سیاسیە بۆ بەرپەرچدانەوە و دژایەتی گەندەڵی فرە ڕەنگی سیاسی و نیزامیی و ئابووری كە لە لایەن دەسەڵاتەوە بە سەر خەڵک دا سەپێندراوە.

کەچی لە باشووری کوردستان کەس بۆی نیە لە ئاست بووییەر و هەواڵێک لە ڕووی ڕاستی مەوزووعەوە وەک خۆی بکۆڵێتەوە، هەر بۆیەش جۆرێک تاریکی و ناڕوونی باڵی بە سەر هەموو لایەنەکانی ژیاندا کێشاوە. بۆیە پێویستە یاخیبوون لە ئێستادا ڕێگایەک بێت بۆ گۆڕینی ئازادی بیرکردنەوە و ئازادی سیاسیی لە ڕیشەوە كە دەسەڵاتدارانی کورد بە گوێرەی پێوەری یاسا یان بەرژەوەندیی گەل، دادپەروەری، قازانجی گشتی وسەروەریی نیشتمانی ڕێز لە بانگی یاخیبوونی مەدەنیی هاوڵاتیان بگرن.

بە دەیان و بگڕە سەدان پێشمەرگە لە شەڕی داعشدا شەهید بوون و دەیان گوندی باشووری کوردستان چۆڵ و کاولکرا، کەچی ئەمریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوا جار نیە گاڵتە بە عەقڵی سیاسی ڕێبەرانی کورد و سووکایەتی بە هێزی پێشمەرگەی کوردستانەوە نەکەن، کە بوونەتە قەڵخانی خۆڕاگری لە بەرانبەر تیرۆریستانی داعش و حەشدی شەعبی دا.

ئیتر دەبێ بەرپرسانی کورد لە ئەمریکا بپرسن کە هێزی کورد تەنیا کەواسووری پێش لەشکری ئەمریکا و ڕۆژئاوایە یان پێشمەرگەی خاک و نیشتمانی خۆیەتی؟!

چەندین کۆنفڕانسی تایبەت بە بەرەنگاربوونەوەی گرووپی داعش لە وەڵاتی فەڕانسە و چەند وڵاتی دیکە بەڕێوەچوو و ڕێبەران یان خود کاربەدەستانی هەرێمی کوردستان بانگهێشت نەکران، دەوڵەتی ناوەندی عێراق(فیدڕاڵ)، تەنیا خۆی و زۆر جاریش دەگەڵ نزیکەی بیست وەڵاتی دیکە بەشداری لەم دانیشتنەدا دەکەن. پرسیار لێرەدا ئەوەیە ئاخۆ ئەمریکا و زلهێزەکانی هاوپەیمانی چلۆن چەپڵە بۆ قارەمانیەتی پێشمەرگەی کورد لە باشووری کوردستان لێدەدەن؟ دەکرێت کەس،گرووپ، لایەن و نەتەوەیەک هان بدرێت بۆ شەڕی ئیڕهاب و تیرۆر کەچی بە پێچەوانەی عورفی سیاسی و پڕانسیپی دۆستایەتی کردن، چەک و تەقەمەنی وەک پێویست، زانیاری سەربازی و …هتد، پێ نەدرێت کە لەمڕۆدا ناوبانگی لە میدیایی جیهانیدا گوێی تاک و کۆی کەڕ کردووە!؟

دەکرێت قەڵەمباز بە سەر هێزێکی شۆڕشگێڕدا لێبدرێت و دەستی سوپایەکی شکست خواردوو و فاشیل (سوپای عێڕاق) بەرز بکرێتەوە و بە قەڵغانی ئازادیی ناوچەکە بانگ بکرێت!

ئەم پرسیارانە و دەیان پرسیاری دیکە لە کاربەدەستانی ئەمریکا و وەڵاتانی ڕۆژئاوا و هاوکاتیش سەرکردەکانی باشووری کوردستان دێتە ئاراوە کە چۆن دەبێ پێشمەرگە بۆ هێرش بردن و لەناوبردنی تیرۆریزم بچێتە بەرەکانی شەڕ و لەملاشەوە ئەمرێکا هەر خۆی بە کۆپتەر بەرچاوی پێشمەرگەوە پێوەندی پێوەیان هەبێت؟!!

ڤیدیۆ 1 NRT

ڤیدیۆ 2 NRT