Hoppa till innehåll
Hem » بە راستی سەیرە!! عەلی مێهرپەروەر

بە راستی سەیرە!! عەلی مێهرپەروەر

هەرچی لە رۆژی ٢٥ی٩ کە بۆ راپرسی گشتیی لە باشووری کوردستان لە لایەن زۆربەی حیزبەکانی هەرێمی کورددستانەوە راگەیاندراوە، نزیک دەبینەوە، روخسارەکان لە پێوەندی لەگەل رێفراندۆمی دیاریکردنی چارەنووسی گەلی کورد لەو بەشەدا روونتر دەبنەوە.

بە درێژایی سەدەی بیست و بگرە پێشتریش بە جۆرێک لە جۆرەکان کورد هەوڵی سەربەخۆیی داوە و لەو پێناوەدا چ فیداکاریەک ماوە تابیکا و نەیکردبێ؟ بەسەدان هەزار شەهید و بریندار و کەم ئەندام، بەهەزاران گوندی وێران، بەمیلیۆنان دۆنم مووچەومەزرای وێرانکراو و سووتێنراو ،بە سەدان هەزار ئەنفال وکیمیاباران، بەمیلیۆنان خەڵکی دەربەدەری وڵاتان و…..هتد . ئیستا کە لە سەدەی بیست ویەکەمدا دەرەتان و هەلێکی لەبارتر لە چاو رابردوو بۆ کورد لە باشووردا رەخساوە، کەچی کەس یان کەسانی وا لەو بەشەی کوردستاندا پەیدا دەبن کە بە ئاشکرا و بەراشکاوی پلانی دەوڵەتە دوژمنەکانی کورد تەبلیغ دەکەن و دژ بە سەربەخۆیی کوردستان رادەوەستن و دەیان هەوێ گوایە کەمپینیکیش لە مرۆڤە نیشتیمانپەروەرەکان!!! بۆ ئەو مەبەستەیان پێک بێنن. دژایەتی ئەو دەوڵەتانەی کە کوردیان بەسەردا دابەش کراوە سروشتیە و دەبێ هەروابێ.

بە راستی چ عەقڵێکی سەلیم چاوەروانە کە ئێران، تورکیە، عێراق تەنانەت سووریەی شەقار شەقاریش دان بە سەربەخۆیی کوردا بنێن. بەڵام جێگەی داخ و سەێریش ئەوەیە ئەو کەسانەی بەراشکاوی و بە رووهەڵمالیەوە ئاڵای دژایەتی رێفراندۆمیان هەڵگرتوە، دژایتیەکەیان وەکوو نیشتمانپەروەری لەقەڵەم دەدەن، وەک ئەوەی کە خوازیارانی سەربەخۆیی کوردستان واتە زۆرینەی خەڵکی کورد نانیشتیمانی بن. ئەوانە بیانووی سەیر بۆ هەڵوێستەکانیان دێننەوە. بۆ نموونە دەڵێن: ئێران و تورکیە نارازین، لەوانەیە سنوورەکەیان بەسەر ئێمەدا دابخەن کە ئەودەم خەڵکەکەمان لەبرسان دەمرن و بەو جۆرە تووی رەشبینی لەنێو دڵی خەڵکدا دەچێنن و ئافەرینێک لە پاڵپشتەکانیانەوە وەردەگرن.یان دەڵێن ئەمریکا و دەوڵەتە گەورەکان بەراشکاوی پشتیوانیی خۆیان لە سەربەخۆیی کوردستان رانەگەیاندوە.

پرسیار ئەوەیە لە لایەک چۆن ئامریکا یان وڵاتانی گەورەی دیکە بە راشکاوی پشتیوانی لە دابەشبوونی وڵاتێکی ئەندامی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان دەکەن. لەلایەکی دیکە دەوڵەتە زلهێزەکانیش چاوەروانن بزانن کورد بۆ خۆی چی ئەکا. هەر وەها ئایا ئێران یان تورکیە لەبەر چاوی رەشی کورد سنوورەکەیان کردوەتەوە؟ نەخێر! ئەوان لەبەر قازانج و بەرژەوەندیی خۆیان ئەو سنوورانەیان بە ئاوەڵایی هێشتووەتەوە. مەگەر کومپانیاکانی ئەو دوو وڵاتە قازانجی کەمیان دەست دەکەوێت؟ مەگەر ئامادەن هەروابەسادەیی دەست لە بازارێکی پڕقازانجی وەک هەرێمی کوردستان هەڵگرن؟ لەوانەیە بۆماوەیەکی کورت ئەو کارە بکەن، بەڵام هەرخۆیان بۆ کردنەوەی دەروازەکانیان و سوود وەرگرتن لە خێروبێری ئەوهەرێمە دەیکەنەوە. نموونەیەکی دیکە مەگەر عێراق چەند ساڵە بوودجەی هەرێمی کوردستانی نەبڕیوە؟ مەگەرئەوە گەمارۆی سەر کوردستان نیە؟ سەیر ئەوەیە ئەوانەی ئیستا دژایەتیی سەربەخۆیی کوردستان دەکەن جارێک لە جاران لە کاناڵە بێلایەنە!!! کەیانەوە رەخنەیەکیان لەو بارەوە لە حکوومەتی عێراق نەگرت و هەموو کاتێک رووی رەخنە ژەهراویەکانیان هەر لە حکوومەتی کوردی و خۆماڵی بوو( بێزار کردنی خەڵک لەحکوومەتی خۆماڵی)و ئەوەی کە حکوومەتی عێراق دەیویست بانگەوازیان بۆ دەکرد و دەیکەن.

لە ئیستادا عێراق تەنیا هێرشی سەربازی بۆ ماوەتەوە کە نەرۆژگارەکە ئەوە هەڵدەگرێت، نەکوردیش ئەو کوردە دەست کورتەی جارانە. کورد بێگومان ئەو قۆناخە بە سەرکەوتوویی تێئەپەرێنێ، بەڵام ئاخۆ ئەو نەیارە دڵسۆزانە!!! چۆن روویان بێ سەیری ناوچاوانی بنەماڵەی شەهیدەکانی کوردستان و…..هتد بکەن!؟

سەرچاوە: فەیسبووکی نووسەر