Hoppa till innehåll
Hem » ڕاپرسیو دژبەرانی, ، مەلا برایم مەجیدپوور

ڕاپرسیو دژبەرانی, ، مەلا برایم مەجیدپوور

ڕاپرسی یانی هـەق دەدرێتە دەستی هەقدار، خەڵک دەکەی بەناوەندی قەرار، ملڕاکێشانو ڕێزدانانە بۆ بڕیاری گەل، ڕێگریە لە حیزبو سازمانو تاقمەکان کە بەتەنیا خۆیان بکەن بەنوێنەری گەل ،mela-braym-mejidpur-0

ئەستاندنەوەی دەسەڵاتە لەوانەی دەستیان بەسەر داگرتوە، هەربۆیە دژایەتی دەگەڵ ڕیفڕاندۆم یانی بەهێند نەگرتنی ڕای گەل ، بێحورمەتیە بەکەسایەتیو دەسەڵاتی واقیعی گەل ، دژایەتیە دەگەڵ ناوەرۆکی ئازادیو دێمۆکڕاسیو دەسەڵاتی جەماوەر . ئەوانەی دژی ڕاپرسین هێدێک خۆیی بـەهـەڵـە چـوو حکومـەتی ئـێـرانـو تـورکیەو بەناو براعەڕەبەکانن!! ئەوانە دۆستی واقیعی نینو دەبێی وازیان لێی بێنین . قاسملوی نەمر فەرمویە : ( ئەگەر پێویست بێی ئامادەین واز لە دۆستایەتی بێنین ، بەڵام واز لە سەربەخۆیی سیاسیو بڕیاردانی خۆمان نەهێنین. )

من حەز ناکەم دەست لەکارو باری کەسانیتر وەر بدەمو دەر بڕینی ڕاوبۆچونی ئازادانە بەمافی هەمو تاکێکی مرۆڤ دەزانم ، بەڵام ڕاپرسی کوردستان بە باوەڕی من پێوەندی بە تاک تاکی کورد لە هەمو بەشەکانیترێشەوە هەیەو منیش کوردێکم و لە بەشێکم . لەڕاستیدا سەربەخۆیی بەگیانێکی زیندوی جەستەی سەرجەم گەلی کورد دەزانمو پێموایە کوردی بێی ئازادیو سەربەخۆیی زیندوی ڕواڵەتیەو لەواقیعدا مردوە . بۆیە ئەو بۆ چونەی خۆشم پێشکێشی ئێوە ئازیزان کردوە.

ئەو ڕۆژانە مەسەلەی ڕاپرسی بۆتە بابەتی ڕۆژو بەگەرمی باسی دەکرێو هەڵوێستەی لەسەر دەگیرێێ. هاوڕاو دژبەر ڕاو بۆچونی خۆیانی لەسەر دەر دەبڕن. بەباوەڕی من هێنانە گۆڕی مەسەلەی ڕاپرسی چ بگاتە مەیدانی کردەوەو چ نەگاتێێ خۆی لە خۆیدا بەرو بۆیەکی مەزنی هەیە ، دەبێتە مەحەکێک پاکو پیسو دۆستو دوژمن لێک دەکاتەوە . ئەو دژبەرانە لە ( ٣) بەشدا جێدەکرێنەوە.( ١ ) = دژبەرانی ناوخۆ، ئەوەیان جێی مەترسیەو دەبێێ زۆر وشیاری بی چونکە کتویانە ( دار هۆرەی لە خۆی نەبێی ناقەڵشێ.) ئەوانەی لافی کوردایەتی لێدەدەنو لەسەر خوانی کورد دەژین ، پڕوپاگەندەی سەیرو سەمەرە بەوناوەوە کە گۆیا بەرگری لەمافی خەڵک دەکەن، دژایەتیان دەگەڵ پڕٶسەی ڕاپرسی نیشاندەری ئەوەیە کە بڕوایان بەمافی گەلیکورد نیەو لـەپپشت ئەو دروشمانەی بەناوی بەرگری لەمافی خەڵکی هەژاروچەوساوەو لەناو بردنی گەنـدەڵی دەیدەن، شتێکیتر هەیەو سەرچاوەکەی لە شوێنێکیترەوەیەو بەئاوی بێگانە ئاشەکەیان وەگەڕ خستوە ، ئەگینا لە کوێی دنیایە ئازادیو سەربەخۆیی نیشانەی بەد بەختیە ؟! کام گەڵ هەیە لەم جیهانەدا کە وەک کورد قەڵاچۆکرابێی، مافی خورابێ، چەوسێندرابێتەوە کە ئەوان زگیان پێی بسوتێو بچن ئازادیان بکەن ؟! ئەو ئازادیەی درۆشمی بۆ بەرز دەکەنەوە لە کوێیەو کام گەڵ هەیە لە کورد شیاوتری بێی کە پێی بدەن ؟!

( ٢ )= دۆستە ڕوالەتیەکانن، ئەوانە بەپێی بەرژەوەندی خۆیان لافی دۆستایەتیو پشتیوانی لەکوردو مافەکانیان لێدەدەن ، هەر کە مەسەلەی ئـازادیـو سەربـەخۆییو دامـەزرانـدنی دەسەڵاتێکی نەبەستراوەی کوردی دێتە ئاراوە چۆن دەکەونە هەناسە بڕکێو بەبێی ئاوڕدانەوەی بۆ دواوەو لێکدانەوەو هەڵسەنگاندنی زانستی وەک کاسەی لە ئاش گەرمتر لە جیاتی حکومەتی عێڕاقیش داوای مافی سەربەخۆیی بە خەتی سوردەزاننو دژایەتی بێی ئەملاو ئەولای خۆیانی دەگەڵ دەر دەبـڕنـو هەڕەشەی سەرکوتی هەر چەشنە جوڵەیەکی لەو بابەتە دەکەن. ئا لێرەوە هەرکەس تا ئێستا و لەوەش بەدواوە چوکترین بڕواو هیوای بە قسەو بەڵێنیەکانی ئەوانە هەبوبێو هەبێی ، هەڵەیەکی مەترسیداری مێژویی کردوەو خەسارێکی ئەوەندە گەورەی داوە کە ڕەنگە قەرەبو کردنەوەی گونجاو نەبێی. بڕوانن حکومەتی عێڕاق ئەگەر ڕواڵەتیش بێی دەڵێ ڕاپرسی مافی خۆتانە بەڵام ئیستا کاتی نیە ، کەچی ئێرانو تورکیە بە خەتی سوری دەزانن. دیارە ئەو ئیدیعایەی عێڕاقیش ڕاست نیەو کورد کوتەنی( کەم خواردن لە بیدەسەڵاتیە ) ئەگینا دەسەڵاتی ئەوچەند ساڵەی حکومەتەکانی عێڕاق نیشانی داوە ئەو قسەیە هەر دروشمی هەڵخەڵتاندنەو لە گۆڕەپانی کردەوەدا بونی نیە.

( ٣ ) = وڵاتانی دەرەوەو زلهێزەکان : ئێمەی کورد لەڕوی دڵپاکی خۆمانەوە هەموکەس بە پاک دەزانین ، چونکە ئەهلی فێڵو تەڵەکە نین وادەزانین کەس فێڵمان لێناکا. ئەو زلهێزانەی دنیا بەناو سیاسەت دەکەن ، کە بەڕای من سیاسەت نیەو تیجاڕەتە بەخوێنی گەلانی چەوساوەی دنیای دەکەن ، بەشوێن بەرژەوەندی خۆیاندا دەگەڕێن ، ئازادیو دێمۆکڕاسیو مافی مرۆڤو چیو چی ،تەنیا بۆ فریودانو بازاڕ گەرمی خۆیانە باسی دەکەن. ئەوان بەداخەوە ( بە کەروێشک دەڵێن ڕاکە و بەتاجی دەڵێن ڕێیکەوە.) ئەوان لە لایەک چەکو چۆڵو بەرهەمی کارخانەکانیان بە ئێمە خورد دەکەنەوەو سەروەتو سامانی وڵات بۆ خۆیان دەبەنو وەک یارمەتیش لەسەرمانی حیساب دەکەنو بەکورتی ڕۆنی خۆممانە لە سەری خۆمانی دەدەنەوە! هەمو هەوڵو تەقەلایان ئەوەیە گەلانی مەزڵومو زێد داگیر کراوەکان بکەنە پێخۆری ئەژدیها خوێنمژەکانو بەبارێکیتردا دەیان چەوسێننەوە. لەناو هەموی ئەوانەدا گەلی کوردی زێد داگیر کراوی لە هەمو مافێکی مرۆڤانە بێبەشکراو خەریکە ئەو کۆتو زنجیرانەی کراوەتە دەستولاقی ، دەپسێنێو دوایی بەو هەمو نەگبەتیو نەهامەتیە بێنێو خۆی لەژێردەستی ڕزگار دەکاو کیانێکی ئازادو سەربەخۆ دادەمەزرێنێ، کەچی مخابن کەسو کەسانێک ، یان حیزبو حیزبانێک لە ژێر ناوی جۆراو جۆر،بەبیانوی دور لەمەنتیقو داتاشراوی بیروهزری دوژمنان دژایەتی سەربەخۆیی گەل دەکەن . جێی سەر سوڕمانە کەسی واهەبن کە نۆکەریو چاو لەدەستیان پێی خۆشتر بێی لە ئازادیو سەربەخۆیی ! بەڕواڵەت دەڵێن مافی سەر بەخۆیی مافێکی شەرعی خۆمانە بەڵام ئێستا کاتی نیە ، دروست عیمادیو کەسانیتریش هەر ئەو قسەیە دەکەن .

ئەگەر کەسێک چاو لەمێژوی کورد نەقوچێنێو بوێرانە ڕاستیەکان بخاتە ڕوو نەیان شاریتەوە، یان بەراوژویان نەکاتەوە ،دەزانێی لە مێژوی دورو نیزیکی کورد دا دەرفەتی ئاوا لەبار نەڕەخساوەو کەشو هەوایەکی ئاوا نەگونجاوە. لەدەستدانی ئەو دەرفەتە زێڕینە بەهەر بیانویەک بێی خەتایەکی مێژویی پاساوهەڵنگرەو هەر مێژوش سەزای خەتاکاران دەداتەوە. بێگومان بڕیارێکی ئەوەندە مەزن کە چارەنوسی گەلێک دیاری دەکا هەروا هاسان نیەو قوربانیشی دەوێی وەک ڕێبەری شەهیدمان قاسملوی نـەمر فەرمویە : ( گەلێک ئازادی بوێی دەبێێ نرخەکەشی بدا ) .

گەلی باشوری کوردستان زیاتر لە (٢٠ ) ساڵە لەنێو ئەو هەمو پێلانو تەونو بەستانەی دوژمنانو ڕکە بەرایەتی نا مەنتیقی و ژاراوی ناوخۆییو دەرەکیدا توانیویەتی خۆڕابگرێی، لەوەش گرینگتر سەرنجی زلهێزانو بگرە زۆربەی وڵاتانی دنیای بۆلای خۆی ڕاکێشاوەو حکومەتی ناوەندیش کە خۆی بەخاوەنی کوردستان دەزانێو دەیەوێی دەستی بەسەردا بگرێتەوە ، هەرگیز لەوە لاوازو بێهێزتر نابێیو ،ڕەنگە دەرفەتێکی ئاوا گونجاو بۆ کورد دوپات بونەوەی محاڵ بێی ، بۆیە بەشداری نەکردنو دژایەتی کردنی ڕاپرسی خەتایەکی ئەوەندە گەورەیە کە ڕەنگە لەمێژوشدا جێی نەبێتەوە . بەداخەوە دوژمنایەتی ناوخۆیی لەوانەیە زیانێک لەگەل بدا کە مێژوش بۆی قەرەبو نەکرێتەوە . زۆر سەیرو سەمەرەیە لە حەیفی خەڵکی زگی منداڵی خۆت بدڕیی !! دنیای ئـازاد ڕاستەو خـۆو ئـەوانیتریش ناڕاستەو خۆ دەگەڵمانن و کردوەو هەڵسوکەوتیان پێمان دەڵێی : پەلە بکەن ڕامەوەستن ئەگینا دەستتان دەبەستن!! بەداخەوە ئەو قسەیە لە کورد ڕویداوە کە دەڵێن : وەرن خەنیتان بکەین ، دەڵێین ئەڕۆ نا سبەینێ ! هیوادارم هەمولایەک بەهەست بەبەرپرسایەتی مێژویی لە بەرانبەر گەلدا سەری تەعزیم دانەوێننو واز لە ململانەی حیزبیانە بێننو هەقانیەتی داوای گەل بەدنیا بسەلمێنن.

براتان مەلا برایمی مەجید پور . ٢ / ٧ / ٢٠١٧