Hoppa till innehåll
Hem » دوکتۆر قاسلموو لە رێبازیدا زیندووە. کاروان مێراوی

دوکتۆر قاسلموو لە رێبازیدا زیندووە. کاروان مێراوی

دوکتۆر قاسملووی زانا فەرمووی

” گەلێک ئازادی بۆێ دەبێ نرخی ئەو ئازادییەش بدات ”dr_zana_qasmlo

لەسەر وتە بەنرخەکەی خۆی گیانی شیرینی لەو پناوەشدا پێشکەش بە بارەگای ئازادی گەل و نەتەوەکەی کرد.

د.قاسملوو رێبەریک بوو کە هاوکات بە چەک و پێنووسەکەی ئامادەی خەبات و بەرگری لەکەرامەتی نەتەوە بەشخوراوەکەی بووە و پارێزگاری لە نیشتمانە دابەشکراوەکەی کردووە.

لە ساڵی ۱۳٦۸ی هەتاوی راست لەم رۆژانە و لەم کاتانەدا بوو کە پێنووسەکەی لە جێ چەکەکەی بەکار هناو و مێزی وتووێژی هەڵبژارد و ویستی لە رێگای سۆڵح و ئاشتی و وتووێژەوە درێژە بە تکۆشانی بدات بۆ بەدەست هێنانی مافە رەواکانی گەلی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان و بە بەشێوەی دیپلۆماسیانە چووە سەر مێزی مۆزاکێرە. بەڵام لە بەرانبەریدا کۆماری ئیسلامی چەند کەسێکی بەسەر پەرستی جەواد سەحراڕوودی بۆ دانۆستان لەگەڵ شاندەکەی دوکتۆر قاسملوودا هەنارد. لە واقیعدا ئەو شاندەی کۆماری ئیسلامی شاندیکی دیپلۆماتکار و سیاسی نەبوون بەڵکوو تیمیکی تیرۆریست بوون کە لە پێشدا بەرنامەیان بۆ داڕێژرابوو کە د.قاسملوو و شاندەکەی تیرۆر بکەن.

تیمە تیرۆریستیەکەی کۆماری ئیسلامی لە جلی دیپلۆماسیدا هاتنە گۆڕەپانی وتووێژ و هەلیان بۆخۆیان رەخساند تاکوو د.قاسملوو و هاوڕێیانی تیرۆر بکەن.

کۆماری ئیسلامی بە جوانی لەمێژووی رەش و پڕ لە رەشەکۆژی زەنجیرە حکومەتەکانی ئێران کەڵکی وەرگرت و ئەمجارەش تووانیان رێبەرێکی دیکەی نەتەوەکەمان شەهید بکەن.

ئەگەر چاوێک لە مێژووی رەشی زەنجیرە حکوومەتەکانی ئێرانی داگیرکەر بکەین هەمووکات هەوڵیانداوە تاکوو بە تیرۆر و شەهید کردنی رێبەرانی نەتەوەکەمان جووڵانەوە و شۆڕشی کورد سەرکۆت بکەن بەداخەوە تا رادەیەک لەو پلانانەیان سەرکەوتوو بوون لە رابردوودا کە چەند شۆڕشیان بەکۆشتنی رێبەرانی شۆڕشەکە کۆتایی پێهناوە وەکوو شۆڕشی سمکۆی شکاک و ….هتد.

بەڵام ئەمجارەیان دیپلۆمات تیرۆریستەکانی کۆماری ئیسلامی نەیانتووانیوە لەو سیاسەتە رەش و بیرە کۆنەپەرستانە بەجوانی کەڵک وەرگرن. ئەویش دەگەڕێتەوە سەر بیر و بیرۆکەی دوکتۆر قاسملووی مەزن کە رێبەرایەتی بەکۆمەڵ و گرووپیی هێنایە ریزی شۆڕشی کوردەوە و تاکەپەرەستی قەدەغە کرد و بڕیاردان و کردەوەی چەند بیری هاوئاهەنگ لەجێ تاکە بیری پێ باشتر بۆیە لە ریزی خەباتی گەلی کورددا ئەو بیرۆکەیە جێگر کرد.

رەنگە بە جستە تووانێبیتیان دوکتۆر قاسملووی مەزن تیرۆر بکەن و بیبەنە ریزی کاروانی نەمرانەوە و ببێتە سەرقافڵەی شەهیدانی گەلەکەمان بەڵام قەد نەیانتووانیوە بیر و هزر و رێبازی دوکتۆر قاسملوو تیرۆربکەن بۆیە هەردەم دوکتۆر قاسملوو لە رێبازیدا زیندووە و بیرۆکەی دوکتۆر قاسملوو لە ناو شۆڕشی کورددا بەتایبەتی لە ناو خەباتی رۆژهەڵات بەجوانی خۆی دەنێونێت و بووەتە هۆکاری راگرتنی خەباتی نەتەوەکەمان و ئەو بیرۆکەی دوکتۆر قاسملوو زۆرتر لاوان ( کۆڕان و کچان )ی نیشتمانەکەمان بۆ بەرەکانی بەرگری لە ئاو و خاکەکەمان رادەکێشێت.

شتێک کە جێگای داخە ئەوە بوو کە وڵاتێک وەکوو وڵاتی نەمسا ( ئۆتریش ) کە لە نێو جەرگەی ئەورووپادا و لە کانگای دێموکراسی و پاراستنی مافی مرۆڤەدا هەڵکەوتووە لەپێناو بەرژەوەندی خۆی و دۆستایەتی لەگەڵ کۆماری تیرۆریست پەروەری ئیسلامی ئێران تیرۆرکردنی دوکتۆر قاسملوو و هاوڕێیانی سەرپۆش کرد و با ئاسانی بەکۆژان و تیرۆریستەکانی ئەو تاوانە گەورەیە بەرەو تاران ئیسکۆرتی کردەوە.

لەکۆتاییدا ئاماژە بە وتەیکی دوکتۆر بێرنارد کۆشنێر کەسایەتی فەرەنسی و دۆستی نزیک کاک دوکتۆر قاسملوو دەکەم کە دووایی شەهید بوونی دوکتۆر قاسملوو هاوڕێیانی دەفەرمێت.

” ئەوان لە سۆڵح و پاشتی ترسان بۆیە پێغەمبەری ئاشتییان شەهید کرد ”.

بەراستی لە سۆڵح و ئاشتی ترسان و نەیانویست هێلانەی پەروەردە کردنی تیرۆریستانی جیهان بشێوێت.

چۆنکە دەیزانی بیرۆکەی دوکتۆر قاسملوو ئاڵوگۆڕ بەسەر باردۆخی ئێران بەگشتی و کوردستان بەتایبەتی دێنێت و و هێلانە و پەروەرشگای تیرۆریستیان دەشێوێنێت و جێگایان نامێنێت بۆیە پلانی شەهید کرد دوکتۆر قاسملوویان داڕشت و ویستیان ئەو بیرۆکەی دوکتۆر قاسملوو لە نێو ببەن بەڵام با لەو دڵنیا ببنەوە تاکوو کوردێک بمێنێت هزر و بیری دوکتۆر قاسملوو زیندووە.

مەرگ و نەمان بۆتیرۆر لەجیهاندا بەسەرپەرستی کۆماری تیرۆریست پەروەری ئیسلامی ئێران.